کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكى كراوە بۆ بەڕێزان

Sunday, 19/06/2011, 12:00


سەرۆكى هەرێمى كوردستان
سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان
بەڕێزان: زۆر لەسەر گەندەڵى و ناعەدالەتى وتراو نووسرا , بەردەوام ڕۆژانە دووبارەو چەند بارە دەبنەوە... چارەسەرى گەندەڵى تەنها بە گەڕانەوەى چەند موڵكێكى گچكەى حیزب چارەسەر ناكرێت . زۆر خاڵى دى هەیە هەنگاوى بوێرانەى گەرەكە و لووشدانى سامانى ئەم وڵاتە لە زۆر ڕێگەى ترەوە بەردەوامەو هەمووشیان ڕووى ئێوەو دام و دەزگاكانتان دەگرێتەوە .
بەڕێزان نامەوێت زۆر سەرتان بە نامەكەمەوە بیەشێنم وەلێ تەنها ئاماژە بە سێ خاڵى گرنگ ئەدەم كە تكاتان لێ دەكەم هەنگاوى ڕاستەقینەى بۆ بنێن بۆ چارەسەركردنیان :
1- كەسانێكى زۆر لە فەرمانبەران لە هەردوو ڕەگەزەكە لە دام و دەزگا جۆراو جۆرەكانى حكومەتدا كار دەكەن و خزمەتێكى زۆر ڕاژەى پێشمەرگایەتیان بۆ ئەژمار كراوە بەبێ ئەوەى بۆ تەنها ڕۆژێكیش كوێرە دێ یەكى ئەم كوردستانەیان دیبێت , لەگەڵ دامەزراندنیاندا چەند ساڵێكیان بۆ ئەژماركراوە بە نووسراوى بەرپرسێك , ئیدى بە ڕێگایەكى نایاسایى بازى داوەتە قۆناغ و پلەكانى پێشەوە و بەشێوەیەكى بەرچاویش مووچەكەى زیادى كردووە , دڵنیابن ئەوەش جۆرێكى ترە لە لووشدانى قوتى ئەو میللەتە بە شێوەیەكى زۆر ناشەرعى و زۆر لەو فەرمانبەرانەش لە ژێر ناوى (ژنى شاخ)دا ئەو ساڵە زۆرانەیان بۆ ئەژماركراوە , من دڵنیام گەر سوپاى ئەڵمانیاى نازى لە جەنگى جیهانى دووەمدا هێندەى ژنانى كوردستان چەكداریان هەبوایە تووشى ئەو شكستە نەدەبوون لە جەنگەكەدا (برادەرێكم بۆى گێڕامەوە ڕۆژێك دووان لەو ژنانەى شاخ فەرمانگەكەیان چۆڵ كردووە و ڕایان كردووە لەبەر ئەوەى مشكێك چۆتە ژوورەكەیان).
2- كوردستان و بەتایبەت شارى سلێمانى و دەور و بەرى , تەواوى زەوى یەكانى بگرە شاخەكانیشى داگیركراوە بە سیاجى تەل بەش بەش كراوە بە بێ ئەوەى كەمترین سوودى بۆ بوارى كشتوكاڵ هەبێت , هەر كەسە و لە چەند دۆنمێكدا ڤێلایەك و بیرێكى ئاوى بۆ خۆى لێداوە بۆ سەردان و ئارەزووەكانى ئێوارانى خۆى ... دڵنیام زۆربەشیان گرێبەستى وەزارەتى كشتوكاڵیان هەیە كە ناتوانن كیلۆیەك تەماتە بەرهەم بهێنن ...ڕۆژانە بە دەیان دەفتەر دۆلار مامەڵە بەم دۆنمە كشتوكاڵیانەوە دەكرێت .
3- كێشەى كارەبا تا ئێستا چارەسەر نەكراوە , دڵنیاتان دەكەمەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەكانى مانگى شوباتى ئەم ساڵ (بێ كارەبایى) هەوێنى یەكەمى ئەو كێشانە بوون كە ڕوویاندا.
بەڕێزان :
ئەگەر دەتانەوێت چاكسازى ڕاستەقینە بكەن و (كردار شەرتە) لە دروشمەوە بكەنە واقیع پێویستە لیژنەیەكى بێ لایەنانە و تەنانەت نوێنەرانى حیزبیش پێك بهێنن بۆ لێكۆڵینەوە لەوسێ خاڵەى سەرەوە بە تایبەت خاڵى یەكەم و دووەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە