بەیاننامەی دووەم میللەت ئەیدات وەڵامدانەوەیەك بۆ ڕێزدار (ئازاد فایەق محەمەد)
Saturday, 12/02/2011, 12:00
لە مێژووی پر نا سەروەری ئەم میللەتە بێ ئەزموونی سیاسی و بێ رۆشنبیری شۆڕشگێری و بە درێژایی ئەو دەیان ساڵەی حوكمی حزبی بنەماڵە و رۆژانی پڕ شەرمەزاری جەنگی براكوژی ، كە كەس لە جەنگاوەرەكان نەیاندەزانی بۆچی شەڕ دەكەن و بۆچی هاونیشتیمانی خۆیان دەكوژن و چ ئایندەیەك چاوەڕێیان دەكات .
میللەتی كورد زیاتر لە دەیە و نیوێكه دابەش كرا بە سەر دوو هەرێمی زەرد و سەوز ، ژیانی خەڵك و چارەنووسی مناڵانی كورد و تەنانەت زمان و ڕێزمانیش دابەشی ئەم دوو زیندانییە گەورەی كوردستان بوون (هەرێمی زەردستان و سەوزستان) ، تا رۆژێك هات لە خۆئامادەكرنی ئەم میللەت بۆ دوایین هەڵبژاردنی كوردستانی باشوور ، تروسكەیك وردە وردە لە دەركەوتندا بوو ، هەرچەندە نیللی ڕەنگ بوو بەڵام تۆزقاڵێ رووناكی بەخشییە ئاسوی تاریكی كوردستان .
كاكە ئازاد، پێش هەموو شتێك من نە هەوادار و نە هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانم . وە تا ئەم ساتە هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆم نییە بە گردەكەوە ، بەڵام لە ڕۆژی یەكەمی دروستبوونییەوە من چاودێرییان ئەكەم لە دوورەوە ،دەیە و نیوێك یەكگرتووی ئیسلامی بە لەشكرە پڕ ئەندامەكانی نەیتوانی تاكە مەوقفێكی سیاسی هەستپێكراو بنێت لە مانای بە ئۆپۆزسیۆنبوون، لە كاتێك زاخۆ و دهۆك بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دەرهێنا ، تا هێرشە بەناوبانگەكەی پارتی بۆ سەر بارهگای ئەو حیزبە كۆتایی پێهات و ئەندامی سەركردایەتیان لە دەست دا چوونە قۆناخی كڕبوون.
پێش دوو ساڵ دەنگی ناڕەزایی میللەتی دیفۆڕمكرا و لە قاڵبی بزوتنەوەیەك هاتە مەیدانی ململانێی سیاسی، ئەو هەوڵانەش كۆردستاپۆستی ئازیز و ستافە پێشمەرگەكانیشی زووتر كاریان لە سەر كۆكردنەوەی دەنگی ناڕەزاییان ئەكرد و پێشەنكەی یەكەم بوون، پێش دوو ساڵ جگە لە پرتەو بۆڵەی تاكی كوردی لە كوچەو كۆڵان و چاخانەی شەعب زیاتر نەبوو ، خەڵك بێزار بوو ، خەڵك بێ هیوا بوو ، بەڵام بۆ بێزاربوو و بۆ بێ هیوا بوو؟ كەس نەیدەزانی ! كەس نەبوو ئەم بێزارییانە كۆ بكاتەوە لە چوارچێوەیەكی رێكخراو و بە بەردەوامی فیدەرێك بۆ ئەم پەنگخواردنەوەیە دروستبكات ، بەڵام بەڕێزم بۆڵە شۆڕش درووستناكات.
ئەوەی ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان كاری لە سەر ئەكات (لەگەڵ هەموو تێبینیەكانم لە سەر كەم و كوری بزوتنەوەی گۆڕان كە هەیەتی) هەمان بەرنامەی كوردستانپۆستی خۆشەوەیستە ، كە خۆی لە دوو تەوەر ئەبینێت:
یەكەم : بەخێوكردن و پەروەدەكردنی ناڕەزایی خەڵك .
دووهەم : راماڵینی پەردە لەسەر شەرمەزارییەكانی هەردوو حزبی بنەماڵە یان بەدەستەواژە جوانەكەی كوردستان پۆستمان ، مافیای كوردی .
كاكە ئازاد ، بەڕێزم ، ئەوەی هەیە لە كوردستان و توانای ڕوبەڕووبونەوەی مافیای كوردی هەبێت بزوتنەوەی گۆڕانە ، بە تەواوی ئەو كەسە ناپاكانەی كە تا ئێستا لە گردەكە جێگایان بۆتەوە ، ئەوەی كەس لە هەردوو پاڵی مافیای كوردی ناتوانێت كوردایەتی و ...... و ..... پێ بفڕۆشێتەوە گۆڕانە ، ئەوەی میللەت بە ئاشكرا و نهێنی پشتگیری تەواوی بەرنامەكەی ئەكات گۆڕانە . بەڵێ كەموكورتی هەیە ، هەڵەی سیاسیان هەیە كە باجی هەڵەكانی خۆیاندایەوە لە هەولێر و كەركوك و گەرمیان . راستە بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێكی سیاسی بەهێز سنووری شاری سلێمانی تێنەپەڕاندووە ، بەڵام با بیرمان نەچێت شاری سلێمانی و خەڵكی سلێمانی ، دروستكەری كام لەم حزبانەی ئەمرۆی كوردستان و شۆڕشەكانی دوێنێی كوردستان بوون.
جا بۆیە هیواییەكم هەیە كە لەبڕی دژایەتی كردنی گۆڕان بە مەبەست و بێ مەبەست ، هەنگاوەكانمان بەرەو شكاندنی تەوقی كۆیلایەتی دوادەخات ، مافیای كوردی بەهێز ئەكات ، رەخنەكانمان با بونیادنەر بن و چارەنووسی میللەتمان لە بەرچاو بێت ، كاتێك كە ئەبینە چاودێر پێویستە بەیەك چاو سەیری ڕووداو لایەنەكان نەكەین و رەخنە كە گیرا ، پێویست بەوەش ئەكات دەستخۆشیش لەبەر چاو بگیرێت ، سڕینەوەی هەر لایەنێك پێویستی ئانی و ساتی ئەلتەرناتیڤ ئەكات ، نەك رەخنە تەنها میزاجی كەسی بەڕێوەی ببات .
لەگەڵ خۆشەویستی بێپایانم بۆ جەنابت و ستافی كوردستان پۆست
12 / 2 / 2011 كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست