ئەمرۆ لەبەردەم پەرلەمانی سوید دژ بە کومەلکوژیەکەی ١٧ شوبات خۆپیشاندانە
Sunday, 16/02/2014, 12:00
چەند رۆژیکی تر یادی سێ ساڵەی گەورەترین و دەنگ بەرزترین نارەزایی خەڵکی کوردستان بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوە و رەفتاری ناعادیلانەی دەسەلاتی کوردی لە ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر تێ دەپەرێ ، لەو ناڕەزاییەدا هەر لەسەرەتاوە تا کپ کردنەوەی، دەزگا ئەمنی و حزبیەکانی پارتی و یەکیتی وەک دەزگا ئەمنیەکانی بەعس بەگولە باران وەلامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە لە ئاکامدا ١٠ شەهید و ٤٠٠ برینداری لێ کەوتەوە. تا ئێستاش یەک تاوانبار دوای تێپەرینی ٣ سال دەست گیر نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدا هەموو بەرپرسە بالاکانی پارتی و یەکیتی بەنوسراو گوتن لە میدیاکانەوە پەیمانیان دا کە ئەو تاوانبارنەی تەقەیان لەخەلک کردوە دەدرێنە دادگا و سزا دەدرێن، بەلام ئەوا یادی سێ سالەی ئەو یادو شەهیدە سەربەرزانە دەکەینەوە کەچی تەنیا یەک قوربانی و خۆپیشاندەر خراوەتە زیندان (بیلال نوری) بەتۆمەتی شەهیدکردنی پۆلیسێک. ئەگەرنا سەرجەم تاوانبارانی چنگ بەخوێنی شەهیدەکانی تری ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر هێشتا لە بەرپرسیارێتی بالای ئەمنی و سیاسی هەردوو پارتی دەسەڵاتداردان. بگرە لەوەش زیاتر، نەک هەر خواستەکانی خەڵک جێبەجینەکران و تەقەکەرانی ١٧ی شوبات دەستگیر نەکران، بەڵکو کاری داپڵۆسینەرانە بەردەوام بوو، کاوە گەرمیانی تیرۆر کرا، خۆپیشاندەرانی سەید سادق درانە بەر دەستڕیژی گولـلە و بڕیار حەسەن شەهید کرا، بێ ئەوەی بکوژەکانیان و کاسانی پشت ئەو تاوانانە ڕادەستی دادگا بکرێن. بەمەش دادگا و یاساش هێندەی تر بەرەو ئیفلیجی بران. بۆیە ئیمە ئەو پارت و رێکخراوانەی خوارەوە ڕایدەگەیەنین کە:
١/ دەبێ تاوانبارانی هەر ١٠ شەهید و ٤٠٠ بریندارەکە و بکوژانی پشت هەموو کردەوە تیرۆریستیەکان و تەقەکەران لە خۆپیشاندەران، بدرینە دادگایەکی ئاشکرا.
٢/ دووبارە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات دەکەینەوە. چونکە هیشتا هیچ یەکێک لە خواستەکانی جەماوەر جیبەجێ نەکراون.
٣/ داوای پێداچونەوە بەدۆسیەی خۆپیشاندەر بیلال نوری دەکەین کە بە بریاری دادگا ٢٠ سال زیندانی بۆ براوەتەوە.
٤/ داوا لەخەلکانی ئازادیخواز دەکەین کە ڕێز و شکۆمەندی بۆ ئەو یادە و شەهیدو بنەمالەکانیان دابنێن و بە هەر شێوازێکی بۆیان دەگونجێت لە یادکردنەوەی ئەم بۆنەیەدا بەشدار بن
هەروا ئیمە ئەو پارت و رێکخراوانەی خوارەوە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 14.00 لە گۆڕەپانی مینتتۆری لە نزیک پەرلەمانی سوید بە نیشانەی وەفاداری و درێژەدانی خەبات و خواستەکانی ئەو شەهیدانە یادی ئەو ڕۆژە مێژوییە دەکەینەوە.
بانگەوازی سەرجەم کوردزمانانی ئازادیخوازی شاری ستۆکهۆڵم و دەوروبەری دەکەین لەم یادکردنەوەیەدا هاوبەشمان بن
١١-٢-٢٠١٤
گروپی ١٧ی شوبات
ڕێکخستنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە سوید
بزوتنەوەی گۆڕان/ ستۆکهۆڵم
ڕێکخراوی ماد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست