سیستەمى پەروەردە و هەڵە و كەموكورییەكانى
Sunday, 18/07/2010, 12:00
سیستەمى پەروەردە لەهەرێمى كوردستان ساڵانێكە قسە و باسى لەسەردەكرا بەبیانوى ئەوەى سیستەمێكى كۆنە و لەگەڵ كاروانى پێشكەوتن ناگونجێت ، تاكار گەیشتە ئەورادەیەى لەساڵى 2007 كۆنگرەى پەروەردە بەسترا و دەرەنجامى ئەوەى لێكەوتەوە كەبریاردرا سیستەمى پەروەردەى هەرێمى كوردستان لەرەگ و ریشەوە بگۆردرێت ، گۆرینى سیستەمى پەروەردە ئاواتى هەمووان بوو بەڵام بەچ جۆرێك ئەوسیستەمە دەگۆرین ؟ یاخود چۆن دەیگۆرین ؟ ئەم دوو پرسیارە پێویست بوو هەر پێش دەست پێكردنى قۆناغەكانى گۆرینى سیستەمى پەروەردە بیرى لێبكرابایەوەو وەڵامى بۆئامادەكرابایە و ئەوكات دەست بكرایە بەگۆرینى سیستەمى پەروەردە لەهەرێمى كوردستان ، بەهەرحاڵ بریاردرا بەگۆرینى سیستەمى پەروەردە و بریارەكەش چوە قۆناغى جێبەجێكردنەوە و تائێستاش بەردەوامە و چەند قۆناغێكى خوێندن پرۆگرامەكانیان گۆردراوەو هەندێكیشیان بەشێكى گۆردراوەو هەندێكیشیان لەقۆناغى گۆریندان ، سەرەراى ئەوەى بودجەیەكى زۆر لەوپرۆسەى گۆرینى سیستەمى پەروەردە سەرفكراوە بەڵام بەهۆى نەبونى پلانى تۆكمە و بەشێكى زۆرى بودجەى وەزارەتى پەروەردە بەهەدەر رۆیشتووەو ئامانجى خۆى نەپێكاوە ، پێویست بو بەرلەوەى بریار لەگۆرینى سیستەمى پەروەردە بدرێت بریار لەگۆرینى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان بكرابایەوە چونكە مامۆستایان داینەمۆ و هەڵسورێنەر و كارەكتەرى سەرەكى نێو بوارى پەروەردەن وبەبۆچونى خۆم بەبێ گۆرینى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان سیستەمى نوێى پەروەردە ناتوانێت ئامانجى خۆى بپێكێت ، بۆیە پێویستە بەر لەهەموو شتێك هەنگاوى بەپەلە بنرێت بۆچاككردنى ژیان و گوزەرانى مامۆستایان بۆئەوەى مامۆستا هەموو خەمێكى لەبەرەوە پێشبردنى پرۆسەى خوێندن بێت نەك ئەوەى مامۆستا لەكاتى وانەووتنەوەى لەبرى ئەوەى بیرى لەلاى وانەكەى بێت بیرى لەلاى دابینكردنى سەرچاوەیەكى ترى ماددى بێت بۆبەرێوەبردنى ژیان و گوزرەرانى خۆى چونكە مەحالە مامۆستا بتوانێت بەو مووچە كەمەوە هیچ گۆرانكارییەك لەوبوارەوە دابهێنێت ، ئەگەر بێین سەیرى هەنگاوەكانى جێبەجێكردنى سیستەمى نوێى خوێندن بكەین بەسەدان كەموكورى تێدایە و تائێستاش ئەو كەموكورییانە بەردەوامیان هەیە و بوەتە هۆى ئیفلیجبونى سیستەمى نوێى پەروەردە ، ئەگەر بێین و ئاماژە بەهەندێك لەكەموكورییەكانى نێو بوارى پەروەردە بكەین دەبینین لەسەرەتادا نەبونى بیناى پێویستە بۆخوێندن كە گەورەترین كەموكورى نێو بوارى پەروەردەیە و ئەو بینایانەى كەئێستاش هەن مەگەر دەگمەنیان نەبێت ئەگەرنا هیچ تایبەتمەندییەكى بیناى خوێندنى تێدا نیە ، كارەبا گرنگترین پێداویستیە بەڵام بەداخەوە تائێستا نەتوانراوە كارەباى بەردەوام بۆقوتابخانەكان دابین بكرێت ، كام قوتابخانە هەیە سیستەمى فێنك كردنەوەى تێدابێت ؟ وا ئێمە لەسەدەى بیست و یەكدا دەژین بەلام هێشتا قوتابیەكانمان لەسەر رەحلەیەكى دارى رەق و تەق دادەنیشن !!!! تائێستاش دەیان قوتابخانە هەیە سێ دەوامى تێدا دەكرێت و زۆرێك لەقوتابخانەكانیش (60) قوتابى لەپۆلێك دادەنیشن !!! لەسیستەمى نوێى خوێندن پێویستە ئامێرى سیدى بۆ وانەى ئینگلیزى بەكاربهێنرێت بەڵام بەداخەوە بەهۆى نەبونى كارەبا ئەم ئامێرە بەكارنایەت و مامۆستایانیش لەتوانایاندا نیە بەردەوام پاترى بكڕن ، نەبونى مامۆستاى پسپۆر لەهەندێك لەقوتابخانە و بوونى دەیان مامۆستاى پسپۆر لەیەك بابەت و لەیەك قوتابخانە یەكێكى ترە لەكەموكورییەكانى پەروەردە ، بوونى دەیان سەرپەرشتیار كەهیچ زانیاریەكیان لەبوارى سەرپەرشتیارییەوە نیە و بەتەزكیەى حزبى بونەتە سەرپەرشتیار یەكێكیترە لەدیاردە زەقەكان و یەكێكیترە لەگرفتەكانى پەروەردە ، نەبونى رابەرى پەروەردەیى لەقوتابخانەكان بۆئەوەى گرفتى قوتابیان چارەسەربكات بارى سەرشانى مامۆستایانى قورستركردووە ، كام قوتابخانەى كوردستان هەیە كارمەندێكى پزیشكى تێدابێت تا لەكاتى هاتنە پێشەوەى حالەتێكى نەخوازراو بەهاناى قوتابیانەوە بچێت ؟ كام قوتابخانەى كوردستان هەیە باخچەیەكى شایستە و چەند كەل و پەلێكى یارى منداڵانى تێدابێت ؟ بوونى دوو كتێب لەهەر بابەتێك یەكێكیترە لەودیاردانەى سیستەمى نوێى پەروەردە و قوتابیان بێزارى لەوحالەتە دەردەبرن بەتایبەت قوتابیانى پۆلى 1تا 4 ى بنەرەتى كەئەوتوانایەیان نیە ئەو هەموو كتێبە بەیەكەوە هەڵبگرن ، نەبوونى پەرتووكى پێویست لەزۆرێك لەقوتابخانەكانى كوردستان دیاردەیەكى زەقى دەیان ساڵەیە و هیچ كەسێك نەیتوانیوە چارەسەرى بكات ، ساڵى رابردوو لەنیوەى ساڵ دواى ئەوەى پەرتووكى ئایینى پۆلى یەكەمى بنەرەتى هەمووى خوێندرابوو ئەوجا پەرتوكێكى نوێ هات و سەرلەنوێ دەستكرا بەخوینَدنى پەرتووكى نوێ ، بوونى سیستەمێكى هەڵە بۆهەڵسەنگاندنى مامۆستایان لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە و روودانى سەدان هەلە و كەموكورتى ساڵانە لەوهەلسەنگاندنانە هۆكارێكى ترى بێزارى مامۆستایانە ، دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى حزبایەتى وخزمایەتى بەبێ رەچاوكردنى لێهاتوویى هۆكارێكە بۆدواكەوتنى سیستەمى پەرەوەردە ، نەبونى خولى راهێنانى بەردەوام بۆمامۆستایان هۆكارێكە بۆئەوەى كەمامۆستایان دەیان ساڵە هەرئەو زانیاریەى كەهەیانە دووبارەى دەكەنەوە ، بۆیە پێویستە لەمەودوا پلانێكى درێژخایەن دابرێژرێت بۆپێشەوەبردنى سیستەمى پەروەردە چونكە تەنها سیستەمى پەروەردەیە ووڵات بەرەو پێشەوە دەبات و رۆلێكى تایبەتى هەیە لەبنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى ووڵات بەڵام كەسانى پسپۆر و لێهاتوو دابنرێن لەدانانى ئەو پلانانە و مامۆستایان و قوتابیانیش بەشێك بن لەدانانى ئەوپلانانە و بەو هەلە و كەموكورییانەش دابچنەوە كەلەئەنجامى سیستەمى نوێى پەروەردە هاتۆتەكایەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست