کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خاوەن بڕوانامه‌كانی ئه‌وروپا لە ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان

Tuesday, 23/02/2010, 12:00


لە ساڵانی پێشوودا، بە تایبەت پێش ڕاپەڕین، ئنجا لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، هیوایەكی گەورەمان بەو ئەكادیمیانە و خاوەن شەهادانە هەبوو، كە لە ئەمریكا و ئوروپا، پلەی بەرزیان بەدەست هێنابوو. لە ناخی خۆمان دەمانگوت: ڕاستە ئێمە بە هۆی زوڵم و ستەمی دوژمنان دواكەوتووین، بەڵام شوكر بۆ خوا، هەندێك كوردی جەرگسۆز لە هەندەران بوونەتە خاوەن پلەو پایەی زانستی و لە دوا ڕۆژ خزمەتی كورد دەكەن. ئێمە ئەو كات ئاگامان لە بەزم و ڕەزمی خوێندنی ڕۆژئاوا نەبوو. ناو و ناتۆرەی زلی دكتۆر و پڕۆفیسۆر و...هتد، ئێمەی لە خشتە بردبوو. كەسمان پلەو پایەی زانستی ئەم خاوەن بڕوانامانەی لە تەرازوو نەكێشابوو. بەڵام بە هۆی كۆچكردن لەم بیست ساڵەی دوایی بۆ هەندەران و لە نزیكەوە سەرنجدانی باری خوێندن و شەهادە، بۆمان دەركەوت كە بەشێكی زۆر لەم بەناو دكتۆر پڕۆفیسۆرانە زۆر گەندەڵترن، لە بەناو سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان. هەندێك لەم بەرێزانە بە چەند ساڵێكی كەم بە هۆی چەند كۆڕسێكی ئێكسپرێس لە چەشنی خواردنی خێرا fast food بوون بە خاوەن بڕوانەمەیەك لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، گەر بە فەرمانبەرێكی ئاسایی كاریان بدەنێ، ئەگەرنا ئەو كارەیان پێناسپێردرێ لە قەبارەی بڕوانامەكانیان بێ.
ئەم بەڕێزانە ئەم كۆڕسە ئێكسپرێسانەیان بە كاتێكی خێرا ئەنجامدا. پلانیان بۆ كوردستان كێشابوو بگەڕێنەوە. بە ناو و نازناوە بریقەدارە بەناو ئەكادیمیەكانیان، دەمیان بگاتە گەندەڵی و پلە و پایەیان چنگ كەوێ. پلانەكەش سەری گرت و زۆربەیان خاوەن وەزیفە و ئیمتیازاتی زۆر بەرزن: پلەوپایە، موچەی بەرز، خانوو، سەیارەی گران بەها و ...هتد!

سەیرە، ژمارەیەكی زۆر لەم گەندەڵە بەناو ئەكادیمیانە خزاونەتە ناو كوردستان و تەڕاتێنیانە. بڕوانامەی پزیشكی هێناوە و خەستەخانەكانی كوردستان پیسترین شوێنن و دەرمانەكان ئێكسپایەرن و كورد بۆ چارەسەری دەچێتە وڵاتانی دراوسێ. بڕوانامەی فكر و فەلسەفەی هێناوە و نازناوی ئەكادیمیامان پێ دەفرۆشێ و یەك كاری فیكری، فەلسەفی پێشكەش نەكردووە. شەهادەی سیاسەتی هێناوە و تا ئێستا نە محازەرەیەك، نە سیمینارێكی پێشكەشكردووە باس لە سیاسەتی نێو دەوڵەتی بكا، دوو كەسی شارەزا بڵێن: ئەشهەدووبیللا ستراتیژ زانەو پسپۆرە لە سیاسەت. بازاڕی شەهادەی وڵاتانی غەربی گەرمە لە كوردستان و، هێنانی بێگانە بۆ كوردستان بۆ وانە گوتنەوە بە پارەی خەیاڵی گڤەی دێ! بەسەر هەموو ئەمەشەوە، كوردستان هەر لە پاشەكشە و دواكەوتن و ماڵوێرانیە. بە داخەوە كەسایەتی مرۆڤی كورد لە باشوری كوردستان زۆر قوڵ توشی ڤایرۆس و شكست و گەندەڵی ڕۆحی هاتووە، پێویستمان بە خۆ دروستكردنەوەیەكی نوێ و هیوایەكی نوێ و ئاسۆیەكی نوێ هەیە. سەیرە، مرۆڤێك لاف و گەزافی ئەكادیمیا و بڕوانامەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لێبدا، ئنجا بچێتەوە بە سەر پشتی هەژاران و لێقەوماوان و ئەنفال و هەتیو، دەمی بە پارەی دزیو چەور بكا و خۆشگوزەرانیەكی خەیاڵی بەرپا بكا، كە بە پەنجا ساڵ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستی ناكەوێ! ئەكادیمیێكی ڕاست، خاوەن بڕوانامەیەكی دروست و ڕاستەقینەی ڕۆژئاوا، قەت ناچێ لە نێو لیستێكی گەندەڵ و دز و جەللاد خۆی بپالێوێ بو پلەو پایە، لە كاتێكدا لە ڕۆژئاوا بینیویەتی چۆن سیاسەت و ئابوری بە شەفافترین شێوە بە ڕێوە دەچێ؟
ئەمەیە ئەكادیمستی نوێی كوردی ڕۆئاوایی ئێكسپرێس!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە