کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چمكێ لە مێژوو و نهێنیەكانى دەزگاى تۆقاندنى پاراستن

Friday, 25/11/2011, 12:00







كەریم سنجارى پێشوەخت ئاگاداریى تەقینەوەكانى یەكى شوبات بووە، بەئەنقەست دەنگى نەكردووە.


لەدەوڵەتە پێشەكەوتووەكانى جیهاندا دەزگاكانى هەواڵگرى دەزگایەكى میرییە كە هەموو ئەرك و فەرمانەكانى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى وڵات و هاوڵاتیە .. دەزگایەكە هەموو خەمى ئابروو و بەرژەوەندى هاوڵاتیانە لەسەر حسابى دارایى دەوڵەت و ماندووبونى ئەندامەكانى، لەو وڵاتە پێشكەوتوخوازانەدا دەزگاى هەواڵگرى ئیمتیازێك نیە بۆ ئەندامەكانى تاكو ببنە بونەوەرێكى سەرو یاسا و گیرفانیانى تیاپڕ دۆلاربكەن، لەهەمووشى گرنگتر دەزگایەك نیە بۆتۆقاندنى هاوڵاتى بێدەسەڵات و سووكایەتیكردن پێوەى لەسەرحسابى مانەوەى دەسەڵاتدارانى تاكڕەو و دیكتاتۆر و بنەماڵە .
لەهەرێمۆكەكەى ئێمە دوو بنەماڵەى مافیا ئاساى وێنەى (ئال كابۆنى) وا سەردەمێكە بەوێنەى مەڕى گێژ كەوتونەتە خێروبێراتى ئەم دەڤەرە و لەتەڕى ئەخۆن ئەمانكوژن و لەوشكى لێى ئەحەسێنەوە و لاقەى هەموو مافێكى سروشتیمان ئەكەن، دەزگاكانى پاراستنى پارتى و زانیارى یەكێتى بوونەتە دەزگایەك بۆخزمەتكردنى دەسەڵاتى بنەماڵە و چۆنیەتى مانەوەیان لەدەسەڵاتدا هاوشانى سەركووتكردن و تەنانەت تیرۆركردنى هەموو نەیاران و ناحەزانى ئەم دووبنەماڵەیە، لەم پێناوەشدا تاكە یەك هێڵى سوور نەماوە نەیبەزێنن و تاكە یەك مافى مرۆڤ نەماوە ژێرپێى نەنێن و تاكە یەك دەوڵەتى دراوسێ نەماوە چڵكاوخۆرى سیخوڕى بۆنەكەن و تاكە یەك بەرژەوەندى نەتەوەى نەماوە پەراوێزى نەخەن لەپێناو بەرژەوەندى حیزب و بنەماڵەدا، لەوڵاتان دەزگاى هەواڵگرى دەزگایەكى میری سرفە .. لاى ئێمە دەزگاى هەواڵگرى دەزگایەكى حیزبى و خێزانى سرفە، لەوێ بۆ پاراستنى ئابروو و ئاسایشى نەتەوەیى وڵاتە .. لاى ئێمە بۆ ئەتككردنى ئابروو و ئاسایشى نەتەوەیى وڵاتە .

زۆر بەپێویستم زانى كوورتیەكى پوخت و گرنگ لەسەر دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بارزانى لەم دەرفەتەدا بخەمە روو كەسەرتانسەرى پڕە لەنەگى و شوورەى و تۆقاندن و چڵكاوخۆرى .

دەزگاى پاراستنى پارتى بۆیە بۆیەكەم جار لەم حیزبە خێڵەكیەدا ساڵى 1965 لەناوچەى (حاجى ئۆمەران) ى كوردستانى عێراق بەهاریكارى دەزگاى سیخوڕى ساڤاكى ئێرانى و مۆسادى ئیسرائیلى دامەزرێنرا و ئەوكات و ئیستاش پاراستن زیاتر پاشكۆیەكى چاوشۆڕى ئەو دەزگا سیخوڕیانە و هاوشێوەكانى بووە وەك ئەوەى دەزگایەكى سەربەخۆ و دامەزراوە بێت، هۆكارى هاریكارى دەرەكى ئەو دەزگا سیخوڕییە نێودەوڵەتى و ئیقلیمیانە زیاتر بەهۆى قوڵایى ستراتیژى عێراق بووە لەناوجەرگەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هاوشانى ئامادەیى مەلا مستەفا بۆ قبوڵكردنى هەموو جۆرە هاریكارییەك لەهەر شوێنێكەوە بێت .

یەكەم سەرۆكى ئەو دەزگایەش پاش دامەزراندنى شەخسى (مەسعود بارزانى) بوو كە ئەوكات واتە ساڵى 1965 مەسعود تەمەنى تەنها نۆزدە ساڵ بوو، هەربۆیە بەفەرمانى مەلا مستەفا بارزانى هەریەك لە (شكیب عەقراوى) و (فرانسوا هەریرى) بەیاریدەدەرى مەسعود دەستنیشانكران، لەراستیدا شكیب عەقراوى هەڵسوڕێنەرى راستەقینەى دەزگاى پاراستن بووە و زۆریش لێهاتووبووە لەبوارى كارى سیخوڕیدا، پاش ماوەیەك هەریەك لە (شكیب عقراوى و عەزیز عقراوى و سامى سنجارى و محمد هرسین) بۆ ئەنجامدانى خولێكى هەواڵگرى رەوانەى ئیسرائیل و تاران دەكرێن، شكیب عقراوى تاكو سەرەتاى حەفتاكان وەك بەرپرسى یەكەمى دەزگاى پاراستن كارى كرد، ساڵى (1970 بۆ 1975) بووە ئەندامى لیژنەى مەركەزى پارتى و پاش ئاشبەتاڵیش لەگەڵ مەلا مستەفا روویكردە ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا و لەوێ مایەوە تاكو ساڵى 2008 بەسەردانێك هاتەوە بۆ كوردستان و كتێبێكى بڵاو كردەوە بەناوى [سنوات المحنە فى كردستان العراق 1958 1980] لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەو كتێبە دەزگاكانى پاراستن و ئاسایش قەدەغەیان كرد و تەواوى ئەو كتێبانەشیان لە بازاڕدا كۆكردەوە كە بڵاوكرانەوە، لەبەرئەوەى شكیب عقراوى زۆرێك نهێنى و زانیارى نێوان پارتى بنەماڵە و پاراستن و دەزگا سیخوڕیەكانى مۆساد و ساڤاكى بڵاوكردبۆوە، پاش ماوەیەكى كوورت شكیب دەگەڕێتەوە ئەمریكا و لەوێ بەنەخۆشى (تسمم) لەبارودۆخێكى تەم و مژاویدا گیان لەدەست دەدات، زۆر سەرچاوەى رۆژنامەوانى ئاماژە بەوە دەدەن كە بەهۆى ژەهراویی كردنیەوە لە كوردستان پێش گەڕانەوەى تیرۆركراوە، تاكو بۆ هەتا هەتایە ئەم كاتم ئەسرارەى بنەماڵەى بارزانى بێدەنگ بكرێت .

شایەنى باسە زۆرن ئەو بەرپرسە باڵایانەى پێشووى پارتى كە تیوەگلانى دەزگاى پاراستنیان لەگەڵ دەزگا سیخوڕیە نێودەوڵەتیەكان ئاشكرا كردووە، لەوانە دكتۆر [مەحمود عوسمان] كە پاش ئاشبەتاڵ لە دووتوێى پەڕتوكێكدا هەموو نۆكەریى و سیخوڕى پاراستنى پارتى و مەلا مستەفاى بۆ مۆساد و میتى توركى و ساڤاكى ئێرانى ئاشكراكرد و چەندین جار مەسعود بارزانى هەوڵى تیرۆكردنى دا پێش ئەوەى پاشگەزبوونەوەى خۆى ئاشكرا بكات، هەروەها [سامى عبدالرحمن سنجاریش] پاش جیابوونەوەى لە پارتى و پێكهێنانى پارتى گەلى كوردستانى عێراق لە چەندین نووسیندا رۆڵى سیخوڕى و نانیشتیمانى دەزگاى پاراستنى بۆ جیهان ئاشكراكردووە، پێش ئەوەى بگەڕێتەوە ئامێزى بارزانى و لە بەروارى 1/2/2004 دا لە دووتەقینەوەكەى لقى پارتى و مەڵبەندى هەولێرى یەكێتیدا بكوژرێت [كە دواتر باس لەوە دەكەین كە چۆن ئەم كوشتنەشى بەپلانى ئاشكراى پاراستن بووە]، هەروەها دارا تۆفیقیش كە سەرنووسەرى پێشووى رۆژنامەى التاخی و برایەتى بوو لە چەندین نوسیندا ئاماژەى بەپەیوەندى نهێنى نێوان پاراستن و مۆساد و ساڤاك داوە، ئەوەبوو لەكۆتاییى حەفتاكانى سەدەى پێشوودا لەلایەن كەسێكى نەناسراوەوە تیرۆركرا.

پاش شكیب عقراوى و لە كۆتایى حەفتاكاندا (فرانسوا هەریرى) بووە سەرۆكى فیعلى دەزگاى پاراستن، هەریرى مامۆستایەكى كریستیانى شارۆچكەى هەریر بوو و لەدایكبوى ساڵى 1937 و لەساڵى 1963 وە پەیوەندیى كردبوو بە پارتییەوە و هەر زوو متمانەى تەواوى مەلا مستەفاى بەدەستهێنابوو، فرانسوا هەریرى تاكو پاش راپەڕینى ساڵى 1991 وەك گەورەترین بەرپرسى ئەم دەزگایە مایەوە و پاشتر كرا بە سەرۆكى لیستى زەرد لە پەرلەمانى كوردستان و پاشتر بووە بەرپرسى لقى دووى پارتى لە هەولێر و دواجاریش كرایە پارێزگارى هەولێر تاكو لەبەروارى 18/2/2001 دا لەشارى هەولێر لەهێرشێكى چەكداریدا تیرۆر دەكرێت كە ئەنسار الاسلام بە ئەنجامدانى تاوانبار كرا و سەیر و سەمەرەش بوو كە دەزگاى پاراستن و كەریم سنجارى هیچ جۆرە زانیارییەكی پێشوەختیان لەسەر ئەم پەلامارە نەبوو، كە بە رۆژى نیوەڕۆ ئەنجامدراو و چەندین مانگ ئامادەكارى بۆكۆابوو !.

پاش فرانسوا هەریرى هەریەك لە [كەریم سنجارى] و ئازاد بەروارى بەرپرسیارێتى دەزگاى پاراستنیان گرتە دەست، ئازاد بەروارى خەڵكى گوندە مائیە لەباكوورى رۆژهەڵاتى هەولێر بەم هۆیەشەوە زۆرێك لە دانیشتوانى ئەو گوندە بەرپرسیارێتى مەزنیان لە ناو پارتى و پاشتر لەناو بەناو حكومەتى هەرێمدا وەرگرتووە، وەك رزگار مائى كە بۆماوەیەكى دوور و درێژ بەرپرسى ئاسایش و جەوازاتى خاڵى سنوورى ئیبراهیم خەلیل بوو لەكاتى گەمارۆى سێ لایەنى [نێودەوڵەتى، بەعسى، پارتى] لەسەر خەڵك و دانیشتوانى سنوورى دەسەڵاتى یەكێتى، هەمووانیش لەبیرمانە كە چۆن رزگار مائى ئەو كاتانە بەئاشكرا بە بەرتیل و پارەى خەیاڵى خەڵكى بۆ توركیا ئەپەڕاندەوە .
بێگومان بەهۆى هێنانە پێشەوەى مەسعود بارزانى و گرنگیدان پێى لەلایەن مەلامستەفا بارزانیەوە زۆرێك لە كوڕ و كەسە نزیكەكانى مەلا مستەفا بەم هەنگاوەى مەلا مستەفا زوویر بوون، لەوانە [ئەیوب بابۆ بارزانى] كە كوڕە مامى مەسعود بارزانیە و ئیستا لە سویسرا نیشتەجێیە، ئەوان مەسعودیان بەوە تاوانبار ئەكرد كە ئەو لەپاش هەرەسهێنانى كۆمارى مهابادەوە لەساڵى 1947 دا لە ماڵى باپیرەى واتە باوكى حەمایل خانى دایكى [مەحمود ئاغاى زێبارى] ژیاوە و ئاوارەى روسیا و ئێران نەبووە و تاكو مەلا مستەفاش لە روسیا دەگەڕێتەوە چاوى بە باوكى نەكەوتبوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى مەسعود بارزانى كوڕە نازدارى دایكى خۆى بوو و دایكیشى لەناو هەموو هاوسەرەكانى مەلا مستەفادا ناسرابوو بەوەى كاریگەرى زۆرى هەیە بەسەر مەلا مستەفاوە، هەر بۆیە مەسعود بەو تەمەنە كەمەوە هەستیارترین پۆستى پێبەخشی، كە سەرپەرشتیكردنى دەزگاى پاراستن بوو .

شایەنى باسە دەزگاى پاراستن لە ناو هەموو لق و ناوچەكانى پارتییدا نوێنەر و بارەگاى خۆى هەبووە بەناوى [رێكخستنى تایبەت]، بۆنموونە لە لقى چوار پاش راپەڕین [فازڵ رەئوف] ناسراو بە فازڵى مەلێح بەرپرسى رێكخستنى تایبەتى لقى چواربو،  كە [ئاكۆ چاوشین] جێگرى بوو، دیارە پێوەرى دڵسۆزى بۆ حیزب لە ناو پارتیدا راستەوخۆ پەیوەستە بە پێوەرى دڵسۆزى بۆ خودى سەرۆكى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، بۆیە ئەگەر بەرپرسێك یان ئەندامێكى ئەو پارتە چەند دڵسۆز و ئازا و چاونەترس و دەست و داوێنپاك بێت لە پێناو پارتیدا، بەڵام ئەگەر كوێرانە وەلائی بۆ جامانە سوورەكانى بلە و بارزان نەبێت ئەوا ئەو كات هەموو ئەم خەسڵەتە باشانە زەربى سفر دەكرێت .

لە چیرۆكە بەناوبانگەكانى تاوان و چەپەڵى دەزگاى پاراستن

(ئەڵێى لە قائمەكەى مەكتەب رێخستندا نەبووى؟!)
ئەمەی سەرەوە كۆد و جفرە نهێنییەیە كە ئیستاش گەورە بەرپرسانى پارتى بۆ پێكەنین و ترساندن لەنێوان یەكتردا بەكاریدەهێنن، وەك ئەوەى لە بارەگاى مەكتەب سیاسى جار و بار فازڵ میرانى بەهەندێ لەو بەرپرسانەى دەڵێ كە ئەیەوێ جوجك ترسێنیان بكەن، خودى نهێنى ئەم رستەیەش لەلایەن سەربازى كوڕى نالە هەورامیەوە بۆ هاوڕێیەكى نزیكى بنەماڵەكەى گێڕاوەتەوە و پێى وتووە، كە ئەو تاكو مردن قەرزدارى كاك نێچیرە كە ناوى لەقائمەكەى مەكتەب رێخستن دەرهێناوە .

ئیستا بابزانین سەرگوزشتە و نهێنى ئەو دێڕەى لاى سەرەوە چیە !؟

لەبەناوبانگترین بەسەرهاتە چەپەڵەكانى دەزگاى پاراستن كە تاكو ئیستاش زۆرن ئەوانەى ئاشنانین پێى پەیوەندى پاراستنى پارتیە بە تەقینەوەكانى 1/2/2004 وە كە تیایدا بەدەیان كادر و بەرپرسى پێشكەوتووى یەكێتى و پارتى بەهۆى دوو تەقینەوەى خۆكوژی تیرۆریستییەوە كەللە پاچەبوون و كوژران، پەیوەندییەكەش بەمجۆرەیە :

 لەهاوینى ساڵى 2003 دا، واتە پاش ئەنجامدانى پرۆسەى ئازادى عێراق و رووخاندنى رژێمى بەعس لەلایەن هێزە فرە رەگەزەكانەوە دەزگاى پاراستن بەپلانێكى ورد دەتوانن دزە بكەنە نێو رێكخستنە نهێنیەكانى رێكخراوى تیرۆریستى ئەنسار السونەوە، دیارە ئەو كاتە ئەم رێكخراوە هێشتا موالاتى خۆى بۆ رێكخراوى القاعدە رانەگەیاندبوو و بەسەرۆكایەتى [ئەبو مسعب زەرقاوى] وەك رێكخراوێكى بەناو جیهادى ئیسلامى سەلەفى توندڕەو لەعێراق كارى دەكرد، ئەو كاتە بەهۆى ئەو كەسانەوە كەلەم رێكخراوانەدا بەنهێنى زانیاریان دەدایە پاراستنى پارتى بەرامبەر بڕە پارەى زۆر پارتى سەركەوتو دەبێت كە چەندین پلانى پێشوەختى ئەم رێكخراوە لە هەولێر پوچەڵبكاتەوە و ئەنجامدەرەكانیشى یان ئەكوژرێن یان دەستگیردەكرێن، لەكۆتایى ساڵى 2003 دا زانیاریەكى ورد و نهێنى لە كەركوكەوە دەگاتە شەخسى [كەریم سنجارى] كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە ئەیەوێت چالاكیەكى زۆر مەزن لە ناو هەولێردا دژ بە بەرژەوەندییەكانى یەكێتى و پارتى ئەنجامبدات، كە ئەوان وەك بەكرێگیراوى هێزى داگیركەرى ئەمریكا تەماشایان دەكردن. كەریم سنجارى چەندین هەفتە بەدواداچوونى ورد بۆ زانیارییەكان دەكات و یەك هەفتە پێش رووداوە خوێناویەكەى یەكى شوباتى 2004 بە زانیارییەكى زۆر نهێنى [كەریم سنجارى] بۆى ئاشكرا دەبێت كە ئامانجەكە ئامادەبووانى جەژنە پیرۆزەى هەردوو لق و مەڵبەندى یەكێتى و پارتییە و كەسە خۆكوژەكانیش لەگەڵ كەرەستەى خۆتەقینەوەكان و چاوساغى كورددا هەمووى ئامادەكراون، دیارە كەریم سنجارى و پاراستن ئەم رووداوە وەك هەلێكى مێژوویى خوێندنەوەى هەواڵگرى خۆیانى بۆ ئەكەن تاكو بە چەكوشى تیرۆریستان دوو چۆلەكە بكوژن هەم كۆمەڵێ كادرى پێشكەوتووى یەكێتى كە تاكو دوێنى لە شەڕى براكوژیدا تاكو سەرئیسك دوژمنى پارتى و بارزانى بوون و ئەبن .. هەم كۆمەڵێ كادرى پێشكەوتووى پارتى كە پاراستن گومانى لە وەلائیان هەیە و ئەتوانێ بەم هەلە لە كۆڵ خۆیانى بكاتەوە، پاش وەرگرتنى رەزامەندى [كەریم سنجارى] لەگەڵ نێچیرڤان كاردەكەن بۆ ئامادەكردنى لیستێك لە مەكتەب رێخستنەوە بە ناوى ئەو كادرە حیزبیانەى كە پێویستە لەو رۆژەدا لە بارەگاى لقى دووى پارتى ئامادەبن بۆ پێشوازیكردن لەو خەڵكە بێئاگایەیى كە دێن بۆ پیرۆزبایكردن، دیارە لیستەكەى مەكتەب رێكخستن زۆر بەوردى بە رەزامەندى و ئاگادارى شەخسى نێچیرڤان و فازڵ میرانى و كەریم سنجارى ئامادە دەكرێن، ئەو كات نێچیرڤان زۆر مەبەستى بوو، كە لە كۆمەڵێ دەم و چاو رزگارى بێت كە ئەو پێى وابوو ركابەرى ئەون لەسەر بوونى بە كەسى دووەم لەناو پارتیدا، تەنانەت هەندێكیان تەنها لەبەرئەوەى نزیكبوون لە مەسرورى كوڕى مەسعودەوە لەلایەن نێچیرەوە ناویان كرابووە لیستى ئامادەبووانى جەژنە پیرۆزەكەى لقى دووەوە .

لە رۆژى رووداوەكەدا كەریم سنجارى و نێچیرڤان و فازڵ میرانى بەتەوسەوە چاوەنواڕى دەرئەنجامى ئەو چالاكییە تیرۆریستییەیان دەكرد كە بەهۆیەوە دەرئەنجام زیاتر لە سەد كاردى حیزبى باڵاى پارتى و یەكێتى و خەڵكى بێتاوان كوژران و دەیانى تریش بریندار و كەم ئەندام بوون .




نموونەیەكى ترى تاوانەكانى پاراستن

* لە سەرەتاى نەوەتەكانى سەدەى پێشوودا فازڵ میرانى ئەندامى لیژنەى مەركەزى پارتى حەز لە ژنێكى مێردارى ناو یەكێك لەعەشیرەتەكانى دەوروبەرى هەولێر دەكات، كاتێك داوا لە مێردەكەى دەكات كە بەزۆر تەڵاقى بدات براى مێردى ژنەكە رازى نابێت، هەر بۆیە فازڵ میرانى لە رێگاى كەریم سنجاریەوە براى مێردى ژنەكە تیرۆر دەكات و وەك رووداوێكى ئاسایى نیشانى دەدەن .

* نموونەیەكى تر ئەوەیە كە چۆن كاتێ [كەریم جومعە]ى سكرتێرى مەسعود بەرزانى ژنەكەى تاوانبار دەكات بەخیانەتكردن لێى و لەناو ماڵەكەى خۆیدا ئاگر لە ژنەكەى و ماڵەكە بەردەدات و بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات و راستەوخۆ پاراستن رێگرى لە هەموو جۆرە لێكۆڵینەوەیەك دەكات و رووداوەكە دژ بە نەناسراوێك تۆماردەكرێت .

نموونەیەكى تر داواكردنى هاوسەرى یەكەمى كەریم سنجارییە بۆ تەڵاق لەمێردەكەى كاتێ خیانەت و داوێنپیسى كەریمى لەناو ماڵەكەى خۆیدا بۆ ئاشكرا دەبێت، كەریم ئەیەوێ ناوبانگى نەزڕێت بەوەى هەوڵدەدات ژنەكەى خۆى بەرووداوێكى هەڵبەسترا بكوژێت، بەڵام لەبەرئەوەى ژنەكەى كەریم سنجارى خزمى نزیكى ئازاد بەروارى بوو و خوشكى رزگار مائى بەرپرسى دارایى پارتى بوو لە دهۆك لەو كاتانەدا، بۆیە پلانەكەى بۆ نەچووە سەر و ئیكتفاى كرد بەتەڵاقدانى .

* نموونەیەكى تر كوشتنى ژنە كریستیەكە لەلایەن [عزالدین بەرواری] یەوە، ئەو ژنە لەعەشرەتى نیرۆی كریستیانى بوو، هۆى كوشتنەكەشى ئەوەبوو كە ئەو ژنە بەهۆى پەیوەندى نهێنى لەگەڵ بەروارى دووگیان ببوو، دیارە عزالدین بەروارى ئەو كاتانە بەرپرسى سەرمایەگوزارییەكانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بوو لە دەرەوەى كوردستان.

* نموونەیەكى ترى زۆر زەق كە هەموو دانیشتوانى دهۆك لە یادیانە كوشتنى كوڕە گەنجێك بوو لە دهۆك لەلایەن [نیچیرڤان ئەحمەد مسیرى الزهیرى]یەوە، كە ئەو كات بەرپرسى دەزگاى پاراستنى دهۆك بوو بە تاوانى ئەوەى، گوایا ئەندامى پارتى كریكارانى توركیایە، لە راستیدا هۆكارەكەى بۆ دیزەبەدەرخوونەكردنى پەیوەندى سیكسى نهێنى نێوان نیچیرڤان و ژنەكەى ئەو كوڕە بوو، كە دركى پێكردبوو و ئەیوست سكاڵاى لەسەر تۆماربكات.

* نموونەیەكى ئاشكراى ترى چەپەڵى رۆڵى پاراستن ئەوەیە، كە چۆن هەر لە دهۆكدا [جعفر ئیبراهیم ئیمنكى] هەڵدەستێت بە كوشتنى كوڕێكى گەنج بەناوى [هیرش مرعان دوسكى] لەسەر دەماقاڵێیەك بەهۆى رووداوێكى هاتوچۆوە، كە لەنێوان ئوتومبیلەكانیاندا روویدابوو، هەرچەندە چەندین كەسى ئامادەبووى رووداوەكە شاهیدى ئەوەیان دابوو لاى پۆلیس كە بەهەردووچاوى خۆیان بینیویانە چۆن [جعفر ئیمنكى] بەدەمانچەكەى هیرشى كوشتووە، بەڵام لەبەرئەوەى جعفر بەرپرسى لقى یەكى پارتى بوو ئەوكات بەفەرمانى پاراستن دۆسیەكە داخرا و هەموو ئیفادەى شاهیدەكانیش سوتێنرا، ئیستاش ئەندامى مەكتەبى سیاسى و وتەبێژى فەرمى پارتیە.

* شایەنى باسە دەزگاى پاراستنى پارتى تەنانەت بۆ ئەندام و بەرپرسەكانى خۆشى وەفا و باكى نەبووە ئەگەر بە كێشى گەردێ گومانى لە دڵسۆزیان بكردایە، لەوانە كوشتنى [محمد هەرسین] بوو كە بەكەسى دووەمى دەزگاى پاراستن حساب ئەكرا تاكو ئاشبەتاڵەكەى ساڵى 1975، ئەوەبوو ساڵى 1979 و پاش ئەوەى محمد هەرسین ئامادەى مەراسیمى بەخاكسپاردنى مەلا مستەفا دەبێت لە شارى شنۆى ئێران، بەفەرمانى خودى مەسعود بارزانى تیرۆر دەكرێت، ئیستاش ئارى كوڕى كراوەتە بەرپرسى لقى 21 ى پارتى لەناوچەى سلێمانى .



دیارترین ئەو ناوانەى كە كاریان لەگەڵ دەزگاى پاراستندا كردووە و بەرپرسیارێتیان هەبووە لـــەم دەزگایەدا بریتین لە :
1. مەسعود بارزانى .
2. شكیب عقراوى .
3. عزیز عقراوى .
4. مەحمد هەرسین .
5. فرانسوا هەریرى .
6. كریم سنجارى .
7. ئازاد بەروارى .
8. پیرۆت ئەحمەد .
9. حسین سنجارى .
10. سامى عبدالرحمن سنجارى .
11. عبدالرحمن اسماعیل عقراوى .
12. محمد امبن عقراوى .
13. مستەفا خۆخە .
14. ئیبراهیم پێداوى .
15. نورى حیدر ناسراو بەهۆشیار .
16. جمال رەشید، هاوسەرى دكتۆرە كوردستان موكریانى .
17. تحسین ئەتروشى .
18. عبدالخالق رەشید معروف، سەردەمێك وەرگێڕى تایبەتى ئدریس بارزانى بووە .
19. محمد سعید الدوسكى .
20. كمال ئەحمەد بەرقى .
21. خاڵە حاجى، حەمە رەحیم (هەڤاڵ جوجەڵە).
22. فازڵ رەئوف و ئاكۆ چاوشین .
23. وریاى رەئوف سەعاتچى .

شایەنى باسە لەكاتى شەڕى ناوخۆى سەر داهاتەكەى گمرگى ئیبراهیم خەلیل، هەردوو دەزگاى پاراستنى پارتى و زانیارى یەكێتى چەندین چالاكى سەیر و سەمەرەیان دژ بەیەكتر ئەنجامدا، كە گرنگترینیان هەوڵێكى تیرۆركردنى مەلا بەختیار بوو كە ئەوكات لە هەولێر لەژێر دەسەڵاتى هاوبەشى یەكێتى و پارتیدا بوو، بەرپرسى مەكتەبى رێكخراوە دیموكراتیەكانى یەكێتى بوو، لەو كاتانەدا یەكێك لە پاسەوانەكانى مەلا بەختیار بە ناوى ئاسۆ كە بە ئاسۆى ئەحە گول ناسراوە و خەڵكى سلێمانی بوو، بەنهێنى پەیوەندى دەكات بە فازڵ رەئوفەوە، فازڵى مەلێح بەرپرسى رێكخستنى تایبەتى لقى چواربوو، ئاسۆ پێى ئەڵێ من پاسەوانى مەلا بەختیارم و ماوەى چەند مانگێكە مەلا بەختیار ل ەژێر زەبرى هەڕەشە و كوشتندا زۆر شەو بەنهێنى دێتە ماڵەكەمان و لاقەى سێكسى ژنەكەم دەكات، پاش ئەوەى یەك جار لە بارەگاى رێكخراوە دیموكراتیەكان بینیبوى تەماعى لە سیما و لەشى جوانى كردبوو، ئاسۆ لەگەڵ ژنەكەیدا كە ناوى (تەلار) بوو رێدەكەون لەسەر ئەوەى دەزگاى پاراستنى لێئاگادار بكەنەوە و بەهۆیەوە پاراستن مەلا بەختیار بكوژێت و ئەمانیش لەبەرامبەردا وەك پاداشتێك بڕێ پارە وەربگرن و رەوانەى دەوڵەتێكى ئەوروپى بكرێن، دیارە فازڵى مەلێح راستەوخۆ ئەم هەواڵە گرنگە دەگەێنێتە [كەریم سنجارى] بەرپرسى پاراستن و پێكەوە پلانێك بۆ تیرۆركردنى مەلا بەختیار دادەڕێژن، بەڵام دیارە لە دواساتەكاندا تەلارى ژنى ئاسۆ پەشیمان دەبێتەوە و پلانەكە ئاشكرا دەكات، هەر بۆیە پاشتر ئاسۆ و تەلار زیندانى دەكرێن و لە زیندانى قەلاچوالانى دەزگاى زانیارى دەكوژرێن .

بەهەمان شێوەش دەزگاى زانیارى یەكێتى تاوانبارە بەكوشتنى زۆر لە كادرەکانی پارتى، تەنانەت لە زارى ئەنجامدەرانى تەقینەوەكەى زاخۆوە كە لەسەر تەلەفزیۆنى پارتى پەخشكرا كە لە نزیك بازاڕى دۆلارى زاخۆ ئەنجامدرا دەیان هاوڵاتى سیڤیل و منداڵ كوژران و برینداربوون.

دیارە لە شەستەكان و حەفتاكانى سەدەى پێشوودا دەزگاى پاراستنى پارتى چەندین بارەگا و زیندانى نهێنى هەبوو بە وێنەى زیندانە بەدناوەكەى ئیستاى ئاكرێ، ئەو كاتانە پاراستن دوو زیندانى بەدناوى تۆقێنەرى هەبوو لە رایات و خەلان، چەند شوێنیكى تریشى هەبوو بۆ كوشتن و ئەشكەنجەدان وەك بارەگاكانى پاراستن لەهەریەك لە كانى ماسى نزیك سلێمانى و گەڵاڵە، بەناوبانگترین جەللادەكانى ئەم زیندانانەش [فارس باوە] و [پاشا] ناوێك بوون كە ناسرابوون بەوەى بەتەوس و حەزەوە خەڵكیان بە تەور و چەقۆ ئەكوشت یان سەریان بە بلۆك و بەرد پاندەكردەوە پاش ئەوەى فەرمانى كوشتنیان لەلایەن مەلا مستەفاوە دەرئەچوو .. هەمان دەستور كە جەبار فەرمانى پاڵەوانى دیلكوژ لەشاخ و لەشار و شەڕى گومرگى ئیبراهیم خەلیلدا سەد بارەى كردەوە.

رۆڵى چەپەڵى پاراستن لەخیانەتى 31 ى ئابى 1996 دا لە دێوەزمەترین رووخساریدا خۆى نیشانى خەڵكیدا، كاتێ بەسەدان ئەندامى پارتەكانى ئۆپۆزسیۆنى عێراقى كە بارەگاكانیان لە هەولێر بوو لەلایەن موخابەراتى بەعسەوە و بەچاوساغى ئاشكراى خودى كەریم سنجارى و چاوساغەكانى دەستگیركران و تاكو ئیستاش چارەنوسیان بەنادیارى ماوەتەوە .


بێگومان وەك ئاشكرایە لاى هەمووان ئیستا سەرۆكى دەزگاى پاراستن [مەسرور بارزانى] كوڕە گەورەى مەسعود بارزانیە، كە وەك پارسەنگییەك بۆ دەسەڵاتى بێسنوورى نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانكراوە.
رەوتى گشتى كارى دەزگاى پاراستنى ئیستاش كەناوى لێنراوە [ئاژانسى پاراستن] هەمان رەوتى بەدناو و چەپەڵ و تاوانكارى جارانە و بودجە و حساباتى كراوەیە و دەزگایەكە بە وێنەى دەزگاى زانیاریى یەكێتى لەسەرو یاساوەیە و گرنگترین و سەرەكیترین فەرمانى پاراستنى دەسەڵاتى بنەماڵەیە هاوشانى تەسفیەكردنى هەموو نەیار و ناحەزەكانیان، لەسەردەمى مەسرور بارزانیدا دەزگاى پاراستن چەندین تاوانى قێزەونى دژ بەخەڵكى بوێر و بێتاوان ئەنجامداوە لەوانە تیرۆكردنى [زەردەشت عوسمان] و [سۆرانى مامە حەمە] كە هەموو تاوانەكەیان ئەوەبوو لەنوسینەكانیاندا هێڵى سوورى جامانە سوورەكانى بارزانیان بەزاند و گەندەڵیى و خیانەتەكانیانیان ئاشكراكرد و تا ئیستاش بكوژەكان ئازادن بە وێنەى بكوژەكانى شەهیدانى خۆنیشاندانەكانى حەڤدەى شوبات و پاشتر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە