خوایە هێرۆى برایم ئەحمەد، لهلای مهحمود خۆشناو قەستەڕەى دڵى ئەسڵى بۆ بكرێ
Friday, 20/05/2011, 12:00
تائەم مافیایانە لەدەسەڵات بن تا ئەم دوو بنەماڵە دزە فەرمانڕەوابن ئەستەمە گوێ بیستى هەواڵێكى خۆش بین باس هەر باسى بردنى بوجەى میللەت و كوشتنى خەڵك و ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس و زیندانى كردنى ڕۆشنبیران و ڕاست كردنەوەى كۆشك و تەلارى فیرعەونەكانى حزب و قۆرخكردنى بازاڕ و چاوسووركردنەوە لەخەڵك و داڕووخانى سیستەمى ئابوورى وڵات و كەرتى پەروەردە و تەندروستى و ... هتد .
شوێنێك نەماوە ئەمانە دەستیان بۆ نەبردبێ و بازرگانیان پێوە نەكردبێ سەیرە ئەمانە تێر نابن پڕنابن وازناهێنن ، ئەوەتا لەنوێترین و سەیر و سەمەرەترین قوڵبڕین و بازرگانیدا هێرۆى برایم ئەحمەد و دكتۆرەكەیان محەمەد خۆشناو بەناوى كردنى قەستەڕەى دڵ بەمەوادى ئێكسپایەر خەریكى ڕووتاندنەوەى خەڵكى هەژار و فەقیر و داماون.
خوایە گیان تووشى چى بووین بەر چ سەردەمێك كەوتووین ؟
دكتۆرێك ئەوەندە بێ ئابڕوو و بێ ویژدان و بێ کهرامهت بێت، بێت بەدەرمان و مەوادى ئێكسپایەر قەستەڕەى دڵ بۆ خەڵكى هەژار و داماو بكات ئێستا ئەم كارەساتە لەهەر ووڵات و شوێنێكدا بوایە دەیان كاربەدەست و فەرمانڕەوا لەسێدارە ئەدران!
قەستەڕەى دڵ بۆ كەسێك ئەكرێ كەكەسێك تەندروستى زۆر خراپ بێ و گرفت لەدڵى هەبێ واتا لەلێوارى مردن نزیك بێتەوە ئەگەر بۆى نەكرێ ئەمرێ . كەچى تۆ بێیت لەجیاتى چارەسەر هەر یەكجارى بیكوژیت، من لێرەوە داواكارم لەكوردستانپۆست و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى و خەڵكى خەمخۆر كەمپین ڕێك بخەن بۆ دادگایى كردنى ئەمانە یان هەر هیچ نەبێت سلێمانى جێ بێڵن بابەس خەڵكى ئەم شارە تووشى گرفت و كارەسات بكەن ، ئەمە دكتۆر نیە ئەمە دڕندەیە ئەمە مافیایە ئەمە جەلادە ئەمە هەموو شتێكە تەنها مرۆڤ نیە ، تۆ وەرە حزب و ئیدارەیەكى گەورە و گران بەرپرس و سەركردەیەكى بەشەڕەف و بەویژدان و ئینسانى نەبێ بڵێ كاكە بەسە بۆ وا لەو خەڵكە دەكەى ؟ هەموو سلێمانیتان كڕى هەموو كوردستان بووبە موڵكى ئێوە بەسە وازبێنن ؟ .
بەداخەوە نە دكتۆر فایەق گوڵپى نە گروپى چیا هیچیان باسى ئەم بابەتە كارەساتبارەیان نەكردوە ؟ من دوو هەفتەیە چاوەڕێیى ئەوان بووم شتێكى لەسەر بنووسن ؟ چونكە لەهەموو سلێمانى دەنگى دایەوە كەچى ئەوان هەر بێ دەنگن ؟ من لێرەوە بەفایەق گوڵپى دەڵێم ئەگەر بەڕاستى جەنابت لەخەمى شەقام و میللەتى ئەى بۆ دوو دێڕت بۆ ئەمە نەدەنووسى ؟ بەپەلە بووى تاچوویتە لاى سەرۆكى هەرێم یان بەداخەوە زۆر بەداخەوە دێیت لەهیچ و پووچ ترین و ڕیسواترین ڕۆژنامەى بەلاشى حزبى كەهەولێرە باسى سەردانەكە و ئەنجومەنى سەراى ئازادى دەكەى بەڵام باسى ئەم كارەساتە ناكەى ؟ .
من لێرەوە داواكارم لەبراى زۆر بەڕێز و خۆشەویست كاك دكتۆر ناسر سۆرانى ئەگەر بە ئەرك نەبێ و وەك پێشنیارێك بۆ جەنابیان بابەتێك لەسەر ئەم قەستەرەى دڵە بنووسێ و لەڕوانگە پزیشكى و زانستیەكەوە بۆمان ڕوون بكاتەوە كەقەستەرە چیە و بۆ كێ دەكرێ و ئەگەر بەمەواد و دەرمانى ئێكسپایەر بكرێ چارەنووسى ئەم نەخۆشانە چیان بەسەر دێ ؟ .
(بەڕێزان ڕۆژنامەى ئاوێنە لە ژمارە 273 ى ڕۆژى 3 / 5 / 2011 لەلاپەڕە دوو بەمانشێتى گەورە نووسى بووى كەوا (سێ نەخۆشخانەى ئەهلى و بەشى قەستەڕەى نەخۆشخانەیەكیش دادەخرێ) دەڵێ بەپێیى كۆنووسێكى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى كەكۆپیەكى دەستى ئاوێنە كەوتووە ئاماژە بەوە دراوە كەلەكۆبوونەوەى تەندروستى و سەرۆك و نەقیبى سەندیكاكانى پزیشكان و دەرمانسازان و كارمەندانى تەندروستى كوردستان و لیژنەى بەدواداچوونى نەخۆشخانە ئەهلى و دامەزراوە تەندروستیەكاندا سەبارەت بەنەخۆشخانە ئەهلیەكانى (ژیان) كە (وەزیرى پێشووى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى ، دكتۆر محەمەد خۆشناو خاوەنیەتى و ........ سەبارەت بەبەشى (قەستەرە) لەنەخۆشخانەى ئەهلى (ژیان) بڕیار دراوە بەهۆى بوونى دەرمانى بەسەرچوو بۆ ماوەى (10) ڕۆژ لە (20 / 4 بۆ 30 / 4 / 2011) دابخرێت و لەكاتى دووبارە بوونەوەى سەرپێچى لەو شێوەیەشدا ، بۆ هەمیشەیى دابخرێ و ئێستاش لەژێر لێكۆڵینەوەدایە .
لەهەمووشى سەیرتر لەژمارەى دواترى ئاوێنە واتا لەژمارە 274 دكتۆرێكى ماستاوچى پۆزشى بۆ ئەمە هێناوەتەوە كەنەخۆشخانەكە دانەخراوە تەنیا بەشى قەستەرە داخراوە؟ هەمووشى هى دكتۆر محەمەد خۆشناو نییە، تەنیا سەهمى هەیە و بیناكەش هى ئەو نییە؟ واتا ئەمانە لەكۆنووسى كۆبوونەكە نووسراون هەمووى درۆیە ئاسایە مەوداى ئێكسپایەر گیراوە ئاسایە خەڵك دەكوژێ ئاسایە ئەو بەشە داخراوە ئاسایە ئەوان قۆڵى خەڵك ببڕن گرنگ ئەوەیە بینا و نەخۆشخانەكە هى محەمەد خۆشناو نییە ؟ ئەمە وەڵامى دكتۆرێكە بەناوى دكتۆر عادل فازیل كە به بەڕێوبەرى نەخۆشخانەكە خۆى ناساندووە لەجیاتى ئیدانەكردن و دەستخۆشى ئەمە وەڵامى جەنابیان بووە ، دیارە گلەیى لەمانە ناكرێ ، لەوەزیریش ناكرێ چونكە ئەمانە بازرگانى بەگیانى ئینسانەكانەوە دەكەن
جەنابى وەزیر خۆى بەتەنها و ژنەكەیشى بەتەنها هەموویان نەخۆشخانەى تایبەتى خۆیان هەیە بۆیە باكیان بەهیچ نیە .
ئەوەى بەلاى منەوە سەیرە دەڵێن پەرلەمان لیژنەى تەندروستى هەیە من بڕواناكەم هەیبێ ؟ نەشمزانیوە هەیبێ ؟ چونكە ئەگەر هەیبوایە هەڵوێستى دەبوو .
لەكۆتایدا دەڵێم ئەو دكتۆرەى ماڵى جەلال تاڵەبانى و شەریكى هێرۆى برایم ئەحمەد كەچەند ساڵێكە بەدەرمان و مەوادى ئێكسپایەر قەستەڕەى دڵ بۆ ئەو خەڵكە هەژارە دەكات و قۆڵى خەڵك دەبڕێتەوە انشااللە پەنا بەخوا ئەو دكتۆرە بەمەواد و دەرمانى ئەسڵى قەستەڕەى دڵى ئەسڵى بۆ هێرۆى برایم ئەحمەد دەكا و بەدەردى جەلال تاڵەبانى دەچێ و بەدڵى پلاستیك و لاستیك و ئەوانە ژیان دەگوزەرێنێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست