لیژنەی نەزاهە هەڵوەرى
Friday, 28/10/2011, 12:00
ساڵى 2009لەبڕگەى (3) ماددەى (39)ى خولى سێیەمى پەرلەمانى كوردستاندا لیژنەى دەستپاكى(نەزاهە) دامەزراو وەك یەكێك لەلیژنە هەمیشەییەكانى پەرلەمان كارەكانى خۆى دەستپێكرد، بەڵام هەر لەسەرتاوە لیژنەكە لە مرۆڤێكى لەپەلوپۆ كەوتوو دەچوو، هەربۆیە كارەكانى لەبەدواداچوونى پرسى دۆسییەكانى گەندەڵى دارایى و ئیدارى كورتى هێناو ئەو هیواو خەونەى خەڵك لەسەر لیژنەكە هەڵیچنیبوو مایەپووچ دەرچوون. ئەوەتا لەكۆى(10) ئەندامى لیژنەكە ئێستا تەنها (4) ئەندامیان ماوە و(6) ئەندامى بەسەرۆكەكەشییەوە دەستیان لەكار كێشاوەتەوە. لە هەمووى خەفەتبارتر ئەم بایكۆتكردنەى لیژنەكە تا ئێستا بەلاى پەرلەمانى كوردستان نەبۆتە پرسێكى جددى و بەهەند وەرنەگیراوە. ئەمە خۆى گوزارشت لەناكارایى و نازیندوویەتى لیژنەى نەزاهە دەكات، لیژنەیەك دەسەڵاتى نەبێت و تەنها بۆجوانكردنى رووخسارى پەرلەمان بێت بێگومان نەبوونى لەهەبوونى باشترە. بەڵام بۆچى پەرلەمان بێدەنگە؟ بۆچى قسەیەك لەسەر دەست لەكاركێشانەوەى ئەندامانى ناكات؟ كە دەست لەكاركێشاوەكان لیژنەكە بە ئیفلیج و بێدەسەڵات ناودەبەن، بۆچى سەرۆكى پەرلەمان روونكردنەوە نادات؟ تۆبڵێى لیژنەكە هەروا ساناو ناگرنگ بێت پێویست بە قسەلەسەركردن و هەڵوێستە نەكات؟ بۆچى لەدوو ساڵى رابردوودا پەرلەمان نەیویستوە لیژنەكە رۆڵ ببینێ؟ بۆچى وەڵامى راپۆرتەكانیانى نەداوەتەوە؟ شورەیى نییە بەقەد لیژنەى نەزاهەى عێراقیشیان پێنەكراوە؟ بەم فەوزا سیاسى و بێ حكومەتییەى لەعێراقدا هەیە كەچى چەندین كەیسى گەندەڵیان ورووژاندووەو چەندین وەزیرو بەرپرسیان بانگهێشتى پەرلەمان و ناچار بەوازهێنانكردووەو داوەتە دادگا. ئەمە پرسیار ناخاتە سەر دەزگاى پەرلەمان وەك دەزگایەكى شەرعى هەڵبژێردراوو نوێنەرى میللەت؟ كەهەمووان دان بەگەندەڵیدا دەنێین و بەهەڕەشەیەكى مەترسیدارى دەزانین و بانگەشەى چاكسازى و شەڕى گەندەڵى دەكەین، ئەى بۆچى پەرلەمانى كوردستان بێخەم و دەربەست بووە لەئاست كارەكانى لیژنەكەو تەنانەت فاكتەرى لاوازبوونیشى بووە؟ ئەمە ئەوە دەرناخات كە تا ئێستا بەپەرلەمانیشەوە ئیرادەیەكى سیاسى بۆ رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و بردنەپێشەوەى چاكسازى لەكوردستاندا نییە؟ كە لەدەرەوەى پەرلەمان ئەم ئیرادەیە نەبێت و دژایەتى لیژنەكە بكرێت، ئەى خۆ پەرلەمان كارى چییە؟ چما پەرلەمان لەژێر سێبەرو بڕیارى حزبەكانە؟ یان بێ گەڕانەوە بۆ حزبەكان بڕیار بۆ بەرژەوەندى گشتى دەردەكات؟ ئەگەر وایە ئێستا بەرژەوەندى خەڵكى كوردستان لەپەكخستنى لیژنەى نەزاهەدا نییە، كەواتە دەبێت پەرلەمان وەك دەزگایەكى شەرعى و سەربەخۆو بڕیاردەر قسەى خۆى بكات. دواتر بۆچى ئەندامانى دەست لەكاركێشاوە بەكڕى و ماتى وازدەهێنن؟ ئەمە ناهێنێ لەپەرلەماندا كۆدەنگییەكى لەهەمبەر دروست بكرێت؟ ئەوە ناهێنێ دانیشتنێكى نائاسایى پەرلەمانى بۆ گرێبدرێت و هۆكارەكانى شكستهێنانى لیژنەكە باسبكرێت؟بۆچى بەئازاییەوە باس لەدەستێوەردانى حزب و لەمپەرەكانى ناكەن؟ بێدەنگبوونى پەرلەمان زیانێكى گەورە بە سومعەى پەرلەمان و سەربەخۆبوونى دەگەیەنێت. لەم ژینگەو فەزا بارگاوى بەگەندەڵییەدا هیچ بیانوویەك نییە لیژنەیەكى هەستیارى پەرلەمان پەكبخرێت! دەبوو لە ئێستادا كە پرسى چاكسازى سیاسى و ئیدارى و دارایى هەنگاوى بۆدەنرێت لیژنەى نەزاهەى پەرلەمان گەورەترین پێشەنگى جوڵاندنى چەندین كەیسى گەندەڵى بووایە، بەڵام كە لە پەرلەماندا گوێیان لێناگیرێ و پشتگیرى ناكرێن و لە رابردووشدا تواناى لێپێچینەوە و بانگكردنى نەك وەزیرێك كەسێكى خوارى خوار وەزیریان نەبووبێت تەنها رێگە لەبەردەم ئەندامەكانیدا وازهێنانە، چونكە ئەمانیش تێگەیشتوون و دەزانن (كوندەكە لەكوێ دڕاوە)!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست