وەڵامێک بۆ هەردوو روونکردنەوەى کۆمپانیاى نۆکان و راگەیاندنى وەزارەتى بازرگانى عێراق
Monday, 04/06/2012, 12:00
ئەو وەڵام و روونکردنەوەیەی کە رۆژنامەی هاوڵاتی و رووداو بڵاویان نەکردەوەسەبارەت بەو ديمانەيەى لە رۆژنامەى هاوڵاتی ژمارە(836) لەلاپەڕە(15) لە بەروارى
20/5/2012 دا لە ژێر ناونيشانى (بازرگانێکى كورد سكاڵا لە سەر وەزيرێک و کۆمپانیاى نۆکانى یەکێتی تومار دەكات) بڵاوکراوەتەوە... هەروەها لەهەمان رۆژنامەدا لە ژمارە (837)دا لە بەروارى 23/5/2012 دوو روونکردنەوەى کۆمپانیاى نۆکان و راگەیاندنى وەزارەتى بازرگانى عێراق بڵاوكراوەتەوە.
لە بەر ئەوەى چاوپێکەوتنەكە لەگەڵ خۆمدا كراوە بە پێويستى ئەزانم بەم راستيانە وەڵاميان بدەمەوە:
يەكەم: بەداخەوە رۆژنامەى هاوڵاتى ناوەرۆکى ديمانەكەى زۆر بەسەقەتى و خراپ بڵاوکردۆتەوە، لە زۆر شوێنى باسەكەدا ناو و زانيارييەكان شێوێندراوە ! كە ئەو جورە شێواندنە بێ هۆ نیيە!.. بۆيە ئەگەر بزانم ئەم وەڵامەشم بە راست و رەوانى بەشوێنى خوى ناگات ، ئەوكات لە فەيسبوك و ماڵپەڕ و سايتەكانى تۆڕى ئينتەرنێت بڵاو دەكەمەوە.
دووەم: من دواى ئەوەى لە هەموو هەوڵەكانم لەگەڵ کۆمپانیاى نۆکان و لێپرسراوى يەكەمى بەڕێز كاك (دلێر سەيد مەجيد) بێ هيوا بووم ، نامەيەكم ئاڕاستەى بەڕێز (د. بەرهەم سالەح) كرد، كە ئەو كات هيشتا سەرۆكى ئەنجومەنى وەزيران بوو ، هەرچەندە بەڕێزى نامەكەى وەرگرتبوو ، بەڵام لەلايەن بەڕێزييەوە لەبەر هەر هۆيەك بێت هيچ وەڵامێکم دەست نەكەوت ، بۆيە هانام بو ميدياكان برد.
سييەم: ناوەرۆکى ئەم كيشەيە و باسەكانى ديمانەكە ئەوەيە، كە من مافێکى رەواى خوم و هەقێکى زۆرم لە گرێبەستێکى گەورەى بازرگانىدا خوراوە و داواى گێڕانەوەى ئەو بەش و مافەم ئەكەم ، بابەتەكە ئەوەيە كە بە هەوڵ و تەقەلاى من و لە رێگەى كونتاكت و رێگەوتنى منەوە لەگەڵ کۆمپانیاى (ED&F MAN) گرێبەستێک بۆ وەزارەتى بازرگانى عێراق جێ بەجێ بكرێت كە بريتى بوو لە برى (250000 تەن شەكر) .
چوارەم: راستە کۆمپانیاى (نۆکان) بە رەسمى ناوى لەو گرێبەستە دا نەهاتووە، بەڵكو بۆ تێپەڕاندنى كارەكە کۆمپانیاى ترى (ئوردونى و ... هتد) خراوەتە ناو گرێبەستەكە.. دڵنياشم كە سەروكى بەشى حساباتى نۆکان نەك هەر ئاگاى لەو گرێبەستە نیيە، بەڵكو يەك سەنت دۆلاريش لە بارەى ئەو گرێبەستە نەهاتۆتە لاى ، هەروەها زۆر لە ئەندامانى ستافى نۆکانيش بیئاگان لێى و ئاگادار نين، ئەو دەيان مليۆن دولارەى لادراوە و حەپەلوش كراوە چۆن لە تارێکىدا چۆتە گیرفانى چەند كەسێکەوە... هەر بۆيە تا ئيستا هەموو ستافى نۆکان بە بەڕێز (دلێر سەيد مەجيد) يشەوە سەرسامى خويان دەرئەبڕن و ئەڵێن (وەزارەتى بازرگانى و د. خيرولا) تا ئيستا يەك كيلۆ شەكر گرێبەستى بۆ نەكردوين و سوودى يەك سەنت دۆلارى پێ نەگەياندوين!
پێنجەم: وەزارەتى بازرگانيش لەلاى خۆيەوە لە رێگەى وەزيرەكەيەوە تەحەدا دەكات و ئەڵێ لەماوەى دەستبەكار بوونيەوە هيچ گرێبەستێکى لەو جورەى بو وەزارەتەكەى ئەنجام نەداوە و لەگەڵ کۆمپانیاى ناوبراو ED &F MAN هیچ گرێبەستێک نەچۆتەسەر ! من هەموو لايەك دڵنيا ئەكەم ئەو شەفافيەى بۆ كارى جەنابى وەزير باسى دەكەن لە روونکردنەوەكەياندا بە بەڵكە ئەيسەلمێنم كە چۆن لە تارێکى دا ئەو گرێبەستەيان ئەنجام داوە و ئاستى گەندەڵيەكە چۆن تا بيناقاقاى رۆيشتوە! ئەو كات هەقى وايە ستافى (نۆکان) پێش هەموو كەس لێی بێنە جواب و سوێندى شەرەف و بێ ئاگاييەكەى لە مەحەك بدەن !
شەشەم: تا ئێرە ئاساييە كە هەموو كەس بڵێ (نۆکان) كوناهى چیيە لەم گرێبەستەدا ! منيش ئەڵێم راستە، بەڵام ئەگەر دوو لێپرسراوى باڵاى (ستافى نۆکان - هەردوو بەڕێز / ئازاد سەيد ئيبراهيم و رزگار عبدالقادر، كە لێپرسراوى بەشى بازرگانى نۆکانن بەهاوكارى بەڕێز/ د. خەيروڵاى وەزيرى بازرگانى عێراق ئەو كارەيان ئەنجام دابێت و زياد لە (25000000) بيست و پێنج مليۆن دولاريان بۆ خۆيان بردبێت ئەكرێ (نۆکان) لەو بابەت و مەسەلەيە بەدەربكرێت... هەقى وايە برادەرانى نۆکانيش لە بەشى خۆيان بپرسنەوە و لێى بێدەنگ نەبن .. لەهەمان كاتدا جێی خۆيەتى لەلايەن هەموو ئەو بەڕێزانەى ناو و سومعەى یەکێتیيان لا مەبەستە هەر لە بەڕێز مام جەلال و مەكتەبى سياسیيەوە بەدواداچون بو ئەو مەسەلەيە بكەن !
حەوتەم: من دەپرسم ئەگەر ئەو دوو بەڕێزە لێپرسراوەى بەشى بازرگانى نۆکان بە (Pay Order)ى هەمان (LC) لەسەر هەمان ئەو گرێبەستەى كە باسى دەكەم لەگەڵ کۆمپانیاى (ED & F MAN) جى بەجێ كراوە ئەو چەندين مليۆن دولارەيان وەرگرتبێت ، ئيتر چی تيائەمێنێ نۆکان بەو رادەيە لێی بێئاگا بێت و لەئاستیدا نووستبێت و خەبەرى نەبێتەوە!
هەشتەم: پێويستە ئەوەش بوترێ، كە ئەو بڕە پارەيەى لە تاريكىدا خورا وە و لە وەزارەتى بازرگانى عێراق و نۆکانيش شاردراوەتەوە ئێجگار زۆرە ! جياوازى لە نرخى كڕين و ئەو پارەيەى لادراوە بۆ گيرفانە رەشەكان زياتر لە (180 دولارەبو هەر تەنێک شەكر) .. هەر بۆيە من لە هەموو كەسێکى خاوەن ويژدان ئەپرسم كارێک من پێى هەستابم و بەئەنجامم گەياندبێت بۆچى هەقم بخورێت و وەكو ئەو هەموو مەبلەغەيان بو خويان لادا و مافى من بۆ ئەخون؟!
نويەم: هەروەك چۆن ئەوان بێ باكانە ئەيانەوێت پەردەپٶشى ئەو دزى و گەندەڵیيە بكەن .. منيش هەموو لايەك دڵنيا ئەكەم، كە نەك هەر لە سەر هەقى خۆم بەردەوام ئەبم و هەر وەرى ئەگرم ، لە زۆر لايەنى بەرز و لێپرسراوەوە كارى جدييم بۆ كردوە و ئەو كات كە گرێبەست و هەموو ووردەكارييەكانى ئاشكرا بوو دەرئەكەوێت كە من تۆمەت بە كەس ناكەم و شتى وەهمى ناڵێم و من ئەگەر داواش لەسەر كەس تومار نەكەم دادگا خۆى سەرپشك ئەبێت كێ راپێچى لاى خۆى ئەكات و لێى ئەپێچێتەوە!
تێبينى:وەڵامى ئەو دوو روونکردنەوەيە ، بەپێى هەموو عورفێکى رۆژنامەوانی دەبوايە لە هەمان رۆژنامەدا كە هاوڵاتیيە بڵاو بكرايەتەوە، بەڵام نەيان كرد ، هەروەها رۆژنامەى (رووداو) بەڵێنى دا، كە جگە لە چاوپێکەوتنەكەى خوى ئەم وەڵامە بڵاوبكاتەوە، ديسان ئەم رۆزنامەيەش بەڵێنى خوى نەبردە سەر ... ديارە هوى ئەم پاشكەز بوونەوەيەيان ئەوەتا چاويان لێ سوور كراوەتەوە ياخود رازىكراون !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست