کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خانەنشینان لەكوێ پێشكەوتنى ئەم هەرێمەن ؟

Friday, 25/06/2010, 12:00



دیارترین چین و توێژ لەم هەرێم و میللەتەى ئێمەدا كەزۆرترین خەبات و بەرخودان و سەروەریان بۆخۆیان و بۆمیللەتەكەمان تۆماركردووە و پڕبەهادارترین ماوەى ژیانى خۆیان بەخشیوە بەم هەرێمە كەماوەى گەنج و لاوێتى بووە لەخزمەتى ئەم میللەت و هەرێمەدا ، ئەوانەى كەساڵانى رابردوو لەم هەرێمە كاولەى ئێمە كەلەلایەن رژێمى بەعسى روخاو و رژێمەكانى پێشووتر كاول و وێران دەكرا بەسەدان گوند و دێهاتەكانمانیان خاپور و وێران دەكرد ئەوان نۆژەن و بنیاتیان دەناوە ، خانەنشینانن كەئێستاش لەمێژوو و لاپەرە پر سەروەریەكانى كورد و هەرێمى كوردستان و لەكاروانە پر ئارامى پێشكەوتنەكەیدا جێگاى تایبەتیان بۆخۆیان گرتووە و مێژووێكى پر سەروەریان بۆخۆیان نوسیوەتەوە ، ئەم هەرێمەى ئێمە كەئێستا لەكەشێكى ئارام و ئاوەدانیدایە لەرابردوودا لەلایەن خانەنشینانەوە كاتێك لەپلەوپۆستەحكومیەكانى ئەم كوردستانە كاربەدەست بوون بنیات نراوەو بەرەوپێش چووە ، تەماشاى هەركونجێكى ئاوەدانى كوردستان بكەین جێگاى پەنجەى فەرمانبەرە خانەنشینەكانى تێدا دەبینرێت ، ئەگەر تەماشاى هەر خوێندەوارێك و مامۆستایەكى گەنج و لاوى ئەم كوردستانە بكەین ماندوبونى مامۆستایەكى خانەنشینى لێبەدى دەكەین ،خانەنشینان بۆئێمە جێگاى فەخر و شانازین و هەمووكات شانازییان پێوەدەكەین ، پێویستە لەسەر هەموومان رێز لەخانەنشینان بگرین و ماندووبون خەباتەكانى رابردوویان لەسەرسەرى خۆمان دابنێین و هیچ كاتێك لەبیریان نەكەین ، بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمەى ئێمەدا كاتێك فەرمانبەران ماوەى یاسایى خزمەتیان تەواو دەكەن و خانەنشین دەكرێن لەپاش خانەنشین كردنیانەوە سوودیان لێوەرناگیرێت ، هەموومان دەزانین فەرمانبەرانى خانەنشین لەوماوە زۆرەى كەلەپیشەكەى خۆیان خزمەتیان كردووە پسپۆریان وەرگرتووە و زۆر لێزان لێهاتوون لەوبوارەى خۆیان ،بۆیە پێویستە حكومەت ئاوڕى جددى لەژیانى خانەنشینان بداتەوە و گوزەرانێكى ئاسوودە و سەربەرزانەیان بۆدابین بكات ، پێویستە حكومەت ئەوها بەوجۆرە سادە و ساناییە دەست بەردارى خانەنشینان نەبێت و لەدواى خانەنشین كردنیان رەوانەى ماڵ و بن دیوارى مزگەوت و بن دیوارى بیرە ئاوەكان نەكرێن و ماوەى تەمەنیان لەوشوێنانە ببەنە سەر تا كۆچى دوایى دەكەن بەڵكو پێویستە سوود لەتوانا فكریەكانیان وەربگیرێت و خانەى تایبەتیان لەدام و دەزگاكانى خۆیان بۆبكرێتەوە و لەوێدا لەبوارەكانى خۆیان بكرێنە راوێژكار و لەبوارەكانى خۆیان پرس و راوێژیان پێبكرێت ، بەدڵنیاییەوە ئەگەر حكومەت ئەو كارەبكات و ئاوا بەئاسانى دەست بەردارى خانەنشینان نەبێت ئەوا هەروەك چۆن لەرابردوودا خانەنشیان خزمەتى بێ وێنەیان پێشكەشى ئەم هەرێمە كردووە ئەوا لەئێستا و لەداهاتووشدا هەمان خزمەت پێشكەش دەكەن ، بەنمونە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا وەربگرین دەبینین ئەنجومەنى پیرانیان هەیە و لەزۆربەى پرسەكاندا راوێژى جددیان پێدەكرێت و هەر ئەنجومەنى پیرانیشە بریار لەسەر زۆربەى پرسە چارەنووس سازەكانى ئەو ووڵاتە دەدات و جێگاى رێزى تایبەتى ئەو ووڵاتەیە هەم لەلایەن گەل و میللەتەكانیەوە هەم لەلاى هەموو دام و دەزگا حكومیەكانیەوە ، بۆیە لاى هەموومان روون و ئاشكرایە لەكوردستان جگە لەوەى سوود لەهێز و تواناى خانەنشینانمان وەرناگیرێت بەڵكو ژیانێكى ئاسوودەشیان بۆفەراهەم ناكرێت كەوا هەست بكات رێز لەماندووبونى رابردووى گیراوە و ماندووبوونى دەیان ساڵى بەفیرۆ نەچووە و ئەوتەمەنە جوانەى خۆى كەلەخزمەتى خاك و نیشتمان و میللەتدا بەخشیویەتى هەروا بەبێ نرخى بەفیرۆ نەچووەو بەبێ نرخیش سەیرناكرێت ، بۆیە پێویستە لەمەودوا حكومەت ئاورى جددى لەژیان و گوزەرانى خانەنشینان بداتەوەو سوودیش لەتواكانیان وەرگیرێت بۆزیاتر بەرەوپێش چوونى هەرێمى كوردستان .

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە