من شۆرشی حەڤدەی شوباتم
Sunday, 19/02/2012, 12:00
من وەك چیا پڕم لە باهۆزی شۆرش و
بەگژ ئیمپراتۆری غەدرا ئەچم
من كوڕی ئەم سەر هەڵدانە ڕەنگ ئەرخەوانیەم
دەستەكانم بەچەپكێ نێرگزەوە بۆ خۆر هەتاو هەڵبرێوە
دڵنیابن واز لە گەندەڵیتان ناهێنم
ئەی تاریك پەرەستان وامەزانن بێدەنگم لەڕۆحمەوە گەلێ توڕەم
هەناوم پڕ هەیجانە وگڕكان ئاسا تینم سەندووە
گەروم پڕ سرودە ودروشمەكانم بڵندتر
دەچن بەگژ ژانی ئەستورا
من كپ نابم ڕوبارێكم پڕ لەشەپولأ وهەردەڕوم
خامۆش نابم پشكۆم وگەش دائەگرسێم
من چاوەڕوانی شەقامێكم
ژمارەیان ئەستێرەكان تێپەڕێنێ
من هەورێكم ئاو دامان بە شەستەی بارانەوە
بەچەخماخەی سوورەوە شەوە زەنگی تاریك ڕائەژەنم
من حەڤدەی شوباتم
وەك هەڵمەتەكەی سوركێوی شار
دەمێكە وەرەزم لە هەتوانی فێلأ وگەمەی بێ ئاكامتان
لەدرۆ و دەلەسەی ئەفسانە ڕەنگ سەرابیەكان
من لە ئێستاوە
چیتر ساتەكانی دەیجوری ئێوە ناخۆمەوە
وابزانم لەپەیامەكانم تێ ئەگەن
من عەوداڵی شۆرشێكی پڕتەقاڵیم و
كەچی ئێوەش یاخیتر باوەش بەكورسی دا ئەكەن
وا هەست دەكەم حەڤدەی ئەم وەرزە
ساتە ساردەكانی ئەم دەڤەرەی ڕاو ناوە
واخەرێكە نیشتمان پڕ دەبێت لەرۆمانسیەتی نەو بەهار و
بۆ ئەبەد پاییزێك لە هەڵوەرین
لە پاش نەمانی ئێوە نایەتەوە نێو ئەم مەڵبەندە
من ..من .. حەڤدەی شوباتم
شنەبای هەیڤێك لە هیوام و وەك سپێدە شەو بە جێدێلم
دەسا چل ..چل نێرگزی ئەم عەشقەم لێ وەرگرن یاران
وا بەقەڵەم بازەوە بۆ نێو ئاپورەی بەرخودانتان هاتم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست