کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاوپێکەوتنێک لە گەڵ نووسەری کتێبی" گەڕانەوەی مادەکان"

Friday, 07/01/2011, 12:00


ئامادەکردنی-کەماڵ پاڵانی

کتێبی" گەڕانەوەی مادەکان" ناوی بەرهەمێکە کە لەو ماوەیەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن کوردێکی تاراوگەوە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە توێژینەوەیەکە لە سەر مێژووی کۆنی گەلانی ئاری بە گشتی و گەلی ماد بە تایبەتیی وبە شێوەی چیرۆک لەچەندین بەش دا پێشکەشی خوێنەران کراوە. بۆ ناساندنی نووسەر و بەرهەمەکەی بە پێویستمان زانی ئەم دیمانە کورتەی لە گەڵدا پێک بێنین تا خوێنەران لە هەوڵ و زەحمەتی نووسەر و نێوەڕۆکی بەرهەمەکەی ئاگادار بکەینەوە. ئەوانەش کە دەیانەوێ زیاتر لە سەر نێوەڕۆک وئامانجی کتێبەکە بزانن، باشتر وایە هەوڵ بدەن تەواوی بەرهەمەکە بخوێننەوە و لە رێگای ئەو بەرهەمەوە سەفەرێک بە ناو مێژووی رابردوویان دا بکەن ولە دیدێکی رەخنەگرانەی جوداوە، لە ژیان وبەسەرهاتی مێژووی مادو گەلانی تری ئاری بکۆڵنەوە وئەزموونی لێ هەڵێنجن. ئەوەش ئێوەو ئەو دیمانەیەی کە لە گەڵ نووسەری کتێبی" گەڕانەوەی مادەکان" ئامادەمان کردووە:

پرسیار- دەکرێ کەمێک لە سەر رابردووی خۆت بدوێی وخۆت بە خوێنەران بناسێنی ؟

وەڵام- من ناوم حەمە میروەیسی یەو خەڵکی ناوچەی خانەقینی باشووری کوردستانم . ساڵی ١٩٤٦ لە یەکێک لە بنەماڵەکانی میروەیسیی سەر بە هۆزی جاف لە گوندێکی سەر سنووری دەستکردی سیاسەتی دەستی ئیستیعمارلە دایک بووم. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە خانەقین تەواو کردووەو خوێندنی ئامادەییشم لە سلیمانی تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦١ تا ساڵی ١٩٧١ سێ جار بە هۆی شۆڕشی نەتەوەی کوردەوە دژی حکومەتی داگیرکەری عەرەبی، هەڵهاتووم و دەربەدەر بووم. لەو ماوەیەدا چەندجار ناچار بووم واز لە خوێندن بێنم وبگەڕێمەوە قوتابخانە، لە کوتاییدا هەرچۆنێک بێت توانیم خوێندنی ئامادەیی یەکەم تەواو بکەم. پلانم وابوو تا ساڵی١٩٧١ خوێندنی زانکۆم تەواو بکەم، بەڵام پلانەکەم سەری نەگرت وبە هۆی تێکەڵاویم بە کاری سیاسی یەوە ساڵی١٩٦٨ بووم بە پێشمەرگەو تا کۆتایی شۆڕشی ئەیلول وئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ وەکو پێشمەرگەیەک لە پێناوی رزگاری نەتەوەکەم دا خەباتم کرد. دوای ئاشبەتاڵ هەتا ساڵی ١٩٧٦ پەناهندەی ئێران بووم . ساڵی ١٩٧٦ یەکێک بووم لەوانەی کۆچم کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەکو پەنابەرێکی کوردی لێقەوماوو بێ وڵات. پاش نیشتەجێبوونم لە ئەمریکا، ساڵی ١٩٧٧ بۆ ساڵی ١٩٨٢ توانیم لەرشتەی ئەندازیاری کارەبایی دا، پلەی بەکالۆریۆس وماجیستێروەربگرم. ساڵی ١٩٨٢ هەتا ساڵی ١٩٩٦ کاری دیزاینی کەمپوتەرم ئەکرد ،کارەکەم بریتی بوو لە لاجیک دیزاین لە بەشی ژمێریاری دا. (Central Processing Unit) . ساڵی ١٩٩٦ بۆ درێژەدان بە خوێندن گەڕامەوە قوتابخانە و دوو ساڵی تر خوێندم بۆ وەرگرتنی دوکتۆرا لە بەشیElectromagnetic Waves ،(چۆن تیشکی کارەبایی ڕێ ئەکات و بڵاو ئەبێتەوە). دوای وەرگرتنی دوکتۆراکەم دیسان ڕۆییشتمەوە بۆ کار کردن و لە جێگایەک دا دەستم بە کار کرد لە سەر پێوەندی زەوی بە ئەستێرەی دەستکردەوە کە هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانی ئەمریکا بە کاری دێنێت بۆ هاوێشتنی ئەستێرەی دەستکرد بەرەو ئاسمان و پاراستنی ئەمریکا لە هێرشی دوژمن. ساڵی ٢٠٠٤ تا ساڵی ٢٠٠٦ هاوکاری سوپای ئەمریکام کردووە لە شەڕی عێراقدا، ئەویش بە شیکردنەوەی زمانی عەرەبی وفارسی وکوردی بۆ سوپای ئەمریکاو کاری وەرگێڕان بۆیان. لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ دا هەوڵم دا لە ڕێگای ئەوەی لە ئەمریکا فێری بووم، بە گوێرەی توانای خۆم، یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەم لەسەر بنەمایەکی پێشکەوتوو وزانستییانە، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەوە کۆسپ و کێشەم بۆ دروستکراو رێگام نەدرا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بگەڕێمەوە بو ئەمریکاو هەوڵێکی نوێ دەست پێبکەم بۆ ناسینی باشتری نەتەوەکەم ،کە بۆچی کورد دوژمنایەتی یەکتر ئەکەن و تا ئێستا خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆیان نین. دوای گەڕان و پشکنینێکی زۆری پەرتووک وبەڵگەکۆنەکان وزەحمەت وشەونخوونی یەکی زۆر کە سێ ساڵی خایاند، توانیم بەرهەمێک بۆ نەوەی داهاتووی میللەتەکەم بنووسم کە ئەویش کتێبی "گەڕانەوەی مادەکان"ە.

پرسیار- "گەڕانەوەی مادەکان" ناوی کتێبێکە کە بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن بەڕێزتانەوە، بڵاو بووەتەوە. نێوەڕۆکی کتێبەکە چی لە خۆ گرتووەو بۆچی ناوی گەڕانەوەی مادەکانت لە سەر داناوە؟

وەڵام- ماد باوو باپیری زۆربەی کوردو میللەتەکانی تری ئارییە، ماد داهێنەری ئیمپراتۆری یەکی وەها بووە کە چەندەها میللەت لە سایەی دا پێکەوە لە یەک وڵات دا ژیاون . هەر ناوچەیەکی ژێر فەرمانڕەوایی ئەو ئیمپراتۆری یە گەورەیە دەسەڵاتدار و شای خۆی هەبووەو لە سەرەوەی هەموانەوە شاهەنشای ماد کە فەرمان ڕەوای ماد بووە حوکمی مەملەکەتەکەی کردووە. دواتر داریوش لە گەڵ شەش ژەنڕاڵی تری سوپای ئیمپراتۆری ماددا، ئیمپراتۆری ماد دەڕوخێنێ و خۆی دەکا بە شاهەنشای نەتەوەی ئاری و ناوی ئیمپراتۆریی ماد دەگۆڕێ ودەیکات بە ئیمپراتۆریی هەخامەنیشی بە ناوی باپیرە گەورەیەوە. لە کتێبی تەوراتی یەهوودی دا هاتووە کە خوداوەند ئاگاداری دوو پەیام هاوەری خۆی کردوە کەوا مادەکان ئەگەڕێنەوە بۆ زیندوو کردنەوەی سەرلەنوێی شارستانی یەتی ئاری لە وڵات و مەڵبەندی مادی ڕابردوودا. کتێبەکەی من سەبارەت بە زیندوو کردنەوەی شارستانی یەتی نەتەوەی ئاری یە، کە واتە " گەڕانەوەی مادەکان"، بە واتای زیندوو کردنەوەی شارستانی یەتی نەتەوەی ئاری یە لە سەرزەمینی مادەکان (کوردو پارس و میللەتانی تری ئاری لە پاکستانەوە بۆ تورکیا و لە کوردستانەوە بۆ وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو).

پرسیار- وەک ئاماژەتان پێکرد ئێوە لە بواری ئەندازیاری دا خوێندووتانە کە پیشەیەکی جیاوازە لە نووسین و نووسینەوەی مێژوو، چۆن بوو بیرتان لە کارێکی وا گرنگ کردەوەوگەڕانەوە بۆ هەڵدانەوەو توێژینەوەی لاپەڕە کۆن و دێرینەکانی مێژووی گەلانی ناوچەکە بە گشتی و مادەکان بە تایبەتیی؟

وەڵام- ڕاستە من لە بەشی کارەباداخوێندوومە بەڵام من لە بەشی لاجیک دیزاین(logic design) دا،کار دەکەم (دیزاینی شتیک کە مێشک بڕوای پێ بکات). من میژووم نە نووسیوە، من میژووی نەتەوەی ئاریم شی کردووەتەوە، گەڕاوم بەدوای ڕاستی وناڕاستی شتە نووسراوەکانی مێژوومان دا، کاتێک چەند بۆچوونێک بەراوردی یەکتر ئەکەیت ئەوکاتە دەتوانیت بڕیار بدەیت کامیان ڕاست یا عەقڵ پەسندە وکامیان درۆ وناڕاستە. کاتێک کۆمپیوتەر دروست ئەکەیت ئەو هەڵسەنگاندنانە لە بەرچاو ئەگریت، هەروها شی ئەکەیتەوە کام ڕێگا باشە هەڵی بژێری بۆ ئەوەی بە زووترین کات وەڵامی پرسیار بدەیتەوەوبگەیتە ئەنجامی گونجاوومەنتیقی. بە درێژایی مێژووی هەزاران ساڵ، مێژوونوسانی دوژمنی نەتەوەی ئاری، هەوڵیان داوە مێژووی مادو پارس و نەتەوەکانی تری ئاری بشێوێنن. پاش هێرشی ئیسلامیی وعەرەبیی قەومی سامی ودواتریش مەغوول، زۆر بەڵگە ونووسراو لە بارەی نەتەوەی ئاری و مێژووەکەیان فەوتاوە ولە ناوبراوە، تەنیا چەند شوێنێکی وەکو چیای بێستوون لە کرماشانی لای کوردستانی ئیران ماوە کارەساتەکانی رۆژگار نەیانتوانیوە کاریان تێبکات و لە ناویان بەرێت. لەو ئاسەوارە مێژووەیی یەدا شاهەنشای مەزن داریوش باسی کوشتن و بڕینی میللەتانی مادو پارس و میللەتانی تر ئەکات و ئەڵێت ئەمە م بۆتان نووسیوە بە زوبانی ئاری، ئەو زوانەش زۆر لەو زمانەوە نزیکە کە ئەمڕۆ زۆربەی کورد گفتوگۆی پێ ئەکات. وەکو باسم کرد من کارم شی کردنەوەی زانیاری یە ، کە واتە من لیرە میژووم شی کردووەتەوە کە لە لایەن نەتەوەکانی ترەوە لە سەر رابردوومان نووسراوە. من کە خۆم وێڵی زانینی راستی یە مێژوویی یەکان بووم، هاتووم بە دوای ڕاستی یەکان دا گەڕاوم وئەوەی بۆ مێشک جێگای بڕوا بووە نووسیومە بۆ میللەتەکانی نەتەوەی ئاری.

پرسیار- کەوابوو حەز و خۆشەویستیت بۆ توێژینەوەی مێژووی کۆنی نەتەوەکەت وایلێکردووی بە دوای بەڵگە کۆنەکان دا بگەڕێیت و لە رێگای ئەم بەرهەمەتانەوە کە بە زمانی ئینگلیزی یە، خوێنەرانی ئینگلیزی زمان لە رابرووی کۆنی گەلانی ئاریایی بە گشتی و مادەکان بە تایبەتی، ئاگادار بکەیتەوە؟

وەڵام- بە دڵنیایی یەوە ئەوە هەوڵ و مەبەستی منە لەم کێتبەدا. زۆربەی ئەوانەی کە بە ئینگلیزی گفتوگۆ ئەکەن خۆیان بە نەژاد سەر بە میللەتانی ئارین. میللەتی سامی وەکو یونانی یەکان، ئێمەی میللەتی ئارییان کردووە بە دوژمنی یەکتر، ئەم کتێبە هەوڵ ئەدات میللەتەکانی ئاری یەکخاتەوە لەسەر تا سەری دونیادا. هەوڵی من بو یەکێتی خۆرهەڵاتی ناو ڕاست و پارچەیەک لە ئاسیاو ڕوس و ئۆرووپاو ئەمریکاو ئوسترالیایە کە لە یەک نزیک بنەوەو دۆستی یەکتر بن نەوەکو دوژمنی یەکتر، بۆیە کتێبەکەم بە ئینگلیزی نوسیوە کە ئینگلیزی زمانێکی جیهانی یە و لەو وڵاتانەدا دەکرێت کەڵکی خۆی هەبێت وئامانج بپێکێت.

پرسیار- لە کتێبیەکەت دا، ئاماژەت بەوە کردووە کە گەلانی ئاریایی کولتوورێکی هاوبەش و مێژوویەکی کۆنی پێکەوە ژیانیان هەبووە و هەیەو تێکۆشاوی کە هانیان بدەی ئاوڕێک لەرابردوویان بدەنەوەو وازلەدژایەتی کردنی یەکتری بێنن و پێکەوە کار بۆ دامەزراندنی یەکێتی یەکی هاوبەشی ئابووری وەک ئەوەی" یەکێتی ئۆرووپا" بکەنەوە؛ بە بڕوای جەنابتان لە هەلومەرجێکی وەهادا کە نەتەوە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، ڕێبەرانێکی شوڤینیست و دیکتاتۆرن و دژی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی بن دەستی دەسەڵاتیانن و سیستمی سیاسی یان لە گەڵ دیموکراسی دا مەودایەکی زۆری هەیە ، ئەو هیوایە دەکرێ عەمەڵی بکرێت و بێتە دی؟

وەڵام- میللەت خاوەنی ئەسڵیی دەسەڵاتە، سەرکردەکان تێکدەری یەکڕیزی میللەتەکانی ئارین، زۆر لە سەرکردەکان و نووسەرانی بە نەژاد سامیی وەکوو (عەرەب و ئەرمەنی و ئاسووری و کەلدانی، جولەکەی ئاری بە سامی بوو هتد...)، هەروها ئەوانەی لە نەژادی تورک یا مەغۆلن، هەوڵ ئەدەن میللەتانی ئاری بدەن بە گژ یەکدا وکێشەو شەڕ وناکۆکی بخەنە نێوانیانەوە. ئەم کتێبە هەوڵ ئەدات کرداری سەرکردەکان و ئایینەکانی جولەکەو مەسیحی و ئیسلام شی بکاتەوەو خوێنەران هۆشیار بکاتەوە کەچۆن ئەم ئایینانە بە کار هاتوون بۆ سیاسەت هەتا نەتەوەی ئاری بکەن بە دوژمنی یەکتری و بەریان بدەنە یەکتری و لە نێو خۆیان دا شەڕی یەکتر بکەن. بە خۆشی یەوە ئەمڕۆ میللەت زۆربەی خوێندەوارە، کاتێک ئەم کێیبە یا کتێبی تری وەها بخوێننەوە بۆیان دەر ئەکەوێت کە زۆر سەرکردە هەیە دوژمنی میللەتە، کاتێکیش گەل هۆشیار بووەوەو خۆی ومێژووی خۆی باش ناسی ئەوکاتە ئەبێت بە یەک و بۆ پێشەوە هەنگاو دەنێت و وەکو میللەتانی ئۆروپا یەکێتی ئابووری دروست ئەکات. ئیتر دوای ئەوانە ناکەون کە میللەتانێکی وەکو کوردو پارس ئەکەن بە دوژمنی یەکتر و دەیانەوێ شەڕی نەتەوەیی کورد و فارس کە مێژوویەکی دوور و درێژی پێکەوە ژیانیان هەیە، دروست بکەن. ئێستا زۆرن ئەوانەی لەو خەوە خەبەریان بووەتەوە و هەوڵ ئەدەن کە تەپ وتۆزی سەر مێژوویان راماڵن و ژیانێکی نوێ و پڕ لە ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ نەوەکانی دواڕوژیان بسازن . بە بڕوای من بە هۆشیار بوونەوەی گەلانی ناوچەکە دەکرێ ناوچەی ئێمەش کە سەردەمانێک پێکەوە ژیاون و مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە بگەنە ئاستێکی وەها کە وەک گەلانی ئۆروپا یەکێتی یەکی ئابووری بە هێز دروست بکەن و بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە بژین.

پرسیار- ئاماژەت بە گۆڕینی باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا کردووە کە ئەگەر بێت و کورد بتوانن یەکگرتوو بن و رێبەرێکی دڵسۆز و لە خۆبوردوویان هەبێ، دەتوانرێ باڵانسەکە بە قازانجی کورد بشکێتەوە، دەکرێ بۆ خوێنەرانی روون بکەیتەوە کە چۆن دەکرێ ئەو باڵانسە بە سوودی کورد بگۆردرێت؟

وەڵام- کورد یەکێکە لە نەوەکانی مادی ئاری، ئێران زۆربەی زۆریان مادو پارسن، لە یەک بنە ماڵەوە هاتوون، کورد ئەگەر باش میژووی باب و باپیری بزانێت ولە رابردووی خۆی ئاگادار بێت، زووتر یەک ئەگرێت و رزگاری دەبێت، هەروەکو ماد توانی میللەتەکانی نەتەوەی ئاری بکات بە یەک دژی ئیمپراتۆری ئاسووری سامی کە لە ئەفریقاوە هاتبوون و بەردەوام زوڵم و زۆریان ئەکرد لە ناوچەکەدا. شاهەنشا کەیخەسرەوی یەکەمی ماد توانی هەر هەموو میللەتەکانی نەتەوەی ئاری بکات بە یەک و بە یەکگرتوویی گەلانی ئاریایی گەورەترین ئیمپراتۆری دڕندەی دونیا لە ناو ببات.

کورد خاوەنی میژووە، ڕابردووی پاکە لە ناوی میللەتەکانی تری ئاریدا، زوبانی بە پاکی ماوەتەوە وەکو پارس و میللەتانی تری ئاری بە سەر نەهاتووە کە زمانەکەیان تێکدراوە و هیچی بە سەر یەکەوە نەماوە. سەرکردەیەکی ڕۆشنبیرو زانای وەکو شاهەنشا کەیخەسرەو ئەتوانێت بیانکاتەوە بە یەک وسەروەری یە مێژووەیی یەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەو کات بە هێز و ئابووری یەکی دەوڵەمەندەوە ببیتە هاوشان ودۆستی وڵاتانی ڕووس وئۆروپا و ئەمریکاو نەبێتە لوقمەیەکی چەور و ئاسانی قەومەکانی سامی و...، بەردەوام تەماحی بکرێتە سەرو مافی بخورێت . کێشەی ئەمڕۆی کورد نەبوونی سەرکردەیەکی دڵسۆز و نەتەوەیی یە کە بۆ یەکخستن و رزگاری نەتەوە ونیشتمان هەوڵ بدات نەک بۆ بەرژەوەندی دەستەو تاقمێکی تایبەت.

پرسیار- ناکۆکی نێوان گەلانی ئاریایی و سامی یەکێکی تر لەو باسانەیە کە پێم وایە لە پێشەکی کتێبەکەت دا ئاماژەت بۆ کردوون، هۆکارەکانیشت بۆ چەند هۆیەک گەڕاندووەتەوە کە ئەویش ئەوەیە سامی یەکان ویستوویانە کۆنترۆڵی خاک و ئایین و هێز و تەنانەت مێشکی خەڵکانی ئاریایی زمان بکە‌ن، پێم خۆشە کەمێک لەو بارەوە روونتر بۆ خوێنەران بدوێی؟

وەڵام- سامی یەکان کە لە ئەفەریقاوە هاتوون، پێنج هەزار ساڵ پێش زایین هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتی نەتەوەی ئاری لە بەینی دەریای سوورو دەریای سپی، ئەو شوێنە ئێستا پێی ئەڵێن ئیسرائیل و فەلەستین. ئەم هێرشە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە . ساڵی ٢٣٠٠ی پێش زایین، گەییشتنە ناوەڕاستی ئێستای عێراق. میللەتانی یۆنانی و ئەرمەنی زیاتر چوونەتە ژورەوە. ئەو وڵاتانەی ئێستا پێیان ئەڵین وڵاتی عەرەبی هەمووی ئەرزی نەتەوەی ئاری یە داگیریان کردوە،ئێستاش ئەیانەوێت ناوی خەلیجی پارس بگۆڕن بە خەلیجی عەرەبی، بە ناوی ئاینەوە زۆرێک لە نیشتمان و وڵاتەکانی ئارییان داگیر کردوە. جوولەکە خۆیان بە نەژاد ئارین، ئەوان نەوەی ئیبراهیم پێغەمبەرن، ئیبراهیم لە لایەن خەڵک و نەتەوەکەی خۆیەوە دەرکرا چونکە ویستی لە ئایینی زەڕدەشت دا ریفۆرم بکات و بیگۆڕێت، بە بڕوای من، نەوەی ئیبراهیم کە جوولەکەیە خۆیان کردووە بە سامی، سامی ناوێکە جوولەکە دروستی کردووە، باشتر وایە بە سامی یەکان بگوترێت ئەفریقی چونکە هەموویان لە ئەفەریقاوە هاتوون. جوولەکە لە دوژمنەکانی تر خراپتری کردووە بە نەتەوەی ئاری، جوولەکەکان ئایینی مەسیحیان دروست کردووە و عەرەب ئایینی ئیسلامیان دروست کردووە کە هەردوو ئاینەکە لە زەڕدەشتی یە سەرچاوەی گرتووە، عەرەب و جوولەکە سەرکەوتوانە توانییان ناکۆکی بخەنە ناو نەتەوەی ئاری و بیانکەن بە دوو کەرتەوە بە ناوی ئیسلام و مەسیحی یە وە، ئایینی ئیسلام و مەسیحی مێشکی میللەتەکانی نەتەوەی ئاری تێکداوە، مێژووی شێواندوون و کردونیان بە دوژمنی یەکتری بە ناوی ئایینەوە. ئاری یەکان وسامی یەکان خاوەنی دوو جۆرە کولتووری جیاوازن وزۆر لە یەکتر ناچن ،ئەو بیروباوەڕانە کە لە ڕێگای ئەو نەتەوانەوە گەییشتووە بە میللەتانی ئاریایی تا ڕادەیەک بیر و باوەڕی رابردووی ئەوانی کاڵتر کردووەتەوە و لە مێژوو و کەلتووری خۆیان کە کولتوری پێکەوە ژیان و تەبایی یە، دووری خستوونەتەوە. بەڵام ، ئەمڕو ئازادی وهەلومەرجی تازەی دنیاومافی هەڵبژاردن یا رەدکردنەوەی ئایین ئەو سیاسەتەی ئایینی تا ڕادەیەک کاڵ کردووەتەوە، نەتەوەی ئاری بەرەو یەک گرتنەوە ئەڕۆن، ئیتر کڵاوی سیاسەتی ئایینەکان ناچێتە سەریان.

پرسیار- زۆر کارت لە سەر ئەوە کردووە کە گەلانی ئەمڕۆی ئێران کە بەشێکی سەرەکی (گەلانی ئاریایی) ن، هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ مێژووی رابردوویان و لە باتی دژایەتی و دوژمنایەتی کردنی یەکتری، کار بۆ رێزگرتن لە یەکتر و پێکەوە ژیان بکەن، ئایا ئەم پێکەوە سازان و پێکەوە بەڕیوەبردنی وڵاتی هاوبەشە بە لەبەرچاوگرتنی راستی یەکانی ئەمڕۆ کە تەنیا نەتەوەیەک حوکمی وڵات دەکات و گەلانی تر پشت گوێ خراون، دەکرێت بێتە دی؟

وەڵام- میللەتەکانی نەتەوەی ئاری لە ئۆوروپا لە میللەتەکانی تری نەتەوەی ئاری ڕۆژهەڵاتی ناوە ڕاست و ئاسیا خراپتر بوون و شەڕی زۆریان لەدژی یەکتر کردووەوزۆریەکتریان چەوساندووەتەوە ،بەڵام لە کۆتایی دا خوێندنەوەو زانین وهۆشیاری، یەکیانی خستەوەو ئێستا هەموو پێکەوە بە ئاشتی ئەژین. ڕاستە ئەمڕۆ لە ئێران دا بە ناو پارس یا فارس باڵا دەستە، کەچی ئازەری زۆرێک لە کوردو پارسەکانیان کوشت لە زەمانی حکومەتی ئیسلامی ئێراندا ،بەڵام کورد هەر ئەڵێت پارس ئێمەی کوردی کوشتووە. فارس ناوێکە لە زەمانی سەفەوی و قاجاری ئازەری و پەهلەوی مازیندەرانی و ئیسلامی ئازەری دا بەکار هاتووەو دێت بۆ کوشتنی نەتەوەی ئاری بەڵام پارس و کورد لەوە تێناگەن و هەرخەریکی دوژمنایەتی کردنی یەکترن. زەمانی شای ئێران جوولەکە دەورێکی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی پارس و کورد بکەن بە دوژمنی یەکتر و ئێستاش ئەو دەورە ئەبینن لە رێگای هەندێ بازرگانی بە ناو کوردایەتی یەوە. فارس وکورد و گەلانی تری ئاری خاوەنی راستەقینەی ئێرانی ئێستان، ئەوان ئەگەر بچنەوە بە رابردووی کۆنی خۆیان داوخۆیان بناسن و بدۆزنەوە، دەتوانن پێکەوە باشتر هەڵبکەن و بژین ولە ناکۆکی ودوژمنایەتی کوێرانەو ماڵوێرانکەر دوور بکەونەوە کە هەردەم لە لایەن دوژمنانی پێشکەوتن وپێکەوەژیانی گەلانی ئاریایی یەوە بۆیان رێکخراوە.

پرسیار- راشکاوانە ڕای خۆت سەبارەت بە هەندێ لە مێژوو نووسە کۆنەکانی یۆنانی و یەهوودی دەربڕیوە و بۆچوونی بەشێک لەوانت دوژمنکارانە نیشان داوە، ئەوان دوژمنایەتی یەکانیان چۆن بووە دژی مێژووەکەمان، ئەگەر بڕێک لەو بارەوە بۆ خوێنەران بدوێی جێگای سوپاسە؟

وەڵام- یۆنانی و جوولەکە خۆیان دوژمنی یەک بوون بەڵام هەریەکەو بۆ مەبەستێک دوژمنی میللەتانی ئارین بە تایبەتی میللەتی ماد. مێژوو بۆمان باس دەکات کە سوپای ماد و هەخامەنیشی هێرشیان کردووەتە سەر یۆنانی یەکان و هەوڵیان داوە لەو بەری ئاوەکەوە ڕایان گرن، یۆنانی یەکان دوژمنی نەتەوەی ئاری بوون، سەر کەوتوانە توانییان ئیمپراتۆری هەخامەنیشی بڕوخێنن و بەردەوام هەوڵیان داوە پارس و ماد بکەن بە دوژمنی یەکتر، بۆیە دابەشکردن و داگیر کاری یان بە کار هاوردووە بۆ لە ناو بردنی دەسەڵاتی ئاری یەکان. سوپای ماد یارمەتی سوپای نەبوخوزنەسری بابڵی دا جوولەکەکان دەست بە سەر بکەن و بیانکەن بە کۆیڵەی خۆیان، جوولەکە ئەوەی لە بیر نەکردووەو نایکات. ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە کورد هەموو خوێندوارو زاناکانی لە دەست دا کاتێک شاهەنشا داریووش زۆربەی زۆری مەگۆشەکانی مامۆستای ئایینی زەڕدەشتی لە ناو برد، ئەوکات ئیتر مەیدان چۆڵ بوو بۆ نووسەرانی ئاسووری و کەلدانی و جوولەکەو یۆنانی تا بە کەیفی خۆیان هەرچییان ئەوێت بینووسن لە دژی مێژووی ماد و پارس و نەتەوەی ئاری. سووپای ئیسلامی و مەغۆل هەرچی پەرتووکی نەتەوەی ئاری یە لە ناویان برد وفەوتاندیان، هەرچی بە جێ ماوه لە دوژمنەکانی ماد وئاری یەوە واتە جوولەکە ویۆنانی یەکانەوە بۆمان بە جێ ماوە. ئەتوانیت دوژمنکاری جوولەکە باش پێناسە بکەیت لە دەورانی جیا جیادا، هەتا دژی نووسینی خۆیان شتیان گۆڕیوە، هەوڵیان داوە زیاتر هەموو شتێک بکەن بە هینی فارس بۆ ئەوەی بیانکەن بە دوژمنی کورد وناکۆکی نێوانیان پەرە پێ بدەن. ئەوانەی بە ناوی پارسەوە دوژمنایەتی کورد ئەکەن زۆربەیان جوولەکەن یان بە کرێ گیراوی جوولەکەن. خویندەواری کورد و پارس و میللەتانی تری ئاری گەر تۆزێک لە مێژوو بکۆڵنەوە ئەتوانن ئەو ڕاستی یانە ببینن. لە زەمانی دەسەڵاتی شای پەهلەوی دا زیاتر ئەو راستی یانە دیارتر بوون هەتا ئێستا.

پرسیار- لە جێگایەک دا ئاماژەت بەوە کردووە کە مێژوونووسانی یۆنانی بۆ یەکەم جار ناوی پارسیان لە نووسینەکانیان دا هێناوە بەو مەبەستەی گەلانی ئاریایی لە یەکتر جیا کەنەوە و جیاوازی بخەنە نێوانیانەوە، پێت وایە هۆکاری دوژمنایەتی و جیاوازی یەکانی ئەمڕۆی گەلانی ئاریایی ناوچەکە بۆ ئەو هەوڵە دوژمنکارانەی مێژوونووسە بێگانەکان دەگەڕێتەوە کە تۆوی دووبەرەکی یان لە نێوان گەلانی ئاریایی دا چاندووە؟

وەڵام- بە دڵنیایی یەوە، ئەوەی یۆنانی و جوولەکە و ئاسووری کردوویانە لە ڕابردوودا، ئێستا عەرەب و تورک و جوولەکەو ئۆروپای مەسیحی خەریکن درێژەی پێ ئەدەن و ئەیکەن. دوژمنی مادو پارسی دوێنێ، هەر هەمان دوژمنی کوردو پارسی ئەمڕۆن. هەموویان کار ئەکەن بۆ یەک مەبەست، ئەویش ئەوەیە میللەت بدەن بە گژ یەکترداو ئەوانیش بە مەیل وئارەزووی خۆیان، سەروەت و سامانیان بدزن. کوردو پارس و میللەتانی تری ئاری دوژمنی یەکتر نین ودەبێ هۆشیار بنەوەو واز لە خۆکوشتن ودوژمنایەتی یەکتر بێنن ونەهێڵن پلانی دوژمنەکانیان سەر بگرێت کە ناکۆکی و دوژمنایەتی خستنە نێوانی ئەوانە.

پرسیار- زمان یەکێک لەو هۆکارانەیە کە دەبێتە هۆی پێوەندی گرتنی ئەندامانی کۆمەڵێک و زیاتر دەیانکات بە یەک. لە کتێبەکەت دا باست لەوە کردووە کە زمانی ئاوێستا زمانی ئاخاوتنی سەردەمی مادەکان و ئەخمەنی یەکان و ساسانی یەکان بووەو لە لایەن داریۆش و پێغەمبەران مەهاباد و زەردەشتەوە وەک زمانێکی رەسمی بە کار براوە، بەڵام دواتر زمانێکی تێکەڵ و پێکەڵی عەرەبی بە ناوی زمانی فارسی سەپێنراوە بە سەر گەلانی ئاریایی دا ، ئایا پێت وایە ئەمە پلانێکی داڕێژراو بووە بۆ شێواندن و تێکدانی مێژوو و ئایین وزمانی گەلانی ئاریایی ناوچەکە؟

وەڵام- بەڵێ زمانی کۆنی نەتەوەی ئاری پێش ئیسلام سەرچاوەکەی زمانی ئاڤێستایە کە پەیام هاوەری خوداوەند زەردەشت و پەیڕەوانی بە کاریان هێناوە بۆ پەرەستنی خوداوەندو دانانی یاسا وبەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەیان. زمانی کۆنی ئاڤێستا گۆڕانی بە سەردا هاتووە. لە و نووسینەی کە شاهەنشا داریووشی هەخامەنیشی نووسیویەتی لە سەر شاخی بێستون لە کرماشان ئە توانیت پەی بەو گۆڕانە بەریت وبیبینیت چۆن زبانەکە کەمێک گۆڕاوە . بۆ نمونە کە وشەکان ئەخوێنێتەوە لە ئاڤێستا وەکوو وشە کانی "هەۆمیەتە، هەۆکەتە، هەیڤ ڕشتە" گۆڕانیان بە سەر دا هاتووەو بوونە "هیمەتە، هیکمەتە، ڕوشتە" لە زبانی ئاری ٢٥٠٠ ساڵی پێش کە شاهەنشا داریووش نوسیویەتی لە سەر چیای بێستوونی کرماشانی ئێران. زبانی تازەی ئێران کە پێی ئەڵێن زبانی فارسی یا پارسی تازە دوای هاتنی ئیسلامی عەرەب دروست کراوە وسەپێنراوە و هیچ پێوەندی یەکی بە زبانی کۆنی ئاری داریووشەوە نیە، لە سەد نەوەدی عەرەبی یە و دەوڵەتەکانی سەفەوی و قاجاری ئازەری و پەهلەوی مازیندەرانی و عەرەبی ئیسلامی ئێستا ناویان ناوە زبانی پارسی. ئەو داهێنانەیان بۆ ئەوە بووە بە ناوی پارسەوە ئازاری میللەتی ئاری پێ بدەن و میللەتانی ئاری پێ بکەنە دوژمن، زۆر پارس هەیە بڕوا ئەکەن ئەمە زبانی پارسە وە میللەتەکانی تری ئاری، پارس بە دوژمنی خۆیان ئەزانن. کتیبی" گەڕانەوەی مادەکان" چارەسەری ئەو دوو بەرەکی یە ئەکات لە ناو میللەتەکانی تری ئاری دا. پێویستە هەر هەموو بگەڕێنەوە بۆ زبانی کۆنی ئاری کە شاهەنشا داریووش نوسیویەتی یەوە لە سەر شاخی بێستوون. حەمە ڕەزا شای ئێران ساڵی ١٩٥٣ ئاگادارە کە زبانی ئاری هەیە و شاهەنشا داریووش نوسیویەتی یەوە و زمانی رەسمی وڵاتەکەی بووە، بەڵام هەوڵی داوە ئەو راستی یانە لە خەڵک بشارێتەوە وچەواشەی مێژوویان بکات هەتا دوژمنایەتی میللەتانی ئاری پەرە پێ بدات و ئەویش فەرمانڕەوایی خۆی بکات. میللەتەکانی وەکو کوردو پارس و ئازەری و... کە ئێستا دانیشتوانی ئێرانیان پێکهێناوە ئەتوانن پارێزگاری لە شێوەی زبانی خۆیان بکەن وبیپارێزن بەڵام لە عەینی کاتیش دا لە باتی زمانی داسەپاوی بە ناو فارسی هەر هەموو بگەڕێنەوە بۆ لای زبانی ئاری وهەوڵ بدەن فێری بنەوە و بیکەنە زمانی رەسمی گەلانی ئاری وئەو زمانە کۆنە پشتگوێ خراوە کە زمانی سەردەمی ئاڤێستاو ماد وهەخامەنیشی یە، زیندوو بکەنەوە.

پرسیار- فارسەکان خۆیان بە خاوەنی مێژووی دێرینی ئێران ئەزانن و گەلانی تری ناو جوگرافیای ئەمڕۆی ئێرانیان لە هەموو ئیفتخاراتێکی مێژوویی و مافێکی رەوای ئەم سەردەمە بێ بەش کردووە، لە بەرهەمەکەت دا ئاماژەیەکت بەوە کردووە کە ئەوانەی خۆیان بە فارس دەزانن و جیاوازی دەخەنە ناو گەلانی ئاریایی یەوە، ئەگەر لە ریشەیان ورد بیتەوە دەردەکەوێ فارس یا پارس نین با ئەمڕۆش دەسەڵاتیان بە دەستەوە بێت، سەپاندنی زمانەکەشیان بە سەر گەلانی تر دا یەکێکە لە پلانە دوژمنکارانەکان بۆ بە گژ یەکتردا کردنی گەلانی ئاریایی زمان، تکایە کەمێکیش لەو بارەوە زیاتر بۆ خوێنەران بدوێ؟

وەڵام- وەکو باسم کرد دەستی بێگانە والە پشتی ئەوەوە کە ئەمڕۆ زۆر لە بەناو خوێندەوار ورۆشنبیرانی ئێرانی ئەیکەن بە ناوی پارسەوە. زۆریان بە کرێگیراون لەلایەن وڵاتانی بێگانەو دوژمنانی پێکەوە ژیانی گەلانی ئاری یەوە. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد جوولەکە یارمەتی شای ئێرانی ئەدا تا فەرمانڕەوایی ئێران بێت و سیاسەتێک بەڕێوە بەرن کە میللەتانی ئاری بکەن بە دوژمنی یەکتر، ئەو پڕۆگرامە ئێستا لە ناوچەکەدا خەریکە دووبارە ئەکرێتەوە لە رێگای جۆراوجۆرەوە. عەرەبی سەییدی شیعە خۆیان فەرمانڕەوان لە ئێرانداو هەمان پڕۆگرامی ئینگلیزو فەرەنسای کۆن بە کار دەبەن بۆ تێکدانی یەکڕیزی میللەتەکانی ئاری لە وڵاتی ئیران و ناوچەکەدا؛ تورکیش هەمان پڕۆگرام بە کاردەبات و ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبات. ئەوانە لە ئێران و وڵاتانی تر زبان بە کاردێنن بۆ دوژمنکاری وئاژاوە نانەوە لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا، لە کاتێک دا گەلانی تری جیهان کار بۆ پێکەوە ژیان و هاوکاری ئەکەن ئەوان لە رێگای نۆکەر ودەستکردەکانیانەوە دەیانەوێ پەرە بە جیاوازی یەکان بدەن وئاگری ئاژاوە لە ناوچەکە خۆشتر بکەن. ئەوانە هەر هەموویان هاوبەشی یەک بەرژەوەندین، ئەویش فەرمانڕەوایی کردنە بەسەر ناوچەکەدا و دزین وبە تاڵانبردنی سەروەت وسامانی گەلانی ئاری یە لە ناوچەکەدا.

پرسیار- کەمێک سەبارەت بە کارەکتەری جیاوازی نێوان کوورش و سیروس باس بکە، دیارە لە کتێبەکەت دا خشتەیەکت بۆ جیاوازی یەکانی نێوانیان داناوە، ئەو دوانە چ گرنگی یەکیان لە مێژووی کۆنی گەلانی ئاریایی دا هەیە، بۆچی گرنگە ئێمە جیاوزی کەسایەتی ئەو دوو کەسە بزانین؟

وەڵام- بەڕاستی ئەم دوو شاهەنشایە نیشانەی پاکی و ناپاکین وریزی چاک و خراپی ناو مروڤەکان جیا ئەکەنەوە. هەر مرۆڤێکی ئاری باش ئەم دوانە بناسێ ولێیان تێ بگات زوو بە زوو دوبەرەکی لە گۆڕ ئەنێت و هەوڵی یەکێتی وتەبایی نێوان میللەتەکانی ئاری ئەدات. ئەوانەی بەدرۆوە خۆیانیان کردووە بە فارس یا پارس هەول ئەدەن خۆیان بکەن بە خاوەنی شاهەنشا کورشی مەزن، لە کاتێکا ئەوانە لە نەوەی شاهەنشا داریووشی دوو ڕوو و خیانەت کارو پیاو کوژن. شاهەنشا کورشی مەزن شاهەنشای ئیمپراتۆری ماد بوو، مرۆڤ دۆست بوو، دوژمنی دوو بەرەکی بوو، خیانەت کار نە بوو،مرۆڤ کوژ نەبوو، خوێنڕێژو جینایەتکار نەبوو، میللەتانی ئاری خۆشیان ئەویست ورێزیان ئەگرت. شاهەنشا داریووش شاهەنشای ئیمپراتۆری هەخامەنیشی بوو کە خۆی دایمەزراند دوای ئەوەی خیانەتی کردوو کوڕەکانی شاهەنشا کورشی کوشت. ئەو دوژمنی مرۆڤایەتی بوو، ئەو بوو دوو بەرەکی داهێنا، ئەو خیانەتکار بوو، مرۆڤ کوژ بوو،فەرهەنگی توندو تیژی و چاو دەر هێنان وگوێ بڕینی داهێنا، پێستی مرۆڤی پڕ ئەکرد لە سرووت وکاو پیشانی میللەتی ئەدا، ئەوە دوو هەزار ساڵە میللەتی ئاری بەتایبەتی میللەتی ئاری ئێران کەوتوونەتە ژێر کارتێکردنی ئەو جۆرە فەرهەنگەو فێری ئەوە بوون کە هەڵسوکەوت ورەفتاریان لە گەڵ یەکتر باش نەبێت. مرۆڤەکان مرۆڤایەتی یان تێدا نەماوە لە دوای جینایەتەکانی شاهەنشا داریوش کە شای ئیران حەمە رەزا شا کردبووی بە پاڵەوانی خۆی لە ئێراندا. ئەوانەی بە خۆیان ئەڵێن پارس، پێڕەوی لە کرداری شاهەنشای خیانەتکار وداهێنەری فەرهەنگی توندووتیژی لە نێوان گەلانی ئاری دا، شاهەنشا داریووش ئەکەن. پێویستە میللەتەکانی ئاری پێڕەوی شاهەنشا کورشی مەزن وفەرهەنگە ئاشتیخوازانەکەی بکەن بەتایبەتی میللەتانی کوردو پارس.

پرسیار-ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکانی پێشکەوتووی دنیادا ژن ڕوڵێکی دیار و بەرچاو دەگێڕێ و زۆر بەرپرسیارێتی گەورەشیان لە ئەستۆدایە، جەنابت لەو کتێبەی خۆت دا ئاماژەت بە هەندێک لە ئافرەتانی ئاریایی کردووە و لە داستانەکەت دا ڕۆڵێکی سەرەکیت پێ داون، وەکو (ڤاشتی) و (مەندانە) و...،ئایا ژن لەو سەردەمانەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا؟

وەڵام- ژنی زاناوتێگەییشتوو منداڵی زاناوهۆشیار پەروەردە ئەکات وپێشکەشی کۆمەڵگای ئەکات، ئەتوانیت مەزنی شاهەنشا کوورش لە شابانوو مەندانەدا ببینیت. شابانوو ڤەشتی یەکەم ژنی دونیایە کە داوای یەکسانی ژن و پیاوی کردووە. ژنی ئاری بە ناو بانگ بوون بە جوانی و مرۆڤایەتییان. کاتێک ئاوڕێک ئەدەیتەوە لە مێژووی ڕابردووی نەتەوەی ئاری، ئەبینیت ژن دەورێکی باشی هەبووە لەپێکەوەنانی شارستانی یەتی نەتەوەی ئاری دا، بەتایبەتی شابانوو" ڤەشتی"، شابانوو "مەندان" وە شابانوو "ئوتاوس" شابانووی شاهەنشا داریووش و دایکی شاهەنشا خێرخاسی هەخامەنیشی، شابانوو ئوتاوس کچی شاهەنشا کورش بوو، دوای مردنی شاهەنشا داریووش هەوڵی دا پارس و ماد بکاتەوە بە یەک ویەکیان بخاتەوە، شاهەنشا خێرخاسی کوڕی گیانی خۆی بەخت کرد لە پێناوی یەکێتی ویەکخستنەوەی مادو پارسدا.

پرسیار- سەبارەت بە کتێبەکەت تا ئێستا لە لایەن کەسەوە هیچ نووسراوە، ئەگەر نووسراوە چۆنیان لە سەر نووسیوە؟

وەڵام- هەرچەندە من زۆر ناڕازیم لە نوسینی زۆر زانای جوولەکە لە دونیادا سەبارەت بە مێژووی کۆنی گەلانی ئاری و رەخنەم لە نووسینەکانیان هەیە، بەڵام من بڕوام وایە کە جوولەکە لە ئەساس دا لە نەتەوەی کوردی ئارین و هەول ئەدەم دۆستی کوردو گەلانی تری ئاری بن. یەکەم کە س کە زۆر بە باشی لە سەر کتێبەکەمی نووسیوە، پرۆفیسور(جیری هەنەگمەن)ی جوولەکەیە، کە ئەڵێت باشترین نووسینە هەتا ئێستا لە لایەن کوردەوە دەرچووبێت لەو بارەوە ومن خوێندبێتمەوە، لە کاتێکدا لە گەڵ هەموو بۆچوونەکانم هاو بیر نیە. هەروەها پرۆفیسۆر(جان مێلینگ) ئەڵێت کتێبەکەی تۆ روانین و بیرو باوەڕی کۆنی مەسیحیی منی گۆڕی دەربارەی دونیا.

پرسیار- ئەو سەرچاوانەی کە بۆ نووسینی ئەم کتێبەت کەڵکت لێ وەرگرتوون چ سەرچاوەگەلێکن؟

وەڵام- بۆ نووسینی کتێبەکەم کەڵکم لە زۆر سەرچاوەی کۆنی مێژوویی مێژوونووسان وەرگرتووە، وەکو:

کورد: موختەسەری کتێبی کوردی، کۆمەڵی خوێندکارانی مێژووی کۆنی ئاری،((CAIS، ئاڤێستا پەرتووکی کۆنی زەڕدەشت، 7000 ساڵ مێژووی دنیا، نووسراوی سەر چیای بێستوونی کرماشان، مێژوو نووسی یۆنانی خینۆفین کتێبی ئەنەباسیس،مێژوو نووسی یۆنانی هیرۆداتس، میژوو نووسی جوولەکە جۆزیفۆس (کە مێژووی ڕۆمی نووسیوە بۆ ئیمپراتۆری ڕۆم).

پرسیار- هیچ هەوڵتان داوە کە کتێبەکە بکرێتە کوردی یا فارسی بۆ ئەوەی خوێنەرانێک کە شارەزای زمانی ئینگلیزی نین بتوانن لە خوێندنەوەی کتێبەکەت بێ بەش نەبن ولە ئامانج ونێوەڕۆکی بەرهەمەکەتان کەڵکی پێویست وەرگرن؟

وەڵام-من ئێستاسەرقاڵی ئەوەم و لە هەوڵی ئەوە دام بە یارمەتی وهاوکاری یەکێک لە دۆستەکانم کتێبەکە وەربگێڕینە سەر زمانی شیرینی کوردی بە زاراوەی سۆرانی وگۆشەیەکی کتێبخانەی کوردیی پێ بڕازێنینەوە، هەروەها هەوڵ ئەدەم کەسێک پەیدا بکەم زەحمەتی وەرگێڕانەکەی بۆ سەرزاراوەی کرمانجی بە شێوەی لاتینی بگرێتە ئەستۆ. هەروەها بۆ وەرگێڕانیشی بۆ سەر زمانی فارسی لە هەوڵدام چونکە ئەوان زیاتر لە ئێمە پێویستیان بەوەیە راستی یەکانی مێژوو بزانن.

پرسیار- دیارە کتێبەکە زۆر پرسیاری تر هەڵدەگرێ و دەکرێ زۆرتری لە سەر باس بکرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە تەنیا ویستمان خوێنەران کەمێک زیاتر نووسەری ئەو بەرهەمە بناسن ونامانەوێ درێژیی گفتوگۆکەمان خوێنەران بێزار بکات لێرەدا کۆتایی بە پرسیارەکان دێنین، زۆر سۆپاسیشت دەکەم بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانت دایەوە، جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوادارام بەوجۆرە بەرهەمانەت زیاتر رووناکی بخەیە سەر لاپەڕە شێوێنراوەکانی مێژووی نەتەوەکەمان لە ناو کۆمەڵگای ئەمریکی ونەتەوە ئینگلیزی زمانەکانی تردا.

وەڵام- منیش زۆر سوپاست ئەکەم بۆ ئاراستە کردنی پرسیارەکانت، هیوادارم کاروزەحمەتەکەم سوود بەخش بێت بۆ نەتەوەکەم، نەتەوەی ئاری. هەروەها بۆ گەلەکەم گەلی کۆن ورەسەنی کورد وگەلانی تری ئاری بەتایبە تی میللەتی خۆشەویستی فارسی هاو خوێنمان کەڕابردوویەکی کۆن وهاوبەشیان لە مێژووی دێرینی ناوچەکەدا هەیە.

http://www.youtube.com

تێبینـی:
بۆ کڕینی کتێبەکە دەتوانن سەردانی ئەم سایتە ی خوارەوە بکەن:
http://www.amazon.com


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە