توخوا لەگەڵ خۆتان بمبەن بۆ كۆبوونەوەكان
Thursday, 24/01/2013, 12:00
كۆبوونەوەى دەسەڵات و دەسەڵات.. كۆبوونەوەى ئۆپۆزسیون و ئۆپۆزسیۆن.. كۆبوونەوەى ئۆپۆزسیون و دەسەڵات.. كۆبوونەوەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیون.. كۆبوونەوەى دووقۆڵى و سێ قۆڵى.. كۆبوونەوەى كۆبوونەوە.. كۆبوونەوە بۆ كۆبوونەوەیەكى تر ..
ئەمە دۆخى سیاسى ئێستاى هەرێمى كوردستانە و ئەمە سەردێڕى گرنگترین هەواڵى كەناڵە حیزبى و تەنانەت سەربەخۆكانیشە لەهەرێمى كوردستان , كەچى خەڵكى كوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ لە چاوەڕوانى ئەم گەمە سیاسیانەدا ژیانیان قورستر و گرانتر دەبێ.. بۆیە زۆر حەز دەكەم ئەم جارە لەگەڵ بەرپرسە كوردەكانمدا بڕۆم و لەسەر مێزەكانى ئەوان دابنیشم حەزدەكەم وەك ئەوان ئەو قسانە بكەم كە پێشتر بیستوومە حەزدەكەم خەڵكى كوردستان بمبینن كە لەگەڵ هەموو حیزبەكاندا دادەنیشم و هیچ سودێكیشى نیە, حەزدەكەم ئەو مناقەشانە بكەم كە سەركردەكانم لە سەرى ڕێناكەون منیش لەگەڵ هیچ بۆچونێكى ئەوان ڕێناكەوم..
توخوا ئەم جارە لەگەڵ خۆتان بمبەن.. من نەدەسەڵاتم و نەئۆپۆزسیون , بەڵام لەگەڵ دەسەڵات وەك دەسەڵات قسە دەكەم و لەگەڵ ئۆپۆزسیونیش داكۆكى لەمافى ئەوان دەكەم بۆیە زۆر حەزدەكەم بێم لەگەڵتان..
حەزدەكەم بیم بۆ كۆبوونەوەكان , حەزدەكەم بێم ئاو و بیبیسى ومیوەى سەر مێزەكانتان بخۆم حەزدەكەم بێم تاوەك ڕۆژنامەنوسانى ئەم وڵاتە بەخۆمەوە مەشغوڵ بكەم و وایان لێبكەم چەندین كاتژمێر چاوەڕوانم بكەن..
حەزدەكەم بێم بۆ ئەوەى وێنەكەم بچێتە سەر ڕووپەڕى یەكەم لاپەڕەى ڕۆژنامەكان و سەرەتاى یەكەم هەواڵى كەناڵەكان.. كە كۆبوونەوەكە تەواو بوو حەزدەكەم زومى كامێراكان وێنەم بگرن , مایكى كەناڵەكان ڕووم تێبكەن..
بەڵام وەك ئێوە قسەناكەم قسەى من جیاوازە لەقسەى سەركردەكانى وڵاتەكەم , كەهاتمە دەرەوە هەموو ڕاستیەكان وەك خۆى باس دەكەم باسى دەكەم كە نەشهاتینایەو كۆش نەبوینایەتەوە هەر وەك ئێستا بوو , باسى دەكەم كە نەئۆپۆزسیون بەمەرجەكانى دەسەڵات ڕازى دەبێت و نەدەسەڵات توانى قبوڵكردنى داواكاریەكانى ئۆپۆزسیۆنى هەیە.
باسى دەكەم كەپێش كۆبوونەوەكە و دواى كۆبوونەكەش هیچ لە بارودۆخى گەنجان و هاوڵاتیانى وڵاتەكەم ناگۆڕیت..
بەشى هەموو كەناڵەكان قسە دەكەم قسەى زۆر دەكەم , ئەوەى كە بەئێوە دەوترێت مەیڵێن من دەیڵێم ..
بۆیە تكایە لەگەڵ خۆتان بمبەن
حەزەكەم بێم بۆ ئەوەى بزانم تازەترین قسەى سەركردەكانى وڵاتەكەم چیە بزانم ئەوانیش وەك هاوڕێكانم لە فەیسبوك بە (ئەحۆلە)وە مەشغوڵن..
كە هاتم جل وەك ئێوە لەبەردەكەم قەتەكەم بەهەزاران دۆلار دەكڕم گۆرەویە ئیتالیەكان لەپێ دەكەم قەمیسە پرتەقاڵیەكەم لەبەردەكەم , دێم وا دێم فەرقم نەبێت لەگەڵ بەرپرسانى وڵاتەكەم..
ئەو ڕۆژەى كە دێم , ڕۆژى پێش ئەوە نەوت وەرناگرم بەرمیل بەپاڵ لە گەڕەكەكەى ئەودیوى خۆمان ناهێنمەوە ئەو ڕۆژە سەیارەكەم بە پاڵ ناخەمە ئیش , شەو لە سەرەو خواركە ڕاى ناگرم بەئۆتۆمبیلى وەك ئۆتۆمبیلەكانى ئێوەدێم.. كەهاتم مۆبایلەكەم پڕدەكەم لە كارت تەنانەت 300 دینارە قەرزەكەى ئاسیایش دەدەمەوە ئەوەى كە كارتم پێنەبوو لێم وەرگرت .. هاتم بە سپۆرتى دێم بە ئاوى گەرم ڕیشم دەتاشم بە یانیەكەى قەیماغ دەخۆم..
بەڵام بمبورن ئەگەر كەمێك دواكەوتم من لە دەربەندیخانەوە دێم بەو ڕێگایەدا دێم كە چەند ساڵە ئێوە بۆتان چاك ناكرێ.. بەوتونێلەدا دێم كەتا بەنێویدا تێپەڕ دەبیت ڕەنگت زەرد دەبێتەوە.. دێم بەتەنیشت ئەو تانكەرە سوتەمەنیانەدا دێم كە خۆتان نەبێ كەس نازانى هى كامتانە بۆ كوێ دەچێ.. من و لەو شارەوە دێم كە لە تەنیشت بەحرێكدایەو ئاوى نیە بیخواتەوە.. دێم لەوێشەوە دەچم بۆ دوكتۆر چونكە شارەكەى من دكتۆەكانى دەڵێى چاوشاركێت لەگەڵ دەكەن ئەوەندە بەزەحمەت دەیان بینیت.. دێم بەوەرەقەى كارەباى ئەم مانگەوە دێم تاوەك پێتان بڵێم هەرچەندە سبلیتیشم نیە چەند كارەبام بۆ هاتۆتەوە.. دێم و داواكارى هەزاران فەرمانبەرتان بۆ دێنم كە بستێك زەوى نیە تێیدا نیشتەجێ بن.. بەبۆڵەبۆڵى كرێنشینەكانەوە دێم.. دیم داواكارى ئەو گەنجانەتان بۆ دێنم كە تەمەنى گەنجێتیان لە خوێندندا بەسەر برد و دانامەزرێن.. هەموو ئەو پیرەژنانەتان بۆ دێنم كەمانگى 37 هەزار دیناریان هەیە , هەموویان دێنم خۆتان 3000 ئابوونەكەشیان لێ بسێنن..
كەهاتم بەپێكەنینەوە تەوقەتان لەگەڵ دەكەم توند دەستەكانتان دەگوشم وەك ئەوەى زۆر بیرتان بكەم واناكەم كە هەست بەشەرمەزارى بكەن بۆیە تكایە لەگەڵ خۆتان بمبەن چونكە من تەنها یەكجار دەمەوێ بێم بۆ ئەو كۆبوونەوانە دواى ئەوە ئیتر بۆ خۆتانى بەجێ دێڵم..
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست