بەیاننامەی (بزوتنەوەی سۆسیالیست-ی کوردستان) بەبۆنەی خۆپیشاندانەکانی جەماوەری کوردستان
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
بەیاننامەی (بزوتنەوەی سۆسیالیست-ی کوردستان)
بەبۆنەی خۆپیشاندانەکانی جەماوەری کوردستان
خۆپیشاندەرە خۆڕاگرو سەربڵندەکان...
ڕۆڵە ئازادی خوازەکانی سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی کوردستان ...
بەبۆنەی بەردەوامیتان لە کۆبونەوە جەماوەری وخۆپیشاندانە خۆڕاگرەکەتان، بەناوی کادیر و ئەندامان و لایانگرانی (بزوتنەوەی سۆسیالیست-ی کوردستان) هەڵوێستی شۆڕشگێرانەتان بەرز هەڵدەسەنگێنین. هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا خۆمان بە بەشێک لە بزوتنەوەی جەماوەریی کوردستاندا زانیوە، لە ئێستاشدا بە هەمان گڕو تین بە شێوازێکی سەردەمیانە دێینەوە ناو جەماوەری بەشخوراوی گەلەکەمان. هاوکات جەخت لەوە دەکەینەوە کە سەکۆی مەیدانی ئازادی لەم شارەدا بڵندگۆی سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی کوردستانە.
بزوتنەوەکەمان نیگەرانی و پەژارەیی خۆی دەردەبڕێ بەرامبەر گوێنەگرتن و بایەخپێنەدانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە داوا و داخوازییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران و ئازادیخوازان کە ئەمەش بەڵگەی لە دەستدانی متمانە و دۆڕاندنیانە بەرامبەر ئیرادەی گەل.
داواکاریمان لێتان ئەوەیە بەردەوامبن لە خۆپێشاندان و کۆبونەوە مەدەنیە ئاشتیخوازەکانتان بەم شێوازەی دەستتان پێکرد، دڵنیابن ئێمەو سەرجەم چین و توێژە جۆرا و جۆرەکانی گەلی کوردستان پشت و پشتیوانتانین. بە بەردەوامی و شێلگیریتان لەسەر داخوازییە ڕەواکانتان ئەو کۆت و بەندەی خراوەتە گەردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەولێر و دهۆک و کەرکوک و ناوچەکانی تر لە لایەن دەسەڵاتەوە دەشکێنن، لەوەش دڵنیابن ڕۆڵەکانی ئەو شار و شارۆچکانە، هاوشێوەی ئێوە ژێردەستەو کۆیلەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەیە کە هەردەبێ بە ئیرادەی بەرز و پیرۆزی خۆپیشاندەران و ئازادی خوازان لەناو ببرێ.
دەستەی دامەزرێنەری (بزوتنەوەی سۆسیالیست-ی کوردستان)
١٥/٠٣/٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست