یاداشتێك لەبارەى كێشەو پێداویستییەكانى شارۆچكەى زەڕایەنەوە
Monday, 07/03/2011, 12:00
خۆپیشاندەرانی زهرایهن
بۆ: سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانو راى گشتی
لەپاش چەند خۆپیشاندانێكى گەنجانەو نزیكبونەوە لەلێوارى سەرهەڵدانى توندوتیژى لەشارۆچكەى زەڕایەن، ئێمە وەك كۆمەڵێك كەس لەخەڵكانى خاوەن بڕوانامە، فەرمانبەران، خوێندكارانى زانكۆو پەیمانگاكان، بەپێویستى دەزانین لەسۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتىو بەدەمەوەچونى بانگەوازەكانى پێشكەشكردنى داواكارى هێمنانە، ناڕەزاییو داواكارییەكانى خۆمان لەرێگاى ئەم یاداشتنامەیەوە بخەینە بەرچاوى بەرپرسانى پەیوەندیدار. تەوەرە سەرەكییەكانى پێداویستییەكانی شارۆچكەكەش بەمشێوەیەى خوارەوە دابەش دەبێت.
ئیدارە:
لەپاش بڕیارى پێكهێنانى ئیدارەیەكى سەربەخۆ بۆ شارى هەڵەبجە، بڕیارە ناحیەكەمان بخرێتە سەر ئەو ئیدارە نوێیە لەكاتێكدا كە سەنتەرى شارى هەڵەبجە لەئێمەوە دوورە. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەى لەرووى ئیدارییەوە لەسەر سلێمانى بمێنینەوە.
لەم چەند ساڵەى دواییدا بەرپرسان كارى زۆریان لەسەر زیندوكردنەوەى گیانى خێڵەكىو ناوچەگەرێتى كردووە لەم شارۆچكەیە. ئەم سیاسەتەش دۆخێكى بێزراوی لەدابەشكردنى پۆستو پلە ئیدارییەكانو ناونانى دامەزراوە حكومییەكانیش هێناوەتە كایەوە.
# ئێمە لەكاتێكدا بەتوندى ئەم شێوازە مامەڵەیە لەگەڵ پێكهاتەكانى ناحیەكەمان رەتدەكەینەوە داواى گۆڕینو جێگرتنەوەى دەكەین بەپەیڕەوكردنى لێهاتویىو پسپۆڕى لەدابەشكردنى پۆستو پلە وەزیفییەكان بێ رەچاوكردنى ئینتیما بۆ خێڵو ناوچە. لەم میانەیەشدا داوا دەكەین ناوى ئەو خوێندنگاو دامەزراوانەیتر بگۆڕدرێت كە ئاماژە بۆ ناوچەگەرێتىو خێڵەكىو بنەماڵەگەریى دەكەن.
ئیدارەى ناحیەو شارەوانىو فەرمانگەكانیترى ناحیەكەو دەڤەرەكە كارلێككردنیان لەگەڵ هاوڵاتیان وەك پێویست نییە. هیچ جۆرە بۆنەو میكانیزمێك نییە بۆ گوێگرتن لەخەموژانى خەڵكى شارۆچكەكەو بەدواداچون بۆ داواكارىو خواستەكانیان.
# داوا دەكەین ئەم دیوارە لەنێوان خەڵكو فەرمانگەكان لابرێتو شێوازێك بدۆزرێتەوە بۆ ڕاوەرگرتنى خەڵك لەسەر كێشەى ناحیەكە.
لەگەڵ ئەوەى زیاتر لە 30 ساڵە زەڕایەن ناحیەیە كەچى كۆمەڵگاى فەرمانگەكانى نییە. چەندین فەرمانگەى پێویستو گرنگى وەك كارەباو ...هتد. تێدانییە. كردنەوەى ئەم فەرمانگانەش خزمەتگوزاریى زیاتر بۆ خەڵك دابین دەكەن.
لەدابەشكردنى خانوە حكومییەكانى ئیدارە مەحەلىو تەندروستییەكانى شارۆچكەكەدا بێسەروبەرى زۆر كراوەو چەندین كەس خانویان بردوە موستەحەقى نینو تائێستاش كەس نازانێت ئەو خانوانە لەسەر چ پێوەرێك دابەشكراون؟
پەروەردە
كێشەى كەمیى بینای خوێندنگاو فرە دەوامى (سێ دەوامىو تەنانەت چوار دەوامى) لەم شارۆچكەیەدا هەیەو باخچەى ساوایان لەم شارەدا بیناى نییە. لەولاشەوە بیناى دوو خوێندنگامان لەلایەن بارەگایەكى حیزبىو دیوانى پەروەردەوە گیراوە.
# داوا دەكەین بارەگا حیزبییەكەو دیوانى پەروەردە بكرێنەوە بەقوتابخانە.
مامەڵەى پەروەردەو ئیشراف لەگەڵ مامۆستایان تەندروست نییەو زۆرجار مەحكومە بەباكگراوەندى حیزبایەتى، ناوچەگەرێتى، مەرامى شەخسىو داوا دەكەین مامەڵەكانیان هاوشێوەى پەروەردەى شارەكانیترى كوردستان بێتو هیچیتر.
دەرچوویەكى زۆرى زانكۆیىو پەیمانگاكان هەیە دانەمەزراون كەچى خەڵكى دەرەوەى شارۆچكەكە لێرە دادەمەزرێنرێن.
شارەوانى
ماستەرپلانى شارۆچكەكە بەپاسارى ماڵەكاندا كێشراوە، لەكاتێكدا سنورى شارەوانى شارۆچكەكە تا گردى (كونەگورگ)ەو ئەمەش حساب نەكردنە بۆ گەشەسەندنو فراوانبونى شارۆچكەكەو نازانرێت چۆن شارەوانى كردوویەتى؟
بلوارى (جەزرە وەسەت) نێوان جوتسایدى سەرەكیى زەڕایەن كە سیماى شارە لەبرى سەوزكردنو نەمام ناشتن قوڕو چەورێژە.
روبەرى سەوزایى شار هیچ لەئاستى پێویستدا نییەو لەگەڵ لانى كەمى پێوەرە ژینگەیىو زانستیەكان ناگونجێت.
پاركى گەورەو خێزانیمان نییەو ئەو بۆشاییانەشى هەن رۆژ لەدواى رۆژ دەكرێنە دوكانو پرۆژەى بازرگانى.
ئەو قیرتاوەى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ شارۆچكەكەى كردوە كەمتەرخەمیى كراوە لەوەرگرتنو پەسەندكردنى.. هیچ سیانەو پارێزگارییەكى نییەو بەهۆى لافاوو نەبونى ئاوەڕۆى جادەكانەوە لەزۆر شوێن هەڵوەشاوەتەوە كەچى هیچ خەمى ناخورێت.
شۆستەو كریبستۆن لەناحیەكەدا نییە، ئەمەش دیمەنێكى ناشرینى دروستكردوەو خەمى ناخورێت.
جێ دەستى شارەوانى لەبازاڕدا وەك پێویست نییە.. جگە لەوەى پاكوخاوێنى بازاڕ خراپە
شارەوانى نەیتوانیوە وەستانى عەرەبانە بەشێوەیەكى رێكوپێك رێكبخرێتو جێگا بۆ هاتوچۆى ئاسایى خەڵك بكرێتەوە. هەروەها نەتوانراوە سنور بۆ زیادەرۆیى هەندێك دوكاندار دابنرێتو شۆستەى گشتیى بەكرێ دەدەنو شارەوانیش بێدەنگە؟!.
هەموو قەزاى شارەزور یەك گۆڕستانى هەیە كەچى دیوارى راگرى نییە. گۆڕستانەكەش جێگاى مردوناشتنى تێدا نەماوەو هیچ بەرنامەو هەوڵێك نییە بۆ چارەسەركردنى ئەم پرسەو دابینكردنى زەوى نوێ بۆ گۆڕستان.
لەدابەشكردنى زەویدا گلەیىو ناڕەزاییەكى بەرفراوان هەیە، چەندین فەرمانبەر هەیە 40 ـ 50 خاڵیان هەیەو سودمەند نەبوون.
# داوا دەكەین بەزوترین كات پێداچونەوە بەدابەشكردنى زەویدا بكرێتو دابەشكردن بەپێى ئیستیحقاق بێتو هەڵوێستەى جددى لەو گلەییانە بكرێت كە لەدابەشكردنى زەویدا هەیە. هەروەها كارى بەپەلە بكرێت بۆ ئەو فەرمانبەرە زۆرەى كە فەرمانى 2006 یان هەیە.
نایەكسانى لەدابەشكردنى پرۆژەكانى زەڕایەندا هەیەو ئاستى خزمەتگوزاریی لەخانوە تازەكانى نێوان زەڕایەنو هەڵەبجەى تازە، زۆر خراپەو دەیان ماڵیان لەخزمەتگوزاریى سەرەتایى بێبەشنو خەمیان ناخورێتو حسابیان بۆ ناكرێت.
تەندروستى
كێشەى نزمى پلەو ئاستى نەخۆشخانەى زەڕایەن هەیە.. ئامێرەكانى پشكنین، تاقیگە، هۆبەو بەشە گرنگەكانو خەفارەت لەنەخۆشخانەكەدا نییە. ئەمەش وایكردوە خەڵك بەردەوام بەڕێى شارەوەبن بۆ عیادە.
# داوادەكەین خزمەتگوزاریى تەندروستیى شیاوو شایستە بەشارۆچكەى زەڕایەن دابین بكرێتو خەفارەت بكرێتەوە، ئەو هۆكارانەش بنەبڕ بكرێت كە چەندساڵێكە ئەبێتە هۆى گیرنەبونى پزیشكو خەڵكى پسپۆڕ لەنەخۆشخانەى زەڕایەن.
كێشەو گرفتیتر
كارەباو گڵوپ بۆ سەرجادەى سەرەكیى زەڕایەن دانرا كەچى تەنها سێ رۆژى خەیاندو ئێستا ئیش ناكات، داواى لێپیچنەوە لەبەفیڕۆدانى بودجەى ئەو پرۆژە دەكەین لەگەڵ چاككردنەوەى بەپەلەى چونكە جوانكارییەكى پێویستە.
كتێبخانە، سەنتەرى رۆشنبیرى، شوێنى كات بەسەربردنى گەنجانو هۆڵى بۆنەكان نییەو پێداویستى سەردەمن.
ئەو بیناى گوایە بۆ سەنتەرى گەنجان كراوەتەوە بەرەو ئەوە ئەڕوات بكرێتە هۆبەیەكى حیزبىو ئەمەش كوشتنییەتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست