لە پەراوێزی خوێنە وون بووەكاندا
Thursday, 17/06/2010, 12:00
بۆ چلەى شەهیدى جوانەمەرگ سەردەشت عوسمان سەرجەم قەلەَمە بوێرەكان كەباجى راستەقینەى خۆیاندا
وەرزەكان كەڵەكە دەبنو
دەبنە ڕابردوویەكی لەبیرچوو
گومانەكان خامۆش خامۆش دەبنەوەو
هزرەكان وەك ئاوێنەی وردو خاشكراو
ناچنەوە سەر ڕەنگەكانو نایانناسنەوە
خەیاڵەكان بەردەوام تێ هەڵدەچنەوەو
بەرەو مێژوویەكی گوناهبار
یەك یەك ساتەكانی هەڵوەرین بە فرمێسكەوە دەخوێننەوە
چ چیرۆكێك پڕە لە ڕەنگی مردنە
ئەوە بە ئازاترین تراژیدیای ئەم نیشتمانەی منەو
خەمەكانی بۆ جیهان باس دەكات
واى لە شەپۆلە سورەكان لە دەریایى بێسنوورماندا
خوێنێك تەژى لە ڕەنگی سوورە گوڵ
خوێنێك لە ڕەنگی خۆرئاوابوون
خوێنێك ئاڵتر لە كڵپەو گڕ
خوێنێك لە هێشووە گێلاسی ئەم وەرزە سوورتر
خوێنێك لە شیلەی شاتوو فێنكتر
ئەی خوێنە ونبووەكان ئێوە تا زیاتر وشك ببنەوە
ساڵەكان زیاتر لەبیر دەكەن
بەڵام هێشتا سۆراخ بۆ چەند میلێ لە سەرەتادایەو
لە بەرۆكی كاتژمێرە خەواڵووەكان نابێتەوە
ئەفسوس ئەو باڕەشەی وەرزی خونچەیان ژاكان
پێ دەچێ درەختەكانیش ئەمشەو ڕووت كەنەوە
پێ دەچێ نیشتمان پڕ كەن لە دەستنووسو یاسای ڕەشیان
چ مەودایەكی دوورو درێژە بۆ گەیشتن بە سەرابی فریودەر
ئەوانەی كە لە ئەزەڵدا بە دڵڕەقی لە دایكبوون
هەرگیز ناچنەوە سەر سەوزترین باخی خەیاڵ
خەیاڵ یاسای ئەوینێكی فرە جاویدانیە
خەیاڵ پرشنگی خۆرێكە
سەر بە هەموو كیشوەرێكی بێ نازدا دەكات
خەیاڵ بە فرمێسكی لالایەكی ئاڵەوە ڕەدو دەكەوێ
خەیاڵ تریفەیەكە لە مانگ جێ دەمێنێ
خەیاڵ پەپوولەیە بۆ كام باخ بیەوێ سەفەر دەكا
خەیاڵ شەقەی باڵی كۆترە سپی یەكانە
بۆ بەرزترین ئاسمان ڕۆحی خۆی پەلكێش دەكاتو
لە پیرۆزترین ساماڵدا ئەستێرەكان دەبینێ
وەلێ ئەو خورپانەی كە خەیاڵ كوژن
لە یاخی بوونو هیوای ئەوین ناگەن
ئەو وشانەی كە لە دەنكە هەنار دەچن
لە پایزێكی گوناهباردا دای دەوەرێننو
دەیكەنە مەزەی شەوێك لەە مەستیان
ئەوان هەرگیز خاڵى نابنەوە لە كێشانی ڕۆح
سەركێشانە تینووی خوێنن
ڕەنگە لە زریانێكی توڕەدا چڵى ناسكتر بشكێنن
پەرداخیان پڕ كەن لە خوێنێكی تازەترو
لە كۆشكی پڕ تاوانیاندا بینۆشن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست