کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌ڵامێکی کورت بۆ گۆێ له‌مستانی ئێره‌و ئه‌وێ

Wednesday, 21/07/2010, 12:00



له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی به‌رز و هه‌رمانی نه‌مر قاسملو هه‌ر چه‌ند بنوسرێ و بگۆتری هیشتا هه‌ر له‌ داوینی ئه‌و چیا گه‌رده‌نکه‌شه‌ خۆڵ ده‌خۆین و بۆ گه‌یشتن به‌ لوتکه‌ی بێ گه‌رد و بێ خه‌وشی ئه‌و زاته‌ مه‌زنه‌ بڕینی ریگایه‌کی دور و دریژ پیویسته‌ و ده‌بێ په‌رتوکخانه‌یه‌ک له‌ هه‌زر و بیری ئه‌و گه‌وره‌پیاوه‌ی کورد بنیات بنرێ.
هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی ئه‌م بابه‌ته‌ باس کردن له‌ که‌سایه‌تیی دوکتور قاسملوو یان بابه‌تی پێوه‌ندی دار به‌ تاوانی ڤییه‌ن نیه‌. به‌ڵکه‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک ناراستی‌ هێندێک که‌سی دیار و نادیاره‌ که‌ به‌ به‌هانه‌ی بیست و یه‌که‌مین ساڵی تیرۆری دوکتور قاسملوی مه‌زن دژ به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان نوسیان.
راست له‌و وه‌خته‌دا که‌ ده‌بوو یه‌کگرتوانه‌ نه‌ک هه‌ر حیزبه‌کانی دێمۆکرات به‌ڵکو سه‌رجه‌م گه‌ڵی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ بیست و یه‌که‌مین ساڵ رۆژی تیروری ناجوامیرانه‌ی ئه‌و ریبه‌ره‌ مه‌زنه‌ به‌ ده‌ستی دیپڵومات تیروریسته‌کانی کوماری ئیسڵامی له‌قاو بده‌نه‌وه‌‌ و زیاتر له‌ ساڵانی رابردوش به‌ گژ ئه‌و جینایه‌ته‌ی کوماری سیداره‌ و تیروردا بچنه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ شاهید بوین که‌ که‌سانیک له‌ ناوی د. قاسملو بۆ هیرشکردنه‌ سه‌ر ئازادیخوازان و قوتابیانی ئه‌و ریبه‌ره‌ نه‌مره‌ له‌ ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌ڵک وه‌رده‌گرن و له‌و لاوه‌ش که‌سانێک ناراسته‌وخۆ خۆ ده‌خزینه‌ ناو سه‌نگه‌ره‌کانی کوماری ئیسڵامی و دیانهه‌وی ئه‌مجار که‌سایه‌تی به‌رز و له‌ گیران نه‌هاتووی ئه‌م ریبه‌ره‌ تیرور بکه‌ن. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر ئه‌و هیرشانه‌ بۆ که‌سانێک که‌ به‌ رواله‌ت خۆیان به‌ دریژه‌ده‌ری ریبازی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مره‌ ده‌زانن، ده‌بیته‌ ده‌ستمایه‌ بو هیرش بۆ سه‌ر قوتابیانی قاسمڵو.
ئه‌م رۆژانه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌ نافه‌رمیه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا بابه‌تێک سه‌رنجی راکێشام که‌ به‌ رواڵه‌ت وڵامی بابه‌تی که‌سێکی بێ ناو و نیشانی له‌ ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆست دا دابۆوه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک بوختان و بێرێزی به‌ دوکتور قاسملوو کردبوو که‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ نه‌ناسراوه‌ی حدکاش خۆی ده‌ستێکی که‌می له‌ بێرێزی کردن دا نه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان. به‌ دوای بابه‌تی کابرای بێ ناودا سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆستم کرد که‌ بابه‌تێکی پێوه‌ندیداری که‌سێکی سه‌ر به‌ پکک به‌ ناوی جه‌لال چوارتایی‌ش سه‌رنجی راکێشام.‌ ئه‌ویش به‌ رواڵه‌ت ئه‌مجار ببو به‌ داشداری دوکتور قاسملوو! له‌ پێناو هێرش کردن بۆ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان.
جاری با له‌وه‌ش گه‌رێین که‌ مه‌به‌ستی سایتی کوردستان پوست له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی بابه‌تی بی خاون و باب مردوو و له‌ هه‌مانکاتدا بی به‌ڵگه‌ چییه‌؟ تو بڵێی هێشتا ئاقڵ نه‌بوبن و ده‌رسیان له‌ مه‌حکوم بونه‌که‌ی پێشویان وه‌رنه‌گرتبێ؟
به‌ر له‌ وڵامی ئه‌و فێرکراوه‌ گۆی له‌مستانه‌ بده‌مه‌وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم بڵێم که‌ به‌ پێی سروشت مروڤه‌کان بێ به‌ری له‌ که‌م و کوری نین و هه‌ر به‌ پێی ئه‌و سروشته‌ نه‌گۆره‌ قاسملوی کاریزما له‌ گه‌ڵ هه‌موو توانایی و زانایه‌که‌ی، هه‌ڵه‌و که‌م و کوریشی هه‌بوو. بۆیه‌ش مافی هه‌مو که‌سه‌ به‌ شێوه‌ی مه‌نتقی و به‌ به‌ڵگه‌و به‌ دوور له‌ تۆمه‌ت یان ده‌مارگرژی ره‌خنه‌ له‌ هه‌ر که‌س و که‌سایه‌تیه‌ک بگرێ. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌تی "پێشمه‌رگه‌ی بێ ناو و نیشان" دا دیتم، شتێک نه‌بوو ‌غه‌یری کۆمه‌ڵێک تۆمه‌ت و بوختان و ساز کردنی چه‌ند سناریوی ده‌سکرد و بێ به‌ڵگه دژی دوکتور قاسملو‌.
ئه‌و که‌سه‌ بی ناوه‌ له‌ ژیر ده‌سرۆکه‌و په‌چه‌دا له‌ ناوی پیروزی پیشمه‌رگه‌ بۆ مه‌به‌ستی گوماناوی پی ئه‌سپیردراوی که‌ڵکی ورگرتووه‌ و هیرشه‌ چه‌په‌له‌که‌ی به‌ ناوی " 40 ساڵ چه‌واشه‌کاری ڕاستیه‌کان،دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو نیشتمان په‌روه‌ر بوو، یان خه‌یانه‌تکار ؟" به‌ ریز کردنی بوختان و درو و ده‌له‌سه‌ ته‌مایه‌تی ئه‌رکی پی ئه‌سپیردراوی بۆ ئاغاکانی به‌ باشترین شیوه‌ به‌ ئاکام بگه‌یه‌نی.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا راست منی وه‌بیر ئه‌و هێرشه‌ هێنایه‌وه‌ که‌ مه‌لا عه‌لی باپیر بۆ سه‌ر سرودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌ستی پێکردوه‌. به‌ تایبه‌ت کاتێک دیتم نوسینی "پێشمه‌رگه‌" بێ ناوه‌که‌ هه‌مان ئه‌ده‌بیاتی باوی نوسین له‌ باشووری کوردستانه‌ و نووسه‌ر فڕی به‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ نیه‌، گومانه‌که‌م زیاتر بوو که‌ ئه‌وه‌ ده‌بێ ده‌ست و دایره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ باشووری کوردستان بن که‌ هێرشێکی وایان بۆ سه‌ر دوکتور قاسملوی نه‌مر ده‌ست پێ کردووه‌. پیشمه‌رگه‌ی موسولمانی بی ناو، بی خستنه‌رووی ته‌نانه‌ت یه‌ک به‌لگه‌و دوکۆمینت و به‌ ساز کردنی هیندیک داستان و به‌سه‌رهات،حه‌کایه‌ته‌ ئه‌فسانه‌یه‌که‌ی دارشتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ وڵامدانه‌وه‌ی تومه‌ته‌کانی تا ئه‌و کاته‌ی وه‌ک خۆی بی سه‌نه‌د و قه‌باڵه ‌بێ، به‌ پێویست نازانم، به‌ڵام ئاماژه‌ کردن به‌ چه‌ند خاڵ بو ناساندن و ریسوا کردنی کابرای بی هۆویه‌ت ره‌نگه‌ زه‌ره‌دی بۆ په‌زه‌کانی نه‌بێ:
ئه‌و که‌سه ئه‌گه‌رچی تا حه‌دیک ئاشنا به‌ مێژوی حیزبی دێموکراته‌ به‌ڵام ‌نه‌ک هه‌ر ئه‌ندامی حدک نییه‌ ته‌نانه‌ت به‌ دڵنیایه‌وه‌ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش نییه‌و ئیحتمالی زۆره‌ خه‌ڵکی باشوری کوردستان بێ.‌ بۆ ئه‌و ئیدیعایه‌شم ‌به‌ هینانه‌وه‌ی چه‌ند نمونه‌ قه‌زاوه‌ته‌که‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌ست خوینه‌ری هیژا
- کوردی روژهه‌ڵات به‌ که‌می له‌ ریکه‌وت وتاریخی زاینی له‌ قسه‌کردن و نوسیندا ئیستیفاده‌ و وه‌ک ده‌زانیین روداوه‌کان به‌ تاریخی هه‌تاوی تومار کراون. که‌چی نوسه‌ر هه‌موو هه‌ڵبه‌ستراوه راسپارده‌و و ساخته‌گیکه‌ی به‌ تاریخی زاینی ده‌گێڕێته‌وه‌.
- نوسه‌ره‌ بی ناوه‌که‌ شوره‌تی زور که‌سایه‌تی حیزبی دێمۆکرات له‌ به‌ر ئاشنانه‌بوونی به‌ زمانی فارسی یان نائاشنا بوونی به‌ روژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هه‌ڵه‌ به‌کار دینی. وه‌ک "سه‌دیق هه‌نجیری" له‌ بری ئه‌نجیرئ ئازه‌ر‌،یان "مه‌ڵا ره‌حیم مه‌رجه‌ڵانی" له‌ جیاتی مه‌نیجه‌ڵانی‌.
- به‌شێکی زۆر له‌و وشانه‌ی که‌ نوسه‌ر به‌کاری هێناون له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا باو نین و زیاتر لای نوسه‌رانی باشووری کوردستان به‌کار دێن. وه‌ک کادیر (کادر)، مغاویر (کۆماندۆ)، ترۆمبیل (ماشێن)، زیلی عه‌سکه‌ری (زیلی ئه‌رته‌شی یان ئایفا) و زۆر وشه‌ی دی‌.
- نوسه‌ر ناوی ده‌زگای جاسووسی شوره‌وی پێشوو که‌ ئه‌و به‌ ناوی روسیه‌ ناوی دێنێ به‌ "ک. ج. ب" ناو ده‌با. ده‌زانین له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا حه‌رفی یان پیتی "گ" نیه‌ و بۆیه‌ش له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا "ک . گ. ب." یان کا. گێ. بێ." بوه‌ به‌ ک. ج. ب. وه‌ک له‌ باشوری کوردستانیش هه‌ر به‌و جوره‌ له‌ عه‌ره‌بان وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها ناوبراو ناوی ده‌زگای جاسووسی زه‌مانی شا له‌ ئێران به‌ "روکنی ئیران (ساواک)" نوسیوه‌. ئه‌وه‌ش بێ ئاگایی زیاتری نوسه‌ر ده‌گه‌یه‌نێ که‌ ده‌زگای ساواک(سازمان اگلاعات و امنیت کشور) و روکنی 2 ئه‌رته‌شی تێکه‌ڵ کردووه‌. ئه‌و دوانه‌ هه‌رچه‌ند هه‌ردویان کاریان جاسوسی و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری بو به‌ڵام دو ئۆرگان و دو نێوی جودا بون.
ئه‌و که‌سه‌ ناوی هیندیک که‌سایه‌تی هیناوه‌ که‌ به‌داخه‌وی ژوماره‌یه‌کیان له‌ ژیاندا نه‌ماون تا له‌سه‌ر خویان وه‌جواب بێن و ته‌نیا به‌ریزان کاک ئه‌حمه‌د نستانی و که‌ریم حه‌داد به‌ خوشێوه‌ له‌ ژیاندا ماون و هیوادارم ئه‌و دو به‌ریزه ‌به‌ رونکردنه‌وه‌یه‌کی کورت پیلانی دزێوی ئه‌و که‌سه‌ پۆچه‌ڵ که‌نه‌وه.
ئه‌و ئالقه‌ به‌ گوێیه‌ ته‌نیا به‌ کوتانی کوێر کوێرانه‌ی قاسمڵوی کوردان کیفایه‌تی نه‌کردووه‌ و پارتی و یه‌کیتیشی نه‌ پاراستووه‌.
هه‌ر به‌و جوره‌ که‌ کابرای بێ ناونیشان بابه‌تی له‌ رواڵه‌تدا به‌ لایه‌نگری له‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق و له‌ راستیدا دژ به‌ دوکتور قاسملو نوسیوه‌، که‌سێک به‌ ناوی جه‌لال چوارتاییش به‌ بابه‌تی " قاسملو له‌تای ته‌رازوودا " رواڵه‌ت جوابی! داوه‌ته‌وه‌. جه‌لال خۆی خستۆته‌ ناو سه‌نگه‌ری دوکتور قاسملو و ئه‌مجار له‌م سه‌نگه‌ره‌وه‌ هێرشی بۆ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان کردوه‌ و نوسینی کابرای بێ ناو و نیشانی داوه‌ته‌ پاڵ ئه‌م حیزبه‌. سه‌یریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش ئه‌و بابه‌ته‌ی کردوه‌ به‌ ده‌سمایه‌ بۆ هێرش بۆ سه‌ر پارتی و یه‌کێتی!
هه‌ر له‌و پێوه‌ندیه‌دا که‌سێک له‌ ژێر ناوی هه‌ژار محه‌ممه‌د ئه‌مینی به‌ بابه‌تی " تارمایی نگریس وشومەوە." که‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی سه‌ر به‌ حدکادا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، له‌ جۆری جه‌لال چوارتایی به‌ڵام به‌ لایه‌نگری له‌ حیزبه‌که‌ی خۆی هێرشی کردۆته‌ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان و بابه‌تی کابرای بێ ناو و نیشانی داوه‌ته‌ پاڵ ئه‌م حیزبه‌. دیاره‌ ئه‌م به‌ ناو بابه‌ته‌ بێ خاوه‌ن و پڕ له‌ درۆ و بوختان و جنێوانه‌ هه‌ر لایقی ئه‌و ئینسانه‌ جنێو فرۆشانه‌ن و ئه‌وه‌نده‌یان درۆ و ده‌له‌سه‌ تێدایه‌ که‌ به‌ پێویست نازانم وڵامیان بده‌مه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نوسه‌ره‌ش دیاره‌ که‌ کوێی دێشێ و له‌ نوسینه‌که‌یدا ئیشاره‌ی به‌ رێوره‌سمی په‌رده‌لادان له‌ سه‌ر مۆنۆمێنتی دوکتور قاسملو و هاوڕێانی له‌ ویه‌ن کردووه‌ که‌ له‌ودا ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حدک و حدکا شان به‌ شانی یه‌کتر دانیشتن و یه‌کتریان له‌ باوه‌ش گرت. سروشتی‌یه‌ ئه‌گه‌ر جه‌لال چوارتایه‌کان خێری خۆیان و حیزبه‌که‌یان له‌ کێشه‌ی نێوان حیزبه‌کانی کوردستاندا ده‌بیننه‌وه‌، که‌سانێکی ئاواش په‌یدا ده‌بن که‌ له‌ رواڵه‌تدا بۆ دڵسۆزی له‌ لایه‌نێک حه‌ولی قوڵ کردنی برینه‌کان ده‌ده‌ن. وه‌ک ده‌بینین هه‌ر ئیستا سێڵاوی بابه‌ت به‌ ناوی خوازراو و بێ ناو دژ به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی حدکا و حدک له‌ رێوره‌سمه‌که‌ی ویه‌ن هه‌ستاوه‌.
هه‌ر سێ نوسه‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌ باش بزانن که‌ ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ حیزبی دێموکرات غه‌درێکی له‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق کردبێ، ئه‌وه‌ وێڕای دوکتور قاسملوو، به‌ڕێزان حه‌سه‌ن زاده‌ و ره‌ستگاریش شه‌ریکی تاوانن چونکه‌ ئه‌وان بون که‌ ئه‌و کات دوکتور قاسملویان هینایه‌وه‌ بو ناو حیزبی دێموکراتی به‌ بێ ئه‌حمه‌د تۆفیق و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و کات ئه‌ندامی رێبه‌ری حیزبی دێموکرات بون، ئێستا له‌ گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانن و حدکا به‌ ته‌واوی له‌و رێبه‌رانه‌ بێ به‌شه‌. بۆیه‌ش ته‌نها له‌ بیری به‌رته‌نگی ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌گونجێ که‌ حیزبێک دژ به‌ خۆی یان دژ به‌ یه‌کێک له‌ ریبه‌رانی شه‌هیدی شت بنوسێ.
به‌داخه‌وه‌ خاڵی هاوبه‌شی ئه‌و که‌سانه‌، هیرشی ناره‌وا و کوتانی‌ کۆیرانه‌ی حدک و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ به‌ تایبه‌ت به‌ریز حه‌سه‌ن رستگار بوو. حه‌سه‌ن رستگار 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و و‌تانه‌ی له‌ کاتێکدا وتووه‌ که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ئه‌و کات فه‌رمانی کوشتنی ئه‌ندامانی ئه‌وانی دابو و به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌و کات چه‌ندین ئه‌ندامی هه‌ردو لا له‌ شه‌ری برا کوشتندا شه‌هید ببون و ته‌نانه‌ت ئیعدامیش کرابون و من ئه‌وه‌ به‌ خاڵێکی ره‌ش له‌ مێژوی حیزبی دێموکراتدا ده‌بینم. سروشتیه‌ له‌و کاته‌دا لایه‌نێک که‌ به‌ گولله‌ هێرشی ده‌کرێته‌ سه‌ر، نایه‌ نوقڵ و نه‌بات به‌ سه‌ر لایه‌که‌ی دیکه‌دا ببه‌شێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ به‌ڕێز ره‌ستگار به‌ ئاشکرا راده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌وان ئه‌و تاوانه‌یان واته‌ تیروری قاسملوی بلیمه‌تیان مه‌حکوم کردووه‌. له‌وڵاشه‌وه‌ سروشتیه‌ رکابه‌ر و نه‌یاری دژ به‌یه‌ک بۆ له‌ مه‌یدان بردنه‌ده‌ری دژبه‌ره‌که‌ی هه‌موو هه‌وڵ و تواناکانی خۆیان به‌کار دینن، له‌ لایه‌کیتره‌وه‌ گه‌ر بمانهه‌وێ به‌ بارێکی دیکه‌دا واته‌ ئه‌رینی و به‌ پیچه‌وانه‌ی بۆچۆنی نه‌یارانی، وته‌کانی کاک حه‌سه‌ن لێکدینه‌وه‌، ناوبراو به‌داخ بوونی خۆی بۆ شه‌هید بوونی نه‌مر قاسملو ده‌ربریوه‌ به‌و مانایه‌ که‌ پێی خۆش بووه‌ شه‌هید قاسملو له‌ ژیاندا مابا تا ئه‌و توانیبای به‌ ره‌قابه‌تیکی ساڵم مه‌یدانی سیاسه‌تی پێ چوڵ کردبا. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی پرسیار له‌و به‌ڕێزانه‌ی حدکا بکرێ که‌ ئه‌گه‌ر کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار ئه‌وه‌ روانگه‌ی بووه‌ به‌ نیسبه‌ت دوکتور قاسملو و ئێوه‌ش بۆتان هه‌زم نه‌کراوه‌، ئه‌ی چۆن بو 12 ساڵ له‌ ژێر ئه‌ندامه‌تی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌ودا حیزبایه‌تیتان کرد؟ بۆ ئه‌وکات مته‌قتان لیوه‌نه‌هات؟ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتمان به‌ ده‌ست نه‌بوه‌ و ئه‌وه‌تا که‌ ده‌سه‌ڵاتمان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، وه‌ده‌رمان نا، ئه‌ی بۆ ده‌ڵێن ئه‌وان حیزبیان له‌ت کرد و ئێمه‌ هیچ خه‌تامان نه‌بوه‌؟!
ئه‌و که‌سانه‌ له‌م کات و ساته‌دا که‌ گه‌لی کورد له‌ روژهه‌ڵات پیویستی به‌ یه‌کگرتووی و یه‌کده‌نگی هه‌یه‌ به‌ با کردنی کای کۆن ئاو له‌ به‌رداشی ئاشی دوژمن ده‌که‌ن،ئه‌گینا چۆنه‌ ئه‌وان ده‌رزی له‌ چاوی خه‌ڵکی دا ده‌بینن،به‌ڵام شوژنی ناو چاوی خۆیان نابینن،یان هه‌مان نه‌قلی په‌رینه‌وه‌ی مه‌ر و بزنه‌که‌ی جوگه‌یه‌! ئاخر هه‌ر ئه‌بولحه‌سه‌نی به‌نیسه‌در نه‌بوو ئه‌مری به‌ چه‌کدارانی رژیم کرد قه‌یتانی پوستاله‌کانیان نه‌که‌نه‌وه‌ تا کوردستان پاک ده‌‌که‌نه‌وه‌،ئه‌دی چۆنه‌ به‌ چه‌ندین جار ئه‌و پاڵه‌وانه‌تان هینا سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌که‌تان بێ ئه‌وه‌ی تاقه‌ جاریک داوای لیبوردن له‌ گه‌ڵی قاره‌مانی کورد بکا؟
وه‌ک باسم کرد، له‌ نێوان هه‌ر سێ بابه‌تدا کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌ش هه‌ن که‌ به‌ بڕوای من ئه‌وه‌ له‌ پیلانێکی هاوبه‌ش بۆ مه‌به‌ستێکی هاوبه‌ش به‌دور نیه‌. گرینگترین خاڵی هاوبه‌شی هه‌موشیان هێرش بۆ سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌ به‌ مه‌به‌ستی قوڵ کردنه‌وه‌ی برین و ناکۆکیه‌کانی نێوان حدک و حدکا. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ دژکرده‌وه‌یه‌کی هاوبه‌ش بێ به‌رامبه‌ر به‌ روداوه‌کانی ناو مه‌راسمی په‌رده‌ لادان له‌ مۆنۆمێنتی دوکتور قاسملوی نه‌مر. به‌و هیوایه‌ که‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به‌ وریاییه‌وه‌ برواننه‌ ئه‌و پیلانانه‌ و سایته‌کانی سه‌ر به‌ حدکا تۆزێک وشیارتر برواننه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ به‌ ناوی بێ ناو و به‌ رواڵه‌ت به‌ قازانجی حیزبه‌که‌یان بۆیان ره‌وانه‌ ده‌که‌ن و دوژمنان و نه‌یارانی حیزب و گه‌ڵ بۆ هیشتنه‌وه‌ی ئاڵۆزی و دوبه‌رکی و له‌ ڕێسمه‌ بردنی هه‌ر جۆره‌ یه‌کیتی و برایه‌تی ناو باڵه‌کانی دیمۆکرات ده‌ست بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ کرده‌وه‌یه‌کی ناشایه‌ست و ناره‌وا ده‌به‌ن و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ناره‌واکانیان له‌ پرش و بڵاوی و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌دا ده‌بینن. که‌وابو له‌ عه‌مری کاکیتان که‌وێ فریوی قڕێژان و ناحه‌زانی حیزب و گه‌ڵ نه‌خون و باسکی برایه‌تیتان وه‌ک باسکه‌ به‌ هیزه‌که‌ی گه‌ڵ به‌ هێز و درێژ که‌ن.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە