ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه مامۆستا تیرۆرده‌كرێت !
Saturday, 02/07/2022, 22:19
جه‌نگی ئەحمەد
به تیرۆركردنی دوو مامۆستای زانكۆ ی سه‌لاحه‌ددین هه‌مووان شۆك بوون. له ڕاستیدا ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه و دواجاریش نابێت كه مامۆستا تیرۆرده‌كرێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی شه‌قاوه‌كانی حیزب و ده‌سه‌ڵات به شه‌ق كه‌وتنه گیانی مامۆستا تیرۆرێكی ترسناكتر بوو، تیرۆری كه‌رامه‌تی مامۆستا بوو . ئه‌و ڕۆژه سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت بێ هه‌ڵوێست بوون، له‌و كاته‌وه هه‌ڵوێستم له‌باره‌ی هه‌ر دووكیانه‌وه گۆڕاوه. ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو به‌ڕێزه هه‌رچیه‌ك بڵێن، هێزی هه‌ڵوێستی نه‌ماوه . خۆ پێشتریش زانكۆ تیرۆركراوه، ئه‌ی تازه نه‌مانبینی شه‌قاوه‌كانی حیزب و ده‌سه‌ڵات شه‌قیان له كه‌للـه سه‌ری خوێندكاری زانكۆ هه‌ڵدا ! جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بێ هه‌ڵوێست ده‌رچوو، ئێستا هه‌ر چیه‌ك بڵێ هێزی هه‌ڵوێستی نه‌ماوه .
هه‌ندێك له كوڕی به‌رپرسان و به‌تایبه‌ت به‌رپرسه سه‌ربازیه‌كان باش بوونه‌ته مۆته‌كه و نمونه‌یه‌كی قێزه‌ونیان له كاری شه‌قاوه‌چێتی و تاوان تۆماركردووه. به ناوی حیزب و پشتئه‌ستوور به پاسه‌وانه‌كانی باوكیان و به چه‌كی حیزب و حكومه‌ته‌وه تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. تاوانی هه‌ندێك له كوڕه به‌رپرسه‌كان زۆر له‌وه زیاتر كه له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن باس ده‌كرێت. له دادگاكان له مه‌له‌فی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه تا ده‌گاته شه‌قاوه‌چێتی و چه‌قۆكێشی و هتد. كه‌یسیان هه‌یه و له هیچ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن باس ناكرێن!
له هه‌ر وڵاتێكدا ڕێز بۆ پێگه‌ی مامۆستا و خوێندن و زانست نه‌ما، جگه له دواكه‌وتوویی هیچ ئه‌نجامێكی تری لێناكه‌وێته‌وه .به داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستان تۆمار و مێژوویه‌كی خراپ هه‌یه له مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و كاربه‌ده‌ستان له به‌رامبه‌ر مامۆستا و خوێندن و زانست . ئه‌مڕۆ مامۆستا یه‌كێكه له توێژه فه‌رامۆشكراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه كه موچه‌كه‌شی پێ ڕه‌وا نابینرێت و موچه‌كه‌ی ده‌خرێته موزایه‌ده‌ی حیزبی و وه‌ك كارتی فشاری ناكۆكیه حیزبیه‌كان مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت. كورد جوانی وتووه كه قه‌دری زێڕ لای زێڕنگه‌ره .
ماوه‌ته‌وه به توندی په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر برینێكی قوڵ كه مامۆستایان هه‌ندێكجار خۆیان به‌شێكن له‌و كاره‌ساته‌ی به سه‌ریان هاتووه و به‌سه‌ریان دێت . گرنگه مامۆستا نه‌بێته ده‌سته‌مۆی حیزب و به فیكه و ده‌سیسه‌ی حیزب هه‌ڵنه‌سوڕێت. ئاخر ناكرێ و نابێ و ناشێ و جوان نییه مامۆستای زانكۆ به خۆی بڕوانامه‌ی به‌رز و پله‌ی زانستی به‌رزه‌وه فه‌رمان له حیزبییه‌كی نه‌خوێنده‌واری فڵان مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته و فیسار لق و ناوچه وه‌ربگرێت . ده‌بێت مامۆستا چرای زانسته‌كه‌ی سه‌رمه‌شقی بێ و فه‌رمان له كه‌س وه‌رنه‌گرێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست