چارەنووستان لە بن عەلى وموبارەك وقەزافى باشتر نابێت
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
ئامەد محەمەد ئەمین
بیرم دێت لە جەنگى عێراق ئێراندا ڕووبەرێكى زۆر لەخاكى عێراق داگیركرابوو , ژمارەیەكى بەرچاو كوژراو و دیلێكى زۆریش لاى دەوڵەتى ئێران هەبوو,بەڵام دەسەڵاتى بەعس بەردەوام بوو لە ڤیستەڤاڵەكانى وەكو (المربد) وكردنەوەى پێشانگاى نێودەوڵەتى و...هتد .دەسەڵاتى بەعس دەیویست وا نیشانى جیهان بدات كە وڵاتەكەى شامى شەریفەودوورە لەهەموو پشێویەك و نائارامى یەك,ڕاگەیاندنەكان بەردەوام سەرقاڵى زوڕنا ژەنین و دەهۆڵ كوتان بوون...ئەو دەمە بەعس دەیتوانى تا ڕادەیەك خۆڵ بكاتە چاوى خەڵكى وڵاتانى دوور لە عێراق,بە حوكمى ئەوەى ئەوكاتە تەكنەلۆجیا ئەو پێشكەوتنەى ئێستاى نەبوو چركە بەچركە مرۆڤەكان ئاگادارى تەواوى گۆڕانكاریەكان بن.
ئێستاش دەسەڵاتى كوردى بە هەمان شێوە و كە تەنها حوكمى سێ پارێزگا دەكات ,یەك لەو دوو پارێزگایەش كە لە هەردوو پارێزگاكەى دى گەورەترە و ڕۆژانە جەماوەرەكەى ڕژاونەتە شەقامەكان و تووڕەیى و ناڕەزایى دەردەبڕن لە هەمبەر دەسەڵات وكەموو كوڕیەكان ,وەلێ دەسەڵات مێشێك میوانى نى یە و لە هەولێرى پایتەخت سەرقاڵى ڤیستڤاڵ و ئاهەنگ گێڕانە ...!! من دڵنیام لەم كاتەدا (یەكێتى) و(پارتى) گەرەكیانە پەیامێك بدەن بە دنیا كە ئەو ناڕەزاییانەى شەقام جگە لە هاتوو هاواری لایەنێكى نەیار هیچى دى نییە ,هیچ مەترسییەكیشى لەسەر دەسەڵاتى ئەو دوو زل حیزبە نییە!!لەلایەكى ترەوە میدیاى هەردوو حیزبى دەسەڵاتیش بەردەوام خەریكى گرژكردنى بارو دۆخەكەن ,بەرنامەكانیان لەژێر ناو و تەوەرى (هێوركردنەوەى ڕەوشەكە) هەرچى مرۆڤایەى پێى ناخۆش بێت بە لایەنى بەرامبەرى دەڵێن...!! من لێرەدا بە دەسەڵاتدارانى هەرێم دەڵێم:
ملكەچ كردن بۆ داوا ڕەواكانى خەڵكى كوردستان وداخوازیەكانیان ,نەنگى و تەنازول نییە ...بڕواتان بێت پێى مەزن دەبن و لەم قەزەمیەى ئێستا ڕزگارتان دەكات ,خێراترین شتێك كە بارودۆخى ئەمڕۆ ئارام وسروشتى دەكاتەوە ,گۆڕینى هەندێك لەو گەندەڵچیانەیە كە دەستیان لە گرژى بارودۆخى ئەمڕۆدایە لەگەڵ بەدادگا گەیاندنى تاوانبارانى تەقەكەر لە خۆپیشاندەر ,هەروەها لەو ملیۆن دۆلارانەى ئەمڕۆ لە ڤیستڤاڵى هەولێر و ئاهەنگەكانى یادى ڕاپەڕین سەرفى دەكەن ودەیكەنە ڕیكلام بۆ حیزبەكانتان ,نیو هێندە لە پرۆژەكانى دەڤەرى سلێمانى خەرج كەن ,خەڵكى ئومێدێكى بە چاكسازى ئێوە دەبێت و ڕووى خۆتانى پێ سپى دەكەنەوە ...دەنا چارەنووستان لە (بن عەلى موبارەك و قەزافى) باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست