جه‌ماوه‌ری به‌ شه‌ره‌فی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك..

Sunday, 25/10/2009, 12:00


خه‌ڵكی ئازادیخواز و ئاواره‌كانی شاری كه‌ركوك له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ن...
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشتووانی عیراق كه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ و مه‌زنه‌ بۆ پۆلێنكردنی راستییه‌كان و خستنه‌ڕووی ئامار و زانیارییه‌كان، به‌پێویستی ده‌زانین كه‌ سه‌رنجی ئێوه‌ی تێكۆشه‌ر و خه‌مخۆری ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان رابكێشین كه‌ له‌ رۆژانی (21- 30/10/2009) سه‌رژمێری گشتی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان له‌ عیراقدا ساز ده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناوی ئه‌ندامانی خێزان و خانووبه‌ره‌ و موڵك و ماڵی نێشته‌جێبوونتان.
له‌شاری كه‌ركوكیشدا وه‌ك هه‌ر شارێكی تری كوردستان و عیراق، تیمه‌كانی سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان سه‌ردانی ماڵه‌كانتان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ زانیارییه‌ راست و دروسته‌كان تۆمار بكه‌ن له‌پێناو زیاتر خزمه‌تكردن به‌ ئێستا و ئاینده‌ی پرشنگداری شاره‌كه‌مان.
ئه‌ركی ئێوه‌ی تێكۆشه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك به‌ تێكڕا هانی جه‌ماوه‌ر بده‌ن بۆ هاوكاریكردنی تیمه‌كانی سه‌رژمێری، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ته‌واوی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك له‌ هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌كن بۆ رۆژانی (21- 30/10/2009) ئاماده‌ بن له‌ شاری كه‌ركوك و ئه‌و رۆڵه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ ببینن و ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن.
دیاره‌ تۆماركردنی سه‌رژمێرییه‌كه‌ به‌پێی خشته‌یه‌كی دابه‌شكراوی زه‌مه‌نی له‌ هه‌موو كوچه‌ و گه‌ڕه‌كێكدا به‌ زنجیره‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
لێره‌وه‌ بانگه‌وازی ئێمه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ریه‌تی له‌ كات و ساتی خۆیدا ئاماده‌ بن، ئاماده‌بوونتان زامنی پاراستنی دۆسیه‌ و به‌ڵگه‌ ره‌سمییه‌كانی خۆتان مسۆگه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌موو مافێكی هاوڵاتیبوونتان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، جگه‌له‌وه‌ی پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌شه‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان.
بۆیه‌ جارێكی تر داواتان لێده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ ئاماده‌بن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌ هه‌مانكاتدا به‌ڵگه‌ ره‌سمییه‌كانتان وه‌ك ده‌فته‌ری نفوس و پێناسه‌ی باری شارستانی و فۆڕمی خۆراك و هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی تری پێویست له‌گه‌ڵ خۆتان به‌رن تا ئامار و سه‌رژمێریتان وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی ره‌سمی و مێژوویی له‌ شاره‌كه‌دا بۆ هه‌میشه‌ بمێنێته‌وه‌ و به‌وه‌ش ئه‌ركی خۆتان راده‌په‌ڕێنن و كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ تۆمار ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ رێزدا..
ده‌سته‌ی پشتیوانی كه‌ركوك
ڵه‌نده‌ن
٢٢ /١٠ /٢٠٠٩



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە