کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قه‌سسه‌م به‌و خاکه‌م .... قاسم

Friday, 08/10/2010, 12:00




قه‌سسه‌م به‌و خاکه‌م ... قاسم

جاشی وه‌ک تۆ هێشتا زۆرن
وه‌ک قه‌له‌ڕه‌ش ، وه‌کو سیسارک
گه‌نده‌خۆرن
ئێستاش وه‌ک تۆ سه‌ر کزو
چاو شۆڕن
ده‌مامکدار، ڕوو پۆشن
خۆیان له‌ناو ئه‌م ڕه‌نگه‌ئالۆزانه‌
حه‌شارداوه‌ ، هه‌لپه‌رست و ناخ ڕه‌شن
دڕنده‌ن ، له‌جۆری بێچوی برسی
گورگی بۆرن
له‌زبلدانی (گه‌را ‎)ی ئێوه‌ی جێماو
که‌جێتان هێشت
به‌و لیکه‌ ژه‌هراوییه‌ی له‌ ده‌متا رژاو
بۆ خۆت لێت چێژت
ڕۆژانه‌ ئه‌م (گه‌را) نه‌ ده‌تروکێن
ڤایرۆسه‌کان سه‌ری شوومیان ده‌ردێنن
ڕق وکینه‌و دوبه‌ره‌کی له‌م ده‌ڤه‌ره‌
بێ چه‌په‌ره‌ ده‌چێنن
زه‌مانێکه‌
بیری ئازاد یاساخه‌
ده‌نگی ئازاد یاساخه‌
کاری ئازاد یاساخه‌‌

ئای له‌م زه‌مانه‌.... ئێستاش
یا ده‌بێ وه‌ک تۆ
به‌کار جاش بیین
به‌زار جاش بیین
یاخود ده‌بێ باراشی
به‌ینی دوو به‌ردی
ئاش بین
ئێستاش بێچووه‌کانت به‌رۆکمان ده‌گرن
له‌به‌ر کرداری جاشایانه‌ت ده‌مرن
ئه‌و ساتانه‌ی خه‌نجه‌ر به‌ده‌ست
کوڕی خه‌لکت ده‌کوشت
یا خود ده‌گرت
تا به‌ ویسالی پاکیزه‌کان بگه‌ی
جا سولتانه‌کانی پێ شاد بکه‌ی
ئه‌و ساتانه‌ی وه‌ک سه‌گی هار
وه‌کو جه‌نجاڵ ، وه‌کو که‌متیار
به‌نوزه‌نوز وه‌پێش قافله‌ی
هارو هاج ده‌که‌وتی
ڕۆژانه‌ گه‌ر خۆێن و برین
شه‌ق و جوینت نه‌بینیبا
نه‌ده‌خه‌وتی
ئێستاش له‌نمونه‌ی تۆ گه‌لێ زۆرن
هه‌مه‌جۆرن...... هه‌یانه‌
شه‌وانه‌له‌به‌ر ده‌رگای زاخ مردووان
هه‌لده‌تروکێن
سازو ئاماده‌ و له‌سه‌ر پێن
تا له‌موچه‌ی پێشمه‌رگه‌یێ که‌مکه‌نه‌وه‌
یا موچه‌ی ماله‌شه‌هیدێ ببڕن
ده‌ک خه‌جاله‌ت خۆتان
شه‌رمه‌زار بن ، ڕۆژێ سه‌د جار بمرن

به‌و خاکه‌م قه‌سسه‌م ....قاسم
هێشتا جاشی وه‌ک تۆ گه‌لێ زۆرن
ئه‌م جاشانه‌هه‌مه‌جۆرن
له‌سه‌ر و خوار تا ناوه‌ڕاست
له‌ نا چه‌پ و له‌و په‌ڕی ڕاست
به‌ئایدیای نادیاری جۆراو جۆر
به‌و ڕه‌نگه‌ ته‌لخانه‌ ، هی ڕه‌ش و بۆر
به‌نوکی تیژی سۆشیال ....و
ده‌نوکی قوللابی دیموکراتخواز
بۆ گیانی ئه‌م گه‌له‌ بونه‌ته‌ شه‌هێن
بونه‌ته‌ باز
وه‌ک شێتوهار ڕاومانده‌که‌ن
وه‌کو (زێروو) چونه‌ته‌ قولایی
گه‌روومان ، خوێنمان ده‌مژن
له‌ جه‌سته‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌
برینداره‌ گاز ده‌گرن .. دژن

به‌خوێنی شه‌هیدان قه‌سسه‌م ... قاسم
تۆ و ئه‌وانه‌ی وه‌ک تۆن
که‌ئێستا پیاوماقولی دیوه‌خانی
سولتانن .... ڕۆژانێ هه‌تره‌شتان
له‌قامه‌تی پێشمه‌رگه‌ چوبوو
له‌به‌ر ده‌رگاش شوێنتان نه‌بوو
قوڵابی مه‌رگئامێزتان بۆ هه‌لده‌دان
کێبڕکێ وهه‌لپه‌تان بوو،
بۆسه‌تان بۆ داده‌نان
سه‌ری پێشمه‌رگه‌تان به‌دیاری بۆ
سولتانه‌کانی ئه‌وێ ڕۆژێ ده‌برد
سه‌ری شوان و گاوانتان ده‌بڕی
وه‌پێش قافله‌ی حه‌جاج ده‌که‌وتن
خانووه‌کانتان ده‌ڕماندوو ، ڕوحه‌کانتان
ئه‌نفال ده‌کرد
ئێستاش هه‌موو ئه‌و جڕوجامێشانه‌
پیاوماقولی دیوه‌خانی سولتانی ئه‌مڕۆمانن
پیاوماقولی لای سه‌ره‌وه‌ی دیوه‌خانن
به‌ نابوتی پێشمه‌رگه‌
به‌ڕووت و ڕه‌جالی پێشمه‌رگه‌
به‌ژیانی پڕ له‌مه‌ینه‌تی باوکه‌ شه‌هید
دایکه‌شه‌هید ، ژن و کچ و
کوڕه‌شه‌هید
پێکی پڕ له‌ئارامی هه‌لده‌ده‌ن
مه‌ززه‌و مه‌زاقتان ، قاقاو
گالته‌جارییه‌ به‌ڕۆژانێکی
پڕ له‌هه‌یبه‌تی پێشمه‌رگه‌
پڕ له‌ قامه‌تی پێشمه‌رگه‌ی‌
زه‌مانێکی به‌ر له‌ئێستا
ئای له‌م زه‌مانه‌،کوانێ ڕه‌وشت
کوانێ ئایین ، کوانێ زه‌رده‌شت
کوا ئاڤێستا

قه‌سسه‌م به‌ئاهونزاکان...قاسم
جاشی وه‌ک تۆ گه‌لێ زۆرن
هه‌مه‌ڕه‌نگو هه‌مه‌جۆرن
له‌زۆر شوێنێ حه‌شاردراون
له‌م ده‌ڤه‌ره‌، حه‌سحه‌سه‌کان زمانیان
لاڵه‌و چاو به‌ستراون‌
له‌ماڵی پڕ له‌ ئه‌مانی جه‌ربه‌زه‌کان
له‌و دیو دیواره‌ ته‌لبه‌نده‌ به‌رزه‌کان
له‌ناو حه‌ره‌می باره‌گای پارته‌کان
ئای چه‌نده‌ شه‌رمه‌، چه‌نده‌ نه‌نگه‌
ئه‌م مه‌زاره‌ ئه‌م هه‌واره‌ وا بێده‌نگه‌‌
گوێی شه‌یتان که‌ڕ بێ ، خه‌ریکه‌
ئه‌م ڤایرۆسه‌
ده‌چێته‌ناو پێلاوی پێشمه‌رگه ‌
ئاخر گه‌لۆ ئه‌م جووته‌پێلاوه‌
ئه‌م کۆنه‌کلاشانه‌
باڵاتر نه‌بوون ، له‌و خۆفرۆش و‌
خائین و جاشانه ؟
جاشانێک تا دوا فیشه‌کیان کورد
کوژ بوون
جاشانێک تا هێزیان بوو به‌م نیشتیمانه‌
دژ بوون .......

[email protected]

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە