کۆمۆنی پاریس دەسپێکی مێژوویەکی سیاسی نوێ
Saturday, 16/03/2013, 12:00
ڕیکەوتی هەژدەی مارسی ئەمساڵ ١٤٢ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆمۆنی پاریسدا، کرێکاران وزەحمەتکێشانی پاریس توانیان لەرێگای ڕاپەڕین وشۆڕش دەسەلاتی چینی بۆرژوازی لەم ووڵاتەدا بڕوخێنن وبۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ دهسەڵاتدارێتی جەاوەری کۆمۆنارەاکن دابمەزرێنن. لەو ساوە تا ئەمڕۆ کۆمۆنی پاریس بۆتە دەسپێکی مێژویەکی سیاسی چینایەتی نوێ و کۆمۆنارەکان سەلماندیان کەڕوخانی دەسەڵاتی چینی بۆرژوا و دامەزراندنی دەسەڵاتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕێکخراو لەشورا جەماوەرییەکانی خۆیاندا، کارێکی لەتوانادایە. وە هەر ئەم تاقی کردنەوەیە بوو کەبوە ئەزمونیکی زیندو بۆ بەلشەفیەکان ولینین تا ئەوانیش لەشۆڕشی ئۆکتۆبەری١٩١٧ دا دەسەڵاتی بۆرژوازی ڕوسیا بڕوخێنن ودەسەڵاتی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان دابمەزرێنن.
هەڵبەت ئیمەش کۆمۆنیستەکان و کریکاران و زەحمەتکیشانی کوردستانیش لەبەر رۆشنایی هەمان ئەزمونی کۆمۆنی پاریس و ئۆکتۆبەردا لەڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ دەستماندایە خۆریكخستن لە شوراکانداو بانگەوازی دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی جەرماوەری کوردستانمان کرد و لەو کاتەوە تا ئیستا بۆ ئێمەش ڕۆژی18ی مارس ساڵی١٩٩١ بۆتە ڕۆژی شوراکان. بێگومان دەرسو تاقی کردنەوەکانی ئەم ئەزمونه، سەرەرای هەر لاوازی یەک، ڕۆشنای بەخشە بۆ چینی کرێکارو زەحمەت کێشانی کوردستان وخەباتی ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داهاتوو..
تا ئەو جیگەیەی دەگەڕێتەوە بەکۆمۆنی پاریس، دەکرێ لەم بۆنەیەدا ئاماژە بە کۆمەڵی ڕاستی بکەین کە کۆمۆن سەلماندویتی. لەوانە:
یەکەم:ڕوخانی دەسەڵاتی چینی بۆرژوا لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدەو بەرقەراری دەسەڵاتی کریکاران لەتوانادایە. بەڵام مانەوەو سەقامگیرکردنی ئەو دەسەڵاتەو بەدی هینانی سوسیالیزم، بەبێ بونی حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری خاوەن بەرنامەو ستراتیژو تاکتیکی سیاسی وئابوری و کۆمەلایەتی رۆشن لەهەر قۆناغیکدا، ناتوانێ سەرکەوتن لەبەرامبەرچینی بۆرژوازیدا تاسەر ڕابگرێ..
دووهم: هەڵوەشانەوەی تەواوی دامودەزگای بۆرژوازی هەر لە دامودەزگا تەنفیزی و تەشریعی و قەزایی یەوە هەتا دەگاتە دامەزراوەکانی سەربازی و پۆلیسی جۆراوجۆر وفەرمانبەری بیروکراسی و سەرلەنوێ بنیاد نانەوەی سیستەمی دەسەڵات وئۆرگانەکانی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا، لەڕێگای جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی هەڵبژیردراوی شورا جەماوەرییەکان و دابین کردنی هەمو مافو ئازادییەکان وچەسپاندنی ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی سیاسی و کۆمەلایەتی وئابوری، دەرسێکی تریە کە کۆمۆنی پاریس سەلماندویتی..
سێ یەم:کۆمۆن ئەوەی سەلماند کەبە تەنها هێنانە خوارەوەی بۆرژوازی لەدەسەلات بەمانای ڕاستەوخۆی بەرقەراری سوسیالیزم نییە لەڕێگای کاری ئانارشییەوه، وەک ئەنارشیستەکان دەیان ووت لەکاتی شۆرشی کۆمۆنارەکان کەڕۆڵی سەرەکیان هەبو لەکۆمۆنی پاریسدا، بەڵکو وەک مارکس ئاماژەی پێکردووه، مەرجی مانەوەو بەرقەراکردنی سوسیالیزم بونی حزبیکی کۆمۆنیستی خاوەن بەرنامەو سیتراتیژ و تاکتیکی رۆشنە لەهەر قۆناغیکدا وەک لە خالی سەرەوەش ئاماژەمان پیدا.
چوارهم: کۆمۆنی پاریس ئەو ڕاستییەی سەلماند کەبۆرژوازی بە پیچەوانەی هەمو پروپاگەندەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و فرە حزبی و دەستاودەست کردنێکی دەسەڵاتەوه، بەلام هەرکات زانی دەسەڵاتە کەمایەتیەکەی لەمەترسی ڕوخاندایە لەلایەن زۆرایەتی کۆمەڵگاوە، ئەوا ئامادەی خوڵقانی گەورەترین جەنگو کوشتاری بە کۆمەڵەو ئامادەی بەستنی هەرجۆرەهاوپەیمانێتیەکەلەگەڵ هەمو دوژمنەکانی. هەر بەم هۆیەشەوەبوو کەچینی بۆرژوازی لە پاریس، سەرەڕای شەڕو دوژمنایەتی یەکانی لەگەڵ پڕوسیای ئەو سەردەمە بەڵام بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی کۆمۆنارەکان کەوتەهاوپەیمانێتی و ڕێکەوتن و سەوداکاریەوه، لەگەڵ دەوڵەتی بۆرژوازی پڕوسیادا وبەهەردوکیان، یەکیان گرت وپاریسیان خەڵتانی خۆین کرد ولە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زیاتر لە٣٠ هەزار کەسیان کشتو لە سێدارە داو دەیان هەزاریشیان زیندانی ودەربەدەر کرد و زۆربەیان لە برسا و لە ژێر بێگاری و کاری سەختدا گیانیان لە دەستدا. ئەم ڕووداوانەش ئەو ڕاستیەدەسەلمێنن کە چینی کرێکار لەشۆڕشی خۆیدا دەبێ تاسەر لەبەرامبەر مقاوەمەتی بەشەکانی چینی بۆرژوازیو هێزەڕووخاوەکەیدا ڕاوەستاوو ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ هەر کاردانەوەو هێرش وپەلامارێکی چینی بۆرژوازی وپیلانەکانی..
بۆیە ئەزمنو دەرسەکانی کۆمۆنی پاریس لەو کاتەوە تا ئەمرۆ بۆتە مەشخەڵیکی گەشاوەو دەسپێکی میژویەکی چینایەتی سیاسی نوێ لەمێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا. تەنانەت سەرەرای هەوڵەکانی بۆرژوازی بۆ فەرامۆشکردنی ئەم ڕووداوە گرنگه، بەڵام ساڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر ئەم یادە تا ئیستاش بەرز ڕادەگیرێ و هەزاران کەس بۆ یادی کۆمۆنارەکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە کۆمۆنارەکانی تیادا لەسیدارە دران و چەپکە گوڵی یادەوەری لەسەر گڵکۆکانیان دادەنین و سرودی ئەنتەرناسیونال دەڵێنەوە..
بژی یادی کۆمۆنی پاریس و کۆمۆنارەکانی.
موزەفەر عەبدوڵا
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست