کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ناوی‌ یارمه‌تیدانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌و بارزانی‌ به‌جیا پاره‌یان له‌توركیا وه‌رگرتووه‌

Wednesday, 08/09/2010, 12:00


سه‌باح به‌پێی‌ دوو راپۆرتی‌ رۆژنامه‌ی‌ (سه‌باح) (SABAH)ی‌ توركی‌، هه‌ریه‌ك له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌، هاوكاری‌‌و یارمه‌تیی‌ ماددییان بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌حكومه‌تی‌ پێشووی‌ توركیا وه‌رگرتووه‌.

به‌پێی راپۆرتێك كه‌ رۆژنامه‌ی (سه‌باح) رۆژی سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تاڵه‌بانی له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی یارمه‌تی‌و هاوكاریی ماددییدا بووه‌ له‌ حكومه‌تی پێشووی‌ توركیا بۆ دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا، هاتووه‌ تاڵه‌بانی له‌ 1 ی ئایاری 2000 دا چاوی كه‌وتووه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك له‌سلێمانی له‌ باكوری عێراق، داوای دوو ملیۆن دۆلاری مانگانه‌ی كردووه‌ بۆ ده‌رماڵه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئاسایش ده‌پارێزن، به‌ڵام حكومه‌تی 57ه‌می توركی ئاماده‌ بووه‌ ته‌نیا شه‌شسه‌د هه‌زار دۆلار مانگانه‌ بدات.

ئه‌و ڕاپۆرته‌، دوای‌ یه‌ك رۆژ دێت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راپۆرتێكی تر كه‌ تێیدا له‌ ڕێگه‌ی‌ دۆكیومێنتێكه‌وه‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی توركیا بۆ مه‌به‌ستی هاوكاری‌و یارمه‌تی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، چاوی به‌ بارزانی‌ سه‌رۆكی پارتی كه‌وتووه‌.

رۆژنامه‌ی‌ (سه‌باح)، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی‌ توركیاش، هاوكار بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌و تاڵه‌بانی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، كه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كیان له‌ باكوری عێراق هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها، ئاشكرای‌ كردووه‌ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی توركیا TSK، هاوكار له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستانی جه‌نگاون، ئه‌وه‌ش پێكرانی ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ی لـێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ نووسیوویه‌تی‌ حكومه‌تی 57ه‌می ئیئتیلافیی توركیا، ڕازی بووه‌ به‌ یارمه‌تی‌و پشتگیریی تاڵه‌بانی و بارزانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

ڕۆژنامه‌كه‌، ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌هجه‌لی سه‌ركرده‌ی پارتی بزو‌وتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (مه‌هه‌په‌)، ئاماده‌یی نیشانداوه‌ حكومه‌ته‌ ئیئتیلافییه‌كه‌ی پشتگیریی بارزانی بكات له‌ڕێگه‌ی یارمه‌تی سه‌ربازی‌و ماددییه‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌، بارزانی ئه‌و كێشانه‌ی پێوتوون كه‌ رووبه‌ڕووی بو‌ونه‌ته‌وه‌و داوای یارمه‌تیی له‌توركیا كردووه‌، توركیاش ڕازی بووه‌ ناوبه‌ناو یارمه‌تی بنێرێت‌و، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و كاته‌‌و ئه‌ندامی پارتی بز‌ووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (سه‌باحه‌ددین چه‌كماك ئۆغڵو) بڕیاره‌كه‌ی مۆر كردووه‌.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌دا، جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو ساڵی 1999‌و 2000دا، حكومه‌تی توركیا حه‌وت ملیۆنی داوه‌ به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵه‌بانی.

دوابه‌دوای به‌دواداچو‌ونه‌كه‌ی (سه‌باح) ی ڕۆژی دوو شه‌ممه‌، بۆ بابه‌تی هاوكاریی حكومه‌تی توركیی 57ه‌م له‌گه‌ڵ‌ بارزانی، پارتی بز‌ووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی داوای ئه‌وه‌ی كردو‌وه‌ تۆمار‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و هاوكاری‌و یارمه‌تییه‌ی كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ باسی كرد‌ووه‌ بڵاو بكرێنه‌وه‌.

پارتی بزو‌وتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، له‌گه‌ڵ‌ دوپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌دا كه‌ تێڕوانینی نێگه‌تیڤی خۆیان بۆ بارزانی نه‌گۆڕیوه‌، ڕاپۆرته‌كه‌ی (سه‌باح)ی به‌درۆ نه‌خستو‌وه‌ته‌وه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا، پارتی بزو‌وتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا (ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان) كردووه‌ كه‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنێكی نهێنیی تر هه‌یه‌ ئاشكرای بكات كه‌ له‌گه‌ڵ‌ رژێمی كوردیی ئێستای باكوری عێراق كرابێت.

پارتی بز‌ووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترینی ئه‌و لایه‌نه‌ توركیانه‌ی كه‌ دژی به‌ده‌مه‌وه‌چو‌ونی داواكارییه‌كانی كورد و وتووێژن له‌گه‌ڵ‌ كورد و پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئامانجه‌كه‌ی دابه‌شكردنی وڵاته‌كه‌یه‌.
له‌ سایتی هاوڵاتی وه‌رگیراوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە