کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میسر: مورسی و تەڵەی هەڵبژاردن...!

Friday, 01/03/2013, 12:00






لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتە سەرکوتگەرییەکەی موبارەک لە ١١ شوباتی ٢٠١٠و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی ڕێرەوی شۆرش لە لایەن مەجلسی عەسکەری و ئیخوانییەکانی وهاوکات به‌ڕێنوێنی وهاوکاری ئەمریکاو ووڵاتانی ڕۆژئاوا وڕێکەوتنە جۆرراجۆرە ستراتیژییەکانیان دەستیان دایە تەڵەی هەڵبژاردنی پەرلەمان وپاشان دەنگدان بۆ دەستوری ئیسلامی وسەپاندنی دەسەڵاتەکانی قەزاو لەئاکامدا سەرکەوتنی ئیسلامییەکان لە تەواوی دەنگدان و هەڵبژاردنەکاندا، بەڕابەری ئیخوانییەکان و نوینەرەکەیان مورسی.
دیارە ئەوەش ڕوونە کەلەگەڵ بەدەسەلات گەیشتنی مورسی و ئسیلامییەکان چەندین بڕیار و یاسای دژی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکیان دەرکرد. لەوانە بەدناوترین یاسایان کەیاسای تەکملیەی دەستوری بوو کەدەسەڵاتی ڕەهای دەدایە مورسی بەوێنەی سەرۆک کۆمار. وەئەمەش بوە هۆی ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری ناڕازی کە تائەمڕۆش درێژەی کێشاوە. جا لەو کاتەوەی کە مورسی و ئیسلامییەکان دەسەڵاتیان سەپاندوە بەهۆی سیاسەتو هەنگاوە سەرکوتگەرییەکانیانەوە جەماوەری شۆڕشگێڕیش دەستیان داوەتەوە هێنانه‌مه‌یدانی ناڕەزایەتی جۆراوجور هەر لەخۆپیشاندان لەساحەی تەحریرەو بگرە تاناڕەزایەتی وخۆپێساندان لەکارگەو فەرمانگەو زانکو خوێندنگاو گەرەکە هەژار نیشینەکانو مانگرتنو نافەرمانە مەدەنییەکان لەشارەکانی کەنارەکانی سویس کەمورسی دەسەڵاتی سەربازی تیایاندا سەپاندوە. هەڵبەت ئەوە ڕوونە کە جەماوەری ئازادیخوازی میسر بۆیە ڕاپەڕین و شۆڕشیان بەرپاکرد لەدژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرو گەندەڵەکەی موبارەک بە مەبەستی بەدی هاتنی خواستەکانیان لەئازادی ودادگەری ویەکسانی وکۆتایی هێنان به‌گەندەلی. بەڵام بەڕوخانی موبارەک جەماوەر نەک نەگەییشتن بەو دروشمو خواستانە، بگرە بەهوی قۆرخکردن و قوستنەوەی شۆڕش لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، مەینەتییەکانی جەماوەر، لەبێکاری وهەژاری و بێخانەولانەیی ونەبونی ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان و سیاسییەکان، بەتایبەتی لەدژی نیوەی کۆمەڵگا کەژنانەو ڕۆڵی بەرچاویان بوو لەڕاپەڕین و شۆڕشدا، بۆیە خەڵکی دوبارە لەگەڵ یادی دوساڵەی ڕاپەڕین و شۆڕشدا زیاتر ناڕەزایەتییەکانیان پەرەپێدا، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین شۆڕش له‌قوناغی دووەمی خۆیدا درێژه‌ی هه‌یه‌.





بێگومان ڕاپەڕینو شۆڕش لەمیسردا بۆمان دەسەلمێنێتەوە کەهەمو ڕاپەڕین و شۆڕشەکان تا بەسەرەنجام گەییشتنان بە دوا قۆناغ بەقۆناغی جوراوجۆردا تێپەڕ دەبێت. وە لەهەر دەورانێکیدا توێژی کۆمەڵایەتی و حزبی جۆراوجۆر لێی دور دەکەونەوە یاخود پێوەی پەیوەند دەبن تا ئەوەی یان بەسەرەنجامی کۆتایی دەگات لەلایەن ئەو چینەی کەڕۆلی ڕابەری دەگێڕێ کەلەم سەردمەدا چینی کرێکارە، ئەو ڕۆڵە دەگێڕێ، یاخود ئەوەتا لەلایەن چینی بۆرژاوە سەرەتا بەلاڕێدا دەبرێ و پاشان سەرکوت دەکرێ بە یەکجاری
لەمێژودا نمونەی بەو جۆرەمان زۆر دیوە دیارترینیان شۆڕشەکانی ١٩٠٥-١٩٠٧ و ١٩١٧ له‌ڕوسیاو هەروەها لەم چەند دەیەی ڕابردوش شۆرشی بەهمەنی ساڵی ١٩٧٩ ئێرانە.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەمیسردا دەیبنین سەرەڕای هەوڵەکانی باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی، لەئیسلامی ولیبڕاڵی و قەومی و بەمەجلسی عەسکەری وهێزی چەکداری تریانەوە لەپۆلس و ئەمنەوە و بەهاوکاری و ڕینوێنی هەمەلایەنەی ئەمریکاو ڕۆژئاواوە، بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە کەهەم شۆڕش بەتەواوی بەلاڕێدا بەرن وهەم سەرکوتی بکەن.
هەڵبەت یەکیک لەو تاکتیک وئامڕازانەی کەهەمیشە لەهەر دەورانێکدا باڵیک یان چەند باڵێک یاخود سەرجەم چینی بۆرژوا دەستی بۆ دەبات بۆ بەلاڕێدا بردن وکۆتایی پێهێنانی ڕاپەڕین وشۆڕش هەڵبژاردنی پەرلەمان وپڕوپاگەندەی دیموکراسی کەمایەتییەکی بۆرژواژییە. وە لەهەر قۆناغێکدا کە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر شەقام دادگرێ و جومگەکانی دەسەلات گیرۆدەی شەلەل دەبێت ودەسەڵات ترسی ڕوخانی لێدەنیشێ، هاوکات باڵی بۆرژوای دەسەڵاتدار توانای تەواوی سەرکوتی نییە بۆیە دوبارە پەنا دەبەنەوە بەر ئه‌م تکتیک وئامڕازه‌ودوباره‌پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و وەعدەو وەعیدان بەجەماوەر بەوەی هەڵبژاردنەکەیان خاوێن و بێگەرد دەبێت ولە سایەیدا خواستەکانی جەماوەر هەموی بەدی دێت لە ئازادی و دادوەری وخوشگوزەرانی .. هتد. نەک هەر ئەمانە بەڵکو بەڵین دەدەن کەپەرلەمان و حکومەتەکەیان هەمو کوتلەو لایەن و ئەحزابەکان لەخو بگرێت لەمپەڕی ڕاستەوە تاو ئەوپەڕی چەپ، جا ئەو چەپە چەندیش توند ڕەو بێت.

ئێستا ئەم بانگشانە لەزمانی سەرانی ئیخوانەکانەوە هەر لەمورسییەوە تا عیسام عوریانی، ڕابەری ئیخوان وحزبی حوریەو عەدالەوە دەبیستین. وە بڕیارە لە ٢٢ ئاپریلەوە دەس بکەنەوە بەهەڵبژاردنی پەرلەمان و پاشان حکومەتێکی مەدەنی- نەک عەلمانی بێننە سەرکار، حکومەتێک کەهەمو خواستەکانی جەماوەر دەستەبەر بکات. بەڵام ئەوەی رونە ئەمرۆ ئەوەیە کەجەماوەری نازادیخوازی ناڕازی وزۆربەی لایەن وحزبە سیاسییەکان تەنانەت لەم قۆناغەدا، لیبڕاڵەکانیش هەر لە ئێستاوە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان ڕاگەیاندوە. موریسیش لەم بارەیەوە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە کەدایەلۆگ بەڕی بخات لەگەڵ هەمو لایەنەکان بەمەبەستی قەناعەت پێکردنیان بۆ بەشداری له‌هەڵبژاردندا وبه‌ڵێنی خاوێنی هه‌ڵبژاردنیشی پیداون!. بەڵام هیچ لایەنێک جگەلە ئیسلامییەکان ئامادی دایەلۆگیش نین. هەڵبەت جەماوەر لەشۆڕشی خۆیانەوە ئەوەندە فێربون کەبە ئاسانی تەفرەی بانگشەکانی ئەحزابگەلی وەک ئیسلامییەکان نەخۆن، چونکە ئەوانە نەک هەر لایەنگری هەڵبژاردن نین، چونکه‌ده‌زانن گەر ئیسلامیه‌کان فرسەتی تەواویان هەبێت ودەسەڵاتەکەیان بەتەواوی بسەپێنن ئەوا هیچ قسەیەک ناکەن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و فرە حزبی و مافی مرۆڤ و یەکسەرە پشت بەشەریعەی ئیسلامی دەبەستن و دەیسەپێنن. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ناتوانن ئەوە بکەن ئەوە دەزانن هێزهاوسەنگی بەقازانجیان نییە وڕیگه‌یان پینادات. بۆیە پەنا دەبەنە بەر تەڵەی هەڵبژاردن و دوبارە هەڵبژاردنەوەوه‌.
واقعیکی تریش ئەوەیە کەجەماوەری ئازادیخواز لانی کەم تاقی کردنەوەی ئەوەیان هەیە کەلە سایەی ئەم جۆرە دەسەلاتە قەومی و ئیسلامییانەدا، ئەوە هەرگیز هەڵبژاردن وهێنانە سەرکاری حکومەتێك لەچەشنی ئەوانەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا مەیسەر نابێت، بۆیە جەماوەر ناتوانێ خواست و ئاواتەکانی بەهەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی ئەم باڵانەی بۆرژوازییەوە گرێ بدات.
جا گەر بەواقعی سەرنجی هەڵبژاردن و دەنگدان و ئەو پڕوسانە بدەین لەم قۆناغەی میسردا ئەوە دەبینین جگەلە تەڵەیەک بۆ گرتن ولە قەفەزنانی جەماوەرو لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان، زیاتر هیچی تر نییە. وە پێویستە خەڵک لە کرێکاران و قوتابیان و لاوان و ژنان و توێژە کەمدەرامەتەکان و هێزو لایەنی چەپو کۆمۆنستەکان خەریکی خۆڕێکخستنی خۆیان بن لەکارگەو کارخانەو فەرمانگەو خوێندنگاو زانکۆ وگەرەک وهەمو شوێنێکی گشتی ژیان وئامرازەکانی دەسەڵات بگرنە دەست ولە خواره‌وه‌، بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی مورسی و ئیسلامییەکان، خۆیان ئاماده‌بکه‌ن. به‌ئاستێک که‌که‌شو هه‌وای شۆڕشگێڕانه‌به‌ره‌و قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی دوولانه‌، یانی دوو ده‌سه‌ڵاتو دوو حکومه‌تی به‌رن. ده‌سه‌ڵاتو حکومه‌تێک که‌له‌خواره‌وه هێزی ته‌نفیزیو به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای له‌جه‌ماوه‌ر وه‌رگرتووه‌ومه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌کانی خستۆته‌ژێر پێوه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شی که‌له‌سه‌ره‌وه‌به‌ده‌ست ئیسلامیه‌کانو میرسیه‌وه‌یه‌، ده‌مێنیته‌وه‌په‌ککه‌وته‌و ناجێگیر به‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌خه‌ریکه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌لومه‌رجه‌کان سه‌رکوتبکاو کۆتایی به‌جوڵانه‌وه‌جه‌ماوه‌ریه‌کان بهێنێ.‌بێگومان ئەوەی مایەی ئومێدە ئەوەیە کەهەر ئەمڕۆ ئەم شێوازانە لە خۆ ڕێکخستن کە ناوکۆکەی دەسەلاتی جەماوەرییە لە زۆر شوێنی میسردا بەدی دەکرێت.

[email protected]
کۆتایی شوباتی ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە