بە بۆنەی ٣١ ئابەوە: ٣١ ئاب خیانەت یان ئەزمون..!
Sunday, 01/09/2013, 12:00
ئەمڕۆ ١٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کارەساتی ٣١ ئابی ١٩٩٦ کە پارتی بە ڕێکەوتن و هاوکاری ڕژێمی ناسیونال فاشی بەعس و سەوداکاری ئەمریکا توانی هەولێرو زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیتی وەرگرێتەوەو هێز هاوسەنگی لە کوردستان بە قازانجی خۆی بگۆرێ.
دیارە پارتی لە ڕوانگەی قازانجی خۆیەوە هەقیەتی کە بانگشەی ئەوە دەکات و دەڵێ بارودۆخی ئەمرۆی کوردستان و پێکهێنانی هەر سێ دەزگای پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا بەرهەمی ٣١ ئابەو بەمەش بە بە بەشیک لە مێژووی سیاسی خۆی و بزوتنەوەی کوردایەتی بناسێنێ.
بەڵام لە بەرامبەر پارتی دا ئەوە تەنها حزبە پاشکۆکانی خولگەی یەکێتی و چەند کەسانێکن لە سەرانی یەکێتی و ڕۆشنبیرو نوسەرە ناسیونالیستەکانن ٣١ ئاب بە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی ناوزەد دەکەن و رۆژانە، بە تایبەتی لە ساڵیادی ٣١ ئاب، دەخرۆشێن و وا دەزانن پارتی و بارزانی جهانی بەسەریاندا ڕووخاندوە.
لە ڕوانگەی ئێمەو کرێکاران و توێژە بێبەش و ستەمدیدە بە ئاگاو ئازادیخوازەکانەوە ٣١ ئابیش وەک زۆر ڕوداوی تاڵی تر یەکیکە لە ئەزمونەکانی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالی کورد- کوردایەتی-و ڕوداوێکی بێ وێنە نی یە لە مێژویی پارتی و یەکێتی .٣١ ئاب هەر وەک ڕووداوی ئازاری ١٩٧٠ وایە کە پارتی لەگەڵ هەمان ڕژێمی بەعس ڕێکەوت بۆ کۆمەڵی دەسکەوت بەانوی حوکمی زاتی و ماوەی ٤ ساڵ توانی تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وەدەرنێ و ڕەوانەی هەندەرانیان بکات .وە لەو ٤ ساڵیش دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆی بسپێنی و هەمو نارەزایەتی یەک بەارمبەری سەرکوتکات و خۆی وەک تاکە حزبی جەنگاوەری کورد دەرخات. ٣١ ئاب هەر وەک ڕێکەوتنی لەگەڵ شای ئێران وایە کە کەوتە سەرکوتی هەر جوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی شا لە لە کوردستانی ئیران . ٣١ ئاب هەر وەک هەرەسی پارتی خۆی و خامۆش بونی بزوتنەوەکەی وایە لە ئازاری ١٩٧٥ لە ئاکامی ڕێکەوتنی بەعس و سەدام لەگەڵ شاو بە هاوکاری هەواری بۆمیدیەنی سەرۆکی جەزائر.
لەم لایشەوە ٣١ ئاب هەروەک رێکەوتنی باڵی مەکتەبی سیاسی خودی پارتی ،کە بریتی بون لە برایم ئەحمەدو تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی، لەگەڵ حکومەتە ناسیونالیستە عەرەبی یە عێراقی یەکان لە ١٩٥٨وە تا دیارترینیان لە ١٩٦٦ کە تاڵەبانی بە هاوکاری رژێمی عیراق پارتی و بارزانی ئاودیوی ئیران کرد و هەمو کوردستانی کردە ژێر سایەی خۆیەوە .بەڵام بەهۆی ڕیکەوتنی پارتی لەگەڵ بەعس لە ئازاری ١٩٧٠ باڵی تاڵەبانی هەرەسی هێناو ئەمجار تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی بەرەو هەندەران رۆیشتن.تەنانەت لەمەش نزیک تر ٣١ ئاب وەک ١٩٨٣ وابو کە تاڵەبانی لەگەڵ بەعس ڕێکەوت و کەوتە شەڕو لێدان وکوشتنی پارتی و حزبی شیوعی و حسک کە لە بەرەی جودا بون .وە سەدان چەکداری لێکوشتن بەدیل گرتن ئەشکەنجەی دان. ٣١ ئاب هەروەک رێکەوتن و هاوکاری یەکیتی وابوو لەگەڵ ڕژژێمی ئیسلامی سێدارەی ئێران بۆ هێرش و کوشتاری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران بە رۆژی ڕوناک لە کۆیە و ئەمانەو زۆر نمونەی تر کە ئەزمون و تاقی کردنەوەی ئەم حزبانەن.
بۆیە بە پێچەوانەی ئەو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس و نوسەرو کەسانێک لە سەرانی یەکیتی و ڕێکخستنەکانی خوارەوەی یان کە ٣١ ئاب وەک خیانەتی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەناسێنن .بۆ ئێمە و جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخوازی بە ئاگا و رزگار بوو لە وەهمی ناسیونالیزم و حزبەکانی، ٣١ ئاب ڕاستە تاوانێکی گەورە بو بۆ خەڵکی کوردستان کە ڕویدا بەڵام بۆ پارتی و حزبەکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەزمون و تاقی کردنەوەیەکە وەک ئەوانی تر و ئاکامی ململانیی میلیشایی خێڵەکی نێوان ئەم حزبانەیە بۆ گۆڕینی هێز هاوسەنگی لە نێوان خۆیان .وە ڕوداوێکە چەندین جار لە میژویی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە ڕوویداوەو رووش دەداتەوە. دەبا پارتی دەسەڵاتی لە دەست دەرچی لە کوردستان، بە تایبەتی لە هەولێرو دهۆک و ئەو ناوچانە، بزانین هەمان ڕووداوی ٣١ ئابیکی تر ڕوو دەداتەوە یان نا ..؟!!ئەوەی وا دەکات زیاتر پارتی سڵ نەکاتەوە لەهەر بەندو بەستێک بۆ لێدانی نەیارەکانی ئەوە تایبەتمەندی یەکی ئەم حزبەیە وەک حزبی رەسەن و خۆ بە خاوەن مافی زانینی بزوتنەوەی کوردایەتی لە سەرهەڵدانی یەوە تا ئەمرۆ.
مەگەر سەرانی پارتی بە ئاشکراو بێ دوو دڵی چەندین جار ئەمەیان نەوتوە کە پارتی بە خوێن دەسەلاتی گرتوەو بە خوێنیش دەسەڵاتی لێوەردەگێرێتەوە.
بۆیە گەر لەم دیدەوە ٣١ ئاب و هەمو ڕوداوەکانی نێوان ململانیی ئەم حزبانە لێکبدەیتەوە لە گۆشەی بەرژەوەندی یەکانی چینی کریکارو جەماوەری ئازادیخوازەوە ئەوە پڕن لە ٣١ ئاب و بۆتە بەشێک لە ئەزمونی میژوویی و فەرهەنگی سیاسیان .
دیارە کە ڕژیمە قەومی یە فاشی یەکانی عیراق و ئیرانو تورکیا و سوریاش هەمیشە بۆ کپ کردنەوەی نارەزایەتی لە دژی ستەمی قەومی هەوڵیان داوە کەڵک لە یەکێک لەم ڕەوتانە وەرگرن و بیانکەنە داردەست بۆ ڵیدانی رەوتەکەی ترو لەم بارەیەشەوە هەندی ئیمتازی پیداون. تەنازولەکانی بۆرژوا ناسیونالی عەرەبی لە عێراق لە ژێر کاریگەری بارودۆخە نێو دەوڵەتی و ناوچەیی یەکان و کێشەو ململانی نێو خۆیی یەکان و نارەزایەتی یەکان لە دوای ڕووداوەکانی ١٩٥٨ یەکێک بوو لەو تەنازولاتانە بۆ ناسیونالیزمی کوردو بەشدار بوون لە دەسەڵات و شەرو گفتوگۆی نیوایشیان هەر بۆ دەسەڵات بوە نەک کۆتایی هێنان بە ستەمی قەومی.چونکە کۆتایی هێنان بە ستەمی قەومی یان لە رێگای دامەزراندنی دەوڵەتیکی سکویلاری تەواوە دەبیت یان لە رێگای جیابونەوەو سەربەخۆیی لە ڕێگای دەنگدانی گشتی یەوە.
جا رووداوی ٣١ ئابی ١٩٩٦ و هەمو ٣١ ی ئابەکانی تری پارتی و یەکیتی خیانەت نی یە بەڵکو ئەزمونو کەڵک وەرگرتنە لەو ئەزمونانە بۆ گۆڕینی هێزهاوسەنگی و شەڕی نێوان خۆیان.
موزەفەر عەبدوڵا
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست