دەسەڵاتی نادیموكراسی و سیاسەتی بەكۆیلەكردنی بیركردنەوەی تاكی كۆمەڵ..!
Sunday, 18/07/2010, 12:00
(بانگەوازیك بۆ ڕۆشنبیران)
یەكێك لە سیفەتەهەرە دیارەكانی تاكڕەوی سیاسی ئەوەیە بیركردنەوەكانی خۆی بەسەر تاكەكانی كۆمەڵدا دەسەپێنێت ، لەناوەندە حیزبی یەكاندا مەرجە هەموو ئەندامێكی حیزبی لە گچكە تاكو گەورەترین ئەندام وەكو حیزب بیربكەنەوە و وەكو حیزب بڕیاربدەن ، بەكورتی یەكەی بیركردنەوەی هەمووان و ڕایەكانیان هەمان ڕای سەركردەیە و لە هیچ بار و بوارێكدا كەس خاوەنی ڕایەكی سەر بەخۆی خۆی نی یە ، ئەمە تاڕاددەیەك من پێم ئاسایی یە ولەسەر ئەم جۆرەكەسانە هیچ قسەیەكم نی یە،چونكە هەركەسێك ئەقڵ و ئیرادەی خۆی تەسلیم بە حیزب یان دەسەڵاتێكی سیاسی خۆسەپێن بكات ئەوە پەیوەندی بەخودی ئەو كەسەوە هەیە و ڕەنگە ئەو كەسە هەر بۆ كۆیلەیی دروست بووبێت یان خۆیشی بزانێت چەندە كەسایەتی یەكی لاواز و بێ توانایە و بێ توانایی یەكانی خۆی لەپشتی حیزب و دەسەڵاتەوە حەشار بدات ، بەڵام ئەوەی جێ ی باسی ئێمەیە ئەوەیە دەسەڵاتێك یان حیزبێك بیركردنەوە كانی خۆی بەسەر كۆی تاكەكانی كۆمەڵدا بسەپێنێت و سەددامانە ئیجباری خەڵك بكات وەكو حیزب بدوێن و وەكو حیزب بیر بكەنەوە و بخۆن و بخەون ، بیانەوێت ڕای سەرۆك و بیركردنەوەكانی وەكو ئایەتی قورئان لەناو هەموو ناخێكدا بڕوێنن ، ئەمە جۆرەبەڵایەكە بۆ دۆگما كردنی كۆی گشتی كۆمەڵگە و پەك خستنی داهێنان لە هەموو بوارەكانی زانستی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی......هتد ،هەر ئەمەشە هۆكاری دواكەووتوویی و پاشكۆیی ئێمە و كۆمەڵگەكانی دەوروو بەرمان ، سەپاندنی بیر و تێڕوانینەكانی سەرۆك و ئیجباركردنی خەڵك بە باوەڕ هێنان و پیرۆز كردنیان تەنیا هۆكاری سڕ كردن و ڕاگرتنی گەشەی كۆمەڵگەیە ، بۆیە تاكی هۆشیاری كۆمەڵگە ئەركێكی گرانی لەئەستۆیە ئەویش هۆشیار كردنەوەی خەڵك و تێگەیاندنیانە لە راِستی ڕووداوەكان و خستنە ڕووی ڕەخنەی بەجێ یە بۆ دنەدان و هەژاندنی تاكەكانی كۆمەڵ تاكو هەڵە و چەواشەكاری یەكان بەسەریاندا تێپەڕنەبن ، هەرچەندە روونكردنەوە و ڕێگەنیشاندان لە هەل و مەرجی كۆمەڵگەی ئالەم شێوەیە خەبات و قوربانیدانی دەوێت ، سەرچاوەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵ ئەو توێژە ڕۆشنبیرەن زۆر لەخۆبووردووانە و بەبێ گوێ دانە هیچ ئاستەنگ و لەمپەرێك لەپێناوی پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ ی چاوكراوە بەبێ ترس و هەڵسڵەمینەوە و بێ گوێدانە پۆست و پایە و بەرژەوەندی ماددی شەو و رۆژ دەخەنەسەریەك بۆ هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵ لەنەزانی و سەقەتی وخیانەتەكانی دەسەڵات ،.......دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردوستان بەتایبەتی خودی مسعود بارزانی و حیزبەكەی [ ئەو حیزبەی هەتكی دروشمە بنەرەتی یەكانی خۆیی كردووە (ئاشتی ، ئازادی ، دیموكراسی)] هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە بە پرۆگرامێكی نەخشە بۆ كێشراو كار بۆ لەخشتەبردن و بە كۆیلەكردنی بیركردنەوەكانی خەڵك دەكەن ، ئەمانە هەردووك زمانی تۆقاندن و هەڵخەڵەتاندن بەكاردەهێنن لەپێناوی بەردەوام بوونیان لە خیانەت و بەتاڵان بردنی نیشتیمان ، بۆیە ئەركی هەموو تاكێكی هۆشیاری ئەم كۆمەڵگەیەیە بەهەموو توانایەك بەشدار بێت لەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵدا بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوام بوونی چەرخەی خیانەت و گەندەڵی ، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵانی خەڵك هۆشیاربن ، بڕیاردەربن ، بە جورئەت بن و سنوور بۆ دەسەڵاتدارانی جەردە و خیانەتكاران دابنێن ، با هەموومان پێكەوە دەست لەناو دەست هاوكاربین بۆ ڕاست كردنەوەی هەڵەكان ،بەردەوامی بدەین بەو ڕێگەیەی شێخ عبدالستار و سۆران و زەردەشت لە پێناوی شەهید كران ، لەپێناوی دووبارەنەبوونەوەی هێنانەوەی سوپایەكی تری دوژمن بۆ سەرخاكی كوردوستان و روونەدانەوەی تراژیدیایەكی تری هاوشێوەی شەهید كردنی لاوانی وەكو سۆران و زەردەشت .....ئەمە شۆرشە و ئافەرین بۆ ئەو كەسەی وویژدانی زیندووە و بە ووشەیەكی راست بەشداری دەكات و ڕاستی یەكی وون بوو یان شارراوە ئاشكرادەكات ...خۆری ئازادی لە نووكی قەڵەمەكانی ئێوەوە هەڵدێت ... دڵنیام ئەو ڕۆژە زۆر نزیكە .. باهەموان بەهیوای دیداری ئەو ڕۆژەبین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست