مەكتەبى راگەیاندنى حزبى زەحمەتكێشانى سەربەخۆ كوردستان رایدەگەیەنێ كە : دەستگیركردنى ((هێمن كەریم)) لەسەر چالاكیەكەى دوێنێ نەبووە ، بەڵكو لە

Sunday, 19/09/2010, 12:00


ئێوارەى دوێنێ 18/9/2010 پۆلیسى سلێمانى بە بریارى دادوەر سەرنوسەرى گۆڤارى ((فشار))،((هێمن كەریم))ى لەبەردەم ئوتێل سلێمانى پاڵاسدا دەستگیركرد ، ئەم دەستگیركردنەى ناوبراو لە ئەنجامى سكاڵایەكى یاسایەوە هات كە ((ئەلەند))ى كورى هاورێ قادر عزیز سەرۆكى حزبى زەحمەتكێشانى سەربەخۆى كوردستان ، چەند مانگێك لەمەوبەر و لەسەر تەشهیركردنى گۆڤارى فشار بە هاورێ قادر عزیز و ئەلەند ى كورى تۆمارى كردبوو .
لێرەدا ئەوەى جێگەى ئاماژە پێدانە ((هێمن كەریم)) لە وەڵامى پرسیارى رۆژنامەنووسان ئەو راستیەى شاردەوە كە لەسەر سكاڵایەكى یاسایى دەستگیركراوە ، ئەمەش واى لە هەندێ لایەنى میدیاى گەیاند كە ((هێمن كەریم)) لە ئەنجامى بەشدارى لە كەمپینى بەرگرى لە ئازادى رۆژنامەنووسان بووە كە كۆمپانیاى ووشە ئەو رۆژە لە ئوتێل سلێمانى پاڵاس سازیكردبوو ، بۆیە یەكسەر هەندێ سایت و ناوەندى راگەیاندن بەیێ لێكۆڵینەوە كەوتنە پەلاماردانى پۆلیسى سلێمانى و چەند تۆمەتیان دایە پاڵ پۆلیسى سلێمانى ئەمە لە كاتێكدا وەك باسمانكرد پۆلیسى سلێمانى زۆر پرۆفیشناڵانە و بە پێى بریارى دادوەر و لە ئەنجامى سكاڵایەكى یاسایى ناوبراویان دەستگیركردووە ، ئەمە جگە لەوەى كە بریارى دادوەر زیاتر لە (3) مانگە دەرچووە ، بەڵام هێمن كەریم گوێى بە بریارەكە نەداوە و سەردانى بنكەى پۆلیسى بەختیارى نەكردوە ، دەبێ بگوترێ كە هێمن كەریم دوومانگ لەمەوبەر لەسەر داواى خۆى و بە یاوەرى هاورێ پۆڵاى سەرنوسەرى گۆڤارى ((ووردبین)) سەردانى هاورێ قادر عزیزى كردوەو لە دانیشتنێكى دۆستانەدا راشكاوانە دانى بە هەڵەى گۆڤارەكە داناوە و تەنانەت باسى لەوەش كردوە كە كەسێكى گومانلێكراو بەبێ ئاگادارى خۆى و بە وەرگرتنى برێ پارە لە هەندێ خەڵكى جیابۆوە لە رێپۆرتاجێكدا ئەو هەموو قسە و قسەلۆكە و درۆ و دەلەسانەى دژ بە هاورێ قادر عزیز و ئەلەندى كورى هەڵبەستوە ، ناوبراویش بە قسەى هێمن كەریم هەر زوو لە گۆڤارەكە دەركراوە. لەگەڵ رێزدا .

19/9/2010 مەكتەبى راگەیاندنى
حزبى زەحمەتكێشانى سەربەخۆى كوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە