یەكێتى عەشیرەتى میراودەلى پەراوێز دەخات و پارتى دەرگایان بۆ دەكاتەوە
Saturday, 26/11/2011, 12:00
عەشیرەتى میراودەلى لەساڵى(1958)هاوشانى عەشایەرو خانەوادەكانى كوردستان بەشدارى جوڵانەوەو شۆڕشەكوردییەكانییان كردووە، لە سەرەتادا بەشدارى كارایان لە شۆڕشى ئەیلوول كرد، پاش جیابوونەوەى باڵى مەكتەبى سیاسى لەساڵى(1964)، پاڵیان دایە لاى مامۆستا برایم ئەحمەدو مام جەلال، چەند كەسایەتییەكى دیارو بەرچاوى وەكو(عەلى عەباس ئاغا، بایز عەباس ئاغا، قادر مەمەند ئاغا، حەسەن ئەحمەد ئاغا، ......هتد)چەند كەسێكى دیكەى نزیكەى(100)كەس، چوونە بەكرەجۆ بوونە پشت و پەناى مام جەلال، دڵسۆزانە تا رێككەوتن نامەى یانزەى ئازارى(1970)لەگەڵ مام جەلال مانەوە، بەڵام پاش رێككەوتننامەكە ژمارەیەك لە میراودەلییەكان لەلایەن خوالێخۆشبوو مەلا مستەفاى بارزانییەوە دەست بەسەركران، لەبەر ئەوەى دژى پارتى بوون، ئاوارەى حاجى ئۆمەران كران، تا نسكۆى شۆرش لەوێ مانەوەو پاشان رۆیشتن بۆ ئێران، ئەم پشتگیرى و لایەنگرییەى میراودەلییەكان بۆ مام جەلال گەورەترین، زیانى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى بە عەشیرەتى میراودەلى گەیاندووە.
پاش هەڵگیرسانەوە شۆڕشى نوێ بەرابەرایەتى یەكێتى و شۆڕشى گوڵان، ژمارەیەكى بەرچاو لە میراودەلییەكان چوونە پاڵ یەكێتى و بەشێكى كەم چوونە پاڵ پارتى، تا راپەرین، بەڵام هەر لەدواى راپەرینەوە پارتى زۆر وەفاداربوو بەرانبەر بە لایەنگرانى پارتى لەناو عەشیرەتى میراودەلیدا، هەرچەند ژمارەیان كەم بوو، بەڵام لەچەندین لایەنەوە پارتى لاى لە میراودەلییەكان كردەوە، بە پێچەوانەى یەكێتى كە هیچ وەفایەكى نەبوو.
پاش دەركەوتنى باڵى ریفۆرم لەناویەكێتى زۆربەى میراودەلییەكان پشتیوانییان لەو باڵە كرد، كە بە باڵى گشتى و مام جەلال ناسرابوو، لەهەڵبژرادنى مەڵبەندەكان هۆكارى سەركەوتنى باڵى مام جەلال لە پشدەر میراودەلییەكان بوون، تەنانەت یەك تاكە كەس پشتگیرى باڵى ریفۆرمى نەكرد، پاش ئەوەى بەرە بەرە پارتى هاتەوە ناوچەكەو یەكێتى زیاتر پشتى لە یەكێتى كرد، هیچ جۆرە لایەكییان لە میرودەلییەكان نەكردەوە، پۆل پۆل ژمارەیەكى زۆر لە میراودەلییەكان بوونە پارتى، تەنانەت چەندان كەسى زۆر دڵسۆزو تێكۆشەرى ناو یەكێتى رۆیشتن، پارتى لایەكى جدى لێ كردنەوە، یەكێتى بەردەوام بوو لەسەر ئەو سیاسەتە، دواى ئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان بە شێوەیەك فەرمى خۆى ڕاگەیاند وەكو لیست، لە هەڵبژاردنى(2009)بۆ چەندەمین جار میراودەلییەكان خوێنى جەلالییەت بەرى نەدان، زیاتر لە(97%)دڵسۆزى و وەفادارى خۆیان بە لیستى كوردستانى و بەتایبەتى یەكێتى دووپات كردەوە، دەنگییان بە لیستى كوردستانى دا، هەروەها جارێكى تر لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران هەر پشتیوانییان لە لیستى كوردستانى كرد، بەڵام یەكێتى لە بوارى ئیدارى و سەربازى و سیاسى جگە لە (پەروین خان، حەمە هەژار)هیچ پلەو پایەكەى بە میراودەلییەكان نەدا، لەو هەموو خوێندەوارو رۆشنبیرو تێكۆشەرو كەسایەتییانە، ئەمە جگە لەوەى كۆمەڵێ پێشمەرگەى دێرین و خەڵكى دڵسۆزى پەراوێز خست، بە ئەندازەیەكى بێ سنوور بەرانبەریان بێ وەفا بوو، لە بەرانبەردا پارتى لەچەندین لایەنەوە دەرگاى بەڕووى میراودەلییەكاندا كردەوە، دەستى كرد بە چنیینەوە ئەو كەسانەى لەیەكێتى زیزبوون، بە بەردەوامى تا ئەم كاتەش هەر خەریكى زیادكردنى لا یەنگرانییەتى لە ناو عەشیرەتى میراودەلى، وە شانبەشانى ئەوە پێدانى ئیمتییازات و پلەو پایە لەڕادەبەدەرە، ئەگەر ماوە هەبێت لە ئایندەدا بەووردى لیست و پلەو پایەى سیاسى و ئیدارى و سەربازى سەدان كەس لە عەشیرەتى میراودەلى دەخەینە ڕوو، كە للایەن پارتییەوە خزمەتى دیارو بەرچاو كراوون، ئەمە لە كاتێكدا یەكێتى هەر لەكەسایەتییەكانەوە تا دەگاتە خوارەوە عەشیرەتى میراودەلى فەرامۆش كردووە.
بەهەموو عەشیرەتى میراودەلى لەناو یەكێتیدا ئەوانە پلەو پایەى ئیدارى و سیاسى و سەربازییان هەبێت، ناگەنە پەنجەى یەك دەست، لەكاتێكدا لەناو پارتى بەسەدانە؟! هەر بۆیە ئێستا خەریكەى هاو كێشەكە پێچەوانە دەبێتەوەو رێژەى پارتى بەرەو زیادبوونە، ئەمە جگە لەوەى ژمارەیەكى زۆرییان وازیان هێناوەو لەماڵى خۆیان دانیشتوون.
چاوەڕوانى ئامارى داتاى ووردو هەمەلایەن لەبارەى ناعەدالەتى و بێ وەفاى یەكێتى لەبەرانبەر میراودەلییەكان، لە بەرانبەردا وەفادارى و دەرگا كردنەوەى پارتى بۆ میراودەلییەكان. كە زۆرینەى ئەوانەى بوونە پارتى لەم چەند ساڵەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست