دەربارەی ئەو چاوپێكەوتنەى مامۆستای بەڕیز دكتۆر كەمال مەزهەر لە ژمارە (80)ی گۆڤارى لڤین
Saturday, 31/01/2009, 12:00
ئێمە بنەماڵەی شێخ لەتیف حەفید دەمانەوێت روونكردنەوەیەك لەوبارەیەوە بدەین.
خوێندەواری بەڕێز تێبینیمان كردوە ماوەیەكە دكتور كەمال مەزهەر لە نوسینەكانیدا دژی سەرداری كوردان مەلیك مەحمود دەدوێ دوا نوسینی لە گۆڤاری لڤین لێدوانێكی كردوە بەوە دەستی پێ كردوە كە شێخ مەحمود لە شەڕی شعیبە دژی ئینگلیز جەنگاوە دواتر پەیوەندی لەگەڵ كمال ئەتاتوركدا هەبوە بۆیە ئینگلیزەكان مافی كوردیان نەداوە. ئایا كەمال مەزهەر دەیەوێت داگیركەری خوێن مژ پێ بنێتە خاكەكەت وە بەرگری نەكەیت؟! شێخ سەلماندی كە عێراق خاكی كوردە چۆن هی عەرەبیشە، چونكە داگیركەر وێرانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، شێخی مەزن هەوڵە دبلۆماسیەكانی تاقی كردۆتەوە پێش شەڕو كوشتار تاكو دەوڵەتێك بۆ گەلەكەی دابمەزرێنێ.
بەو هەموو ناوبانگی ئاینی و خوا پەرستیەوە كە هەیبوە ووتویەتی پەنا بۆ كافریش دەبەم لە پێناو بەرژەوەندی گەلەكەمدا وە ووتوێتى نوێژ بە زمانی كوردی ئەنجام ئەدەم ئەگەر عەرەب ڕێگری مافی كورد بن وەك لەم پارچە شیعرەدا دەفەرموێ:-
پارێز ئەكەم بە هیمەتى حەیدەر حقوقى كورد
یاڕۆحى خۆم وئالى پێغەمبەر فیدا ئەكەم
گەر مانیعى حەقى میللەتى كورد ببن عەرەب
بێشك نوێژەكانم بە كوردى قەزا ئەكەم
كەمال مەزهەر ئەڵََََێ چەندەها بەڵگەنامەی دەست كەوتوە لە سەردانەكەی بۆ بەریتانیا وە لە بەڵگەنامەكاندا باسی پەیمانی سیڤەر دەكات كە سێ بەندی بۆ پرسی كورد تەرخان كردوە و ئەڵێ: "ئەو كاتە هەست دەكەیت لە ڕێَگای بەڵگەنامەكانەوە بە ئاشكرا دیارە ئینگلیزەكان بە دڵ ویستویانە یاریدەدەری كورد بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەت" ئەی بۆ باسی پەیمانی لۆزان ناكات كە بەریتانیا نیشتمانی كوردانی كرد بە چوار پارچەوە بۆ ئەوەی هەرگیزاو هەرگیز نەتوانن دەوڵەتی كوردستانی مەزن پێك بهێنن. پاشان دكتور كەمال مەزهەر هاتۆتە سەر باسی شێخ لەتیفى شێخ مەحمود كە تۆمەت باری دەكات بە كوشتنی حاكم باقی ساحبقران لە ڕێگای خولە پیزەوە، زۆر سەرسامین بەوەی كەبەو شێوەیە باسی تێكۆشەریك دەكات كە وێنەی كەم بوە لەخەباتی گەلەكەماندا كە شێخ لەتیفى حەفیدزادەی توهمەت بار كردوە بە كوشتنی خوالێخۆشبو(حاكم باقی ساحێبقران). ئەم توهمەت خستنە سەر ئەو تێكۆشەرە پێویست بەوە دەكات كە دكتور كەمال راپێچی دادگا بكرێت بۆ سەلماندنی بۆ ئەوەی چیتر ئەم جۆرە كەسانە نەتوانن بە مەرامی خۆیان شت بنووسن بەڵاًم من لەو باوەڕەدام كەقەڵەمەكەی مامۆستای بەڕێز خەڵكانێكی لە دواوەن كە دژ بەم بنەماڵە تێ كۆشەرەن یان (تەمەن حوكمی خۆی هەیە)...
شێخ لەتیفى خوالێخۆشبو وە حاكم باقی ساحبقران هاوڕێ و خۆشەیستی بوە وئەو هەرگیز دەستی لەو تاوانەدا نەبوە وەك دەیگێڕنەوە خەڵكانێكی لە سەر بەند كراون. وەئێمە و بنەماڵەی ساحبقران هەر لە دێر زەمانەوە هەتا ئێستاش جگە لە هاوڕێیەتی و ڕێزو خۆشەویستی چی دیمان لە نێواندا نەبوە..... تازە مامۆستای بەڕێز دەیەوێت دوژمنایەتی بخاتە ناومانەوە، ئەوە مەحاڵە هیچ لایەكمان ئەو توهمەتە بێ بنەمایانە كارمان تێ بكات، مامۆستای بەڕێز دەڵێت كوشتنی حاكم باقی زۆر گەورەترە لەئەنفال كردن وكیمیاباران كردنی دەهەزار كورد. ئایا دە هەزار كوردی هەژار كە ئەنفال كراون بەرامبەر كوشتنی یەك كەسە؟! (لەگەڵ ڕێزی زۆرمان بۆ ڕۆحیانەتی حاكم باقی خوالێخۆشبو وبنەماڵە بەڕێزەكەی)...
ئەمەوێت لێرەدا بە كورتی ڕوونی بكەمەوە كاتێ شێخ لەتیف بەند كراوە لەو كاتەدا بوە كە پەیمانی ناتۆ بەستراوە و میری پێ ی خۆش نەبوە كە شێخ ماڵەكەی بكاتە مەڵبەندی خەباتگێران و تێكۆشەرانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و پاڵپشتیان بێت نەك بە توهمەتی كوشتنی حاكم باقی.
وەكو زنجیرەیەكی نەپچڕاو لە تێ كۆشانی بێ ووچانی نەتەوە ی كورد و بنەماڵەی شێخان لە دروست بوونی یەكەم ڕابەری نەتەوەی كورد كەلە شێخی گەورە (مەلیك مەحمود)ە وە دەستی پێ دەكات و بزوتنەوەكە لە باوكەوە بۆ كوڕ مایەوە، شێخ لەتیف ڕێگای باوكی خۆی گرتە بەر لە ڕوداوەكانی وەختی خۆیدا كاریگەری خۆی هەبوە جلەوداری هەندێ ڕوداوی كومەڵاَیەتی كۆمەڵی خۆیان بوون و دەستیان بە جڵەوی مێژووەوە گرتوە، شێخ لەتیف مرۆڤێكی سیاسی و ڕۆشنبیر بوە دیوەخانەكەی مەڵبەندی ڕۆشنبیرو كەسایەتیە ڕامیاریە ناسراوەكان و شاعیران و ئەدیبان بوە، مەڵبەندی درێژە بە خەباتدانی شۆڕشگێڕانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوو دوای شكســـتی كۆماری مەهاباد، جگە لەوەی خۆیان نەوەی زانای بەناوبانگ شێخ معروفی نۆدێ و كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ سەعید و مەلیك مەحمود بوە لەبنەماڵەكەیدا پەروەردە بوە كە هەستی كوردایەتی لە ناخیدا بووە نەك پیاو كوشتن، شورشەكانی شێخی نەمرو دەربەدەری و بەند كردن و نەفیكردن هەمووی هۆی كاریگەر ی بوە بۆ گەشەكردنی بیرو هەستی كوردایەتی وەك سیاسیەك وەك شاعیرێكیش لە شیعرەكانیدا بۆت دەردەكەوێت كە چەندە بە پەرۆش بوە بۆ نەتەوە و خاكەكەی نەك بۆپیاو كوشتن، مرۆڤێكی سادە و ساكار بوە هەرگیز دەرەبەگ نەبوە دڵپاك بوە و حەزی بە ئازاری كەس نەكرد وە هیچ ئیمتیازاتێكی تایبەتی لە ماڵی خۆیدا نەبوە و ئەو ڕێزو خۆشەویستیەی بنەماڵەی حەفید هەروا بەئاسانی نەبووە، كۆمەڵانی خەڵكی سلێمانی و كوردستان لەوە زیاتر هوشیارتر بوون هەر لە خۆیانەوە لەگەڵیاندا بن و ڕێزیان بگرن...
بۆیە ئاشكرا بوە كەوا چۆن ئەم بنەماڵەیە لە خزمەت كۆمەڵدا بوە لەبواری كۆمەڵایەتی و شارستانی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری دا بەڵگەش شێخ مارفی نۆدێ ودامەزرێنەری زانست و زانیاری، كاك ئەحمەدی شێخ فیداكاربوە بۆ خزمەتی ئایین و كۆمەڵ بە تایبەت هەژاران و بێ كەسان، شێخ سەعید و شێخ ئەحمەد لە ساڵی (1908) لە موێڵ شەهید كران و شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان كە ڕۆڵیكی گەورەی هەبوە لە كوردایەتی و شۆڕشەكانی دژی داگیر كەران، حەپسە خانی نەقیب یەكەم ژن بوە داوای لە "عێبە الامم" كردوە بۆ مافی كورد و داكۆكی لە مافی ژن كردوە و ڕۆڵێكی گرنگی لە هوشیاری و جوڵانەوە ی ئافرەتان و ژنی كوردا هەبوو بەڵكە ڕابەری جوڵانەوەیە لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە كوردستان وە چەندەها ڕۆڵەی تری بنەماڵەكە كە ژیانی خۆیان تەرخان كردوە بۆ نیشتمان و گەلەكەیان كەلە كاتێكی تردا هیوادارین بە درێژی ئاماژە بە ڕۆڵی هەمویان بدەین.
جا مرۆڤێك بنەماڵەكەی خاوەنی ئەو مێژووە زێڕینە بێت پەنا دەباتە بەر كوشتن؟!
(مهاباد، شنۆ، نژۆ) كچانى شـــێخ لەتیف حفیدزاە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست