گەندەڵیەكانى فلوریاستى و حكومەت، سەرى خەڵكیان خوارد؟
Friday, 03/10/2014, 12:00
ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لەساڵى 2004 لەلایەن كۆمپانیاى چیڤیكلەرى توركى 2040 شوقە بوو، لەسەر رێگاى سەرەكى كۆیە و كەسنەزان، بۆ خەڵكى كەم دەرامەتى شارى هەولێر دروست دەكرا، بەڵام كۆمپانیاى ناوبراو پڕۆژەكەى بە ناتەواوى بەجێهێشت و هەڵات و زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلارى حكومەتى بەهاوكارى چەند كەسێك لە ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێكردن دزى و رۆشت تا ئێستا كەس لێ پێچینەوەى لێ نەكردوە.
دواتر كۆمپانیاى (راد) وەك شێوەى وەبەرهێنان ئەو پڕۆژەیەى لە ساڵى 2010 لە دەستەى وەبەرهێنان وەرگرت، ناوى نا فلوریاستى بە بریارى ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنان كە سەرۆكەكەى نێچیرڤان بارزانى بوو، درا بە كۆمپانیاى راد كە خاوەنەكەى محەمەد نەورۆزیە بەئەسل خەڵكى ئورمیەى ووڵاتى ئێرانە، لەم پڕۆژەیە شەریكى شێخ نیهادى براى مەسعود بارزانیە.
كۆمپانیاى راد پێش ئەوەى كار بكات، پڕۆژەكە كەوتە لیستى چاك سازى سەرۆكى هەرێم، لە مانگى 5 ساڵى 2011 ، دواتر پڕۆژەكەیان پێداوە، ئەویش بەهۆى ئەوەى واستەى زۆر بەهێزى هەبوو، كە براى مەسعود بارزانى شێخ نیهاد و فوئاد حوسێن ى سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم.
كۆمپانیاى راد بە چەند هۆكارێك توانى ئەو پڕۆژەیە وەر بگرێت، لەبەر چەند هۆكارێكیش پڕۆژەكەیان سێ بارە ڕاگرتەوە.
1- بریارى دا قەرزى كۆمپانیاى چیڤیكلەر كە نزیك لە دوو ملیۆن دۆلار بوو بیداتەوە خاوەن كارەكانى ناو پرۆژەكە وە بڕى پارەكەى بەتەواوى دایەوە.
2- پڕۆژیەكى ئاوا گەورە كە روبەرەكەى 256 دۆنمە، لەباشترین شوێنى هەولێرە كە دەكەوێتە رێگاى سەرەكى كۆیە؟ بە 27 ملیۆن دوڵار خەملێندرا، كە محەمەد نەورۆزى دەبوو پاش تەواو كردنى پڕۆژەكە بیداتە حكومەت، لەگەڵ 2 ملیۆن دۆڵارى كارى خەڵك كە پێشتر پارەكەى دا، كۆى گشتى دەكاتە 29 ملیۆن دۆلار، باشە بۆ هیچ كەسێك دەبێت زەویكى ئاوا باش بكرێت بێ ئەوەى پارە بدات ؟؟؟ ئاخر ئەو پڕژەیە ئەگەر گەندەڵى تێدا نەبێت چۆن بە نرخێكى ئاوا هەرزان دەفرۆشرێت ؟؟؟ كە نرخى یەك مەتر زەوى دەكاتە 50$ ئاخر هەر لە پشت فلۆریاستى مەترى زەوى بە 530$ ئەگەر براى سەرۆك شەریكى نەبێت كێ دەتوانێت بەو نرخە پێى بفرۆشن..؟؟؟؟
3- بەپێى سایت پلانى پڕۆژەى فلۆریاستى، دەبوو 5600 شوقە و ڤێلا دروست بكات، لەگەڵ ئەوەى كە پڕۆژەكە كەوتە لیستى چاكسازى سەرۆكى هەرێم، محەمەد نەورۆزى هەڵسا 500 شوقەى كردە دیارى سەرۆكى هەرێم بۆ شەهیدان و ئەنفاڵكراوان، تاوەكوو لە لیستى چاكسازى بێتە دەرەوە ئەوە بوو بەم هۆیە فێلى لەسەرۆكى هەرێم كرد و لێژنەكەى سەرۆك لێخۆشبوونى بۆ دەركرد؟؟
4- دواتر محەمەد نەورۆزى بى گوێدانە دەستەى وەبەرهێنان رێژەى شوقەكانى لە 5600 زیاد كرد بۆ 8400 شوقە واتە 2800 شوقەى زیاد كرد، ئەو زیادیە دەكاتە 2 پڕۆژەى تەواو بەهیچ شێوەیەك حیسابى بۆ دەستەى وەبەر هێنان نەكرد، ئەوە بوو چەند جارێك بوو بەشەڕى لەگەڵ هێرش موحەرەمى سەرۆكى دەستەى وەبەرهێنان كە ئێستا نەماوە, ئایا دەستەى وەبەرهێنان لەكەسێكى ئاوا ئاساییى قەبوڵ دەكات.؟
5- گەندەڵیەكى دەستەى وەبەرهێنان بێ گوێدانە وەزارەتى شارەوانى ئەو پڕۆژەیەى دا بە محەمەد نەورۆزى، كە 43 پارچە زەوى هاوڵاتیانى تێدا بوو، دەبوو دەستەى وەبەرهێنان پڕۆژەكەى بە وەزارەتى شارەوانى إفراز (خاڵى) بكردا ئینجا بیدابا بە كۆمپانیا، بەڵام بەهۆى واستە و واستە كارى بە خێراییى دایان بە محەمەد نەورۆزى، كەچى تا ئێستا كەس نازانێت ئەوە 7 ساڵە چارەنوسى ئەو 43 پارچە زەویە چى بەسەر دێت، نە حكومەت قەرەبویان دەكاتەوە نە كۆمپانیاى راد، كەچى ئەوە 7 ساڵە بەس خاوەن زەویەكان دەهێنن و دەبەن، بەس سەرى خەڵكیان خواردوە.؟
محەمەد نەورۆزى سەرەتا بۆ دروست كردنى فلۆریاستى لەگەڵ كۆمپانیایەكى تورك بەناو تاشیەكان (TASYAKAN) لە مانگى 9/2011 هەڵسا بەدروست كردنى، دواتر كەسێك بەناوى شێخ محەمەد بارزانى كە دەكاتە برازى شێخ ئەدهەم بارزانیە بڕى 1500 شوقەى لە محەمەد نەورۆزى وەرگرت بەجیا دەى فرۆشێت خۆى دروستى دەكات.
دواتر بەهۆى كێشەى پارە كۆمپانیاى تاشیەكان لەگەڵ محەمەد نەورۆزى دەبێتە كێشەیان، دواتر كۆمپانیا توركیەكە فلۆریاستى بەجێى دەهێلێت، تا ئێستاش هەر خەریكى دادگان لەسەر پارەى فلۆریاستى، ئەگەرچى پێشوتر تەنها ئەو پڕۆژەیە لەلایەن تاشیەكانەوە دروست دەكرا و محەمەد نەورۆزى تەنها وەك رووكەش لەوێ خۆى دەردەخست، بەڵام دواى نەمانى تاشیەكان كێشەكان هەموو ئالۆز بوون محەمەد نەورۆزى نەى توانى خۆى بەرێوە بیبات هەڵسا 3 كۆمپانیاى هێنا بۆ دروست كردنى شوقەكان كە تائێستا بە دەیان ملیۆن دۆلارى ئەوان ماوە محەمەد نەورۆزى بیدات، تائێستا ملیۆنان دۆلارى ناو بازارى دۆلاریشى لایە ناتوانێت بداتەوە.
ئەم هۆكارانە بوونە هۆى ئەوەى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران كاك نێچیرڤان بارزانى، لە مانگى 11ى ساڵى 2012 بریاردا پرۆژەى فلۆریاستى بوەستێت,
هۆكارەسەرەكیەكانى وەستانى پڕۆژەى فلۆریاستى زیاد كردنى رێژەى شوقەكان بێ گوێدانە حكومەت گۆڕینى سایت پلان، دیار نەبوونى قەرەبوو كردنەوەى 43 پارچە زەوى بوون؟ كەچى كۆمپانیاى راد بێ گوێدانە حكومەت، هەر كار دەكات و پڕۆژەكەى بەردەوامە لەكار كردن تائێستا پارەى قیست و فرۆشتن لەخەڵك وەردەگرێت؟ تەنانەت چەندین جار پارێزگارى هەولێر و وەزیرى شارەوانى دڵشاد شەهاب هەرەشەیان لێ دەكرد كە دەبێى پڕۆژەكە رابگرن بەڵام ئەو پاش چەند رۆژێك دەوەستا و دواتر دەستى پێدەكردەوە؟
بریار درا بوو لەلایەن دەستەى وەبەرهێنانەوە ئەو پڕۆژە لە محەمەد نەورۆزى وەربگرنەوە دواتر بیدەنەوە بەكەسێكى تر، كەچى دواى ململانێەكى زۆر، من ئاگادارم نوێنەرى حكومەتى ئێران تەداخولى كرد، چونكە محەمەد نەورۆزى راستە لێرە دەلێت من عیراقیم بەڵام بە پاسەپۆرتى ئێرانى هاتووچۆ دەكات، ئەوەیە وەك ئێرانیەك هەڵسوكەوت دەكات نەك عێراقى، بۆیە ئەوان پشتگیریان كرد.
بەڵام ئەوەى گرینگ بێت لێرە ئەوەیە، من و خزمەكانم 12 شوقەمان هەیە لە فلۆریاستى، هەر لەسەرەتاى پرۆژەكە شوقەمان لێیمان كڕین, زانیارى تەواوم هەیە لەسەر فلۆریاستى چەندین جار لەسەر قیستەكانى لەگەڵ ئیدارەى فلۆریاستى بەشەر هاتووم، دەبوو مانگى 6 ى ئەمساڵ ئەو بەشەى من تەواو ببێت كەچى تائێستا تەواو نەبوە، بەڵام سەیر لەوە دایە ئایا حكومەت چۆن لە محەمەد نەورۆزى قەبول دەكات، كە پرۆژەى لێ رابگرێت بەڵام ئەو تا ئێستا ئەوە 2 ساڵە هەر بەردەوامە و دەى فرۆشێت و قیست وەردەگرێت حیساب بۆ كەس ناكات؟.
تا ئێستا 20 جار زیاترە سەردانى بەشى فرۆشتنى فلۆریاستیم كردوە كەس وەڵاممان ناداتەوە، ئەوەى من ئاگاداربم بەشى فرۆشتنى بەس ئێمە هەڵدەخەڵەتێنن بەئێمە دەلێن ئێمە بۆخۆمان بۆت دەفرۆشینەوە تەلەفۆنم بۆدەكەن دەلێن ئەگەر بە 2 دەفتەر هەرزانتر دەى فرۆشیت ئەوە موشتەرى هەیە ئەوانیش بۆخۆیان بەگرانتر دەى فرۆشنەوە.؟
ئەوەى من زانیاریم لەسەرى هەبێت، محەمەد نەورۆزى بە پرۆژەى فلۆریاستى بوو بە ملیۆنێر، ئەگەرنا پێشوتر هیچى نەبوو هەموو سەرمایەى قەرز بوو، ئەو پارەى وەرى گرتوە لە فلۆریاستى 50% لە پرۆژەكە خەرج نەكردوە، ئەوەى ترى بەشێك بە شێخ نیهادى داوە، بەشەكەى تر بۆ ئێرانى ناردوە، لە ئورمیە بالەخانەى پێ دروست كردوە، چەند پرۆژەى لە حكومەتى ئیران وەرگرتوە، پارەكانى كوردستانى هەموو ناردوە بۆ ئیران، چونەكە چەندین هاورێم هەیە لە ناو بازارى دۆلار فرۆش هەموو زانیاریەكیان بە من گوتوەكە رۆژانە چەند پارە دەنێرێت بۆ ئێران,
من ئاگادارم كە لە شوقەكانى فلۆریاستى تەنها نزیكەى 2000 شوقەى فرۆشراوە بەڵام محەمەد نەورۆزى لەئەنجومەنى وەزیران و دەستەى وەبەرهێنان دەلێت 5000 شوقەم فرۆشتوە كەچى ئەوەى من ئاگاداربم لێژنەیەك لەسەرى پێك هات دەركەوت محەمەد نەورۆزى 2500 شوقەى وەك شێوەى تەزویر گرێبەستى بۆ دروست كردوە، بەبێ ئەوەى یەك دۆلاریان دابێت بەناوى كەسە نزیكەكانى خۆیان و هاورێكانیانن كردوە وەك بلێن ئەوە لەبەرامبەر ئەو كارە ئەو شوقانەیان وەرگرتوە، ئەویش هەمووى درۆیە ئەگە 100 شوقەى راست بێت؟ بۆ ئەوەى ئەگەر پرۆژەكەیان لێ سەندەوە دواتر بلێت ئەوەندە شوقەیە هى فلان و فیسار كەسە، واتە ئەو بە هەموو شێوەیەك هەر ئیفلاس نابێت و هەر كەسێك ئەو پڕۆژەیە وەربگریت لەسەرى قەرزاریش ببێتەوە ؟
ئێستا محەمەد نەورۆزى لە كوردستان ئیفلاسى هێناوە، یەك دۆلارى نەماوە ئەوەى هەیەتى هەموو قەرز كردوە لەخەڵكى و ناو دۆلار فرۆشانى هەولێر، ماوەى 6 مانگە پرۆژەكەى راگرت و دووبارە دەستى پێكردەوە، بەلام هەر بەقەرز، كەسێك لە بەرێوبەرایەتى دابەشكردنى كارەبا پێى گوتم، كە محەمەد نەورۆزى، پارەى نەبوە قەرزى كارەباى پرۆژەى فلۆریاستى بدات، ناچار كارەبامان لەسەر بڕیوە تا ئێستا كارەباى نیە، باشە كەسێك ئاوا ئیفلاس بێت چۆن پڕۆژەیەكى ئاوا 4 ملیارد دۆلارى پێدەدەن؟
ئەوەى من ئاگاداربم چەندین مانگە پارەى كارمەندەكانى خۆشى نەداوە، باشە كۆمپانیا یەك بەو شێوەیە كە خۆى بە گەورە نیشان دەدات چۆن حكومەت دادگاى ناكات، پرۆژە یەكى ئاوا گەورەى پێدەدات و ئاخر چۆن دەبێت 3 مانگە بەسەر تەواو بوونى شوقەكەم تێپەریوە تا ئێستا كاشى و كارەباى نەبەستراوە.
دەچینە دەستەى وەبەرهێنان كەس نیە وەڵامى ئێمە بداتەوە، دەچینە شارەوانى دەلێت فلۆریاستى هەر لاى ئێمە تۆمار نەكراوە، ئەوانە سەرى خەڵكیان خواردوە كەس لێ پێچینەوەیان لەگەڵ ناكات خۆم لە ئەنجومەنى وەزیران كاردەكەم كەس نیە وەلامێك بدات بەئێمە ئەى ئەو كەسەى كە كەسى نیە چى بكات ؟؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست