کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قسەیەك بۆ ئەوانەی لە كوردستانپۆستدا دەنووسن و ئەوانەی، که‌ وازیشیان هێناوه‌

Friday, 15/01/2010, 12:00


زۆربەمان، ئەوانەی نووسین بڵاو دەكەینەوە لێرەو لەوێ، بە تایبەتی لە كوردستانپۆست، دژی گەندەڵیی و كاری قێزەون، هەست و نەستمان دەردەبڕین. زۆری نووسین و سایت و كەناڵی ڕاگەیاندن فەوزایەكی گەورەی هێناوەتە كایەوە. دیارە وەك زۆربەی مەسەلەكانی ژیانیش، پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا دوو جەمسەری خێر و شەڕی تێدایه‌ لە كاتی نووسیندا گرنگە ئەوە بزانین، كاتێ ئێمە دەربارەی شتێك دەنوسین مەعسوم و بێ گوناە نین، تا وەك حاكمێكی موتڵەق تۆمەت و پەلار بگرین و دژی ئەم و ئەو تۆمه‌ت ببەخشینەوە.
یەكێك لە بنەما جوانەكانی ئیسلام ئەوەیە مرۆڤ دەبێ زیاتر بە گوناە و هەڵەی خۆیەوە سه‌رقاڵ بێ، نەك هی خەڵك. ئەم مەسەلەش ئەوە نییە مرۆڤ بەرەوە گۆشەگیریی ببات، بەڵكو لە قوڵاییدا ئاماژەیە بۆ كۆمەڵگایەكی بەختەوەر بە مه‌رجی کارکردن بۆ ڕەوشتبەرزی و چاكەكاری تاكەكانی کۆمه‌ڵگا. واتە گەر تاكەكان چاك و خاوێن بن، ڕاستەوخۆ ئەم گەلە و تاكەكانیشی بەختەوەر دەبن. یەكێكیش لەو بنەماو هۆكارانەی وا لە كەسێك دەكا بەرەو چاككبوون بڕوا خۆ خەریك كردنە بە خود و بەگوناە و لاری و خراپەی خودی خۆمان، خۆ دوور گرتن لە عەیب و عاری ئەویتر (هەر كەسێ).
بێگومان ئەو كەسانەی لە ئاستی دەسەڵاتن و كاری گشتیان بە دەستە، مامەڵەكردن لە گەڵیانا چەندین بنەماو ڕێ و مێتۆدی هەیە، هەر لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی تا دەگاتە ڕیسواكردن و بەرەنگاربوونەوەی چەكداریش.
بەڵام گشتگیری كردن كارێكی نا تەندروستە. بۆ نمونە هاوێشتنی پەلاری گەندەڵی بەرەو هەركەسێ لە گەڵ یەكێتی و پارتی كار بكا، ئیحتمالی هەڵەی زۆر زیاترە وەك ڕاستی. زۆر كەس هەیە لە ئاستی نوسەر، فەرمانبەر و ...هتد لە نێو دام و دەزگای دەسەڵات كار دەكەن و، گەندەڵ نین و دژی كاری خراپن و جەرگ سۆزن بۆ چاكسازی. بەڵام لەوانەیە بێ دەسەڵات بن.
ئەم قسەیە دەكەم چونكە لەم چەند ساڵەی دوایی، چەندین ڕۆشنبیر دژی دەسەڵات و گەندەڵی نوسینیان بڵاو كردەوە و دواتریش لە نێو خودی ئەم دەسەڵاتە جێگایان كرایەوە. ئێمە پێویستە لێرەدا ئاگادار بین پەلار نەهاوێژین بۆ هەر كەسێ چووبێتەوە نێو یەكێك لەم پارت و گرووپانە. پێویستە چاوەڕێی ئەنجام و ئاكامەكانیان بین بزانین تا چەند دەتوانن كاری چاكە بكەن و چاكسازی بەرپا بكەن.
خۆ ناكرێ هەتا ڕۆژی قیامەت هەر لە دەرەوەی وڵات، وتار دژی ئەم و ئەو بنوسین و، یەك هەنگاو بە شێوازێكی كردارانە هەوڵی چاكەكاری نەدەین. تەنها بە وتار نوسین و قسەكردن لە سەر گەندەڵی بار و زروفی كوردستان چاك نابێ. گرنگە بزانین، زۆر هەڵەیە گَەر كەسێك لە گەڵ بیر و بۆچوونی تۆ نەبێ و لە گەڵ تۆ نەمێنێتەوە واتە گەندەڵە!
لە لایەكی ترەوە، بە گشتی، زۆر خۆ خەریككردن بە خەڵكی وێڕای خۆ عەفو كردنە لە لێپێچینەوە و بەخۆدا چوونەوە، هەروەها ڕاهێنانێكی خراپیشە لە ئاستی ڕەوشت و ڕەفتار كە كاریگەریەكانی لە سەر دەروونی مرۆڤ نەگێتیڤانە خۆیان هەڵدەنێن، تا وا لە تووش بووی ئەم دەردە دەكات، سنوورەكانی خۆشی و ناخۆشی و چاك و خراپ و سەرفرازی و نزمی تێكەڵ بكا. مرۆڤ بە هۆی كەوتنە ناو هەوەس و شەهوەتبازی وەك غەیبەت و بوغز و كین بەخشینەوە و كات بە فیڕۆ دان توشی دڵ ڕەقی دەبێ و دڵ ڕەقیش نەخۆشیەكی هەرە ترسناك و كوشندەی نێو كۆمەڵگایە.
تا دوێنێ ئەم نوسەر و ئەو نوسەر لە گەڵ كوردستانپۆست بوونە و نوسین و بیرو بۆچوونی خۆیان پەخش كردووە، ئەمڕۆ شوێنێكی تریان هەڵبژاردووە، ئێمە دەبێ ڕێز لە ویستیان بگرین و چاوەڕێی ئەنجامی باشیان لێبكەین بۆ بەرەو پێشبردنی ڕەوشی كوردستان. ئەو هەڵمەتەی دژی هەر نوسەرێك كرابێ كە كاتی خۆی لە كوردستانپۆست بووە و ئێستا بۆ شوێنێكی تر ڕۆیشتووە و، تاوانبار كراوە بەوەی سیخوڕی نووستوو بووە كارێكی نا ڕەوایە. چونكە هەر كەسێ تۆمەتی سیخوڕی بداتە پاڵ كەسێكی دیاری كراو پێویستە بەڵگە بخاتە پێش نەك بوغز و كین ببەخشێتەوە. ڕێزگرتن و ئارامی و حیكمەت بە كار هێنان بەرزترین و چاكترین ڕەوشتە بۆ چاكسازی و هەبوونی كاریگەری بە سەر ئەوانی ترەوە. گەر یەكێك دژی گەندەڵی بێ پێویستە بە ئاسانی نەكەوێتە داوی عاتیفە و یەكسەر دەست بكا بە بەخشینەوەی تۆمەت و تانە دژ بە كەسێك، تا دوێنێ لە گەڵ كوردستانپۆست بووە و ئێستا وای پێ باشە لە شوێنێكی تر خزمەت بكا. ئێمە پێویستە هیوای سەركەوتنی بۆ بخوازین و گەر ئەویش بۆ هەر هۆكارێك ڕەخنە و توانجی ئاراستەی كوردستانپۆست كردبێت باشترین مامەڵە لەم ڕەوشەدا عەقڵانیەت و بەخشین و ئارام بوونە، چونكە كاتیش بەشێكە لە چارەسەری. گرنگ ئەوەیە ئێمە لە هەر شوێنێك بین لە سەر حیسابی خەڵك نەكەوینە نێو شەهوەتبازی و بەكارهێنانی سامانی گشتی بۆ مەرامی تایبەتی. بەخشینی هەڵەی مرۆڤی توڕە بووش مەزنی و هێزداریە. هەڵەش بە هەڵە چارەسەر نابێ. گرنگیش ئەنجامە لەم مەیدانەدا.
زەمینەی پتەویش بۆ خۆ پاراستن لە كەوتنە نێو گەندەڵی خۆ پاراستنە لە شەهوەتبازی حەرام وەك: حەزكردن بە قسەی زۆر، غەیبەتكردن، تانەو تەشەر هاوێشتن، پەلار لێدان، حەسودی، چاو بڕینە پارەو پولی گشتی و حەزكردن بە سەرفكردنی بۆ خۆ. لە بەر ئەوە چاكترین قسە ئێمە ئاراستەی ئەو برادەرە نوسەرانە بكەین كە ئێستا وا پێیان باشە لە نێو دەسەڵات كار بكەن ئەمەیە: تكایە دەستتان پاك ڕابگرن و كەڵك لە ئەزموونی كەسانی پێش خۆتان وەربگرن و بە زەییتان بە گەلی خۆتاندا بێتەوە و كاری چاكە زۆر بكەن و ئێمەش هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. پێویستە كۆمەڵێك مرۆڤیش بەخشنەدە تر بن لە تاقە نەفەرێك یان دووان. بۆیە زۆر هێرشكردنە سەر كەسێك لە لایەن چەند كەسێكەوە وێڕای نا عەدالەتی، ئازار بەخشینەوەیەكی دوو جەمسەرە و كەڵكێك بە كەس نا بەخشێ. بۆ هەر كەسێكیش حەز بەوە دەكا لە نێو پارتی و یەكێتی كار بكا، باشتر وایە خۆی بە كاری جەوهەری و كەڵكدارەوە مەشغول بكا و واز لە توانج و پلار و بینەو بگرە و بەردە بهێنێ.
پێویستە هەریەكێكمان لە لای خۆی هەوڵی چاكسازی بدات، یەكەم جار لە خۆمانەوە ئنجا لە نزیكترین كەسمان ئنجا بەم شێوە تا دەگاتە بازنەی گشتی كە هەموومان لە سەنتەری گەلێكی خاوێن كۆ دەكاتەوە. گەر وا كار بكەین زوو هەنگاو دەنێین بەرەوە ئاسوودەیی و بەختەوەری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە