بنەماڵەی بارزانی شۆرشگێڕن یان خۆ پارێز ..........؟
Friday, 25/06/2010, 12:00
ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبوو نزیكەی 40 ساڵ لەمەوبەر خەڵكی بەش مەینەتی ئەم كوردوستانە بەدوای وەڵامەكەیدا بگەرانایە پێش ئەوەی بكرێنە سووتەمەنی مەرامی بۆرژوازی تەقلیدی كۆنەپەرستانە ، ئەو كاتەی بارزانی بڕیاری شۆرشی چەكدارانە دەدات لەدژی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی زۆر بەی خەڵكی بەش مەینەت و رەش و رووتی ئەم كوردوستانە نەك بەهیچ جۆرێك لە ماناو چەمكی خەباتی چەكداری نەگەیشتبوون بەڵكو لە هۆكاری شۆرش و تەنانەت لەمافی نەتەوایەتی و ئەركی تاك و مافەكانی لەكۆمەڵگەدا نەگەیشتبوون
بەواتایەكی تر شۆرشی ئەیلول شۆرشێك بوو بێ فەراهەم كردنی بنەماكانی شۆرش و رەخساندنی بار و بوار بۆ هەڵایسانی ، ئەستەمە خەڵك لەمافەنەتەوایەتی یەكانی نەگەیشتووبێت و شۆرشگێربێت ، ئەوەی ئەم شۆرشەی هەڵدەسووراند وەلائەتی جووتیار و رەش و رووتی ئەم گەلەبوون بۆ ئاغاو دەرەبەگەكانیان نەك دروست بوونی گیانی شۆرش گیری لای خەڵك و ئاشنابوونیان بە مافە نەتەوەیی و كلتووری یەكانیان ، گەر بەووردی لەمێژووی شۆرشی ئەیلوول بروانین پەلەكردن لە هەڵایسانی ئەم شۆرشەدا زۆر بەروونی دەبینرێت ، بۆیە من بروام وایە ئەو شۆرشە پارێزگاری كردن بووە لەبەرژەوەندی بنەماڵەی دەرەبەگ و ئاغایانی ئەو سەردەمە بەبنەماڵەی بارزانیشەوە نەك بەدیهێنانی بەرژەوەندی یە نەتەوەیی یەكانی گەلی كورد ، سەردەمی شۆرشی ئەیلوول هاوسەردەمە لەگەڵ بڕیاری یاسای ژمارە (91) ی چاكسازی كشتوكاڵ (قانون اێلاح الزراعی) كە ئەو یاسایە جووتیار لەپاشكۆیی ئاغا و نانەسكی و برسێتی رزگار كرد و ناوەرۆكەكەی بریتی بوو لەوەی زەوی هی ئەوكەسەیە دەیچێنێت و بەرووبووم هی بەرهەم هێنە نەك ئاغا و دەرەبەگی مشەخۆر ،ئەمەش ئەوە بەروونی دەردەخات هۆكاری پەلەكردن لەشۆرشی چەكداری ئەیلوولدا بەرەنگار بوونەوەی یاسایەكە لەبەرژەوەندی هەژار و جووتیاران و بەكارهێنانی خوودی ئەو هەژار و جووتیارانە وەكو سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندی ئاغاو دەرەبەگەكانی ئەو سەردەمە.نەك خەباتی نەتەوایەتی و كوردایەتی ،خۆ گەر بروانینە هەرەمی پلەو پایەكانی شۆرشەكەش ئەوا هەر لەسەردەستەیەكی ئەو شۆرشەوە كە فەرماندەی هەشت نۆ پێشمەرگە بووە تاكو دەگاتە خودی بارزانی زۆربەیان ئاغا و دەرەبەگ و كورە ئاغا بوون هەربۆیە ئەو شۆرشە كاتێك دەگاتە ترۆپكی توانای سەربازی بەفوویەكی بەعس هەرەس دێنێت و هیچ ئاسەوارێكی نامێنێت .
وەكو دەڵێن شۆرش بریتی یە لە گۆانی بنەرەتی لە هەموو كایەكۆمەڵایەتی یەكاندا لەباری خراپەوە بۆ بارێكی باشتر ، كەواتە هەرگیز ئەوە شۆرش نی یە كە هەموو كایە كۆمەڵایەتی یەكان ووێران دەكات و خراپ خراپ تردەكات ، بەعس بەدرێژایی تەمەنی بۆ چركەیەك خەم سارد نەبوو لە وێران كردنی كوردوستان و بە تاڵان بردنی سامانی نیشتیمانی كوردوستان بەڵام گەر بۆ چركەیەكیش بووبێت پێویستی بەسەرانی بەناو شۆرش گیری كورد هەبووبێت ئەوا هیچ درێغی یان نەكردووە لە هاوكاری كردنی بەعس دا ، لەوەش سەیر تر ئەوەیە تاكو ئەمرۆش هەموو خیانەتەكان بەخەبات بەسەر ئێمەی هاووڵاتی ماڵ وێراندا دەفرۆشنەوە ، گەروانی یە چواردانەساڵ خواردنەوەی دیشلەمە بەدیار دانووستاندنی نێوان بارزانی و بەعس دا جگە لە هاوكاری كردنی بەعسیەكان بۆ خۆ كۆكردنەوە و خۆبنیادنانەوەیان چ مانایەكی تری هەیە . گەر چاوێك بە مێژووی شۆرشی گەلاندا بگێرین جۆرێك لە شۆرش نابینینەوە كە سەركردایەتی یەكەی بۆ ماوەی چوارساڵ دڵداری لەگەڵ لایەنی بەرامبەریدا كردووبێت ، ئەرێ نازانم لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا دەبێت ئەم سەركردە مەزنە چاوەروانی چی كردبێت ، ئاخۆ ئەمە خۆ گێل كردن بوو یان هاوكاری كردنی دووژمن بۆ خۆ سازدانەوە، وەكو دەزانین لەو ماوەیەدا بەعس پێویستی بەكات هەبوو بۆ خۆ یەكلایی كردنەوە لە گەڵ رۆژئاوا دا و یەكلایی كردنەوەی خۆماڵی كردنی نەوتی عێراق بەعس نەیدەتوانی لەیەك كاتدا شەری كورد لەلایەك و خۆماڵی كردنی نەوت لەلایەكەی ترەوە ئیدارەبدات . بۆ یە سەرۆك بارزانی هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیی بەرامبەر نوواند ، بارزانی نەمر ئەو سەركردە زیرەك و لێهاتووەیە كە لەمێژووی مرۆڤایەتی دا تاكو ئێستا جگەلەمەسعوودی كوری لەوێنەی وەچنگ ناكەوێت و نابیٍنرێتەوە .
بابگەڕێینەوە بۆ مێژوویەكی كەمێك دوورترو هەڵوێستەیەك لەسەر مێژووی شۆرشی مهابادی خوێناوی بكەین ، من بەگومانم لەوەی بە راست ودروستی بارزانی هاوكاری شۆرشەكەی قازی بووبێت وەكو سەلمێندراوە یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەپشت رووخانی شۆرشەكەی مهابادەوە بوو , ئەوكاتەی قازی زۆر پێویستی بەهاوكاری بارزانی بوو ئەوە خێربوو بارزانیش خۆیی لەو شۆرشەدا نەگرت و وەكو سەركردەی مەزن قازی نەمایەوە و ئەو نەمریەی قازی بۆ خۆی تۆماربكات راست كلكی كرد بەناو لنگی داو لە چۆمی ئاراس پەری یەوە و خۆیی گەیاندە یەكێتی سۆڤیەت , دەبێت ئەم سەركردە مەزنە بۆ ئەوە نەچووبێت كە حكومەتی مۆسكۆ لە تۆڵەی حكومەتەكەی مهاباددا برۆخێنێت ، یاخوود كەمەنەتەوایەتی یەكانی رووسیای بە هۆكاری رووخاندنی شۆرشەكەی قازی دەزانی و چوو تۆڵەیان لێ بسێنێت و كەوتە دامركاندنەوەی شۆرشە نەتەوەیی یەكانی ئەو دەڤەرە ، مێژوویی پارتی سەلماندوویەتی نەبارزانی باووك و نە كوڕەكانی هیچ كاتێك نەشۆرش گێر بوون و نە باوەریان بە بنەماكانی شۆرش گێری هەبووە ، هەر بۆیەپاشی ئەوەی لەسەر دەستی كۆمەڵێك لاوی سەردەمی حەفتاكان شۆرشێكی نوێ هەڵدەگیرسێت و هەڵسووڕێنەری ئەو شۆرشە بزوتنەوەی سۆشیالیستی كوردوستان و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردوستان بوون و بۆ بەشداری پێكردنی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری یەكێتی نیشتیمانی ئەو كاتیان پێك هێنا كاتێك داوایان لە پاشماوەی پارتەكەی بارزانی كرد بۆ هاوكاری كردنی شۆرش كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ بەنەخێر وەڵام دەدات و ئەوكاتە ووتەبەناو بانگەكەی دەردەبڕێت كەدەڵێت (شۆرشمان پێ نەكرێت ئەوا شۆرشمان پێ تێكدەرێت) ئەم نەمرە قسەكەی لەجێگەی خۆیدا بوو خۆی و پارتەكەیان خاوەنی قسەی خۆیان بوون ، هەر بۆیە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆرشەوە بوونەلەمپەر لەبەردەم ئەم شۆرشەدا و تاكو ئێستاشی لە گەڵدابێت دژی هەموو دەنگێكی ئازادی خوازن. سیفەتێكی بەرچاوو لە ڕژێمی دەرەبەگایەتی دا كە بەدی دەكرێت خۆ پەرستی و خۆ پارێزی یە ئەم سیفەتەش زۆر بەروونی و ئاشكرایی لەبەرزانی و كوڕەكانی دادیارن ئەوەتا بارزانی باوك 14 ساڵی شۆرشی ئەیلوولی كردەقووربانی چوارساڵی ژیانی خۆیی و نەیتوانی وەكو پێشمەرگە شەونخوونی بكات و لە شاخەكاندا هەڵبكات ناچار بوو تەسلیم بە ئیرادەی سیاسەتی بەعس و ئێران ببێت ،هەروەك لە ساڵی هەشتا و هەشتیشدا لەئەنجامی بۆردوومان كردنی فڕۆكەكانی بەعس كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ بەبێ ئەوەی بڕوشێت یان یەك پارچە بەرد بەر جەستەی بكەوێت هەرنەبێت دڵۆپێك خوێن لەجەستەی بێت گیانی دەسپێرێت و دەچێتە ریزی بارزانی نەمر و دووقۆڵی دەبنە سەروەر شەهیدانی كوردوستان،لام سەیرە سەركردەیەك خۆی بەشۆرش گێر بزانێت و لەترسی بۆردوومانی دووژمن زراوی بتەقێت خۆ گەر خۆی بەرەنگاری دووژمن نەبێتەوە خۆ دەبوو هاندەری پێشمەرگەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆردوومانەكە نەك زراوی بتۆقێت.
جاسووسی كردن وپێشرەوی كردنی دووژمن سیفەتێكە كەهەرگیز لەناخی كەسی شۆرشگێر دا چەكەرەناكات و كەسی شۆرش گێر مردنی پێخۆشترە لە سیخوڕی كردن ، لەمێژووی بارزانی و ڕۆڵەكانی دا دەیان لاپەرەی سیخوڕی جاسووسی هەیە هەرلەسیخوڕی كردن بۆ مۆسكۆ تادەگاتە ڕژێمی ئێران،شەهید كردنی سلیمانی موعینی و لەم دوایی یانەشدا هێنانی دەبابەی دووژمنی بەعس بۆ هەولێر و دەست گرتنی سەربازانی تورك بۆ سەر سەنگەرەكانی گەریللاكانی پەكەكە و لەم چەند رۆژانەی دووایشدا سەركۆنەكردنی چالاكی یەكانی ئەو گەریللا قارەمانانە بەفەرمی ئەمەش لەكاتێكدا كە حكومەتی توركیا لەچەند رۆژی رابووردوودا زۆر بە ئاشكرا سووكایەتی بەجەنای بارزانی دەكات ، تووخودا ئەمانە سیفەتی سەركردەی شۆرش گێرن یان..............!
لەكۆتایدا خوێنەری بەڕێز لەتۆ دەپرسم ئایا هەر لەسەرەتای شۆرشی ئەیلوولەوە تاكو ئێستا دەتوانیت نیشانەكانی شۆرش گێری بارزانی و كوڕەكانیم پێ نیشان بدەیت بۆ ئەوەی كەمێك ئارام و بێ خەم و دڵنیابم لەسەرۆكە نەمرەكەم و سەرۆكەكەی ئێستای هەرێم.......؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست