کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاوه‌ڕێ بووم جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود به‌رزانی ببینم سه‌رچۆپی ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز بگرن.

Monday, 23/03/2009, 12:00


ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکانی باشوری کوردستان کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی مه‌عنه‌وی بۆ کۆمه‌ڵگای کو‌ردی هه‌بوو وه‌ک هه‌ست کردن به ناو‌ نیمچه‌ دیموکراتی و ئازادییه‌ک، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیشدا گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی مادی و مه‌عنه‌وی بوو بۆ ئه‌و گروپ و تاقم و خێڵانه‌ی که‌ له‌ژێر ناوی جیاوازدا، ساڵانێکی زۆره‌ خۆیان وه‌ک پارتی سیاسی ناساندووه‌. چۆن ته‌‌ماشاکه‌رێکی یاری شه‌تره‌نج باشتر کۆنترۆڵی یاریه‌کی شه‌تره‌نج ده‌کات، منیش به‌هه‌مان شێوه،‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاهه‌نگ و جه‌ژن و شادیه‌کانی نه‌ورۆز، ده‌متوانی باشتر له‌ مێنتالیتێتی مرۆڤه‌کان و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌‌ تێبگه‌م. له‌ ماوه‌ی تێڕوانینم له‌ ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆز‌ پرسیارێک درووست بوو که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو: كوان ئه‌و بۆره‌ پیاوانه‌ی که‌ به‌هۆی ڕاپه‌ڕینی ئه‌م خه‌ڵکه‌ ساده‌و دڵپاکه‌وه‌‌، توانیان سه‌ریان له‌ کون و قوژبنی وولاتانی دراوسێو و ئه‌وروپاوه‌ ده‌ربێنن و بگه‌ڕێنه‌وه نێو سه‌رزه‌مینێکی تاڕاده‌یه‌ک ئازاد کراو؟ سه‌یره‌ ئه‌و سه‌رۆک خێڵ و تاقمانه‌ و داروده‌سته‌که‌یان، که‌ ده‌ستکه‌وتی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ ده‌خۆن، نه‌بوونه‌ته‌ سه‌رچۆپی کێشی ئه‌م ئاهه‌نگانه‌، له‌ کاتێکدا هه‌ر له‌ دوای ڕاپه‌رێنه‌وه‌ ساڵانه‌ چه‌نده‌ها ملیارد دۆلار به‌روبوومی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ ده‌خۆن.
وه‌ک لاوێک که‌ تازه‌ خوێندنی بالای ته‌واو کردبوو ، نه‌مویست ببمه‌ سوته‌مه‌نی جه‌نگی بێ مانای عێراق و ئێران. بۆیه‌ بڕیارم دا له‌ ڕێی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌ڕێکه‌وم. وه‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ که‌ره‌ج زانیم یه‌کێ له‌م خێڵانه‌ی که‌ ئێستا ده‌سه‌لاتێکی ڕه‌های هه‌یه‌ له‌ باشوری کوردستان، له‌گه‌ڵ داروده‌سته‌که‌یدا، له‌ گه‌ره‌کێکی تاڕاده‌یه‌ک خۆشی باکوری که‌ره‌ج نیشته‌جێ بوون. هه‌ڵبه‌ته‌ کا‌تێک که‌ له‌ یه‌کێک له‌ خیابانه‌کانی تاران کتێبێکم کڕی و پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وسا تێگه‌یشتم ئه‌مانه‌ چۆن له‌م شوێنه‌ نیشته‌جێ بوون و چ خزمه‌تێک به‌ ڕژێمی گه‌نده‌ڵی نامرۆڤانه‌ی جمهوری ئیسلامی ئێران ده‌که‌ن. کتێبه‌که‌ له‌ لایه‌ن ڕۆژنامه‌ نوسێکی فارسه‌وه‌ نوسرابوو، که‌ پاش گه‌ڕانێکی زۆر به‌ شار و گونده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، توانیبووی زانیاریه‌کی زۆر کۆبکاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی پارتی دیموکراتی کوردستان یان قیاده‌ مۆقه‌ته،‌ شان به‌شانی سوپای پاسداران، دژ به‌ پێشمه‌رگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان پێشمه‌رگایه‌تیم نه‌کردووه‌ به‌ڵام نه‌فره‌تم له‌م شوڕشانه‌ ده‌کرد که‌ ئه‌م جۆره‌ تاقم و خێڵانه‌ به ناوی‌ خه‌بات و تێکۆشان به‌ کۆمه‌ڵگای ساده‌ و ساکاری کوردی ده‌فرۆشنه‌وه‌، وه‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی شه‌ره‌فنامه‌که‌ی شه‌ره‌فخانی بتلیسی تێگه‌یشتم که‌ کردار و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م سه‌رکرده‌ و سه‌رۆک خێڵانه‌ به‌رده‌وامی ئه‌و مێژووه‌ یان خیانه‌ت کاریا‌نه‌یه‌‌‌ که‌ شه‌ره‌فخانی بتلیسی پێش چه‌ند 100 ساڵێک له‌مه‌و پێش لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی پێ نوسیبۆوه‌.
ئێستاش خۆشحاڵم به‌وه‌ی که‌ ڕۆژێک له‌ڕۆژان نه‌بوومه‌ سوته‌مه‌نی بۆ ئه‌م ده‌سته‌ و تاقمانه‌ی که‌ له‌ ژێر سایه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ توانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ باشوری کوردستان و ئێستاش بونه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و وه‌ک مشه‌ خۆر خوێن و به‌روبومی ئه‌م گه‌له‌ ده‌خۆن.
ئه‌م مرۆڤه‌ بوده‌ڵانه‌ هه‌میشه‌ به‌رهه‌می خه‌باتی تاکی کوردی دڵسۆز و قاره‌مانی کوردیان خواردووه‌، ئه‌و تاکه‌ نه‌به‌ردانه‌ی که‌ به‌ دڵێکی ساف و کوردایه‌تیه‌وه‌ خه‌باتیان ده‌کرد، به‌ڵام ترسنۆک و هه‌لپه‌رست و فایلدار و خۆفرۆشان به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌خۆن و وه‌ک قاره‌مان ده‌چنه‌ مێژووه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و مێژووه‌ی که‌ خۆیان ده‌ینووسنه‌وه‌، ئه‌و مێژووه‌ی ترسنۆک و به‌زیوه‌کانمان لێ ده‌که‌نه‌ نه‌مرد و قاره‌مان. ئه‌مڕۆ ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌کی سیستێماتیکی و به‌ ئاگا کار بۆ ئه‌م جۆره‌ مێژووانه‌ ده‌کرێت. مه‌لا مسته‌فا، که‌ پارتی وه‌ک باوکی کورد به‌ کۆمه‌ڵگای ده‌ناسێنێت، له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌مریکا کۆچی دوایی کرد، یان ئیدریس بارزانی له‌ یه‌کێ له‌ ئۆردوگاکانی ئێران، له‌کاتی ده‌ست به‌ئاو گه‌یاندن گیانی له‌ده‌ست دا، که‌چی ئه‌مڕۆ وه‌ک قاره‌مان و شه‌هیدی هه‌میشه‌ زیندوو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردیدا ده‌سه‌پێندرێن و مێژووی پێ چه‌واشه‌ ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌رمه‌لا مسته‌فا ى بارزانی باوکی کوردبوو بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌بێت باوکێکی سه‌قه‌ت و نه‌زان بووبێت که‌ هیچ زانیاریه‌کی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاو په‌روه‌رده‌کردنی کۆمه‌ڵگا نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر باوکێکی ڕۆشنبیر بوایه‌ کوردستانی باشوور نه‌ده‌بووه‌ خاوه‌نی 500000 جاش و چه‌ند هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ک.
ئه‌گه‌ر چاوێکی خێراش به‌ مێژووی خه‌باتی جه‌لال تاله‌بانیدا بخشێنین، ده‌توانێن خه‌بات و که‌سایه‌تیی ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ چه‌ند ووشه‌یه‌کدا کورتبکه‌ینه‌وه‌ وه‌ک: خۆپه‌رست، هه‌لپه‌رست، پاوانخواز، دووڕوو، بێ پرنسیپ، بێ هه‌ڵوێست، نه‌خۆشی ده‌سه‌ڵات و هتد، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسه‌وخۆ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ تێکدانی شۆڕشی پارچه‌کانی تری کوردستان و شه‌هید کردنی سه‌رکرده‌کانیان. ‌
ئه‌م 3 حیکمه‌ته‌ی جه‌لال تاله‌بانی باشترین نمونه‌ن‌ بۆ ناسینی ئه‌م که‌سه‌ و لێهاتوویی.
1 کوڕینه‌ ئه‌م جاره‌ یان ئه‌فڕین یان ئه‌تڕین. له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕیندا ئه‌مه‌ی ووتوه‌ه‌
2 ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ خۆ به‌ هین به‌ ده‌ست نه‌هاتووه‌. ئه‌مه‌ له‌ پلینۆمی یه‌کێتی ووتویه‌تی
3 ئێمه‌ که‌ ئه‌چین بۆ به‌غدا خۆ ناچین بۆ قه‌حپه‌ خانه‌. ئه‌مه‌شی له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا ووتووه‌.
جگه‌ له‌وه‌ که‌سایه‌تی جالال تاله‌بانی که‌سایه‌تییه‌کی لاوازه‌ به‌رامبه‌ر بێگانه‌، ئه‌مه‌ش زۆر به‌ ئاشکرا له‌ سیاسه‌ته‌ یه‌ک لایه‌نه‌کانیدا ده‌بینین به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی کورد، واته‌ سیایه‌تێک که‌ هه‌میشه‌ به‌ دڵی داگیرکه‌ران بووه‌ بۆ ڕازی کردنیان. ئیتر نازانم ئایه‌ ده‌توانرێت به‌مه‌ بگوترێت سیاسه‌ت؟ مرۆڤێکی نه‌خوێنده‌وار و نامۆ به‌ سیاسه‌تیش ده‌توانێت ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌تانه‌ پیاده‌ بکات. به‌ڕای من سیاسه‌ت مه‌دار ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ بتوانێت له‌ دانیشتن و ڕوداو مامه‌ڵه‌‌ سیاسیه‌کاندا بتوانێت هه‌ندێک ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ماوه‌ی هه‌موو ژیانیاندا بچوکترین ده‌ستکه‌وتیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ی باشوری کوردستانیش به‌رهه‌می بێمێشکی سه‌ددامێکی ئه‌قڵ نه‌خۆش و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی ئه‌مریکا بوو.
که‌سایه‌تیه‌کانی تری ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردیش بریتیه‌ له‌کۆمه‌ڵێک مرۆڤ که‌ که‌سایه‌تیان داڕێژراوی هزری ئه‌م سه‌رۆک خێڵ و تاقمانه‌ن. واته‌ که‌ساتیه‌کی لاواز و ناسه‌قوامگیر که‌ ده‌کرێت به‌ئاسانی بگۆردرێن و به‌پێی پێویست دابرێژرێن و فۆرمیان پێ بدرێتێ.
جێگه‌ی ئاماژه‌ پێدانه‌ که‌ سه‌رکه‌وتویی ئه‌م به‌ناو سه‌رکردانه‌ له‌ نه‌زانی و دواکه‌وتویی زۆرینه‌ی تاکی کورده‌وه‌یه‌، ئه‌و تاکه‌ی که‌ کوێرانه‌ و بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی بۆ که‌سایه‌تی و مێژوی ئه‌م سه‌رۆک خێڵ و تاقمانه‌ هه‌بێت، کردوونی به‌ پێشه‌نگی خۆیی و تێکۆشینه‌که‌ی.
ئاستی هۆشیاری و شارستانی کۆمه‌ڵگای کوردیش یاریده‌ده‌ر و هۆکارێکی سه‌ره‌کین بۆ دروست بوونی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا که‌ 2 خێڵ و خانه‌واده‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و هه‌موو سامان و داهات و بودجه‌ی کوردستان به‌کارده‌هێنرێت بۆ به‌هێزکردنی ژێرخانی ئابووری خێڵ و خانه‌واده‌، چونکه‌ به‌ڕای من سه‌رچاوه‌ و میکانیزمی گۆڕانکاریه‌کان و گرتنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و ژیانی تاکی کۆمه‌ڵگا له‌ بوونی سه‌رمایه‌ و ئابووریه‌کی به‌هێزه‌وه‌ دێت. هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی هۆشیارانه‌ کار بۆ هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن له‌م بارو دۆ‌خه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی ئێستای له‌ڕێی بێکاری، بێ کاره‌بایی، بێ ئاوی‌ و بێ خزمه‌ت گوزاری و هتد. ‌ ئه‌مه‌ش هاوکێشه‌یه‌کی‌ سیاسییه‌ و هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵات ته‌واو ده‌بێت. چونکه‌ ژیاندنه‌وه‌ی ئاین و خه‌رافیاته‌کان، سه‌رقاڵ کردنی کۆمه‌ڵگا به‌ پێویسته‌ سه‌ره‌کیه‌کان ژیان و ڕاکردن به‌دوای بژێوی ژیان وا له‌ تاکی کۆمه‌ڵگا ده‌کات ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له‌ گه‌نده‌ڵی و بێ ڕه‌وشتی ده‌سه‌ڵاتداران بکۆڵێته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بگرێت و ئه‌و پرسیارانه‌ بوروژێنێت که‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانیه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زنی ڕاپه‌ڕین به‌دی ده‌کرێت، ده‌ستکه‌وتی هه‌ڵپه‌رکێ و گۆڤه‌نده و گۆرانیه‌‌ که‌ ئه‌ویش خۆی له‌ خۆیدا وێنه‌یه‌کی درۆ و ته‌زویره‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ڕێخۆشکه‌ر‌ و هانده‌ری سه‌ره‌کییه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووه‌ قێزه‌وه‌نه‌که‌ی خۆی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچاوه‌ڕێ بووم جالال تاله‌بانی، مه‌سعود بارزانی، نێچیرڤان و داروده‌سته‌که‌یان ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیان له‌م ئاهه‌نگ و گۆڤه‌ندانه‌دا ببینیایه‌ و یه‌کێکیان گاوانی بگرتایه‌ و ئه‌وی تریشیان سه‌رچۆپی بکێشایه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە