کوشتنی خۆپیشاندەران خەڵاتی ساڵی تازەی دەسەڵاتە
Saturday, 04/01/2014, 12:00
وەک دەسپێکی خەڵاتی ساڵی تازەی ٢٠١٤ بۆ خەڵکی (سەیدسادق) لە لایەن هێزە چەکدار و دەمامکدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، کوشتنی (بڕیار حەسەن)ی تەمەن (٢٤) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ڕۆژی ٢/١/٢٠١٤ جەماوەرێکی فراوان لە خەڵکی ناڕازی (سەیدسادق) بۆ داواکاری و خواستەکانیان هاتنە سەرشەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
وەڵامی دەسەڵات و دەزگا سەربازی و دەمامکدارەکانیان وەک پیشەی هەمیشەیان لە جیاتی وەڵامدانەوە بە داخوازیە کەڵەکەبوەکان و ڕێز گرتن لە ئیرادەی خەڵک، کوشتن و بریندار کردن و ڕەشبگیریان کردە چەکی دەستیان بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران.
ئەوە یەکەم جار نیە چەکدارەکانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لولەی چەکەکانیان بکەنە سەر سنگی خۆپیشاندەران و سنگ و کەلەی سەری گەنجان بکەنە نیشانەی گولەکانیان، ئەوەی لە (سەیدسادق) ڕویدا هەمان ئەو کردەوانەیە کە (یەکێتی و پارتی) لە ساتەوەختەکانی خۆپیشاندانەکانی (١٧ی شوبات) ئەنجامیاندا و مێژوویان دووبارە کردەوە.
مێژووی دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان (یەکێتی و پارتی) لێوانلێوە لە کوشتتن و تۆقاندن و چەواشەکردنی داواکاری و داخوازی خەڵک، بەردەوام ئەم دەسەڵاتە هەوڵیداوە کە داواکاری خەڵک ناشیرین بکات و دووبەرەکی و کێشەی لاوەکی و بێ بنەما بکاتە ئامانجی خۆپیشاندانەکان لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئۆرگانە حیزبیەکانیانەوە.
ئێمە لە (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک) بە توندی ئیدانەی سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی (بڕیار حەسەن) ئەکەین، هەمانکات پشتیوانی لە داخوازیە ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی خەڵکی (سەیدسادق) دەکەین بۆ بەدەست هێنانی خزمەتگوزاری و دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسانی ئئیداری و حکومی لە قەزای (سەیدسادق)،هەمانکات داوا دەکەین کە بەزوترین کات بکوژانی (بڕیار حەسەن) دەسگیر بکرێن و دادگای بکرێن، تەواوی هێزی سەربازی و چەکداری دەمامکدار لە (سەیدسادق) و ناوچەکە پاشەکشە بکەن و ژیانی ئاسایی بۆ خەڵک بگەڕێتەوە، قەدەغە کردنی بەکارهێنانی چەک و تەقە کردن لە خۆپیشاندەران.
ئێمە بانگەوازی خەڵکی (هەڵەبجە) و (سەیدسادق) ئەکەین کە ڕێگا نەدەن هیچ هێز و لایەن و دەستەیەک، تۆوی دووبەرەکی و ململانێی ناوچەگەرتێتی و شارچێیەتی لە نێوانیان بڕوێنێت، ڕێگا نەدەن هیچ هێز و لایەنێک بۆ دەسکەوتی خۆیان یاری بە داواکاری و ئازار و نەهامەتیەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە بکات.
لە کۆتاییدا ئێمە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی (دایک ، باوک، خوشک، برا) و سەرجەم خێزان و کەسوکاری (بڕیار حەسەن) دەکەین و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەسگیرکراوەکان دەکەین.
کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک
٣-١-٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست