دەڤەرى سۆران و دەوروبەرى نمونەى بەرزى جیاكارى
Monday, 21/05/2012, 12:00
لەدواى سەركەوتنى راپەرینى كوردستان......... دروستبوونى هاولاتى پلە نزم و پلە بەرزە خانەدانەكان
هەر لەسەرەتاى دەست پێكردنى شورشى ئەیلول كە بارزانیەكان خۆیان بە خاوەنى دەزانن سەركردایەتى شۆرشى ئەوكات هەلسان بە خەلەتاندنى میللەت بەوەى ئەو شۆرشە شۆرشى میللەتە و رەنگدانەوەى خواست و ویستى هەموو تاكێكى ئەم میللەتەیە كەچى لە پەناى ئەو شۆرشەوە هەولیان دەدا مەرامە خراپەكانى خۆیان بەدەست بهێنن هەر لەبچوكترین شتەوە بگرە تاكو گەورەترین شتەوە كە داگیركردنى بست بە بست و مەتر بە مەترى وولاتە ئەو كات لاوەكانمان چەكیان هەلدەگرت و دەچوون بۆ شورش سینگى خۆیان دەدایە بەر گوللەى دوژمن بێ ئاگا لەوەى ئەو دوژمنەى كە ئەوان دەكوژێت تەنها دەیانكوژێت بێ ئەوەى زەویان داگیر بكات یان براكەى نان براو بكات یان ئاسایش بباتە سەر مالیان و سوكایەتى بە كەس وكاریان بكات ئەو كات لاوەكانمان خوێنیان گەرم بوو ئاگایان لەوە نەبوو رۆژێك دێت ئەو سەركردانەى شورش كە لەشاخ هیچ كات تێر بە سكى خۆیان نانیان نەبوو كە بیخۆن دواى شۆرش لە كۆشك و ڤێلاى خوش ژیان بەسەر دەبەن و بۆ ژەمى خواردن ئەم وولات و ئەو وولات دەكەن مندالەكانیان لە قوتابخانەى جوان و بەناوبانگ دەخوێنن و مامۆستاى بیانیان بۆ دێت خاك بەسەر خۆم لەوانەیە ئەوانەى كەشۆرشیان كرد وایان دەزانى رۆژیك دێت كە كورى ئەوان لەگەل كورێكى بنەمالەى بارزانى دەبنە هاوپۆل و بەیەكەوە دەخوێنن!!
ئەوان شۆرشیان كرد بۆ دادپەروەرى كۆمەلایەتى ئەوان شەهید بوون لە پێناو ئازادى خاك بەسەر خۆم وایان دەزانى رۆژێك دێت كە دایكە دلسوتاوەكەیان نەخوش بوو لە هەمان ئەو نەخۆشخانەیە چارەسەرى بۆ دەكرێ كە دایكى سەرۆكى هەرێم چارە سەرى بۆكرا! نەیاندەزانى كەدەبێ نەخۆشەكانیان خانوەكەیان بفرۆشن بۆئەوەى خەرجى دەرمانیان پێبكەن!
شورش بەهەموو قۆناغەكانیەوە تێپەربوو تاكو سەرەنجام راپەرینى بەدوا داهات و وولات ئازاد بوو كاتى ئەوە هات سەركردایەتى شورش بەلێنە بریقەدارەكانى خویان جێبەجێ بكەن خەلك دلى ساف بوو لەهەموو لایەك دەنگى هەلبەركێ گۆرانى دەهات بەبۆنەى ئازاد بوونى وولات ئەوە خەلك بوو كە راپەرینى كرد سەركردەكان دواى ئازادبوونى وولات بە سوارى ئۆتۆمبێل لە وولاتى دراوسێ گەرانەوە هەر لەیەكەم ساتى گەرانەوەیان دا دەستیا كرد بە وتاردان و قسەى خوش.
دواى راپەرین و لەناو چوونى هیواكان
هەموو شارەكان ئازادبوون بەشارەكەى خومەوە كە سۆرانە لە پاش ئازاد بوونى وولات بە ماوەیەكى كەم ناكۆكى لە نێوان یەكێتى و پارتى سەرى هەلدا ناكۆكیەكان گەورەبوون و بوون بە شەرێكى خوێناوى لەنێوانیان كە بووە هۆى كوژرانى سەدان و هەزار ان هاولاتى ئەم نیشتیمانە ئەوان یەكتریان بە خائین تاوانبار دەكرد هاولاتیانیش بئ ئەوەى بزانێت ئەوەى بەرامبەرى كە سەنگەرى گرتووە هەر براى خۆیەتى بە درۆ شاخدارەكانى ئەو دوو پارتە یەكترى دەكوژن جنێو بەیەكترى دەلێن و یەكترى بە جاشى ئەم و ئەو ناو دەبەن لەراستى دا هیچ كام لەهاولاتیەكان خائین نەبوون هیج كامیان جاش نەبوون بەلكو ئەم دوو پارتە بوون كە خیانەتیان لە شۆرش كرد و لەسەر داهاتى ئەم وولاتە بوو بەشەریان بێ ئەوەى گوێ بەوە بدەن كە هەموو خێروبێرى ئەم وولاتە هى ئەوان نیە تاكو لەسەرى بەشەربێن ئەم شەرە خوێناویە هەموو ئاواتەكانی هاولاتیانى لەناو برد لە هەمووى سەیرتر ئەوە بوو كە لەماوەى ئەم شەرەدا ناوە ناوە سەرباز و سوپاى دوژمنى دوێنێ واتە عێراق و وولاتانى ترمان بەرچاو دەكەوت لەوولاتى خۆمان كاتێ برسیارمان دەكرد لە بوونى ئەم سوپایە لێرە دەیانوت فلان حزب هێناویەتى بەرێكەوتن تاكو هاوكارى بكات دژى فلان كەس!
ئەوسا خەلك بەدیتنى دەبابەى دوژمن لەبەردەم پەرلەمانى كوردستان بەخەبەر هاتنەوەو زانیان ئەو شۆرش و راپەرینەى ئەوان كردیان ئەو مەبەستەى نەبوو كە ئێستا دەیبینن لە دواى ئەم شەرەوە ئەم پارچەى كوردستان كە هەر بەخۆى لەبنەرەت دا پارچەبوو بچوكتربوەوە لە پارچەوە بۆ یەكەیەكى بچوكتر ئەو یەكەیەى كە تاكو ئێستاش لە بیركارى دا هیچ شتێكى پێ ناپێورێت تەنها لە كوردستان بەكاردێت ئەویش هەرێمى زەرد و هەرێمى سەوز بوو لەئەنجامى ئەو لەتبوونەدا دوو حكومەتۆكە(لەحكومەت بچوكتر) پێكهاتن كە هەر یەكێكیان بە دەست حزبێكەوە بوو هەر حزبەو بەجۆرێك خۆى بەرێوە دەبرد لەو كاتەوە تاكو ئەمرۆ كورد بوون گرنگى نەما بەلكو حزبى بوون جێگەى گرتەوە ئینتیماى خەلك بۆ حزب بوو خەلكیش بە ناچارى دەبویە قبوولى بكات چونكە ئەگەر قبولى نەكردبا رووبەروى كارەساتێك و درندەیى و ئیهانەیەكى وەها دەبویەوە كە هیچ كات لە رژێمى بەعس وەها كارێكیان نەدیبوو تاكە جیاوازى كە لەگەل بەعس هەیانبوو نەبوونى چەكى كیمیاوى بوو دلنیام ئەگەر هەیان بوایە ئەویشیان بەكاردەهینا.
وولاتمان بوو بە دوو ئیدارە كەبە سنوورێك نێوانیان جیاكرابوەوە پاشان هەر حزبەو لەسنورى خۆى كەوتە داگیركردنى وولات و سەركردەكانیش سەرقالى خۆدەولەمەند كردن بوون من بە كورتى باسى ئەو گۆرانكاریانە و ئەو كاولكاریە دەكەم كەلە شارى سۆران رویان دا كە بووە هۆى سەرهولدانى دیاردەى جیاوازى هاولاتى بوون و بۆیەكەم جارچەمكى بارزانى بۆ خانەدانەكان و چەمكى سۆرانیش بۆ پلە نزمەكان بەكارهات كەتاكو ئێستاش بەردەوامە
لەرووى داگیر كاریەوە
پێش شەرى ناوەخۆ دانیشتوانى سۆران زوربەیان سۆرانى بوون هەندێ مالى بارزانیشى لێبوو بەلام رێژەیان كەم بوو هەرجى زەوى بەنرخ هەبوو هى سۆرانیەكان بوو هەرجى دووكان و بینایەى باش هەبوو زوربەى زورى هى سۆرانیەكان بوو بەلام پاش ماوەیەكى كەم پارتى دیموكراتى كوردستان لە رێگەى نوێنەرەكانیەوە هانى دانیشتوانى خۆى كە بارزانیەكان و ئەوانە بوون كە زمانیان بادینى بوو دا كە لەئێران بگەرێنەوە بۆ كوردستان كاتێ گەرانەوە ئەو زەویانەى كە سۆرانیەكان بە درێژایى سەردەمەكان دەیانكردە كشتوكال بەسەریان دابەش كرا و ئێستا زوربەیان تاپۆ كراون لەكاتێكدا ئەو كۆمەلگا زۆرەملێیانەى كە رژێمى پێشوو دروستى كردون هێشتا تاپۆیان نیە كەچى ئەو بارزانیانەى كە پێش چەند سالێك خانویان دروست كردوە ئێستا تاپۆیان هەیە بەهۆى ئەو پارە زۆرەى كەلەلایەن پارتیەوە بەسەریان دادەرژا زوربەى زورى و دوكان و شوێنە بازرگانیە گرنگەكان لەلایەن بارزانیەكانەوە كردران و بوونە مولكى ئەوان زانیارى وورد هەیە كە راستەوخۆ پارەیان دراوەتێ لەلایەن پارتیەوە.
لەرووى دامەزراندن و فەرمانبەرەكان
پێش بەبارزانى كردنى سۆران زوربەى زۆرى فەرمانبەرانى فەرمانگەكانى سۆران خەلكى سۆرانى بوون بەلام دواى جێگیركردنى بارزانیەكان لەم ناوچەیەدا هەر لیستێكى دامەزراندن دادەمەزرا زوربەى زورى بارزانیەكان بوون هەندێ ناوى سۆرانیشیان دادەنا بەلام ئەوانەى دلنیابوون لەپارتى بوونیان و هۆگریان بۆ بنەمالەى بارزانى ئێستاش ئەگەر سەردانى هەر فەرمانگەیەك بكەى لە سۆران فەرمانبەرى بارزانى جمەى دێت بەرپرس زوربەى فەرمانگەكان و شوێنە ئەمنیەكان و ئاسایش زوربەیان بارزانین فەرمانبەرانى تریش كە زوربەیان كچن و ئاستى خوێندەوارى و بروانامەشیان زور نزمە تەنانەت هەندێكیان لەجیاتى ناوى ێمد دەنوسن حمد كەئەمە بەسەر ناوى هاورێیەكم هاتبوو سەربارى ئەمەش لە زوربەى فەرمانگەكان بەشانازیەوە بە فارسى قسە لەگەل یەك دەكەن لەكاتى دەوامى فەرمى واى لێهاتوە زمانى رەسمى لەسۆران ببێتە فارسى.
لەرووى جولاندنى هێزەوە
جیاوازیەكى زۆر دەكرێ لە ئەركى سەربازى لەنێوان بارزانیەكان و سۆرانیەكان هەر كێشەیەك كە پێویستى بەجولاندنى هێزەوە هەبێت بەهیج شێوەیەك فەرماندەى بارزان ناجولێندرێت تەنانەت چەند جارێك كە گرژى و ئالۆزى لە خانەقین و جەلەولا دروست بووە هیچ جاریك هێزى بارزان نەچووە لەكاتێك دا هەر ئیمتیازاتێك و موچە زیاد كردنێك هەبێت لە فەرماندەى بارزان دەست پێ دەكات و سالى پار چاكەتى سەربازى و قاتى كوردیان بەسەر دابەشكرا وە لەرووى ئۆتۆمبێلى سەربازیشەوە كەبە (تاكسى سەربازى)دەناسرێن بەهۆى ئەوەى زوربەى جار كچانى بارزانى دەگەیەننە بازار لەپێش فەرماندەكانى ترەوە دێن ئەگەر سەردانى بازارى سۆران بكەى ئەو تاكسى سەربازیانە دەبینى كە شوفێرەكانیان كارى ناومالى پێدەكەن و ژن و مندالەكانیان پێ دەگەیننە ئەو شوێنەى كەمەبەستیانە
لەرووى كارئاسانى فەرمانگەكان
لەهەر فەرمانگەیەك هەركە بارزانیەك سەردانیان دەكات زوتر مامەلەكەى بۆ تەواو دەكرێ چونكە لە فەرمانگەكان یەكترى دەناسن و هەموویان خزمى یەكترن تەنانەت جارێكیان خۆم سەردانى هەولێرم كرد یەكێك سوارى سیارەكەبوو كە جامانەى سورى لەسەر بوو لە بازگەى ئاسایشى شقلاوە داواى ناسنامەیان لە ئیمە كرد كەچى كەس لەناسنامەى كابراى بارزانیان نەپرسى زور هەستم بەكەمى خوم كرد وەك بلێى ئێمە مەوادى بێهۆشكەرمان پێیە بەلام جامانەى سور حەسانەى یاسایى هەیە كەس ناتوانێت قسەیان لەگەل بكات وەك بلێى ئەوان پلە بەرزن و سۆرانیەكانیش پلە نزم
لەرووى خزمەتگوزارى و ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان لەرووى خۆشى و ناخۆشیەوە نالێم هەموو گوندەكان بەلام زوربەى زورى گوندەكانى دەڤەرى بالەكایەتى و چۆمان و دەڤەرى برادۆست لەگوندەكانى دەڤەرى بارزان خۆشترن وئاو وهەوایان سازگارترە زیاتر بۆ كشتوكال كردن لەبارترن چونكە زوربەیان بەراون ئاودێریان ئاسانترە بەلام ئەوەى جێگاى داخە و رۆژانە لەخەلك گوێ بیستى ئەو نادادپەروەریە دەبیت كە لەگەل ئەم گوندانە دەكرێت زوربەى زورى گوندەكانى بارزان ریگاوبانێكى چاك و باشیان هەیە كە زور جیاوازە لە ریگاى ناوچەكانى تر بە رادەیەك كە لەهەندێ گوندى بارزان ریگاى قیر بۆ خانوى حەوانەوەى ئاژەلەكانیان بردراوە كەچى گوند هەیە لە ناحیەى سیدەكان تەنها ئۆتۆمبێلە بەرزەكان دەیگاتێ ئەوەى لەرێگاو بانیش گرنگتر ئەوەیە كە هەر گەنجێك لە دەڤەرى بارزان هاوسەرگیرى كردبێت پارەیەكى باشى پێدەدرێ بۆ دروستكرنى خانوو وە تاكو ئێستاش بەردەوامە و هەر گەنجێك هاوسەرگیرى بكات ئەو پارەیەى پێ دەدرێ كە كەس نازانێ پارەى حزبە یان حكومەت بەلام ئەوەى دەیزانم ئەوەیە كە پارەكە وەرناگیرێتەوە و ناگەرێتەوە بۆ حكومەت لەكاتێكدا لەناوچەكانى ترى كوردستان ئەو شتە بوونى نیە بەلكو حكومەت پارە بۆ دروستكردنى خانوو دەداتە هاولاتیان بەلام ئەو پارەیە وەردەگیرێتەوە بۆ حكومەت ئەم پارەیەش پێشینەى خانوبەرەیە ئەویش بەهەزارەها بینەوبەرە تاكو وەرى دەگرن بۆیە ئێستا دیمەنى گوندەكانى بارزان دیمەنێكى جوانى هەیە وەك بلێى گوندێكى ئەوروپایە كەچى كەلاوە قورەكانى سۆرانیەكان دەلێى خاپور كراون و هێشتا خزمەتگوزارى پێ نەگەیشتووە
هاوسەرگیرى و خزمایەتى لەنێوان خانەدانەكان و پلە نزمەكان بەپێى یاسا قەدەغەیە ئەو زنجیرە دۆبلاژكراوانەى كە پێشتر و ئێستاش لەكەنالى كوردسات پەخش دەكرێت بینەرێكى زۆرى هەیە ئەم زنجیرە دۆبلاژكراوانە بونە هۆى ناساندنى كلتورى كۆنى كۆریا بەگەلەكەمان هەندێ لەم كلتورانە جوانن و هەندێكیان ناشرینن و بۆئەوە باشن كەخەلك نەفرەتى لێ بكات لەم زنجیرە دۆبلاژكراوانە دیاردەیەك باوە لەكۆریاى كۆن كە قەدەغەیە خانەدانێك شوو بە پلە نزمێك بكات خەلكى كوردستانیش هەندێكیان بەم دیاردەیە سەرسام بون كەبینیان هۆرجۆن بەندكراوە لەسەر هینانى خانەدانێك بەلام خەلكى سۆران رۆژانە بەچاوى خۆیان بەدەیان جار ئەو دیمەنە بەشێوەیەكى راستەقینەدەبینن رۆژانە دەبیستن كە كچێكى بارزانى ئاشقى كورێكى سۆرانی بووە بەلام مالەوەیان بەمە رازى نیە بۆیە كورەكە بەناچارى پاشەكشە دەكات یان بەخۆى و كچە خانەدانەكە بەرەو سنورى هەرێمى سەوز رادەكەن بۆئەوەى دوربن لەدەستى باوك و دایك و خزمانى كچەكە ئەوەى ئێمە لەم زنجیرە دۆبلاژكراوە جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە لەزنجیرە دۆبلاژكراوەكە كچەكە بە زەحمەتیەكى زور دەبێتە هاوسەرى هۆرجۆن بەلام زەحمەتیەكەى كاتیە و كۆتایى دێت بەلام ئەگەر خانەدانێكى بارزانى شوو بە هۆرجۆنێكى سۆرانى بكات ئەوا تا لەژیان مابێت هەر بەر نەفرەت دەكەوێت ئەگەر ناسنامەشى بشارێتەوە هەر وازى لێ ناهێنن ئەوەى جێگاى داخە ئەو دابونەریتە ناشرینە لەناو نوخبە رۆشنبیرەكەشیان هەر هەیە مامۆستاى زانكۆ و نووسەریان هەیە كە مردنى لاباشترە لەوەى زاوەكەى سۆرانى بیت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست