سەرۆكایەتى و دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و حكومەتەكەى بەرهەم ساڵح پڕدەبێت لەگوێزى هەورامان .
Sunday, 13/12/2009, 12:00
هەفتەیەك بەرلەجەژن سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران و دیوان و تەواوى ژوورەكانى ئەم حكومەتە پڕدەبێت لەگوێزى هەورامان و بەدەیان هەزار گوێز وەك جەژنانە لەلایەن وەزیرێكى هەورامى كابینەحزبیەكەى بەرهەم ساڵحەوە لەهەورامانەوە خۆیان دەكەن بەئەنجومەنى وەزیراندا بەشێوەیەك سەرەتا پۆلیس و پاسەوان و شوفێر و كارمەند و فەرمانبەرانى ئەنجومەنى وەزیران كەئەو هەموو گونیە بچووكانە دەبینن هەریەكە و لاى خۆیەوە شرۆڤەیەكى بۆ دەكات و یەكیان دەڵێ ئەم گونیانە لەوانەیە سكاڵا و داواكارى خەڵكى هەورامان و هەڵەبجەى شەهیدبێ یان كەیسى قایمقامە دزەكە و عومەرفەتاح بێ یان دواكارى ئەو دایك و باوكە بێ نازانەی هەڵبجەبێ كەداواى چارەنووسى كوڕەكانیان دەكەن تاحكومەت هاوشێوەى عەلى بۆیان بێنێتەوە ، یەكێكى تریان دەڵێ نەوەڵا لەوانەیە ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی بن بۆ ئەنجومەنى وەزیرانیان هێنابێت تابەرهەم ساڵح ڕووى خۆى پێ سپى بكاتەوە لاى خەڵك كەلەسەروەختى هەڵبژاردنەكان هەزاران بەڵێنى پڕ لەدرۆى دا بەگوێى ئەو میللەتەدا ، یەكێكى تریان دەڵێ نەوەڵا لەوەئەچێ سكاڵا و داواكارى دەرچووانى زانكۆ و پەیمانگاكان بێ تاحكومەت هەر هیچ نەبێت وەك كوڕى حزب و نەوەى لق و مەڵبەند حسابیان بۆ بكات و دایان بمەزرێنێت یان سكاڵا و فایلى كەسوكارى بێ سەروشوێن كراوەكانى شەڕى ناوخۆیە كەبەعس ئاسا زیندە بەچاڵ كراون و داواى چارەنووسیان ئەكەن یان سكاڵا و داواكارى هەزران كرێچى كوردستانە تاحكومەت شوقەى سەكەنیان بۆ دروست بكات ، ئەوى تریان دەڵێ نەوەڵا لەوانەیە سكاڵا و داواكارى كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالەكان بێت تاهەر هیچ نەبێت حكومەت وەك كوڕ و نەوەى سەرۆك جاش و ئەنفالچى و خاوەن فایل و بەرپرسە داوێن پیس و دابەستیەكانى حزب ئەژماریان بكات و گوندى ئەڵمانى و ڤێلاى بەڕێز و مەڕێز و پڕۆژەى سیتیان بۆ دابین بكات ، لەولاوە پۆلیسێكى داماو ڕوو دەكاتە كارمەندەكان و دەڵێ نەوەڵا خوشك و برایان لەوانەیە ئەمە سكاڵاى كوڕە شەهیدەكان بێت داوا بكەن هەر هیچ نەبێت حكومەت وەك كوڕى بەرپرسە بڕونامە تەزویرەكان بۆ خوێندن و دراسە بیان نێرێتە دەرەوە ؟ ئەوى تر دەڵێ نەوەڵا لەوانەیە گرێ بەستیە نەوتیەكان بن و حكومەت بیكاتە دیارى جەژن بۆ میللەت و بەڵێن بدات چیتر بۆ دووبنەماڵە مافیاكەنەبێت ، ئەفسەرێك لەولاوە گوێ بیستى هەموو ئەو بوچوونانە دەبێ و دەڵێ نەوەڵا بامن كارئاسانیتان بۆ بكەم ئەم گونیانە پەیوەندى بەوەوە نیە كەئێوە باسى دەكەن ئەمە پەیوەندى بەو سێ وەزیرە هەورامیەوە هەیە كەلەم كابینەى بەرهەم ساڵحى بێ بەرهەم وەزیرن ؟ فەرمانبەرێك بەپەلە دەڵێ كاكە ئەمە پشكى گرێ بەستیە نەوتیەكانى ئاشتى هەورامیە و هاتۆتەوە بیداتەوە بەمیللەت ؟ ئەفسەرەكە دەڵێ نەوەڵا ئەمەنیە ؟ ئەویتر دەڵێ ئەمە لەوانەیە نووسین و پێشنیارەكانى دلاوەر عەبدولعەزیزى بەڕەچەڵەك هەورامى بێت و ڕەخنەى هەبێ لەئەداى بەرپرسانى كورد لەبەغدا و جەلال و پیاوە پەمەیەكەى خاڵى فوئاد مەعسومى ڕیسوا كردبێ وەك چۆن ئەها دووساڵ و سێ ساڵ بەرلەئێستا كڵاوى خستە سەرى هەموومان و بەنووسین و پێشنیارەكانى لەڕۆژنامەى هاوڵاتى ئێمەى گەنجى هەڵئەخەڵەتاند و ئەیووت ئەم دەسەڵاتەى پارتى و یەكێتى دزن و گەندەڵن دوایش بۆ پۆستێكى وەزیرى كارتۆنى سەرى خۆى شۆڕكردو لەلندەنەوە بەپەلە هاتەوە و بوو بەبەشێك لەو دەسەڵاتە دز و گەندەڵە ؟ ئەفسەرەكە ووتى نەوەڵا ئەمەشیان نیە ؟ ئەوى تریان ووتى ئەمە نمونەى كەپسول و تامى فلوەكانى ئەنفلەنزاى باڵندەیەو تاهیرهەورامى هێناویەتى نیشانى پسپۆران و ڕاوێژكارە هیچ نەزانەكانى ئەنجومەنى وەزیرانى بدات و بڵێ ئێوە ئەزانن ئەم كەپسولانە ئى ئەنفلەوەزنزاى بەراز نین ئەمە هەر ئى ئەنفلەوەزنزاى باڵندەكەى سلێمانیى و عومەرفەتاحە ماوە و ئێكسپایەریان مانگى یەكى دووهەزار و دەیە و مەكتەبى سیاسى یەكێتى هێناویەتى و ئەڵێ ئەمە دابەش كەن ئینجا كەپسولى ئەنفلەوەزنزاى بەرازەكە بێنن و دابەشى بكەن ؟ ئەفسەرەكە ئەڵێ نەوەڵا ئەمەشیان نیە ؟ لەملاوە كچە ژنە داماوێكى پاشماوەى ئەنفال ئەیكات بەشین و گریان و هاوار ئەكات ئەڵێ وەرن ئێسك و پروسكى پاشماوەى ئەنفالى ئازیزەكانمانیان و هێناوەتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران ؟ لەگەڵ بینینى ئەم دیمەنە ئەفسەرە داخ لەدڵەكەى ئەنجومەنى وەزیران هاوار ئەكات و ئەڵێ بەس خۆتان گێل و گەوج كەن ئەمانە هیچیان نین ؟ ئەمە گوێزى هەورامانە و یەكێك لەم سێ وەزیرە هەورامیەیى ئێوە باستان كرد هێناویەتى بۆ تەواوى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران تا ئەم جەژنە دەرخواردى منداڵەكانیان بدەن بۆ ئەوەى تووشى ئەنفلەوەنزاى بەراز نەبن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست