رونكردنەوەیەك لە مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانى كوردستانەوە

Wednesday, 08/09/2010, 12:00


هەرچەندە تائێستا بڕیارى دادگاى پیاچونەوە (محكمە التمیز) بەئێمە نەگەیشتوە، بەڵام بڕیارەكەمان لە سایتەكان وەرگرت كە دەركەوت دادگاى ناوبراو ناوى (حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان) بەقازانجى باڵى جیابوەوە یەكلایی كردۆتەوە، بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنى دادگاوە دەرچووە بەبێ ئەوەى تەنانەت مافى وردبینى پیاچونەوەش بۆ ئێمە بهێڵێتەوە، دیارە ئەوبڕیارەى دادگا بۆئێمە شتێكى چاوەڕوان كراو بوو، چونكە وەك هەموولایەك دەزانن تائێستە لەكوردستاندا یاسا وەك پێویست سەروەر نییەو دادگاكانیش بەتەواوى سەربەخۆ نین، بەڵكو لەژێر هەژموون و دەستێوەردانى حزبی دان، هەروەك ماوەیەكیشە وەك دەبینین هەندێ ناوەندى دەسەڵات بۆ بەرتەسككردنەوەى هەڵسوراوانى سیاسی و كارى حزبی و ئازادى سیاسی و ڕۆژنامەگەرى لە كوردستان پەنا بۆ یاساو بڕیارى ئەو دادگایانە دەبەن، ئەمە جگە لەوەى پێشئەوەى بڕیارى دادگاش بەم شێوە دژ بەئێمە دەربچێ خۆ ساڵ و نیوێكە بەبێ ئەو بڕیارەو بەشێوەیەكى نایاسایی بودجەو ناوى حزبەكە وەك پاداشتێك بۆ كارەكەیان هەر دراوە بەو باڵەى كەلەحزبیان جیاكردۆتەوە،.
حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان بەشایەتى هەمووخەڵكى كوردستان و لایەنەسیاسیەكان مێژوویەكى درێژو پڕشانازى لەخەبات و تێكۆشاندا هەیە كەئەمەش لەبەشداریكردنى هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى نوێى گەلەكەمان تا ڕۆژى ئیمڕۆ دەگەرێتەوە، بۆیە پێمان وانیە ئەو خەبات و مێژووە درێژەى حزب و سەركردەكانى ئەویش بودجەو هەندێ ئیمتیازى شەخسی بێ كە هەندێ نێوەندى دەسەڵات بەخەڵكە گوێڕایەڵەكانى خۆى دەبەخشێ، دیارە لەڕابردوشدا ئەم جۆرە هەوڵەى ئێستە دراوە كە ئەلتەرناتیفێكى پاشكۆو دەستەمۆ لەبەرامبەر زەحمەتكێشان دروستبكرێت بەڵام حزبی سیاسی زەرورەتێكى مێژوویی و بابەتى و خودى بە ئامانجى پێشكەوتنى كۆمەڵگا دروستیدەكات، دەسەڵات قوتى ناكاتەوە،
ئێمە هەرچەندە تائێستە بەڕەسمى لەو بڕیارەى دادگاى پێاچونەوە ئاگادار نەكراوینەتەوەو هەڵوێستى خۆمان لە بەرامبەریدا ڕانەگەیاندووە ، بەڵام لێرەدا بۆ كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان و سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانى كوردستان و كادیرو پێشمەرگەو دۆست و لایەنگرە دڵسۆزو هەمیشە خۆڕاگرەكانى حزب دوپات دەكەینەوە كە وەك هەمیشە پێی ناسراوین لەسەر خەبات و تێكۆشان و هەڵوێستى سیاسی و سەربەخۆكانى خۆمان لەگۆڕەپانەكەدا بەردەوام دەبین و ئەم فشارو گەلەكۆمەكیەى ئیستاش بە بەشێك لە ململانێیەكى ناتەندروستى بارودۆخەكە لەبەرچاو دەگرین، ئێمە پێمان وایە لەكوردستان ئەگەر ئیمڕۆ یاسا سەروەر بوایە و دادگاكان وەك پێویست سەربەخۆو دەست كراوە بوان، ئەوا كوردستان نوقمى ئەو هەموو گەندەڵی و ناعەدالەتیە نەدەبوو، هەروەك ئەو هەموو بەهەدەردانى سامانى وڵات و پێشێلكارى یاساو مافى مرۆڤ و دەستدرێژى كردنە سەر ئازادى ماڵ و موڵكى گشتى و هاوڵاتیان بەردەوام نەدەبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا باوەڕمان بەهێزە وە ئاسۆى گۆڕانكاریە نێوخۆو دەرەكیەكەش ڕوون دەبینین كە زوو یا درەنگ لەكوردستانیش یاسا سەروەردەبێ و هەموو یەك لەبەردەم یاسادا یەكسان دەبین و كەش و هەواى تەندروستیش نەك تەنها بۆ كارو هەڵسورانى حزبی ، بەڵكو بۆ هەموو بوارەكانى ترى ژیانى كوردەوارى دەرەخسێ و میلەتەكەمان ئەو بارودۆخە ناتەندروستەى ئێستە تێدەپەڕێنێت.

مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان
8/9/2010 /سلێمانى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە