پانزەى تەباخ و گوڵە هەناسەكانى گەلاوێژ
Sunday, 08/08/2010, 12:00
سەردار قادر
ئەی ئەو وەرزەی كە ساتەكانت گڕى لە خۆ بەرداوە
چاوەڕوانی كام ڕێژنە بارانی
زەوی عەشقت بنوسێتەوە بە دەڤەرێك لە
گوڵە نێرگز
بەرلەوەی سكڵى سووری خۆر
لە ژێر سێبەری ساراتا تاوێرەكان پڕ كا لە نور
ڕۆژێك وەك ساتەكانی نەورۆز لە هەناوتا داگیرسێنە
چونكە تۆ لەو ئەوینە دەچی
كە لە ڕەنگی ئاسۆدا سەرت دەرهێناوە
تۆ بە ساوایش
كانیلە چۆڕ چۆڕ ئاوی سازگاری پێ نۆش كردی
داربەڕووەكان نەیانهێشت تەنیا بی
ئەوە تۆو لوتكەی سەركەش بوون
ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەتان لە بێدەنگی شەودا لە ئامێز گرت
كلوی بەفرو بارانی بەخوڕ
سروەو شەماڵ
پڕن لە بۆنی تۆ
ئەمێستا ئەم دەڤەرە
بیرەوەریەكانت پڕ بە مانای ژیان دەنووسێتەوە
تۆ چیت ئەی شا وەرز
ئەم زەوی یە سەراپا وابۆت هەژاوە
لەمەودای ئەم عەشقە گەرمەدا
دارو دەوەن، جۆگەلەو ڕووبار، كەفرو تاوێر
سروەو شنەی با، مانگە شەوو خوڕەی تاڤگە
باست دەكا باست دەكا باس
ئەی گوڵە هەناسەكانی گەلاوێژو
هەناوی خۆرێكی كڵًپە كردو
قەندیل پڕكە لە كیژى هەور ڕەنگو
ئاسمان لە هێشووە ئەستێرەی پرشنگدار
لاوانی ماردینو ئامەد لە گیانی ئیرادەو بڕوا
تۆ لە شەپۆلە سپیەكانی دەریای وان سەركێشتریت
مەراقی ڕەش لە سنوورتا ڕادەماڵى
دە هەستە سەرپێ دە هەستە سەرپێ
كڵپەی وڵاتی كڵپە
دیسانەوە هەڤاڵ عەگید بۆ ئامێزی چیا خۆی سازداوە
ئەوەتا سەردەستەی كاروانێكە
ئەوین لە ڕۆحیانا وەك خۆرێك هەڵدێ
بڕیار وایە بۆ دیداری شەمزینان
هەر ئەمشەو لەم مەڵبەندەوە دەستە دەستە بكەونە ڕێ
چ قەڵەم بازێكە لەم وەرزەدا سرووشت هەتاوی گرتووە
هێندەی نەماوە دڵى زەوی بە بوركانێك ڕاچەنێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست