شێوازی بانگشەکان بەڵگەی بێناوەڕۆکی هەڵبژاردنەکانە...!
Saturday, 07/09/2013, 12:00
گاڵتەجاری و بێناوەرکی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی بەناو هەڵبژێردراو، لە سایەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی میلیشایی و عەشیرەتی پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزیسیونی قەومی و ئیسلامی، تەنها لە بەرنامەی سیاسی و کردەوە سەرکوتگەرانە و دژی ئازادی و گەندەڵی و کەلتوری بنەماڵەیی و خێڵەکی و میلیشایی یەکانیان دەرناکەوێ و بەس، بەڵکو سەرنجدان لە شێوازی بانگشەکانی هەڵبژاردنیشیان ،کە چەند ڕۆژێکە بەرێیان خستوە، بەڵگەی زیاترە بۆ گاڵتەجاڕی و بێناوەڕۆکی و نامەدەنیانەو میلیشایی و دوور لەهەر پرانسیپێکی سیاسی مۆدیرن.
ئەوەی کە گومانی تیادا نی یە ئەوەیە کە لەهەر کاتو شوێنێکی ئەم جهانە کە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەت لە سایەی دەسەڵاتی میلیشایی دەستەوتاقمی قەومی و عەشیرەتی بەرێوە چو ئەوە هەرگیز ناتوانرێت ئەو پرۆسەیەو پەرلەمانو حکومەتە بە دیموکراسی و ئازاد ناوزەد بکرێت، چونکە بنەماکانی هەر هەڵبژاردنو پەرلەمان و حکومەتێکی دیموکراتی هاوچەرخ بەندە بە جیایی دین و قەومو عەشیرەت و هێزی میلیشایی لە دەسەڵاتی سیاسی.
جا لەمبارەیەوە هەر ئەوەندە بەسە کە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەرنجی بانگشەکانی هەڵبژاردنی هەمو ئەم لایەنانە بدریت ئیتر دەسەڵاتدار بن یاخود ئۆپۆزیسیۆن.
شێوازو کەلتورێک کە باوەو زاڵە لەم بانگشانە بەڵگەو نیشانەی بێناوەڕۆکی و گاڵتەجاڕی هەمو پرۆسەکەیە.
کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ لەم پرۆسەیەدا بریتی یە لە شەڕە تەقەو کوشتن وبریندار کردن و لێدان و هەڕەشەو گوڕەشە و بنکەی بانگشە داخستن و ئاڵاو دروشم و وێنە دڕاندن . یاخود دانانی مەرجی ڕێگری لە خۆ کاندیدکردن ،و پارەو چەکو موڵکو ماڵ بەخشینەوە بۆ دەنگ کڕین .و تەزویر کردنی دەنگو ،دەنگدان لە جیاتی دەیان هەزار مردوو.هەروەها پێکهێنانی لیستی بەکرێگیراوانە لە لایەن دەسەڵاتەوە تا دەگاتە دەیان دیاردەی تر. هەمو ئەمانە کە لەسەرو بەندی بانگشەی هەڵبژاردن و کاتەکانی هەڵبژاردن ڕوودەدات بەڵگەو نیشانەیەکی بابەتی واقعی گاڵتەجاڕی و بێناوەڕۆکی ئەم هەڵبژاردنانەن.
دیارە هەر لەم چوارچێوەی شێوازی هەڵبژاردنانەو، ئەو ڕوداوانەدا دەکرێت سەرنجی لێدوان و قسەکانی سەرانی ئەم لایەنانە بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسێونیشەوە بدرێت.
بۆ نمونە قسەکانی نێچیرو مەسعود بارزانی و ووتەبێژەکانیان و سەرانی تریان لە پارتی ،و هەروەها سەرانی یەکێتی لە کۆسرەتەوە بگرە تا مەلا بەختیار ،و بۆڕبۆڕێنی نێوان کوتلەکانی نێو یەکێتی، بە تایبەتی قسەکانی کەسێک بەناوی عەتا سەراوی، کە دەڵێت هیچ هێزێک نی یە دەسەڵات لە پارتی ویەکێتی بسەنێت، گەرچی سەرکەوتنیش لە هەڵبژاردن بەدەست بێنت، هەمو ئەمانە بەڵگەو نیشانەی گاڵتەجاڕی و بێناوەڕۆکی دەنگدان و هەڵبژاردنە کە لە بانگشەکانیان بەدی دەکرێت.
خۆ گەرهەر کەسێک گەردیلەیەک ئازادیخوازی و واقعبینی تیا بێت ،و گەر بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانیشی نەکردبێت لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا، بەس بە ووردی سەرنجی پرۆسەی هەڵبژاردن و مێژوی سیاسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ڕۆژئاوا دابێت و بنەماکانی سەرهەڵدانی بزانێت، ئەوە بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت هیچ پەیوەندی یەکی بە دەنگدان و هەڵبژاردنی ئازادانەی پەرلەمانەوە نی یە. هەر بۆیە ئەو حکومەتەی لەسەر ئەو شێوازە بانگشەو دەنگدان و هەڵبژاردنانە دادەمەزرێت هیچ پەیوەندی یەکی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حکومەتی دیموکراسی یەوە نی یە بەڵکو ئەو پرۆسەیە هەموی بۆ شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتی داسەپاو و سەرکوتگەری میلیشایی و خێڵەکی یەوە کە پێش وەخت دەسەلاتیان بە هێزی چەک وەرگرتوە.
دیارە لەم نێوەدا بەرەی ئۆپۆزیسێونیش کە بانگشەی هەڵبژاردن دەکەن ،و داوا لە جەماوەر دەکەن کە دەنگ بدەن، لە کاتێکدا سەران و ئەندامام پەرلەمانەکانیان بەهەزارو یەک شێواز باس لە گاڵتەجاری و بێناوەڕۆکی پەرلەمان و حکومەت دەکەن، بەهەمان ڕادەی بەرەی دەسەڵات ڕیسوان و بەشدارن لە هەمو ئەو دزی و گەندەڵی و سەرکوتو تەفرەدانەی خەڵکدا.
بۆ نمونە قسەکانی سەلاحەدین بەهادین و سەرانی تری ئیسلامی یەکان و مەلاکانیان و سەرانی گۆڕان ،کە هەراوهوریای گرتنی لچکێکی دەسەڵاتیانە،و بانگی خەڵک دەکەن بۆ بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان تا لیستەکانیان سەرکەون، بەهەمان ڕادە بەشێکن لە تەفرەدەرانی جەماوەر.لە کاتێکدا ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم ئۆپۆزیسێونە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەهەزارو یەک شێواز ئەوەیان وتوەو سەلماندوە کە پارتی ویەکێتی لە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هەرگیز لە توانادا نی یە لە دەسەلات وەلانرێن .وە تەنانەت تا ئێستا بە ووتەی خۆیان نەیانتوانیوە یەک خواستی جەماوەر بسەپێنن بەسەر دەسەڵاتدا سەرای هەراو هوریاو شەرە جنێوو شەڕە بوتڵ و بە تەختەکێشان و مانگرتنیان لە پەرلەمان و کۆبونەوەکانی پەرلەمان و ...هتد
بۆیە لە جیاتی ئەم شێوازانەی بانگشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و تەفرەخواردن بە بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردنی هەمو لایەنەکانی بەشداربو باشتر وایە بانگشەی بایکۆت کردنی دەنگدان بکرێت و خەڵک لە دەوری یەکتر کۆ بکرێتەوەو گردببنەوە بۆ سەپاندنی خواستو داواکانیان بەسەر دەسەڵاتداران تا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتیان لە ڕێگای نارەزایەتی و ڕاپەڕینی ڕیکخراوی جەماری یەوە.
٨-٩-٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست