بە دادگاییکردنی جاشەکان یاسا سه‌روه‌ر ده‌که‌ین!

Saturday, 23/10/2010, 12:00


دوای بەڕیوە چوونی خۆپێشاندەنەکەی کەسوکاری قوربانیانی دەستی هەردوک سەرۆک جاش عەباس بایزو برایم کانەبی لە شارۆچکەی سەنگەسەر، بۆ درێژە دان بە ناڕەزایەکان تا دادگایی کردنی هەموو جاشەکان و بۆ پشتیوانی خۆپێشاندانەکەی چاودێری کوردۆسایدی ٢٥ی مانگ لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک لە کەسوکاری قوربانیان لە دەڤەری پشدەر لە بەردەم پەرلەمان ئامادە دەبین. ئێمەش دەنگی ناڕەزایی خۆمان دەگەیەنینە پەرلەمان و داوا دەکەین کە چیتر بکوژانی کەسوکارەکانمان داڵدە نەدەن ئەگەر جاشەکانیش دەتوانن نکوڵی لە تاوانەکانیان بکەن با بێنە دادگا و بەرگری لە خۆیان بکەن.

ئێمە وەک کەسوکاری قوربانیانی دەڤەری پشدەر هەرگیز لە خوێنی بە ناحەقڕژاوی کەسوکارەکانمان خۆش نابین، تاکە تۆڵە سەندنه‌وەیەک لێیان ڕاپێچکردنیانە بۆ بەردەم دادگا.

جارێکی تریش دووبارەی دەکەینەوە چیتر بە دروشمی بریقەداری بەردەم میدیاکانتان بڕوا ناکەین کە دەڵێن با یاسا سەروەر بێت.
ئەگەر یاسا سەروەرە وەرن با یاسا پیادە بکەین بەسەر هەموواندا و لە سەرۆک جاشەکانەوە دەست پێ بکەین.
ئێمه‌ پێمانخۆشە بۆوەبیر هەموو لایەکیشی بهێنینەوەکە ئەو بڕیاری لێ بوردنەی ساڵی ١٩٩١ تەنیا لێخوش بوونە لە حەقی گشتی نەک حەقی ئێمە، ئەو دوو سەرۆک جاشەی لای ئێمە و ئەو لێبوردنەی بەرەی کوردستانیش نایانگرێتەوە چونکە برایم کانەبی و عەباس بایز لەساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر پەیوەندیان کردۆتەوە بەعسه‌وه‌..
بەپێ بریاری پەرلەمانی کوردستانیش هەر جاشێک دوای ئەو لێبوردنە پەنا بۆ خیانەت کردن بەرێتەوە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک شمولی ناکات..

کەسوکاری قوربانیانی
دەستی عەباس بایز و  برایم کانەبی
سەنگەسەر
23 / 10/ 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە