جەنابی بەڕێوەبەری گشتیی ئەمەت لە چى و ئەوەت لەچى؟!
Wednesday, 11/03/2009, 12:00
ماوەی هەژدە ساڵە لە میدیاكان سكاڵای ئەوە دەكەین كە ڕۆتین و میزاجی شەخسى، ڤایرۆسى گەندەڵی دامودەستگە حكوومییەكانە لە هەرێمی كوردستان. ئەگەرچى هەنگاو لە پێناو كەمبوونەوەی ئەم دیاردە خراپە بەردەوامە، بەڵام هێشتا بنبڕكردنی ئەم ڤایرۆسە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ماوە. ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانییەكی زۆری هاووڵاتییان. ئەمڕۆ خاوەن یەك حكوومەتین و مەرجەعیەتیی بڕیارەكانی دامودەستگەكانی حكوومەت، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت. بەڵام بەشێك لە بڕیارەكان لە لایەن چەند كەسێكی بەرپرس لە وەزارەتەكان ناخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە!
لە ڕاستیدا ئەوەی هانی دام ئەم گلەیی و ڕەخنەیە بخەمە سەر كاغەز، زیاتر ئەو شانۆگەرییە بوو كە بە داخەوە كارەكتەرە سەرەكییەكەی خۆم بووم. لەم ڕۆژانەدا كارم كەوتە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن بۆ برایەكم كە فەرمانبەری ئەم وەزارەتەیە بوو، لەوێ بە ڕێكەوت كارمان كەوتبووە ژێر دەستی جەنابى (نەسرەدین) كە بەڕێوەبەری گشتیی كاڕگێڕى و دارایی وەزارەتی ناوبراوە. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، لە دوای چاوەڕوانی نزیكەی دوو سەعات و نیو زیاتر، بەڕێزیان دیارنەما، منیش بە چاوقایمی خۆم ڕووم لە ژووی سكرتێرى بریكاری وەزیر كرد و، مەبەستی سەردانەكەمم بۆ ئاشكرا كرد، كەچى بەڕێوەبەری گشتی كاكە (نەسر) جارێك دەچووە ژووری بریكاری یەكەمی وەزیری و، جارێكیش دەچووە ژووری بریكاری دووەمی وەزیر، ئەو خەڵكەیش هەر لە چاوەڕوانیدا بوون، چونكە لە خوای بەزیاد بێ ئەو وەزارەتە دوو بریكاری هەیە!
بۆیە فرسەتم وەرگرت و چوومە ژوورەوە، یەكسەر ئەویش پێى گوتم مەوعیدت لەگەڵم نییە. پێم گوت راست دەكەی، بەڵام من موراجیعم و بۆ كارێكی سروشتی هاتووم، كە ئێوە تەگەرەتان خستۆتە پێشییەوە. گوتی چۆن؟ پێم گوت: بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێك بە ژمارە (.....) بەسەر هەموو دامودەستگەكان و وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گشتێنراوە، كە تیایدا هاتووە (ئەگەر هەر قوتابییەك نیازی خوێندنی هەبێت لە زانكۆ، ئەوا ڕێگەی پێ دەدرێ، بۆی بكرێتە مۆڵەت بە مووچەوە، ئەگەر هات و فەرمانبەر بوو، بەڵام بەو مەرجەی ئەو بڕوانامەیەی كە قوتابییەكە هەوڵی بۆ دەدات وەری بگرێ، لە هی خۆی بەرزتر بێت كە پێشووتر پێی دامەزراوە).
براكەی منیش هەمان مەرجی تێدا بوو، كەچى بەڕێوەبەری گشتی (نەسرەدین)، ڕكەی داگرتبوو بە پاساوی لاواز لاواز، كارەكەی بۆ ئەنجام نەدەداین. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر ئەو جەنابی بەڕێوەبەری گشتییە پێشتر چەندین حاڵەتی وای تێپەڕاندووە و ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، كەچى بۆ داخوازیەكەی ئێمە هەزار و یەك تەگەرەی هێناوەتە پێش. ئەگەرچى من هەوڵم دەدا كە لە واقعی یاسای نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حاڵی بكەم، بەڵام ئەو نەیدەویست كارەكە بكات. دەپرسم ئایا مامەڵەكردن لەگەڵ نووسراو و فەرمانەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بە میزاج و زەوقی تاكەكەسى دەبێ، یان فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێكە و دەبێ جێبەجێ بكرێت؟!
هەر لەم مینبەرەوە هیوادارم جەنابى بەڕێوەبەری گشتی بەخۆی دا بچێتەوە و بە یەك چاو سەیری داواكاری قوتابیان بكات، چونكە سەرەنجام هەر دەبێ، ئەو كورسیەكەی خۆی بۆ نەوەی نوێ و لاوێكی خاوەن بڕوانامە و مۆدێرن جێبهێڵێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست