ژیانەوەى كوردستان بەرنامەیەك بۆ ژیانەوەى حیزب.
Friday, 18/06/2010, 12:00
هەموو دووهەفتە جارێك پیاوێك لە شاشەى گەلى كوردستانەوە دەردەكەوێت و پێمان دەڵێت گوندەكانى ئەم نیشتمانە لە خۆشترین گوزەراندا دەژین وامان لێدەكات یەكى كەواو سەڵتەیەك بكڕین و لە برى بینینى هەموو ئەم ناعەدالەتیە لەشارەكانى ئەم نیشتمانە دا دەكرێت , بچینەوە بۆ گوندەكانمان و بەدیار بە خێو كردنى چەن سەر مەڕێكەوە باقى تەمەنمان بەڕێكەین...
بەڵام سەد مخابن ئەم بەر نامەیەش كە بەرنامەیەكە و خۆى ناو ناوە بەرنامەى (ژیانەوەى كوردستان) نەدەبوو وەك سیاسەتى ڕاگەیاندنى حیزب بیرى بكردایەتەوە لە برى خەبەرى ڕاستى گوندنشینان كە ئێستا لە دژوارترین حاڵدا دەژین و ژیانیان لە ئاوەرەیدا بەسەر دەبەن كەهەمیشە لە چاوەڕوانى مەرگى خۆیاندان و بەدیار رەحمەتى گولە تۆپەكانى ئێرانەوە دانیشتون ئەو دێت و لە سەتەلایتى گەلى كوردستانەوە و خەریكى نوكتە گێرانەوەى سەردەمى شاخە لەگەڵ ئەنجومەنى گوندنشیناندا , باشە جێى خۆیەتى بپرسین كە كۆمەڵانى گەلى كوردستان ئەوە هەڵوێستیانە لە بەرامبەر هەموو ئەو گولە تۆپانەى كەوەك دیارى لەوڵاتى ئێرانەوە پێشكەشمان دەكرێت , كاكى ئامادەكارى بەرنامەى (ژیانەوەى كوردستان) ئاخر خۆناكرێًت گوندەكان و گوندنشینان بە درێژایى زیاد لە 18 ساڵى تەمەنى بەرنامەكەت دابین كردنى ئاو وكارەبا و خزمەت گوزاریە زۆر زۆر سەرەتاییەكانیان پێ بفرۆشیتەوە , ئەگەر تۆدەتەوێ هاوڕێى خەمەكانى ژیانى گوندنشینان بیت بچو بۆ قەندیل لەوێ دەست بكە ملى منداڵانى ئەو گوندانە و گوێ لە خەمەكانى ئەوان بگرە كە شەوانە تروسكاییە خەو ناچێتە چاویان , بڕۆ و لەوێ گۆرانى (خوایە وەتەن ئاواكاى) بڵى بابزانین ئەوان لە گەڵتا دەیڵێنەوە گەر بەراستى دەتەوى خوا وەتەن ئاوا بكات بڕۆ بەحیزبەكەت بڵى تكایە با هەڵوێستیان هەبێت بەرامبە ئەو هەموو تۆپباناى گوندە سنوریەكان كە زیاتر لە حەوت ساڵە بەردەوامى هەیە , زۆر سەیرە حەوت ساڵ تۆ لە ژێر تۆپبارانى وڵاتێكدا بژى هەموو كاردانەوەیەكى تۆ تەنها ئیدانە كردن بێت , منیش ئیدانەى دەكەم كەواتە من و دەسەڵاتى كوردى هەردووكمان یەك شتمان پێدەكرێت ئەویش (ئیدانە كردنە) , گەمەكانى سیاسەت ئەو كاتە دەست پێ دەكات كە سیاسیەكانى ئەم وڵاتە بەدەگمەن هەیانە لە خەمى ئەم وڵاتەدا بژین نازانم چ شتێك لەوە گرنگ ترە كە تۆ سنورى وڵاتەكەت ببەزێنرێت تۆش بێ دەنگ بیت , كەواتە ئێمە پێویستمان بە ژیانەوەى كوردستان نیە چونكە زۆرێك لە كۆمەڵانى خەڵك ئەو ڕاستیە دەزانین جارێ زۆر گوندمان نەژیاونەتەوە نەك نەژیاونەتەوە بگرە ڕۆژ لە ڕۆژ بەرەو وێران بوون و چۆڵ بوون دەچن لە ئاست كەم و كورتیەكانى حكومەت بەرامبەریان و نەبوونى كەمترین خزمەت گوزارى سەرەتایى لە زۆرێك لە گوندەكانى ئەم هەرێمەدا هەڕەشە لە وێران بوونى ئەم نیشتمانە دەكەن ,من پێمباشە بەرنامەى ژیانەوەى كوردستان لە برى ئەوەى خۆى بە گوندنشینانەوە سەرقاڵ بكات و خزمەتگوزاریە زۆر سەرەتاییەكانى هەندێك گوندمان پیشان بدات با سەرقاڵى ژیانەوەى حیزبەكەى بێت بەڵكو حیزبەكەى ئاوڕێكى جدى لە هەموو ئەو گوندانە بداتەوە كە ڕۆژانە لە بەر شاڵاوى تۆپ باران كردنى وڵاتى ئێراندا خۆیان و ماڵ و منداڵ و موڵك و ئاژەڵیان لە ژێر مەترسیدان...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست