کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فازڵ ڕەسول و سیاسەتەكانی ئیسلامی هاوچەرخ

Saturday, 10/07/2010, 12:00


رزوان ئەلسەیید (*)
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: عەلی سیرینی

فازڵ ڕەسولم ناسی، لەمیانەی خوێندنەوەم بۆ سێ تەرجومەكەی لە فارسییەوە، كە (دار الكلمە) لە بەیروت لەنێوان ساڵانی 1979 و 1980 دەریكردن. ئەوكات فازڵ هەستا بەوەرگێڕانی چەند دەقێكی مەهدی بازرگان (سنوری جیاكەرەوە لەنێوان دین و سیاسەت)، هەروەها ئەبولحەسەن بەنی سەدر (ئێران: غوربەتی سیاسەت و شۆڕش)، ئنجا عەلی شەریعەتی (ئا بەم جۆرە عەلی شەریعەتی دوا). پاشان لەكاتی بەڕێوەبەرایەتیم بۆ پەیمانگای (الانماو العربی) كتێبە دەستنووسەكەییم، كورد لە ئیسلامدا (الاكراد فی لاسلام) خوێندەوە، كە لەگەڵ پەیمانگە ساڵی 1977 (لەوانەیە مەبەست ساڵی 1987 بێ. واپێدچێ لە وتارەكە هەڵەی تایپینگ لە جیاتی 1987 سالی 1977 ی داناوە وەرگێڕ-) گرێبەستی كردبوو، تا ئەمڕۆش دەرنەچووە، بەڵام فازڵ پێش شەهید بوونی (لە 13/7/1989) پێی گوتم، كە لە قاهیرە ساڵی 1990 دەردەچێت. لەدوای ئەمە، وتارەكانی فازڵم خوێندەوە دەربارەی سیاسەتەكانی ئیسلام، لە گۆڤاری (الحوار)، دەربارەی قەومیەت و تائیفیەت و ئیسلام لەڕۆژهەڵاتی نوێ و زانایان و شۆڕشی دەستووری لە ئێران. فازڵ پێش هاتنی بۆ لوبنان، لەنیوەی هەفتاكاندا، دەرچووی بەشی زانستەكانی سیاسەت بوو لە زانكۆی بەغدا، ئنجا لە زانكۆی ڤییەننا پاش ساڵی 1982 بەردەوامی دا بەخوێندنی باڵا و لەساڵی 1985 پلەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی بەدەستهێنا، لە كارنامەیەك بە ناونیشانی: "كوردستان و یەكێتی سۆڤیەت: نمونەیەك لە سیاسەتی زلهێزەكان بەرامبەر بەبزوتنەوە نیشتیمانییە ئازادیخوازەكان" (چەند مانگێك پێش كوشتنەكەی لەدەزگای یانۆس بۆ بڵاوكردنەوە بە ئەڵمانی دەرچوو). پێش ئەمە، دوو لێكۆڵینەوەی خۆی پێشكەش كردبووم: یەكێكیان بە هاوبەشیی نوسیبووی دەربارەی یەكێتی سۆڤیەت و ڕۆژهەڵات پاش جەنگی دووەم، ئەو، بەشە تایبەتییەكەی سەبارەت بە كێشەی كورد نوسیبوو (1986)، ئەوەی دیكەشیان بە تەنیا نوسیبووی دەربارەی جەنگی عێراق و ئێران (1987) و پێی ڕاگەیاندم كە دەرچووە یان بەعەرەبی لە قاهیرە دەردەچێت. ئا بەم شێوە، جگە لە تەرجومەكەی دەربارەی عەلی شەریعەتی و، مێژووەكەی بۆ كورد لە ئیسلامدا، سیاسەتە نوێ و هاوچەرخەكانی ئیسلام و، بەرجەستەییەكانی لە ناوچەی ئێمە لە تێكبڕانە جوگرافی و ئەتەنی و دینییەكاندا، ئەم سیاسەتانە بوون بەجێگای گرینگی پێدانی فازڵ و چەقی تێڕوانینەكانی. هزری بنەڕەتی فازڵ (لە ساڵی 1979 تا 1987) لەسەر ئەمە وەستاوە كە جیاوازی فرەگەلی و جوگرافی و دینی لە دێرینەوە لە ناوچەكەمان هەن، بەڵام نابن بە گیروگرفت و كێشەی ئەوتۆ ڕەهەندە سیاسییە پەرتەوازەییەكانی لێوە دروست ببێت، تەنها لەكاتی ململانێ نەبێت و لەكاتی دەست تێوەردانی زلهێزەكان نەبێت لەم ناوچەیەدا، بۆ زیاتر پەرتەوازەكردن وەك (یەكێتی سۆڤیەت)، بۆ پاراستنی ڕەوشە هەنوكەییەكان (بەریتانیا و فەڕەنسا) لەسەردەمی نێوان دوو جەنگەكە و، (ئەمریكا)ش دوای دروستبوونی دەوڵەتی زایۆنزمی.
بەو پێیەی فازڵ كورد بوو، هاونەوەی فازڵ و دوو نەوەی پێشووتر، ئازارێكی زۆریان چەشت لەپاشماوەكانی كەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و، هاتنەكایەی دەوڵەتی هەرێمی لەڕۆژهەڵاتدا. فازڵ زۆر هەستیار بوو سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسلام بۆ یەكێتی لە مێژووی ناوچەكە و، لەقۆناغی خەباتكردن دژ بە چوارچێوەی ئیمپریالی پاش جەنگی یەكەمی جیهان. لەبەر ئەوە پاش ئەزمونێكی كورت لەگەڵ چەپی كوردی و عەرەبی لەسەرەتای هەفتاكاندا، فازڵ پاڵكێش (اندفاع) بوو هەروەك زۆربەمان پاڵكێش بووین- بەرەو ئەو شەپۆلەی كە شۆڕشی ئێرانی دروستی كرد (1978-1979)، بۆیە فازڵ گەڕایەوە بۆ خوێندنەوەی مێژووی گەلەكەی بەتایبەتی و، مێژووی هاوچەرخی ناوچەكە لەم میانەوە. لەكاتێكدا گۆڕانكارییەكانی هەشتاكان لە ئێران، لە جەنگیدا لەگەڵ عێراق ئێمەی سارد كردەوە بەرامبەر بە ئێران، بۆ فازڵ، ڕووداوە دڵتەزێنەكان تەئكیدیان كردەوە كە ناسیۆنالیزم (بە واتا ڕۆژئاواییەكەی) هیچ چارەسەرییەك بۆ كێشە بنەڕەتییەكان پێشكەش ناكەن، كەپێشتر و ئێستاشی لەگەل َدابێت گیروگرفتی گیروگرفتەكانە سەبارەت بە گەلی كوردی پەرتەوازە لەنێوان چوار دەوڵەتدا. چونكە داڕشتنی ئیسلام (وەك ئەوەی فازڵ لە لێكۆڵینەوەكەی كورد لە ئیسلامدا باسی دەكات) بۆ ناوچەكە بەگشتی، داڕشتنێكی نوێ بوو لەپڕۆژەیەكی یەكانەی كەلتوری و سیاسی بەدرێژایی چەندین سەدە، كە كۆتایی بەجیاوازییە جوگرافی و ئەتەنی و دینییەكانی نەهێنا، بەڵكو پاشماوەی پەرتەوازەییە سیاسییەكانی بنبڕكرد. ئنجا ئەم یەكێتییە كەلتورییە و شارستانییە، بە كۆتایی هاتنی یەكێتی سیاسی، تەواو (لە گەڵ گەرمەی هەڵچوونی ململانێی سیاسی/ دینی نێوان عوسمانییەكان و سەفەوییەكان)، كۆتایی نەهات، چونكە قەوارە سیاسییەكان تا جەنگی دووەم، لەگەڵ ئەوەی زۆریش بوون، بەڵام بەم شێوە تیژەی ناسیۆنالیزمیی دانەمەزرابوون، كە ئەویدیكەی جیاواز ڕتبكەنەوە و بیسڕنەوە. بەڵام ستەمی سیاسی و كەلتوری كە سیستمی "یاڵتا"ی، دوای جەنگی دووەم، هێنایەكایەوە، كۆتایی بەو سنگ فراوانییە ئیسلامییە كلاسیكییە هێنا (لە ڕوسیا و عێراق و ئێران و توركیا) لەسۆنگەی گەلی كوردەوە، كە ئەو مەیلە بەسەر دەوڵەتە هەنوكەییەكان زاڵبوو كە دەڵێت، پێویستە جیاوازییە ناوخۆییەكان كۆتاییان پێبێت، بۆ ئەوەی لەلایەك دەوڵەت بمێنێتەوەو، لەلایەكی دیكەشەوە ئەم جیاوازییانە لەلایەن كۆلۆنیال و تەماعكارانی دەرەوە لە ناوچەكەمان بەكار نەهێنرێت. لەبەر ئەوە فازڵ لە لێكۆڵینەوەیەك دەربارەی كێشەی كورد و یەكێتی سۆڤیەت وای بۆ چوو، كە ناكرێت بەو چەمكە ناسیۆنالییەی كە باوە بۆ ناسیۆنالیزم، باسی قەومیەتی كورد بكرێت، تەنها لە سییەكانی سەدەی بیست نەبێت، چونكە پاشان كوردان نەیانتوانی ڕێڕەوەكانی ژیانیان و، ئازادی جوڵانەوەیان بپارێزن و، یەكسان بن لەگەڵ زۆرینە باڵكێشەكانی وڵاتانی پەیوەست (مەبەستیش لێرە بەتایبەتی توركیا و عێراق و ئێرانە). بەم پێیەش كە ئیسلام لە سیاسەت و كەلتوری ئەم دەوڵەتانەی ناوچەكەمان كۆتایی پێهات لە مامەڵەكردندا بە لایەنی كەمەوە- لەگەڵ كێشەی كەمایەتییەكان، لای گەلی كورد كۆتایی پێنەهات، كە فازڵ دەڵێت سەركردایەتییە تەقلیدییەكەی بارزانییەكان لەسەری دروست بووە. ڕاستە هەموو پارتە كوردییەكان، تا ئەمڕۆش، ناوو ناونیشانی ناسیۆنالی و چەپیان هەڵگرتووە، بەڵام كورد گەلێكی دیندارە و لە ئیسلامدا ڕەگی قووڵ داكوتاوە، كە بوونی كەلتوری بەتەواوی لەسەر دامەزراوە. لێرەوە، ئەو قەناعەتەی كە دەڵێت پێویستە گەلی كورد، لەیەك دەوڵەتی قەومی كۆ بكرێتەوە دوواكەوت، لەگەڵ ئەوەی دوو دەوڵەتی كوردی بۆ ماوەیەكی كەم لەمێژووی نوێدا دروست بوون، مەملەكەتی شێخ مەحمود لە عێراقی كوردیدا (1920-1924) و، كۆماری مهابادیش لە ئێران (1946). لەوانەیە ئەمە هەندێك لە كاروانی شەهید فازڵ خۆی، ڕوون بكاتەوە. ئەو لەهەڕەتی گەنجیەتیدا لە عێراق، چووە نێو ڕێكخراوو پارتانی چەپی عەرەبی نەك ڕیكخراوی بەجارێك كوردی. بەڵام كە ساڵی 1979 ناسیم، فازڵ وازی لەهەموو حیزبەكان هێنا بوو و، پێی وابوو كە ئەزموونی حیزبایەتی، وەك ئەزموونی قەومیەتی عەلمانی دابەشكەر و پەرتەوازكەر و ستەمكارییە. هەرچەندە بەهۆی ژیان لە ئوروپا، دژە بەرایەتی فازڵ كەمتر بوو بۆ هزری حیزبایەتی، بەڵام ئەو هەر موكوڕ بوو لەسەر جیاوازییە گونجاوەكان و، ئیشكردن بۆ كێشەكانی گەلی كورد و، ئوممەتی ئیسلام بەبێ چوارچێوەی حیزبی پەرتەوازكەر. فازڵیش شرۆڤەی خۆی هەبوو بۆ هۆكاری دواكەوتنی هزری گرێدانی دەوڵەت بە ناسیۆنالیی لەنێو كورد دا، ئەویش پەیوەستە بەهۆكاری ئیسلامی كە باسم كرد، بەڵام بەشێوازێكی دی. چونكە كەلتورێكی كوردی خاوەن سیمایەكی دیار، بوونی نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە لە ژینگەی فارسی و عەرەبییەوە هەبووە. لەبەر ئەوە ناسیۆنالی كوردی، وەختە خۆی كورت هەڵبێنێت، لە زمانێكی كەم دەرامەت لە ئەدەبدا. هەروەها كوردیش لەلایەنی جوگرافیەوە گەمارۆ دراون، لەلایەن چەند نەتەوەیەكی بەهێز و، وەك هەموو ناوچەكەش، كەوتوونەتە ژێر باری ململانێی نێو دەوڵەتی نێوان دوو زلهێزەكە. لێرەوە ئەگەر دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێت لەعێراق و ئێران و توركیا، ئەوا هەروەك خەباتی كورد لەم سەدەدا دووپاتی دەكاتەوە- دروستكراوێكی دەستی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت دەبێت، ئنجاش دەبێتە شوێنی دوژمنداری هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە. لەنێو ئەم ڕەوشە جوگرافییە و، واقیعە كەلتورییە و، ڕەوشی مێژووە، دەوڵەتێكی كوردی كارەساتێكی گەورەترە بۆ گەلی كورد لەم بارودۆخی دابەشبوونەی هەنووكە. لێرەدا، تا ساڵی 1987 من ئەو تێڕوانینانەی فازڵم خوێندنەوە، كە مەترەحی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دەكات لە چوارچێوەی وڵاتانی ئێستا، بەهیوای سوڵحێكی عەرەبی/ ئێرانی مێژوویی، ئاسۆ بكاتەوە بەڕووی كورد و ئەوانی دیكەدا، بۆ ژیانێكی ئاسایی لە مەودای كەلتورە ئیسلامییە سنگ فراوانەكەی خۆیان. بە قەدەر ئەوەی فازڵ زۆر خەمناك بوو بۆ ئەو دژواری و جەنجاڵی و لە بارچوونەی كورد لە ئێران، لەسەرەتای هەشتاكاندا، خەمناكیش بوو بۆ سەر نەگرتنی هەوڵەكانی "ئۆتۆنۆمی" لە عێراق. زۆر جار قسەی زۆر ڕەقم لە فازڵ گوێ لێدەبوو، دەربارەی سووكیی سەركردایەتی بزوتنەوەی كورد بەرامبەر بە ئێران و عێراق. ترسی هەرە گەورەشی لەهەموو شتێك زیاتر، لەوەبوو، پەرەسەندنی ململانێی نێوان عێراق و ئێران ببێتە هۆی ئەوەی دیسانەوە كورد وەك وەڕەقەی پاڵەپەستۆ بەكاربێت، لەڕێگەی لایەنگیریی حیزب و گروپە كوردیەكان بۆ تەرەفێك، لەژێر باری پەیمان پێدان بە دەوڵەتێكی كوردی. ئەمە تا ساڵی 1987 ڕای فازڵ بوو، كاتێك هەموو بزوتنەوە كوردییەكان بوونە لایەنگیری ئێران. چونكە مەسەلەكە لای فازڵ هەروابوو كە تەنگوچەڵەمە لەڕژێمەكان و قەوارە هەرێمییەكاندایە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەكەمان. فازڵ ساڵی 1987 بە گۆڕانكارییەكی ڕادیكاڵانە تێپەڕێ، لە ڕێچكەكانی بیركردنەوە لەكێشەی كورد، نەك هەر لەبەر ئەو ستەمەی دووچاری كورد هات لەعێراق و توركیادا، بەڵكو لەهەمان كاتدا لەبەر ڕیشە داكوتانی قەوارە هەرێمییەكان و، تەنگوچەڵەمەكانیان لە ڕەتكردنەوەی ئەوی دیكەدا. چونكە لۆژیكی قەوارەیی هەرێمی تەسك، بەهانەی ناسیۆنالی خۆی لەدەستدا، لەنێو شەڕە ململانێ و پڕبابوونانەی باوی نێوان قەوارە بانگهێشتكەرەكانی ناسیۆنالی. لەكاتێكدا خاوەنی بانگەوازی ئیسلامیی بۆ ڕەتبوون بەسەر ناسیۆنالیزمەوە، پڕاكتیزەی تاكتیكی وایان دەكرد، كە لەناوەڕۆكدا جیاواز نەبوو، لەپڕاكتیزەكردنی هەرێمچییەكانی دەوڵەتی قەومیی. لەم ساتەدا شەپۆلەكانی قەڵاچۆكراوان و برسییەكان و بریندارەكان، دەگەیشتنە توركیا و لەوێوە بۆ ئوروپاو ئەمریكا دەچوون. فازڵی جەرگ سووتاویش، وەك كەسانی دی، سەرقاڵی خزمەتكردنی پەناهێندەو بریندارەكان بوو لەنەمسا. بەردەوامیش بوو لەم كارە هەتا پیاو كوژان كوشتیان. دێوەزمەی كارەساتەكانی گەمارۆدەری جیهانی ئیسلام، لەم بیست ساڵەی دوایی، لەهەستی فازڵدا لا نەچوو، هەر لە لەتبوونی پاكستان بۆ دوو دەوڵەتی برسی هەڵپچڕاو، لەگەڵ جەنجاڵی ئەتنی و خێڵەكی و برسییەتی و، پەنابەری یەك لەسەر سێی گەلی ئەفغان بۆ پاكستان و بەردەوامبوونی هەرەس لەوڵاتەكەیان و، ئابڕوچوونی شەڕی نێوخۆی لوبنان و ئنجا هاتنی ئیسرائیل بۆ ناوی و، بەردەوامبوونی قەسابخانەكانی زایۆنیزم دژی گەلی فەڵەستین و، بڵاوبوونەوەی برسیەتی و تەڕاتێنی، لە ئەفریقیای ئیسلامی و، كارەساتەكانی جەنگی عێراق و ئێران، وای لە فازڵ كرد كە ئیتر كارەسات و توندوتیژی گەیشتە لوتكە، لەكاتێكدا كێشەی كورد زیاتر ئاڵوزتر دەبوو، گشت ئەلتەرناتیڤەكانی سیاسیی یەكیەتیی ڕاستەقینەی ئیسلامیی یان عەرەبیی وون بوو. ئا لەژێر ئەم باروزروفەدا، ئیتر مانەوە لەسەر دەستگرتن بە یەكیەتیی و ئیسلامەتیی لەبواری سیاسەتدا، لەكاتێكدا هیچ بەڵگەیەك یان ڕەوتێك لەئارادا نەبوو، وەك خەیاڵێكی سەركێشی جادووكەرانەبوو، كە كارەساتی گەلی كوردی زەق و ئاشكرا لەجیهاندا بەرگەی نەدەگرت. لەو ڕۆژەدا فازڵ زۆر بەتوڕەیی پێی گوتم: دەوڵەتی یەكگرتووی عەرەبی خۆتان دابمەزرێنن، ئەوكات ئێمە گەر دژتان وەستاینەوە ئێمە خائینین!!! ئەمەیان هەڵچوونێكی دەگمەنی چاوەڕوان نەكراو بوو لە فازڵ ڕەسول، ئەو كەسایەتییە نەرم و بەخشندەیە هێمنە، كە هەمیشە گیروگرفتەكان بە هەوڵێكی عاقڵانە چارەسەر دەكات. بەڵام ڕووداوەكانی ئەم دوو ساڵەی كۆتایی ژیانی، سیمایەكی خەم و پەژارەی هێمنی بەسەر ئەم كەسایەتییە خۆشەویستە تەنی بوو، خەم و پەژارەی ئەو كارەساتە مەزنەی كە گەمارۆی میللەتەكەی داوە و، خەم و پەژارەی لە دەست نەهاتنی چارەسەرییەك بۆ ئەم كارەساتانەی دەبارێنە سەر گەلی كورد. بۆیە كە سەرتای ساڵی 1989 لە كۆڕیكدا لە بەرلین فازڵم بینی، بە ڕێككەوت دوعاو نزایەكی پێغەمبەرم (د.خ) بۆ گێڕایەوە، فازڵ بە گرنگیپێدانەوە نووسیەوەو لەبەریكرد و، ڕۆژی دواتر، بۆ نوێژی عیشا لەمزگەوتێكی بەرلین فازڵ پێش نوێژی بۆمانكرد و لەقنوتی نوێژدا دوعاكەی خوێند ئێمەش لەدوایەوە بە ئامین گوتن: خودایە بەزەییت بێتەوە بەپیرە كڕنۆش بەرەكان، بە ئافرەتە ترساوەكان، بە مناڵە شیر خۆرەكان، بە لاوازە برسییەكان، كە ئازار و میحنەت بەسەریاندا ڕژاوە، بەنێو پێدەر و شاخ و دۆڵ گشتی گومڕاوە، هاواری تۆ دەكەن خودایە گیان چارەسەرێك!
بەڵام ئەو توڕەبوونەی فازڵ، كە پێشووتر باسمكرد، بەبێ بنەمایەكی فیكری نەبوو. ئەو دیسانەوە لە كتێبەكەی جەنگی عێراق/ ئێران و كێشەی كورد (هەرچەندە نوسراوێكی كۆنیشە بەهەرحاڵ!) دەگەڕێتەوە بۆ باسكردنی تێك نەكردنەوەی ئیسلام و قەومیەت لای ئێرانییەكان و عێراقییەكان و، ونبوونی گونجان لەناو عێراق و ئێران و، هەبوونی دەوڵەت و نەبوونی نەتەوە یان گەل لای هەردووكیان. فازڵ لەدۆزی كورد دا گەیشتە ئەو كۆتاییەی، كە دەبێت ئیعتراف بكەین بە زلهێزەكان و، قەوارەیەكی كوردی بەڕێوەیەو هەر دەبێت دداننانی یەكێتی سۆڤیەت بەدەست بێنێت. كەچی لە وتارێكیدا لەگۆڤاری ئەلحیوار كە سەرنوسەرایەتی كرد لەسەرەتای دەرچوونییەوە لەساڵی 1986، دیسانەوە دەگەڕێتەوە، باسی قەومیاتەكان دەكات كە دەستكردن و، نا تەواون لەڕۆژهەڵاتدا و، زلهێزەكان بەكاریان دێنن بۆ تەماعی و ململانێیەكانیان. ئا بەم شێوە، لەم دوو ساڵەی كۆتایی، لەژێر قوڕسایی ڕووداوەكان و گۆڕانكارییە خێراكان "لەنێو بزوتنەوەی نیشتیمانی كورد" (هەر وەك فازڵ پێی خۆشە بەكاری بێنێت لەهەموو كتێبەكانیدا)، لە نێو هەرێمە كوردییەكان لە ئێران و عێراق و توركیا و، كوردانی هەندەران، لێكترازانێك لەنێوان بونیادی فیكری و هەڵوێستی سیاسی فازڵ هاتەكایەوە. ئەم لێكترازانەش بۆ فازڵ دەخەملێندرێت نەك لەسەری، یان مەبەستیش لێرە تاوتووكردن نییە، بەڵكو خوێندنەوەی بزاوتی هزری و سیاسی گەنجێكە لەئێمە (لە ساڵی 1949 لە سلێمانی لە دایك بووە) (ڕاستیەكەی 1947- وەرگێڕ -) هەفتاكان و هەشتاكانی ئەم ناوچەیەی بۆ هات و بەسەریهات. ئنجا لەنێو ئەم تاریكاییەی خیوەتی بەسەرمان داكێشاوە، فازڵ كە هەڵوێستی سیاسی خۆی نەگۆڕیوە لەژیانیدا تەنها دووجار نەبێت، پیاوێكی زۆر سەقامگیر بوو. سەقامگیرییەكەشی شایەنی ئەو نازناوە نەدەبوو، گەر بهاتباو فازڵ دوورەپەرێز بووایە، لەكاریگەری ئەو كارەساتانەی دووچاری گەلەكەی بوون لەساڵی 1988 و 1989. كەچی گەر كەمێك لەمەسەلەكە بڕوانین، دەبینین شرۆڤەكانی فازڵ بۆ كێشەكان، لەسەرەتای هەشتاكاندا، متمانەیەكی پێدەكرا، هەرچەندە دڵنەوایی لەبواری ئەم كێشانە كەم بوو. چونكە ئەو وایدەبینی كەهەموو كەمایەتییە ئەتەنی وئایینی و زمانییەكان، لەبوژانەوەی ناوچەكە، وەكو زۆرینەكان كەڵك وەردەگرن، بەڵام لەكاتی تەنگوچەڵەمەو لاوازی و ململانێی ناوخۆ، زیاتر لەزۆرینەكان، زەرەر دەكەن. كاتێك "مركز دراسات الوحدە العربیە" كتێبێكی دەركردبوو بە ناونیشانی ("العرب و دول الجوار" عەرەب و وڵاتانی دراوسێ) باسی ئەسیوبیا و ئیسرائیل و توركیای لەیەك سیاقدا باس كردبوو، نیەگەرانی فازڵ بەڕوونی دیار بوو. ئەو لەمەدا تەنگوچەڵەمەی نەتەوەی عەرەبی دەخوێندەوە، كە خۆی نەتەوەی عەرەب- وادەبینێت گەمارۆدراوە تەنانەت لەلایەن گەلە مسوڵمانەكانەوە وەك تورك و ئێرانی. ئەو لەپێش من گوتی، ئەم شێوازە ململانێییەی لێكۆڵینەوە و دیراسەكردن، خزمەت بەدۆزە گەورەكانی نەتەوە ناكات، چونكە لەسەر بنەڕەتی هەنووكە مامەڵە دەكات و، پێشنیاری سیاسەتە ستراتیجیەكان بۆ بەرەنگار بوونەوە لەم سۆنگەوە (سۆنگەی هەنووكە وەرگێڕ) دەكات، كەچی ئەم مەسەلانە، وەك پەیوەندی نێوان نەتەوەكان و شارستانییەتەكان، پێویستە لەڕووی كارتێكردن و كارلێكردن و، لەمیانی پێشكەوتنی مێژوویی چەندین قۆناغی دوورودرێژ بفامێن و تێبگەیشترێن. واپێدەچێت ئەم تێڕوانینەی فازڵ وایلێكردبێت واز بێنێت لە "پەیڕەوی سیستەم" لە نووسینە سیاسییەكانیدا، بۆ "خوێندنەوەی مێژوویی" بۆ بنەماكانی ڕووداوو سیاسەتەكان. لەلێكۆڵینەوەكەی دەربارەی سیاسەتە سۆڤیەتییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت كە بەرهەمی مێژوویێكی درێژن لە ململانێیەكانی ناوچكەو لە هێلە گشتیەكاندا، كە وەرچەرخانی سوڕی قەیسەریەتی ڕوسی، هیچ گۆرانكاری بەسەر نەهات بەدەوڵەتێكی ماركسی لینینی.ئێستاش ئەم سیاسەتە كە لە هێلە كلاسیكییەكانیدا، بەهۆی جەنگی ساردی نێوان دوو زلهێزەكە، بۆر بووە، كەوتووەتە بەر شاڵاوی ڕەشەبای توند، وەك دەرەنجامێك بۆ پاشگەزبوونی هێواشی جەنگی ساردو، هاوپەیمانی ئەتڵەسی و وارسۆ. بێ گومان هەروەك دەڵێت- كە گۆڕانكاری دروست دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی سۆڤییەت لەڕۆژهەڵات، بەڵام لە مەودایەكی دووردا و، لەمیانی لەمپەرو تەگەری زۆردا. بەهەمان شێوە دەكرێت سەبارەت بە كاریگەری ئیسلام لە سیاسەتی ئێران و ناوچەكە، هەمان قسە بكرێت. ئێمە هەموومان هیوامان وابوو (هەروەك فازڵ لە كتێبەكەی دەربارەی جەنگی عێراق و ئێران باسی كردووە) كە ئەمە كاریگەری بخاتە سەر ڕێڕەوی شەڕەكە، بەو واتایەی كە ئێران لەدوای ئازادكردنی خاكەكەی، جەنگەكە بوەستێنێت، بەڵام ئەمە ڕووینەدا، هەروەك چۆن ئێران بەجددی هەوڵی نەدا خۆی لەجەنگەكە بپارێزێت. ئەمەش بووە هۆی ڕەشبینی سەبارەت بە كاریگەری ئیسلام لە سیاسەتی دەرەوە و ستراتیجییە گشتییەكان. بەڵام پێویستە ئەم شتانە بۆ وادەو پایانێكی دوورودرێژ سەیر بكرێت، نەك لە وادەو پایانی دە ساڵ. چونكە سیاسەتە ستراتیجییەكان، لە سەر بەرژەوەندییە گشتییەكان دامەزراوە، ناكرێت بە ئاسانی كۆدەتای بەسەر بكرێت.
كاروانی هزری فازڵ ڕەسول، كە لەسەر باوەڕییەكی قووڵ بە ئیسلام و ڕۆڵی مێژوویی و سیاسی لەناوچەكەمان و لەنێو گەلی كورد، دامەزرابوو، پرسیاری قووڵ و سەرساممان لا دەوروژێنێت، هەروەك دۆخی خۆی لەم دوو ساڵەی دواییە. چونكە پێشتر كۆتایی بزوتنەوەی ناسیۆنالی عەرەبی ڕاگەیەندراو، تیۆریزەی زۆریش بۆ ئەمە كراو، چاوەڕوانییەكی زۆریش لای ئێمە و لای خوێندەڤانانی ڕۆژئاوایی دەربارەی ئیسلامی سیاسیی سەریهەڵداو، كرا. كەچی ئەو پەرتەوازەیی و كلكبوونییەی كە بزوتنەوەی ناسیۆنالی باڵەكانی تێدا شكا، چارەسەری ئیسلامی و بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكان، دادێكی ئەوتۆی نەدا. بەڵكە وەختە مەسەلەكە بەپێچەوانە بێت، كە ئیسلامی سیاسیی هێواش هێواش خەریكە دەبێتەوە بەشێك، لەپەرتەوازەیی و كلكبوونیی. بەڵام فازڵ هەتا كۆتایی ژیانی هیوای فراوانی بە ئیسلامی سیاسیی هەبوو، وەك زۆربەمان، بەوپێیەی ئەم دەرهاوێشتەیە بەكاتێكی دوورودرێژ بە ئەنجام دەگات. هێشتاش هەل و فرسەت لە ئارادا ماون. كەچی تابلۆی نیشتیمانی عەرەب و، جیهانی ئیسلام، پاش بیست ساڵێك لە خەباتی ئیسلامی سیاسیی هەروەك خۆیەتی و، بگرە بەسەر ئەمەشەوە درزە كۆمەڵایەتییە ناوەكییەكان و، زیاتر بە كلكبوون بۆ ڕۆژئاوا هاتووەتە سەری. ئنجا چۆن دەبێت ئەوانەی لە حەزو ئارەزو و هیوادا لەنێوەندی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵماندا بەشدارنین، ئینكاری ئەو مافەیان لێبكەین، كە نیگەران نەبن لەسەر هەمان چارەنووس و، مافی هەڵوەدابوونیان بۆ "بەرژەوەندییە كاتیی و تایبەتییەكان"؟! بەواتایەكی دی: چۆن داوا لە گەلی كورد بكەین بۆ نمونە كە ڕازیبێت بە سڕینەوەی خۆی، بە بەهانەی ئەوەی كە ئێمەش هەمان ئازارمان هەیە، ئیتر گوایە پێویستە خۆمان بپارێزین لەپەرتەوازەیی و درز لەم قەوارە هەنووكەییانە، بۆ ئەوەی هەرسهێنان لەسنورێك یان سنور بەندانێك بوەستێت؟!! بزوتنەوەی ناسیۆنالیی نەیتوانی تەنانەت لەرزەیەكیش بە چەمكی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات" كە شوناسی ناوچەكەمان دەسڕێتەوە و، مكوڕە لەسەر پاراستنی ئەو ڕەوشەی كە ڕۆژئاوا لەپاش جەنگی یەكەم دروستی كردو، سیستمی "یاڵتا"ش شەرعیەتی پێ بەخشی. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانی، كاریگەری ئیسلامی سیاسیی گەیشتە لوتكە. بەڵام هێشتا "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەك خۆی ماوە. ئێمەی عەرەبیش خۆمان هیلاك كردووە لەچەند ململانێیەكی ناوەوەی خوێنبەرداندا، جارێك بەهەنجەتی پاككردنەوەی وڵاتەكانمان لە كاریگەرییەكانی ڕۆژئاوای سیاسیی و كەلتوریی، جارێكیش بە بەهانەی قەدەغەكردنی چەند گروپێك و كەمایەتییەك، لەخۆ بەدەستەوەدان بە فرت وفێڵەكانی ڕۆژئاواو ئیسرائیل. گەلێكی وەك كوردو، مەسیحییە عەرەبەكانیش، هەرگیز لای ئێمە ئۆخەیان نەكرد، نە لەقۆناغی ناسیۆنالی و، نە لەم قۆناغە بۆرەشدا، كە هەندێك جار بەرگی ناسیۆنالی دەكاتە بەرو هەندێك جاریش خۆی بە پۆشاكی ئیسلام دادەپۆشێت و هەمیشەش لە كلكبوون و قۆچقۆچانێ و هەرێمچییەتی تێكدەر خۆی دەدۆزێتەوە.
فازڵ ڕەسول ساڵی 1977، ئەزمونی حیزبایەتی تەڵاق داو، تا ڕۆژی شەهیدبوونی بۆی نەگەڕایەوە. فازڵ بە سیاسەت و هزر لەهەشتاكاندا گەورە بوو، هەتا وای لێهات بزوتنەوە كوردییەكان و چەند بزوتنەوە ئیسلامییەكانی ئوروپا فازڵیان بە لەسەرووی حیزبەكان و ململانێیەكان دانا. گۆڤاری ئەلحیواریش كە لە ساڵی 1986 دەریكرد، بووە مەودایەكی "سنگ فراوان" بۆ ئیسلامییە متەنەورەكان (وەك خۆی بە سوعبەت دەیگوت!) و ناسیۆنالیستەكانیش لەنیشتیمانی عەرەبیدا، ئەوانەی بەڕووی ئیسلامدا كرابوونەوە. لەم دوو ساڵەی دوایی، هەر كەتەلەفۆنم بۆی دەكرد، ئەوا دەگەڕێمەوە بەیروت، گەر بیەوێت شتێك بنێرێت، دووبارە بەگۆیمدا دەیچرپاند: بەخوا ئێرەییم پێت دێت بۆ بەیروت، وێڕای جەنگ و ماڵوێرانی! خۆزگە دەمتوانی تەنیا بۆ هەفتەیەكیش بێت بۆ بەغدا بگەڕێمەوە!
بەڵام فازڵی كۆچكردوو، بۆی نەنووسرابوو بەغدا ببینێت و بە گوللەی تاوانباران، لە ئیوارەی 13/7/1989، لە ڤییەننادا شەهید بوو. كوژرانێك ئەو چاوەڕێی نەدەكرد لە تاراوگە دوورەكەی، ئێمەش ئەوەمان بۆی چاوەڕێ نەدەكرد!

(*) ڕزوان ئەلسەیید یەكێكە لە بەرزترین و ناودارترین هزرڤانانی لوبنان و عەرەب. ئەم وتارە لە گۆڤاری وەرزی (منبر الحوار) ژمارە 14ی هاوینی ساڵی 1989 بە عەرەبی بڵاو بووەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە