کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستاى موعجیزە لە كۆبوونەوەكەى د. بەرهەمدا

Saturday, 20/06/2009, 12:00


هەڵبەت بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن بێت یان نا، كۆبوونەوەى حزب بە ئەندامەكانى خۆى شتێكى ئاساییە، لەم روانگەیەوە كۆبوونەوەى مامۆستایانى ناو زانكۆ لە لایەن ئەندامێكى سەركردایەتى یەكێتییەوە بە ئەندامەكانى خۆى جێگەى رەخەو باسكردن نییە، بەڵكو ئەوەى جێگەى تێڕامان و پرسیار كردنە ئەو خۆبچوكردنەوەى هەندێ لە مامۆستایان بوو، كە تا ئەو ساتە هەریەك لەوانەم بە فس فس پاڵەوان یان بلێین بە كەسایەتییەكى بەهێزم دەزانى، لەو ئێوارەیەدا بەشێوەیەك دەئەخافتن گەر لە رادیۆوە بوایەو لەناو هۆڵەكە سەرو سیمام نەبینایە لەگەڵ رێزى زۆرم بۆ خزمەتگوزار، وامدەزانى خزمەتگوزارن، ئەگەرچى هەندێ خزمەتگوزار هەیە عزەتى نفسى هەیەو تەنانەت چایەكیش بۆ مامستاوكردن بێت داینانێت.

با سەرەتا لە تەبیبێكى رێزدارەوە دەسپتێبكەین، هەزارجار بە داخەوە تەبیبێكو لەهەمانكات مامۆستایەكى زانكۆ ئەوەندە خۆى بە كەم بزانێت لەبەردەم دەیان مامۆستاى تردا هەروەك كەسێكى نەخوێندەوارو ماستاوچى بڵێت: خەڵك خوێنەكەى سورە من سەوزە...؟! بەمەشەوە نەوەستێت بڵێت من ئەندامى یەكێتى نیم بەڵام لەسەر بێشكە ئەندامى یەكێتى بووم، واتە كە شیرەخۆرە بووە ئەو یەكێك بووە لە پاریتیزانەكانى ناو یەكێتى، هەزارجار ئەسەف تەبیبێك لەبەردەم مایكێكدا ئەوەندە خۆى بشەڵەژێنێت و خۆى بە دڵسۆز بزانێت دێڕەكانى بە زۆر رەبت بكات، بەشێوەیەك بگاتە ئەوەى بڵێت زۆر عەیبە ئێمە لەم كۆبوونەوەیەدا باسى زەوى خانوو بكەین، با باسى پیاوەتى خۆمان بكەین، پاشان بەوپەڕى قارەمانێتییەوە بڵێت: با پرسیار لە جەنابى دكتۆر بەرهەم بكەین چى بكەین بۆ هەڵبژاردن..؟؟؟؟ّّ!!! بەڵام هەر ئەو دكتۆرە بەڕێزە بە گیرفانڕووتانەوەى نەخۆشى قوڕبەسەرو وەرگرتنى زەوىو....تاد، جگەلە كۆمپانیاو خانووەكانى سلێمانى، ڤێلایەكیشى لە دوكان هەبێت، ئیتر ئەم پاڵەوانە بۆچێتى نوێنەرى زانكۆ تەرحى كێشەكانى ئەو مامۆستایانە بكات كە بستێك زەویان نییە.

یەكێكى تر لە پاڵەوانەكان دەستى بەرزكردەوە قسە بكات، ئەویش نەیكردە نامەردى عەرزى عەزەڵاتى خۆى كردو ئیهانەى نوێنەرى مامۆستایانى كرد كە سەرەتا قسەكانى بە كێشەى مامۆستایان بوو، ئەمیش وتى با باسى دامەزرانەدنەوەى زانكۆ بكەین كە من یەكێك بووم لە پاڵەوانى دامەزراندنەوەى، بیستنى ئەو قسە سەیرو سەمەرەیە چەندى وەك منى توشى شۆك كرد، كابرایەك بە كۆڵێك بڕوانامەوە چ پێویستى بەو ماستاوكردن و خۆدەرخستنە هەیە، رەنگە ئەویش بەو سیاسەتى قسەكردنە چاوەڕێى ئافەرینێكى د.بەرهەم یان عەرزەیەكى ترى كردبێت.

ئەم دكتۆرە بەڕێزە ئەوێى بە شوێنى خستنەڕووى گرفتەكان نەئەزانى و پێیوابوو ئەم كۆبوونەوەیە هەلە تا لە دەستەنەچێت و باسى چالاكییەكانى خۆیان بكەن، منیش دەڵێم زۆر راستدەكەى تۆش لە ڤیلاكەى خۆتدا خەون بە ڤیلایەكى ترەوە دەبینى چ باكتە خەڵكى كێشەیان هەبێت یان نا، ئەمە ئەگەرچى تۆش كەسێكى هەرە موستەفیدەكانى ناو یەكێتى.

هەڵبەت مامۆستاى موعجیزە ئاسا لەو ئێوارە كۆبوونەوەیەدا زۆر بوو، هەروەك یەكێكى تر لەو دكتۆرانەى كە لەچاوتروكاندنێكدا ماستەرو دكتۆراى وەرگرت و خۆى بە فەیلەسوف دەزانێت، ئەمیش زۆر دڵسۆزانە قسەى كرد بەشێوەیەك من وامزانى هەموو كورد قەرزارى ئەوە، زۆر داماوانە ئەیوت نازانم مامۆستاى زانكۆ بۆ ناشكورى دەكات مانگى دوو ملیۆن وەردەگرێت، ئەم قسەیەى بۆ بەڕێز د. بەرهەم ئەوەندە دڵسۆزانە بوو خەریك بوو دەستى دەكرد بە گریان، پاشان هەروەك ئەوەى هەستا بێت و موشكیلەى وڵاتێك حل بكات، بەدەنگێكى زوڵاڵ وتى : ئیتر با ئەوەندە باسى پارەوپول نەكەین و بە دكتۆر بەرهەم بڵێین چى بكەین بۆ هەڵبژاردن..؟؟!! وەڵا زۆر سەیرە خۆى بە فەیلەسوف دەزانێ و كەچى نازانێت چى بكات بۆ هەڵبژاردن..؟؟!!

هەڵبەت ئەو ئێوارەیە پڕبوو لە نوكتەى مامۆستاى زانكۆ، كە ئەوەى وتمان نمونەى خەرمانێكە، تەنها لەو ئێوارەیەدا ئەوەى موعجیزە نەبوو لەنێو ئەوانەى هەستان و شەكریان شكاند نوێنەرى مامۆستایان و دوو خوێندكارى دكتۆراى گەنج بوون كە وەك كەسایەتیەكى خاوەن بڕوانامەو زانستخوازو بە هەڵوێست قسەیان كرد.

لێرەوە دەڵێم زانكۆیەك مامۆستاكانى بەم شێوەیە بئاخڤێت دەبێت سپێدەی فاتیحەى بۆ دابدەین....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە