تكایە..! ئیتر كەناڵى NRT بسڕنەوە..
Sunday, 03/04/2011, 12:00
بەرلەوەى تێتان بگەیەنم كەمن دەمەوێت لەم وتارەدا چیتان پێ بڵێم , تكایە ئەگەر دەتەووێ لەم نیشتمانەدا بژیت كەناڵى نالیا , كەناڵە سوتاوەكە لە نێو كەناڵەكانى سەتەلایتەكەتدا بسڕەوە , بیسڕەوە بۆ منداڵ و ئایندەى خێزانەكەت باش نیە بیبینن , لەوەش خرابتر ئەوەیە كە لە هەندى ناوچە بزانن كە تۆ سەیرى كەناڵى نالیا دەكەیت من بەتەواوى هەموو پەخشەكەیم نەبینى بەڵام وەك سیاسى حیزبەكان دەڵێن زۆر ترسناك بووە هەرچەندە 15 كاتژمێر زیاتر پەخشى نەكرد , بەڵام هەموو ورگ تێرەكان و حیزبە ئەبەدیەكانمان هەستیان بە ترسناكى كەناڵى NRTى دەكرد, ئەم كەناڵە بۆ تەمەنى خوار و هەژدەساڵ نەبوو سەیربكات (منداڵ و شێت و پیر و پەكەوتەكان) ى ئەم نیشتمانە باش نەبوو بیبینن چونكە ترسناك بوو باسى ترسناكترین ڕووداوەكانى ئەمڕوى هەرێمى كوردستانى دەكرد كە ((خۆپیشاندان و دەربڕینى ئازادى بوو)) , لە شەوى 20/2/2011 پیرەكان بۆ ئەوەى زیاتر بژین و منداڵەكانیش بۆ ئەوەى بۆ هەمیشە گەورە نەبن و نەخۆشەكان بۆ ئەوەى كەمێك دورتر بكەونەوە لە مەرگى خۆیان و شێتەكانیش بۆ ئەوەى عاقڵ بوونى خۆیان نەبینن ئەم كەناڵەیان سوتاند , ئەوشەوە ئیتر NRT بوو بە خەڵووز (بویرى و ڕاستگۆیى و هاوسەنگى) بوو بەخۆڵەمێش , بۆ ئەوەى لاى ئێوەش نەمێنى تكام وایە كە ئەم كەناڵە بسڕنەوە بۆ ئەوەى لێرە و لەم نیشتمانەدا بژین دەبێ هەموومان كەناڵى نالیا بسڕینەوە كەناڵە سوتاوەكە بسڕنەوە حزفى بكەن با ئیتر ئەو كوڕ و گەنجە جوانانە نەبینن كە چاویان پڕ فرمێسكە و دەگرین , دەگرین بۆ ئایندەیان دەگرین بۆ پاشەڕۆژى نەوەكانیان دەگرین بۆ مینبەرەكەیان فرمێسك دەڕێژن بەبەرچاوى هەموو دونیاوە دەگرین با ئیتر نەیان بینین كە چۆن دێێن بۆ دەوام ماڵێكى سوتاو پێشوازیان لێ دەكات با ئیتر جگەرەى دەمى گەنجەكانى نێو ئەم دەزگایە نەبینین كە هەناسەیەكى قوڵى سوتاو لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەمژن , مخابن دەسەڵات لە برى خەمى دابینكردنى نانى گەنجاندا بێت كار بۆ بڕینى نانى هەموو ئەو كوڕو كچە گەنجە جوانانە دەكات , ئاخۆ گەنجانى نێو ئەم دەزگایە چەندین خەون و پرۆژەى جوانیان بۆ كاتى وەرگرتنى یەكەمین موچەى خۆیان دانابێت , ئاخۆ چەند بیریان لەوە كردبێتەوە چەندى موچەكەیان بدەن بە پانتۆل و چەندى بە پێڵاو چەند بۆ جێڵى قژ و چەند بۆ تەنورە و میكیاج كردن و چەندى تریش بدەن بە دەستى خۆشك و برا بچوكەكانیانەوە , كەچى ئەوان هاتن و وەك چۆن خەونەگەورەكەى میلەتێكى بێ ڕاگەیاندنیان لەگەڵ خۆیاندا سوتاند ئاواش چەندین خەونى بچوكى گەنجانى ترى نێو ئەم دەزگایەیان لەگەڵ خۆیاندا برد بۆ دۆزەخ , تكایە بۆ ئەوەى ئیتر دیوى ئەودی و سوتانى كەناڵى نالیا نەبینن ئەم كەناڵە بسڕنەوە .. كۆنتڕۆڵى سەتەلایتەكەت هەڵگرە و بیخە سەر كەناڵ 4 وەك دەڵى كە ((ئێمە شایەنى باشترین)) بیخەنە سەر كەناڵى هەولێر و كەناڵى پەرلەمان و كوردسات و كوردستان tv و كەناڵى گەلى كوردستان , كەناڵى ترى كوردى زۆرمان هەن ئیتر NRT یتان بۆ چیە , بۆ هێندە دەپرسن كەى دەكرێتەوە..؟ با ئیتر NRT نەكرێتەوە بیخەنە سەر ئەو كەناڵانەى كە خەمیان تەنها خەمى گۆشت برژاندن و سەیران و مەست بوونى گەنجانى نیشتمانەكەمانە , بیخەنە سەر ئەوكەناڵەى كە لەكاتێكدا خوێنى گەنجەكانمان لەسەر شەقامەكانە ئەو نوێترین كلیپمان بۆ پەخش دەكات , بیخەنە سەر ئەو كەناڵەى كە لە برى پیشاندانى گەنجانى خۆپیشاندەردا سیناریوى جیاواز جیاوازیان بۆ دروست دەكات و بە زمانى زبر و بەنەفەسى شەڕى ناوخۆ كار دەكەن , و لەبرى خستنەڕووى داواكارى گەنجانى سەرشەقامەكانى شارەكەى خۆى خۆپیشاندانى لیبیا و یەمەن پیشان دەدەن و بیخەنە سەر ئەو كەناڵانەى كە بۆ هەمیشە ناسوتێن تەنها دلێ گەنجانى وڵاتەكەیان دەسوتێنن..
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست