وەزیرە لێهاتووەكانى هەرێم
Sunday, 13/02/2011, 12:00
*وەزیرە خەواڵووەكەى دارایى دواى حەوت ساڵ بەخەبەرهات ،كەجیاوازییەكى زۆر هەیە لە مووچەى فەرمانبەرانى ناوچەى سەوز و زەرد و دواتریش مەرجى هاوتاكردنى مووچە ئەبەستێتەوە بە ورتە نەكردن بەرامبەر بەو بڕە پارانەى حەوت ساڵە لووش دراوە.
*وەزیرى ناوخۆ هیچ شەرم ناكات كاتێك بەڕۆژى ڕوناك و بە بەرچاوى خەڵكەوە لاوێكى وڵاتەكەى دەڕفێنرێت و پاشانیش تەرمەكەى دەدۆزرێتەوە.
*وەزیرى پێشمەرگە تەنها وەزیرى پێشمەرگەى حیزبەكەیەتى و دەسەڵاتى بەسەر عەریفێكى ناوچەى زەرددا نیە... ڤێلاكەشى دوو هێندەى ڤێلاكانى (ئۆباما و كلنتۆن و ساراكوزى) یە.
*وەزیرى كشتوكاڵ كە نەتوانێت (2 دۆنم) زەوى بكات بە تەماتە و پیاز ، توور و خەیارمان
لە سوریا و ئێرانەوە بۆ بێت...ئیدى شەرمە لەو پۆستەدا بمێنێ.
*وەزیرى ئاو و ئاوهڕۆ هەقە ڕێ بە ماڵ و مناڵى بدات لە شەوە گەرمەكانى هاویندا بەدیار
بەلوعە بێ نازەكاندا لە چاوەڕوانى ئاودا ڕۆژ بكەنەوە.
*بەوەزیرىگەشت وگووزارى بەڕێزە ئەڵێم: ڕۆژانى پشوو بۆنەكان بەتایبەت هەردوو جەژنى ڕەمەزان و قوربان ، پیاسەیەكى شەقامەكانى شاربكە ، تا بزانیت ئەو گەشتیارە داماوانەى لە
ناوچەكانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە دێن ، چۆن لەبرساناو نەبوونى چێشتخانەكان لەفەى سەر عەرەبانەكان دادەپاچن..!
*وەزیرى داد تا ئێستا نەمان بیست داد و بێدادێك بكات لە دوو زل حیزبەكە ... تادەست لە كاروبارى دادگا وەرنەدەن...!!!!!
*وەزیرى ئاوەدانكردنەوە لەوە ئەچێت كەسەردانى سلێمانى ئەكات، بە فڕۆكە بەسەرشاردا بڕوات... دەنا چاوى كوێر نەدەبوو لە ئاست چاڵ و چۆڵى شەقامەكان و پرۆژە جوانەكانى وەك(نەخۆشخانە400 قەرەوێڵیەكە و تونێلى ئەزمەڕ و جادەى عەربەت و...هتد)
*وەزیرى ئەوقاف كاتى ئەوە هاتووە سوپاسێكى گەرمى هەموو ئەو مەلا بەڕێزانە بكەیت كە لە وتارەكانى ڕۆژانى هەینى ورتەیان لێوە نایەت لە سەر ئەو هەموو (گەندەڵى و ناعەدالیەتە)ى لە حكومەتەكەى بەڕێزتاندا هەیە...!
*وەزیرى پەروەردە با سەیرێكى دڵۆپەى باران و پەنجەرە شكاوەكانى قوتابخانەكان بكات، پاشان سیستەمى خوێندن بكات بە سیستەمى سویدى...!!!!
*وەزیرى كاروكاروبارى كۆمەڵایەتى بڕوانێتە مناڵانى ناوبازاڕى وڵاتەكەى تا خولێكى عەلاگە
فرۆشتن و پێڵاو بۆیاخ كردنیان بۆ بكاتەوە بە شێوەیەكى مۆدێرن..!!
*وەزیرى كارەبا ... هیچ نەماوە لە سەر وەزارەتە ئیفلیجەكەى جەنابتان نەوترێت ، تەنها ئەوەندە ئەڵێم : كە ڕقى میللەت هەمووى لە وەزارەتەكەى (تۆ)وە سەرچاوە گرتووە ، تا ئەو ساتەى وەكو مەحەویلەى گەڕەكە هەژارەكان دەتەقێتەوە...!!!
لە كۆتاییدا زۆر ماوە لەسەر وەزارەتەكانى دى قسە بكەم ... بەڵام هێندە بە دەسەڵاتى چەپەڵتان دەڵێم : گەر تۆزقاڵێك غیرەتتان هەبێت واز لە كورسى یەكانتان دەهێنن و چى دى مەبن بە بار بەسەر میللەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست