کۆمەڵی مەدەنی و 31ی ئاب
Friday, 31/08/2012, 12:00
ساڵی 1991 و لەئەنجامی تێک چونی سەدام و ئەمریکا، خەڵکی کوردستان ڕاپەڕینێکیان ئەمجامدا. لە کاتێکدا ئەندامان و پێشمەرگەکانی ئەم دوو حیزبەی حاکمی کوردستان لە ئۆردوگاکانی ئێران و کەرەج دەگوزەران. وا ڕێکەوت کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ببنە حاکمی ئەم ولاتە بێ خاوەنە، دوای تاڵان کردنی ولاتێکی وێران و فرۆشتنەوە و هەڕاجکردن و ئاودیو کردنی بۆ ئێران و تورکیا و، وێران کردنی ئەوەی ئەنفال و ڕاگواستن فریای وێران کردنی نەکەوت، کە هیچ نەما کەوتنە گیانی هاولاتیانی مەدەنی خوازو حیزبە بچوکەکان، تا کەس نەما ینک و پدک نەبێ و ئەوانیش لەسەر دو سێ دوکان بو بە شەڕیان و هەزاران گەنجی ئەم ولاتە شەهید و زیندانی و کەم ئەندام بون. هەزاران ژن بێوە ژن و هەزاران ماڵ ئاوارە و هەزاران منداڵ بێ باوک تا هات شەڕ گەرم بو تا گەشتە ئەوەی ١٦ساڵ بەر لە ئێستا و لە ئاکامی نزیک کەوتنەوەی دەنگی تەقە لە مالی کورەکەی مەلا مستەفا،،،، ئەوەی کەس چاوەڕێی نەدەکرد ڕوی دا.
ئەوەبوو لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە بەرواری 31ی ئابی 1996 بەڕیکەوتن لەگەڵ ڕژێمی بەعس و سەرۆکی ئەوسەردەمەی عێراق سەدام حوسێن. ئەو هێزانەی کە بەکەم یان زۆر، دەساڵ لەوەوبەر بەکار هاتبوون بۆ پرۆسەی ئەنفال و کیمیا باران دووبارە لە دوای پێنج ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕاپەڕینی مەزنی خەڵکی کوردستان کە بێ یارمەتی لە لایەن سەرانی بەرزانی و تاڵەبانی ئەنجام درا، بۆ جارێکیتر هێزەکەی رژێمی بەعس ڕووی کردەوە کوردستان و هەلێری هەمیشە خێر نەدیو و بۆ ئەتک کردن و دووبارە ڕوخاندنی تاکی کورد و لە پێناوی دروست کردنی حیزبێکی بە شێوە دیموکرات و بە ڕەوشت دکتاتۆر. جیاوازی لە نێوان ئەم هیرشەی بەعس لەگەڵ هێرشەکانیتر تەنها ئەوەیە کە لەم هێرشەدا لەسەر داوای مەسعود بارزانی و سەرانی پارتی هاتە گۆڕێ.
لەمڕۆژەدا، ئێمە وەکو کۆمەڵی مەدەنی داوا لە خەڵکی کوردساتن و ڕۆشنبیران یاسا ناسان دەکەین کە هەموو لیژنەیەک پێک بهێنین بەیارمەتی و پشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی و یاسا مرۆییەکان و ئەمنستی و کۆمەڵی نێو دەوڵەتی و هەموو ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کەردستان. هەتا ئەم لیژنەیە هەستێت بە چەند ئەرکێک کە لەخوارەوە دیاری کراون:
1- بەدواداچون بە هۆکارەکانی شەڕی ناوخۆ.
2- دەستنیشان کردنی هۆکارەکان و تاوانەکانی شەڕی ناوخۆ.
3- سەرژمێر کردنی تەواوی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ.
4- بەدواداچونەوەی کارەساتی 31ی ئاب.
5- بە دۆکیمێنت کردنی ئاکارەکانی ٣١ی ئاب.
6- بنیاتنانی دادگایەکی باڵا بۆ ڕاپێچ کردنی تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ و 31ی ئاب.
دواجار ئەو دادگایە بڕیاری دادگایی خۆی بدات و بە بەرچاوی هەموو ڕای گشتی و ناوچەکەوە. ڕێز و خۆسەویستی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی لەپێناوی دەڵەتێکی خاوەن یاسایەکی باڵا شەونخونی دەکات، هەر بژین، سوپاس.
کۆمەڵی مەدەنی
بۆردی کارگێڕی و ڕاگەیاندن
http://www.facebook.com/groups/168565923194293
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست