کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمەڵگە وەكو ئامرازێك بۆ دەسەڵات

Thursday, 20/12/2012, 12:00





هەرتاكێك بگرى لەكۆمەڵگەیەكى وەكو كۆمەڵگەى كوردى، لێى بپرسیت ئاخۆ ئینتیمابوونت بۆنیشتمان چۆنە؟ یاخود تاچەند گەشبینیت بەئایندەى خۆت و ووڵاتەكەت؟ لەوەڵامدا بۆت دەردەكەوێ كەتاكێكى بێ ئومێدو ڕەشبینە بەرامبەر بەئێستاو ئایندەشى، بەداخەوە كە نەدەبوو وابێ، بۆیە بەئەركى حكومەتى دەزانم كە تاك دروست بكات لەڕووى مەعنەوى و ئەقڵیەوە .ئەگەر توانى تاك دروست بكات ئەوسا دەتوانێت كۆمەڵگەیەكى تەندروست و نیشتیمان پەروەر بهێنێتە بەرهەم. ئەگەر نەتوانرا ئەمە بكرێت دەرەنجامەكان بەویستى تاكەكان خۆیان دەبێ، بەو واتایەى هەرتاكەو بەویستى خۆى چى بوێ دەیكات و یاساشكێنی دەكات. بێگومان دروستكردنی تاك و بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگە و دروستكردنی كەشێكی ئارام و هێمن بۆ تاكەكان و دواجار دەسەبەركردنی سەرجەم خواست و ویستی هەموو چینەكانی كۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ڕەگەز و زمان و ئاین و نەتەوە، بەوە دەبێ كە مەودای نێوان دەسەڵات و تاك هێندەی مەودای نێوان پەیوەندییەكانی نێوان ئەندامانی خێزانێك بێت، ئەمیش بەوە دەبێ وەك چۆن لەنێو خێزاندا سەرۆكی خێزان سەرجەم خواست و ویستەكانی ئەندامانى خێزانەكەى بەدیدەهێنێت و پێداویستیەكانی ڕۆژانەیان پڕدەكاتەوە و كام ڕێگەى دژوار و ئەستەمە دەیگرێتەبەر تاكو هەموو ئەندامانى خێزانەكەى لە خۆشى وئاشتیدا بژین، هەربۆیەشە هەموو ئەندامانی خێزانیش گوێڕایەڵی سەرۆك خێزان دەبن، تا دواجار كەش و هەوایەكی لەبار بۆ سەرجەم ئەندامانى خێزانەكە دروست دەبێت و لەخۆشی و ئارامیدا دەژین و ژیان بەسەر دەبەن..
سەرەتا دەمەوێ كەمێك ئاوڕ لەو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و ئاوارەبوون وماڵویرانیە بدەمەوە كە گەلی كوردی ستەم دیدە وەكوڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە ڕزگار بوون لە دەستی ستەم و زۆرداری ڕژێمە یەك لەدوای یەكە سەركوتكەرەكان گرتیە بەر، تالێرەوە ئیدی خاوەنى زمان و كلتور و فەرهەنگى خۆمان بین، بێگومان ئێمەی كورد خۆمان باش دەزانین ئامانجی هەموو شۆڕشەكانی كورد لە پێناوی ئەوەدابوو كە كورد بە تەواوى لە دەستی (تەبعیس) و (تەعریب) كردن ڕزگاری بێت، ئیدی بۆئەوەى كورد هەناسەیەكى ئازاد هەڵبمژێت. ئەوە ڕوونە كە هاوڵاتیانیش بوونەتە قوربانی و خۆ هەر ئەوانە ئازار و ناخۆشییان نەچەشت كە چەكی خەباتیان لە شان كردبوو، بەڵكو هاوڵاتییانیش لەو پێناوەدا ئاوارەبوون و ئەنفال و كیمیاییباران كران...كەواتە لەناخۆشیدا هەموومان بەیەكەوەبووین بەواتایەكى تر (تاك) و (سەركردە) پەیوەندییەكى توند و تۆڵ لەنێوانیان هەبوو ئەو كاتەى كە ئاسایشی كۆمەڵگە زۆر نالەبار بوو نەیاندەتوانى بێ خەڵكى بەردەوام بن لە خەبات و خەڵَكیش سۆزیان بۆ شۆڕشگێرە گیان فیداكان هەبوو...بەڵام مەخابن ئەمڕۆ تاك و كۆمەڵگە تەنانەت لەپەراوێزى بیركردنەوە و تێڕامانەكانی سەركردەشدا بوونیان نیە و ئیدى كۆمەڵگەى ئەمڕۆ جۆرێك لەبێزاری ڕوخساری گرتووە و بیر لە ژیانى خەڵكە ڕەش و ڕووتە ستەم دیدەكان ناكرێتەوە كە هەر ئەوان بوون تامەزرۆی ئازادی و سەربەستی بوون و بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پەیڕەو دەكرێت لە كۆمەڵگەدا بە هیچ ڕەگەزێك ناچێتەوە سەر ئازادی، تەنانەت ئەمڕۆ چەمكى ئازادیش قۆرخكراوە و وەكو هەموو شتەكانیتر بۆنمونە پارە و سامانی ووڵات و نەوت و...........و ئەم جۆرە شتانە كەتاك بە تاكی ئەم هەرێمە تیایاندا بەشدارن و هەقی خۆیانە كە داوای بكەن بەڵام لەم ووڵاتەدا داوای ماف و هەقی خۆت بكەیت زمانت دەبڕن چونكە ڕاستیەكان لاى سەركردەكانی ئێمە بڤەن نابێ دەسكاری بكرێن...
بەڵام ئالێرەوە جێی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ ئەم هەموو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و ئەنفال و كیمیایی باران كردنە لە پێناوى چیدابوو؟ یان ئاخۆ ئەو ئامانجانەى كە شۆڕشە كوردییەكان لە پێناویاندا خەباتیان كرد هاتنەدى؟ ئایا بەپێی پێویست سیمای ژیانى خەڵكى گۆڕان پێدرا؟ یان ئایا ڕێز لەو خەبات و قوربانیدانەى خەڵكە ستەم دیدەكە گیرا؟ ئەگەر ئامانجەكان بەدەستهاتوون ئایا سنوورى ئازادى و دیموكراسی چۆن پەیڕەو دەكرێت و مومارەسە دەكرێت؟ ئەمڕۆ ئازادى ڕەها تەنها بۆ خاوەن دەسەڵاتە(چینی بەرز)، كەواتەسەرجەمێتی كۆمەڵگە دەكەونە ژێر دەسەڵاتێكى ڕەهاوە كە تەنها مافی بە كۆیلە بوونیان هەیە، ئەمانە چەندین پرسیاری جەوهەرین كە پێویستە هەموو تاكێكی ناو ئەم كۆمەڵگەیە لێیان بێدەنگ نەبێت و چاوپۆشیان لێ نەكات. لەهەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە بپرسیت كە ئاخۆ هەموو ئەوانەى ئاماژەمان پێدان لەپێناوى چی بوون، بیگومان وەڵامەكەى ئەوەیە كە لە پێناوى ئەوەدابوو كە ئازاد بین لەدەستى رژێم و تاڕادەیەك سیمای ژیانمان بگۆڕێت!!! نكۆڵی لەوە ناكرێت ئازادین، بە واتای لە ژێردەستی دیكتاتۆرییەت رزگاربووین و لەژێر ئازار و ئەشكەنجەى جەستەیی ڕژێم ڕزگارمان بوو بەڵام ئەمڕۆ ئازاری دەروونی شوێنی ئازار و ئەشكەنجە جەستەییەكانی گرتووەتەوە، جا ئازاد بوون مانای چی؟؟؟ بەڵام تا ئەمڕۆش تێگەى ئازادی دەخەنە مزایەدەوە و پێمانیدەفرۆشنەوە، وایدانێن ئازادی هەیە بەڵام "ئازادی"یەك كە یەكسانە بە"ترس"!!! ترس لەوەى ناتوانرێت هەموو هەقیقەت و ڕاستییەكان لەسەر سەركردە بخرێنەڕوو، ناتوانرێت بەڕوونى داهات و سامانى بەرپرسان باس بكرێت ئەگەر هەر كەسێك بەم كارە هەڵسبێ بێگومان ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە نمونەش زۆرن، وەك ئەوەیە پێتبڵێت ئازادیت بەڵام كە گەیشتیتە ئەوەى پێش ئەوەى شەقام بجوڵێنی بوەستە، چونكە بڤەیە. ئەگەر گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە شەقام جوڵەى تێكەوت ئیدى ژیانى تۆ یەكسان دەبێ بە "مەرگ"،ئازادی بەم شێوەیە پەیڕەودەكرێت ...
ئالێرەوە دەتوانین بڵێین كە گۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ دوو چین: "چینی بەرز" و"چینی نزم" كە ئەم دوو چینە جیاوازییەكان هێندە لەیەكتری دووریخستونەتەوە كە هەر چینە و بەشێوەیەك ژیانی دەگوزەرێنێ... "چینى بەرز" بریتییە لە (سەركردە و خاوەن دەسەڵات، ئەوانەی كەمافی هەموو شتێكیان هەیە یاسا رێگەی پێداون هەرچیەكیان بوێت دەتوانن بیكەن، بۆیان هەیە هەموو داهاتی ئەم خەڵكە ڵیقەوماوە ببەن بۆ خۆیان)، ئەمان هەموو پێداویستیەكانى ژیانیان بۆدابینكراوە و ئیدی ژیان هەر لە ئەمان جوانە هەموو شتەكان تایبەتن لەم چینەدا خواردن و خواردنەوەى تایبەت و تەنانەت ئەو هەوایەى كە هەڵیشیدەمژن تایبەتمەندی و مۆركی ئەوانی پێوەیە، ئەگەر خاوەنى هەموو ئەو كۆشك و ڤێلایانە نەبن كە چینە نزمەكە بەخەویش بۆیان نیە بچنە ناوى ئەوا بێگومان پشكى شێریان تیایدا هەیە هەرچی كۆمپانیا و كەرتی بەناو تایبەتیش هەیە دەبێ و بەڵكو واشە كە ئەمان شەریك بەشن، ئەمان ژیانیان وەكو دەوڵەتانی ئەوروپایە... بەڵام "چینی نزم" پێكهاتووە لە خەڵكى بەش مەینەت و ڕەش و ڕووت و خێر لەخۆ نەدیو كە چێژی لە ژیان نەدیوە و ئیتر ئەمەبەشی بووە، لەڕۆژانى سەختى خەبات و بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمیشدا بەشی هەر دەربەدەری و ماڵوێرانی و قوڕبەسەری بووە...و هەتا ئەمڕۆش بەدەست سیاسەتى چەوتى هەردوو حیزبی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن، یاری بە گوزەران و ژیانى هاوڵاتیان دەكەن و داهاتی ئەم خەڵكە بەسەر خۆیان و كادری حیزبی و مشەخۆرەكانی حیزبدا دەبەشنەوە...ئەمە ژیانی ئەم هەرێمەیە، باشە دەبێ داهاتى ئەم ووڵاتە هێندە كەم بێت كە بەشى میللەت نەكات؟ یان زۆرە بەڵام بەشی میللەتی تیادانیە؟خۆ لەم دوو لایەنە دەرناچێت، پێموابێ داهاتی ئەم هەرێمە لە ڕادەبەدەرەو بودجەیەكى خەیاڵیە زۆرینەى خەڵكیش ئەو ڕاستیە دەزانن، بەڵام بەشی میللەت قۆرخكراوە، ئەو نادادى و نایەكسانییەى كە لە كوردستاندا پەیڕەو دەكرێ وایكردووە كە بۆ ساتێكیش بێت بیر لە بەرژەوەندى گشتی نەكرێتەوە...بە داخەوە ئێمە ویستمان ژیانمان بگۆڕێت نەوەكو لاوەكانمان سەری خۆیان هەڵگرن و ووڵات و كەسوكاریان جێبهێڵن لە پێناو بەدەستهێنانی بژێوی ژیاندا..ئیمە ویستمان لە ئاسۆیەكەوە بڕوانین كە هیواكانمانى لێوە بەدی بكەین، ئێمە ویستمان ڕزگارمان بێت لە چەوسانەوەى ڕژێمى بەعس بەڵام ئەمڕۆ لە سایەى سیاسەتی كوردیدا ئازاری دەروونى جێگەى ئازاری جەستەیی گرتۆتەوە. نەبوونى پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان وەكو (ئاو و كارەبا و نەوت و غاز و شوێنی نیشتەجێبوون و...هتد) نەبوونى ئەمانە كاریگەرى لەسەر دەروونى تاك دروستدەكات و بەرەو نامۆبوونى دەبات وای لێدەكات تەنانەت ئینتیمای بۆ نیشتیمانەكەشی نەمێنێ، بەڵام لەبەرامبەریشدا پێداویستییەكانى ژیان بۆ چینە بەرزەكە لەئاستێكى زۆرباشدایە كە ئەو ژیانەى كە چینە بەرزەكە هەیانە ئەگەر چینەنزمەكە بە خەویش بیبینن ئەوا تۆزێك خۆشی بە دڵیاندادێ، ئێمەی خەڵكی خێر لە خۆ نەدیو ویستمان یەكسانی لە نێو چینەكانی كۆمەڵگەدا پەیڕەو بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ڕۆژى گیرفان پڕكردن و خۆ زەبەلاحكردنى ئەم و ئەو و فڵان و فڵانە... لە ئەنجامی ئەم كێبڕكێی گیرفان پڕكردن و ئەم جۆرە شتانە تەنها چینە نزمەكە كە زۆرینەى كۆمەڵگە پێكدەهێنن دەبن بەقوربانی و دەچەوسێنرێنەوە.
نامەوێ چیتر درێژە بە باسەكەم بدەم چونكە هەموو ئەم دەردە سەری و كڵۆڵیانە لە ناخى هەریەك لەگەنج و تەنانەت تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگەیەدایە و بووەتە مایەی ئازاردانى دەروونیان، لەكۆتاییدا یەك تكایەكم هەیە لەوانەى كە خۆیان بەخاوەنى ئەم هەرێمە دەزانن و هەموو دەسكەوتەكانی ئەم هەرێمە لەكەرەمى خۆیانەوە دەزانن و تەنانەت خۆیان بە خاوەنى هەرێمەكە دەزانن بەهەموو شتەكانەوە پێیانوایە كە ئێمە(چینی نزم) بەهۆی ئەوانەوە كوردین، باس لەو هەرێمە دەكەم كە ئێوە(چینى بەرز) پڕتان كردووە لە دەردەسەرى و نائومێدى لەبری خۆشی و ئاشتی نامۆبوونتان بەدیارى بۆ گشت تاكەكان هێنا و وەكو خێر بەسەرتانا بەشیینەوە...تكاكەم ئەوەیە كە بۆ تەنها ساتێك بیر لە ژیانى ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتە بكەنەوە كە بە تاسەوە ڕووە و سەر سندوقەكانی دەنگدان دەڕۆشتن ... داواى ژیانێك ناكەین یەكسان بێت بە ژیانى ئێوە بەڵكو زۆر زۆر كەمتر لە ژیانی خۆتان، تەنها هەموو مرۆڤەكان وەكو مرۆڤ ببینن!!! بەداخەوە ژیانی چی و گوزەرانی چی و بیركردنەوەى چی لە ژیانى ئەم خەڵكە ڕەش و ڕووتە چارەنووسی ئەم خەڵكە ئیتر ئەوەیە ڕەوتى ژیانى خەڵكى زۆر خراپتر بووە و باشتر نەبووە
لەكۆتاییدا دەمەوێ بپرسم هەموو ئەو قوربانیدان و كیمیاییباران كردن و دەربەدەرییە لە پێناوى چیدابوو؟ بێگومان لاى ئێوە لە پێناوى خۆشگوزەرانی خۆتاندابوو لە پێناو باشكردنى ژیانی خۆتاندابوو لەپێناو هێندەیتر گەورەكردنى خۆتان و كردنەوەى كۆمپانیاو كارگە بوو لەم ووڵات و ئەو ووڵات...خۆ لە هەر بەرپرسێكیش بپرسیت بۆچی خزمەت بەم خەڵكە برسییە ناكەن؟ ئەڵێن جارێ حكومەت ساوایە، بەڵام لەو كاتەوەى كەئەڵێن ساوایە ئەگەر لە دایكیش نەبوایە ئێستا پیر بووبوو تەنانەت مردبووش... دووبارە و دەبارە دەڵێم بۆ ساتێكیش بێت بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكەنەوە، چونكە هەموومان كوردین و كوردستانیش نیشتیمانمانە، ئەو بودجەیەش كەخۆتان بە خاوەنى دەزانن بەشی ئێمە(چینی نزم)یشی تێدایە...




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە