جێگرى سەرنووسەرى رۆژنامەى (خەبات) دەستی لەكاركێشایەوە
Friday, 24/06/2011, 12:00
شێرزاد عەبدولرەحمان، جێرى سەرنووسەرى رۆژنامەى خەبات كە پتر لە 15 ساڵ لەو رۆژنامەیەدا بەڕێوەبەرى نووسین و هەواڵ رێپۆرتاژ بووە و، لەم ماوەیەدا بە بڕیارێكی نێچیرڤان بارزانی كەسی دووەمی پارتی و مەكتەبی سیاسی، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی و چاكسازى پلەى جێگرى سەرنووسەرى پێبەخشرا، دەستی لەكاركێشایەوە.
لەمبارەیەوە، رایگەیاند، كە لەلایەن خودی نێچیرڤان بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی راسپاردرا بۆ ئەم كارە، بەڵام هەر لە رۆژانی یەكەمەوە دووچارى چەندین ئاستەنگ بۆتەوە كە پەیوەستە بە ئامادەنەبوونی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەكە بۆ هیچ گۆرانكارییەك و مانەوەى رۆژنامەكە لەو حاڵە شپڕزەى كە تێیدا دەژی لە دوورە پەرێزى لە خەڵك و رۆشنبیران و رووداوەكان، جگە لە محرابەكردن و راپۆڕت و تەكەتول كارى كە خودی سەرنووسەر سەرپەرشتی دەكات لە رۆژنامەیەك كە ئۆرگانی حزبێكی باڵادەستە.
پاشان روونیكردەوە، كە جێگەى داخە بڕیارێكی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی چاكسازى بەم شێوەیە مامەڵەى لەگەڵ بكرێ منیش هاتمە ریزى دەیان رۆژنامەووس و كادیرى دیكەى راگەیاندن كە بوونەتە قوربانی توانا و هەوڵی كۆششیان بۆ گۆڕانكارى و قورخكردنی راگەیاندنی پارتی بۆ تەنیا چەند ناوێكی كلاسیكی كە بوونەتە لەمپەرى رێگرتن لە هەموو توانا و پێشكەوتنێك، هەروەها گوتی: مەكتەبی راگەیاندنی پارتی كە نزیكەی 6 مانگە دواى كۆنگرە هەڵوەشاوەتەوە تا ئێستا دانەمەزراوە و خەباتیش بەشێكە لەو قەیرانە زەقە كە پاوەن كراوە و تیراژى لە بازاڕ لە پەنجەكانی دەست پتر نییە و مەخابن كە ئەمە كەلتوورى رۆژنامەیەك بێت كە رۆژانێك سەیدا ساڵح یوسفی و دارا تۆفیقی شەهید و فەرهاد عەونی سەرنووسەرى بوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست