کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قەندیلو غەزە ئازارو ئەندێشەیان چوون یەكە لە رووى داگیركەرییەوە

Saturday, 05/06/2010, 12:00


سیاسەت ئەو بەرژەوەندی یە تەسكەیە كە هەموو چەمكەكانی لەسەر بنەمای دووفاقیەت بەرژەوەندی گروپ پێك دێت، بێ گومان ڕەوشتی سیاسەت بە واتایەكی تر پێك هاتووە لە نزیك بوونی ئەو چەمكەی كە كاری خۆیو دەرەكی دەكاتە بنەمای.
ئەوەی لێرەزشدا ڕوو دەدات هیچی لە دووڕوویەك تێ ناپەڕێ، توركیایەك لە ئەمڕۆدا ئێرانێك لەم ساتەدا نكۆڵى لە گەلێك دەكەن و چاندی دەسڕننەوە سوكایەتی بە تاكەكانیان دەكەن لە هەمان كاتیشدا ئاوارەیان دەكەن، بەڵام لە لایەكی ترەوە فرمێسكی تیمساحانە بۆ كەسو گروپو لایەنێكی تر دەڕێژێن، تا بڵێ ی سیاسەتێكى هیچەو كارێكی نەشیاوە، كەچی خۆیان بە هەرە عەیبی گەورەی خۆیان نازانن و لەگەڵ ئەوەشدا هاوسۆزو هاوخەمی گەلی فەلەستینو غەزەن، دەوڵەتی توركیا لە بنەڕەتدا هەمان سیاسەتی داپڵۆسێنەری ئیسرائیلی هەیە لە ئاست مرۆڤایەتیدا، كەواتە ئەم جۆرە سیاسەتە بۆ توركیا مایەی گاڵتە جاڕی یە كە بێ شەرمانە داكۆكی لە گەلێكی وەك غەزە دەكات لە ئەمڕۆدا، ئەدی كۆمەڵگای كوردی لە تێڕوانینی ئۆردوگان و سەرانى توركیا دەبێ چی بێت؟ ئایا ئەوانیش مرۆڤ نین؟ كاتێك ڕەشە كوژیان دەكاو بەرەو زیندان راپێچیان دەكا، ئەمەو جگە لەوەی ناسنامەیان بە بنەما ناگرێت؟ تا ئێستاش پێ داگرەو سەركێشانە دژایەتیان دەكات، ئێمەی كوردیش هەرچەندە سیاسەتی دووفاقەمان نیەو نایزانین هەردەم دوژمنی دوژمنەكەمان دەكەینە دۆستمان ئەوەی ڕۆژێك سڵاومان لێ بكات دەبێت بە هەرە دۆستو كەسی نزیكمان، تۆپ باران دەكریین و لاوەكانمان لە سێدارە دەدرێت، ئەنفال دەكرێین و ، كیمیاییان بەسەردا دەڕژینن هەر ئەو كەسانەن كە تا دوێنێ كارەساتی ناپاكیان بەسەردا ڕژاندووین ئێمەى كوردیش كەچی بێ هەڵوێستین لە ئاستیان سەرەڕای ئەوەش جیهانیش لە ئاست ئەم قەدەرانەدا بێ دەنگەو بگرە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤو كۆمەڵگای ڕۆژئاواش وەك نە بایان دی بێو نە باران هیچ فزەیەكیان لێوە نایەت، تا ئێستاش هەمان سیاسەتمان بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام هەر خودی ئەو داگیركەرانەیە كە ئەمڕۆ فرمێسكی درۆینەمان بۆ دەڕێژن، هێرشی سەر كاروانی كەشتی گەلی ئازادی لە لایەن ئیسرائیلەوە جیهانێك بۆی دەوروژێتو هەموو بەیەك دەنگ كاردانەوەو هەڵوێستی توندیان هەیە بۆی، كەچی مەخابن تۆپ بارانی بناری قەندیل لە لایەن دوو دەوڵەتەوە كەسێ نەبوو وڵاتێ نەبوو بێتە دەنگو هەڵوێستیان هەبێت لەسەری، ئایا ئەمە راستە گەر وڵاتێك وەك ئێمەی بەسەر بێ لە لایەن دوژمنانەوەو هیچ وڵاتێك لەسەرمان نەیەتە دەنگو كەچی هێرشەكەی سەر كەشتی گەلی ئازادی بووە گەورەترین باس حواستى و هەموو میدیاو كەناڵەكانی جیهان، بەڵام ئێمەی كورد بێ دەنگیمان هەڵبژاردو لە ئاست پەلامارو سنوور بەزاندنى وڵاتانى دراوسێوە هەڵوێستێكی جددى نیە شەقامێكیپڕ نارەزایى نییە، كەچی لە ئاست ئەو هێرشەی ئیسرائیلدا بۆ سەر كەشتی گەلی ئازادی زۆرێك لە ڕێكخراوو حیزبەكانی لای خۆمان كاردانەوەو هەڵوێستیان هەبوو دژ بە ئیسرائیل، ئەمەیە دووفاقیەتی سیاسەت بۆ هەڵوێستیان بەرامبەر بە كوشتنی كیژانی كوردو لاوانی كورد تۆپ بارانی بناری قەندیل سنوور بەزاندنی لە لایەن دو دەوڵەتی زل هێزەوە وەك ئێرانو توركیا بێدەنگ بوونی لایەنی كوردیو دەسەڵاتی مەركەزی ئایا ئەمە بانێكەو دوو هەوا. ئەوەی لێرەدا گرنگە كە باس لە كەرامەتی نەتەوەیی دەكرێت لە چۆنێتی مرۆڤایەتی دەكرێت، ئەی ئایا هاوڕەگەز هاو خوێنەكەی تۆ مرۆڤ نین؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش بۆ ئەو لایەنو نوسەرانەی كورد جێ دێڵم كە هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر بە پەلامارەكانی ئیسرائیل دژ بە كەشتی گەلی بە ناو ئازادی توركیا كە ئوردوگان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا دەیەوێت ڕای گشتیو جیهانی ئیسلامی بە لای خۆیدا ڕاكێشێت. لە راستیشدا هەمان هاوپەیمانى دەوڵەتى ئیسرائیلەو تەنیا گەمەیەكى سیاسییە دەیكات لە ئاستى جیهاندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە